انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

درباره بلاگ
انجمن شعر و ادب رها (میخانه)
بایگانی
آخرین مطالب
آخرین نظرات
نویسندگان
۲۵ آبان ۰۴ ، ۰۳:۳۶

ده‌ریا قادر

خاتوون "دەریا قادر"، شاعیر، وه‌رگیر و ڕۆژنامەنووس کورد، ناسراوە بە "دەریا خۆشناو"، لە ڕانیە لەدایک بووە و کچی بن

 

خاتوون "دەریا قادر"، شاعیر، وه‌رگیر و ڕۆژنامەنووس کورد، ناسراوە بە "دەریا خۆشناو"، لە ڕانیە لەدایک بووە و کچی بنەماڵەی کوردپەروەر و بنەماڵەی شۆڕشەکانی کوردستانە، باوکی بە "قادر خۆشناو" ناسراو بوو.
ئیستایش زوور لە بیست ساڵە لە وڵاتی نەرویج دەژیت.
لەساڵی ١٩٩٩ زایه‌نی، دەستی بەکاری ڕۆژنامەنووسی کردووە و ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانه، ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەوانیه، هەروەها یەکێکە لەشاعیرە دیارەکان کە خاوەنی چەندین شیعری نیشتیمانی و دڵدارییە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە شیعرەکانی خۆی بە هۆکاری تایبەت چاپ بکات. 
ده‌ریا، هونەرمەندە لەبواری نیگارکێشان و نواندنی دراما و سینەمادا، هەروەها موزیسیانی ئامێری چەلۆیە. وەک خۆی لەو دیمانەیەیدا لەگەڵ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ: هەر نووسێنێک بزانم بۆ وڵاتەکەم سوودی هەیە، لەزمانەکانی ترەوە دەیهێنم و وەریدەگێڕمە سەر زمانی کوردی.

┄┅═✧❁💠❁✧═┅┄

(۱)
[ئاڵا]
تیشکێکی گەردوونیم، بڵندە بەژنی عەرعەرم،
سەرم لە باڵای هەورێ بەرزتر،
ڕیشەم بەجۆرێک پتەو لەخاکا،
متمانەم وێنەی چیا، و
باوەڕم زۆر جێگیرتر! 

شەنگ و نیانم، هەیمەنم لە ئاسماندایە،
لە گەردەلوولی تۆڵە بەهێز تر!

بەرهەڵستم، قەت نەسرەوتووم، 
هەژاو لە شەپۆلی دەریا و زەریا
پەرش و پڕژاو تر! 

دیرۆکم دێرینە، قوربانی و مەینەتە،
لە کزەبای پایزی زەرد غەمبار تەزیوو تر!

شەونم و بارانم فرمێسکن،
لە ئاهی دایکی شەهیدی بێ دووامەنزڵ، ساردتر!

ڕووبارێکی قووڵ و ڕژاوم،
بزێوم، لە نەزمی تاڤگەیەکی سەرشێت بەخوڕتر!

نەوای هیوای چیرۆکێکم،
لە شەقام و کۆڵانی شارەکانی ئەم کەونە، تولانی تر!

بەری ڕەنج و خەباتی گەلم،
هێمای ئاشتی و ئازادیم، 
شانازیم بۆ نەوەی تر!

بەرگی ئەوین و نەمرییم،
شوناسی نەتەوەی مەردم،
سەرکێشم بۆ هەزان گەشتی تر!      

سێبەری زامم، ئازار و ژانم، 
لەدەست جەورو جەفای ڕێبواری چـەرخێکی تر!
ئەمما بەرز و ڕاژاوم،
پەرۆشم خۆڕاگرم، 
هەرمانم بۆ دەور و سەردەمێکی تر!


(۲)
[نۆستالژیای ژنێک]
کاتێک بۆ داهێنانی پرچم،
دەچمە بەر ئاوێنەکەم،
حەزم ئەکرد 
هەر ئەو مناڵە سیس و بچکۆلانەیە بم 
کە لەژێر سێبەری داری عەشق و
لە ئامێزی باخچەیەکی ئاوێزان،
بە پەپوولەی نەخشین   
یاری ئەکرد بە بوکەشووشەکەی!

کاتێک سیمای بە پەژارە تەمگرتووم ئەبینم،
بەرز ئەفڕم بە باڵی یادەوەرییەکانم و 
ئەگەڕێمەوە بۆ ماڵەباجێنەکەم …
کە لە تەختە و کارتۆن و
چەند مشتێ خۆڵ دروستم کردبوو 
تاکەخەمم بوو نەڕمێت و ڕایبگرم!

هەموو ئێواران ماڵە باجێنەکەم، 
وەک نمەی نەرمە بارانێ گوزەری پیاکردبێ
بە میهرەبانی ئاوڕشــێنم ئەکرد و 
دڵ و سییەکانم سەرمەستی گوڵای هەناسە و
هۆگری بۆنی خاک ببوون!

کاتێک ئەبینم کەزییە زێڕینەکانم بوون بە 
تەونی زیوینی دەستی ڕۆژگار
حەزم ئەکرد 
پڕوشەی ڕەشی حەسرەتەکانم
هاوشێوەی کەزییەکانم بەداهێنانیان 
سپی زیوین و بریسکەدار بوونایە!

حەزم ئەکرد،
پەشۆکاوییم لە تامی تاڵی خەمەکانم
هەر هێندەی ترسی دەوای تاڵی شەربەتی 
دەرمانخانەی سەری کۆڵانەکەمان بووایە!

حەزم ئەکرد،
برینی بەسوێ ی زەمەنم
هەر هێندەی کەوتنێکی مناڵیم، و
برینێکی ناولەپی دەستم قووڵ و بەژان بووایە!

حەزم ئەکرد
لێدانی قەدەری ڕۆژگارم
هەر زوو لەیادگەم سڕابایەوە،
هەر هێندەی ئێشی لێدانی زللەیەیەکی دایکم
هەستـپـێـکردبایە
کە لەکاتی لاساریما تێ ی ئەسرەواندم!   

ڕۆحم ئەیویست
کە دڵم ئەشکا 
ماوەی نێوان دڵشکاویم هەرهێندە بووایە 
کە چۆن لەبووکەڵەکەم ئەتۆرام و نەمئەدواند
زیاتر لە چەند چرکەیەکی نەئەبرد
ئاشت ئەبووینەوە، و
مەودای دووری نێوانمان،
لەباوەشمەوە بۆ سەر کۆشم بوو! 

حەزم ئەکرد 
گێژەڵۆکەی سەری کاسم وەنەوزێک بوایە و 
هەر هێندەی ڕاژاندنی
جۆلانەکەی ژێر دارگوێزی ناو حەوشەکەمان بووایە، 
کە باوکم ئێوارانێک
بەدەستە ماندوو قڵیشاوەکانی
بۆی هەڵئەخستبووم! 

ئارەزووم ئەکرد 
ناز کێشانی مناڵیم 
هاوتای سەد هێندەی ڕۆژەکانی تەمەنم بوایە،
نەک هێندەی کێشانی جگەرەی
پیرە پیاوێکی دونیا دیدەی گەڕیدە،
کە وێنەی هەزاران خەیاڵ و
ئاواتی بەدینەهاتووی
لە دووکەڵی جگەرەکەی دەستی بەبائەکرد! 

ڕۆحم ئەیویست 
گەورە نەبم،  تاکو بژیم، 
هەر ئەو مناڵە سادە و ساویلکەیەی جاران بم،
تاکو ئارام بم و
نەچێژم  ژاری ژانی چزووی لەدڵ جێماو!

ئێستا کە گەورەبوومە،
خواستی دڵمە
هەموو حەزەکانم کۆبکەمەوە لە پریاسکەیەک، 
بیکەم بە گوڵیەخەی نەمری 
بیدەم لە بەرۆکی ژنێکی چاونەترس، و
قوربانیدەری ستەم دیدە!

ژنێک کە بە دەزووی شەونخونی 
حەسرەکانی شەوگار و
چاوەڕوانی و تاسەی 
عەشقی بۆ تیشکی خۆر چنیووە!

حەزئەکەم 
بیکەم بە پارچەیەک شیرینی خۆشەویستی و
بیدەمە دڵی مناڵێکی لانەواز، 
کە تەنیا جارێکیش بەلایا هەڵینەکردووە 
نەسیمی سۆز و بەزەیی،
بیکەم بە پارچەیەک نان بۆ سکی برسی و
تامەزرۆیی ئاسودەیی!


(۳)
[باوەڕ بە دوژمن مەکەن]
باوەڕ بە دوژمن مەکەن
بە تۆزێ دەرفەت
نەک هەر خاکمان 
گوڵزاری شیعر، تارای سپیێتی بەفر
بەهار و دەوار، باخ و بەهەشت 
دارستان، گۆڕەپان و دەشت  
کێوەکانمان لێ وێران ئەکەن!

باوەڕ بە دوژمن مەکەن
بەتۆزێ دەرفەت
نەک هەر خاکمان
ئاسمانی شین و ساماڵ 
شەقام، شار، گوند و ماڵ
بەرگ و هەناسە، زمان و پێناسە 
کۆشکی کەڕامەتمان لێ خاپوور ئەکەن! 
...
باوەڕ بە دوژمن مەکەن
بە تۆزێ دەرفەت
نەک هەر خاکمان 
هەڵوێست، و نەفەس، نامووس، و دین
یاد و یادگاری، ئەوین، و ژین 
ئومێد، و ڕەوشت، پەند و پەیڤین
خەرمانەی هزر، و بیر و هۆشمان لێ داگیر ئەکەن!
...
باوەڕ بە دوژمن مەکەن
بە تۆزێ دەرفەت
نەک هەر خاکمان 
پێکەنینی سەر لێوی منداڵەکان 
گۆرانی و نۆتەی ئاوازەکان 
بەستە و پەیژە و مەقامەکان 
گەوهەری کەلەپوورمان
هیوا و داهاتووی دوورمان
چاند، و تروسکایی، ماف لە تەرازوومان
داب و نەریت و مێژوومان لێ تاڵان ئەکەن!

باوەڕ بە دوژمن مەکەن
بە تۆزێ دەرفەت
نەک هەر خاکمان 
بەری سەدان ساڵەی ڕەنج،
عومری جوانی لاو و گەنج 
هەیبەتی سروشت، ڕێڕەوی دروست
تاوەری هێزمان، کێوی باوەڕمان 
ورد و خاش ئەکەن!

باوەڕ بە دوژمن مەکەن
بە تۆزێ دەرفەت
ناڵە و هاوارمان ئەکەن بە عادەت 
نزاو و باوەڕمان ئەکەن جەخارەت 
سیما و ئەدگار، گلێنە و بـینایـیمان، 
بەری گزنگی خۆر و گەرمیمان
تریفەی مانگ، دوواڕۆژی ڕووناک
ئاسۆی ڕوونمان لێ تاریک ئەکەن! 

باوەڕ بە دوژمن مەکەن
بە تۆزێ دەرفەت
پەسلان هەڵدەگیرسێنن
ئەستێرە لە ئاسمان ئەترازێنن 
هەور لە باران ئەتۆرێنن 
شەونمی محیبەت، دەریای ئارامیی
تاڤگەی ئاشتیمان وشک و برینگ ئەکەن! 

باوەڕ بە دوژمن مەکەن
بە تۆزێ دەرفەت
نەک هەر خاکمان 
دەشت و کانی و دۆڵ، 
دار و بەرد و خۆڵ
مێرگ و چیمەن 
کوێستان و دەوەن
مەزارەکانمان دەسووتێنن
کانی و ڕووبارمان تڵخ و لێڵ ئەکەن! 

باوەڕ بە دوژمن مەکەن
بە تۆزێ دەرفەت
نەک هەر خاکمان 
سرووەی بەیانیان ئەتۆرێنن
گیابەند و نێرگێز ئەژاکێنن 
غەزەل لە بولبوول ئەستێنن
پەرچەمی شەکاوەمان دائەنەوێنن
فەرهەنگی باب و باپیرانمان ئەدڕێنن
نووکی پێنووسمان ئەچەمێنن
دار گوێزەکان، دار زەیتوون، و
دار بەڕوەکان، باڵی مەلەکان،
پەنجەکانمان دانە بەدانە ئەشکێنن 
مناڵیمان لەخاچ ئەدەن
لاوەکانمان بێباکانە لەدار ئەدەن
داری ئازادیمان لێ بڕ بڕی ئەکەن! 

باوەڕ بە دوژمن مەکەن
بە تۆزێ دەرفەت
نەک هەر خاکمان داگیرئەکەن 
ئیرادەمان لێ ئەستێنن
بە جۆرەها چەک و گڕ ئەمانکوژن، ئەمانبرژێنن 
بەجەستە و دەروون ئەمانسووتێنن،
بە پەت و بە غاز ئەمانخکێنن 
هەڵمانئەواسن، لەناومان ئەبەن

باوەڕ بە دوژمن مەکەن
بە تۆزێ دەرفەت
نەک هەر خاکمان داگیرئەکەن 
ئەوان دوژمنن، لەخوێنیاندایە، ناکرێ وازبێنن
کارەساتەکان سەدبارە ئەکەن
بۆ سڕینەوەمان بڕیار دەرئەکەن
هەرچی شێوەی مردنە، 
بەڕۆحمان تاپۆ، و 
لەسەرمان جێ بەجێ ی ئەکەن
باوەڕ بە دوژمن مەکەن
باوەڕ بە دوژمن مەکەن!


گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی

موافقین ۰ مخالفین ۰ ۰۴/۰۸/۲۵
زانا کوردستانی

نظرات  (۰)

هیچ نظری هنوز ثبت نشده است

ارسال نظر

ارسال نظر آزاد است، اما اگر قبلا در بیان ثبت نام کرده اید می توانید ابتدا وارد شوید.
شما میتوانید از این تگهای html استفاده کنید:
<b> یا <strong>، <em> یا <i>، <u>، <strike> یا <s>، <sup>، <sub>، <blockquote>، <code>، <pre>، <hr>، <br>، <p>، <a href="" title="">، <span style="">، <div align="">
تجدید کد امنیتی