انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

درباره بلاگ
انجمن شعر و ادب رها (میخانه)
بایگانی
آخرین مطالب
آخرین نظرات
نویسندگان
۱۵ بهمن ۰۴ ، ۰۲:۰۱

سارا فەقێ خدر

خاتوون "سارا فەقێ خدر"، شاعیر کورد زمانی خەلکی قەڵادزێ لە باشووری کوردستانەو ئیستایش لە سڵیمانی دانیشتە

 

 

سارا فەقێ خدر


خاتوون "سارا فەقێ خدر"، شاعیر کورد زمانی خەلکی قەڵادزێ لە باشووری کوردستانەو ئیستایش لە سڵیمانی دانیشتەجیە.


(۱)
بەدڵی درزبردوەوە چۆن دەژی؟
سەدەیەک بەکاتی خۆم تێپەڕی
دەبێ ئەو گۆزەیە وردکەم و
ماڵێکی نوێی لێ چێ کەم
ماڵێکی پێنج ھۆدەیی

ھۆدەی یەک
ڕووبەرێک لێوانلێو لەسوپاس
بۆ مرۆڤ و بوونەوەر
بۆ شمەک و بۆ سروشت
بۆ ھەموو ئەوانەی بینیومن
ئەوانەش لەئاستیان نابینا!

ھۆدەی دوو
ژووری عیشق
نا، نابێ
عیشق لە ھۆدەدا جێی نابێتەوە
ڕووبارە، بەردەوام ڕێ دەکا

ھۆدەی سێ
حەرەمی ئازادی
ئەو ھەموو فیغان و ھاوارە
ئەو ھەموو بێدەنگی و سووتانە پێکەوە؟!
گوتی ئا، ئاسانە
قەدی کە، لوولی کە
ھەرکاتێک تەنیا بووی، بیکەوە

ھۆدەی چوار
وەتاغی ئارامیی
ھەتا چاوپڕدەکا، سەوزایی
ھەتا دڵ دەخوازێ، باڵندەی کێوی
کچۆڵەیەک لەسەرخۆ
لەنێو گیا، کۆلارە ھەڵدەدا!

ھۆدەی پێنج
ژووری نوور
چراخانێک ناچێتە پانتایی باسەوە
ناخرێتە، نێو ڕستەی سادەوە
لەچاوانی تۆوە تیشک و
لەخۆرەوە ڕووناکی ئەو
ھێند نەرمم ھێند سووکم
دەشێ ببم بە پەشمەک!


(۲)
حوزەیران ھەواڵێکی نھێنی و ترسناکی بڵاوکردەوە 
ژنان بەڕان و ڕوومەتی خۆیان داکێشا
پیاوان دەستی پەککوو یان پێکدادا
زرمە لەماڵەکان ھەستا 
دەرگاو پەنجەرەکان کەوتنە ھاوار
ھەر لۆری بوو کەلوپەل لەسەرپشت
بەفڕکان تێدەپەڕی
منداڵانی ژێر شاتووەکان
لەژێر فشاری خەمێکی قووڵ دابوون
نەیاندەزانی بازیانی ژمارە یەک و ژمارە دوو یانی چی
بەدڵگرانی سواری ماشێنەکان بوون و
گوتیان دایە، چیتر گەمان ناکەینەوە!


(۳)
لە کەرنەڤاڵی ساڵانەی خەمەکاندا
فریشتەیەک بوو بەمیوانی  ئەم شارە
کە ئاوازی هەنگاوەکان دەستی پێکرد
ئاپۆڕایەکی پڕ لە ڕەنگ
لەسەر هەوای ئاوازەکە  کەوتە شەپۆل
سەرنجەکان، لەجیاتی بچنە سەر سەرۆک،
وەزیرەکانی ڕاست و چەپ
لەسەر سیمای پڕ لەهەستی گیرسانەوە!


(۴)
[سێبەرێک هات و جێیهێشتم] ۱
دڵم بوو بە کێڵگەی برین
دەنگم بەلەرەی برین و 
گریانیشم، بەشی پرسەی هەموو جیهان!
بەڵام بەرلەوەی خوێن بمبا
بەرلەوەی هاوار بخنکێ
پێش ئەوەی بینایی کز بێ
بۆ قەتماغەی برینەکان
پەنا بۆ گۆرانی ناخم دەبەم
تەنیا پەڕجووی۲ ئەو دەنگە،
ژەنگی خەمم دەشواتەوە
        •••
گۆرانی ئەو گوللەیەی
تۆ بە دڵەسەوزەکەتیەوە دەنێی
شایی خەیاڵی ئەو ناکات بە شین 
تۆ لەکوێ و  ئە و لەکوێ؟!
تەواری بەرزەفڕی رۆحت
لەو دوندانە باڵ لێکدەدا
نیگای ئەویش...
تەنیا و تەنیا 
جەستەی ناسک دەپێکێ
ڕەدووی خۆت کەوە دڵم ، ڕەدووی خۆت
کلیلی دۆزینەوە، لەبەڕکی۳ خۆت دایە
خۆری عیشقیش هەر لەتۆدا هەڵدێ!
----------
١. دێڕێکە لەشیعرەکەی "ئیمان یادەوەر"
٢. موعجیزە
٣. گیرفان


(۵)
[درۆم لەگەڵ بکە!]
مەیە 
بەڵام بڵێ دێم
با رۆژەکەم ئاسایی تێنەپەڕێ
بڵێ دێم
تا مێزەکە بسڕمەوە و مۆمەکان داگیرسێنم
گوڵەکان ئاودەم و کتێبەکان بڕازێنمەوە
چەند خۆشە چاوەڕوانیی ھاتنی تۆ!

بڵێ ڕەنگە بێم
تا پەنجەرەکان وا پاک بکەمەوە
وەک ئەوەی شووشەیان تێدا نەبێ
چەند جارێک میوەکە بشۆمەوە
چەند کەڕەتێک بچمە بەر ئاوێنە!

ھەر دیارنی
سەماوەریش ھەڵدەکەم
نەوەک (چا)ت پێخۆشتر بێ لە قاوە
مۆبایلەکەم دێنم
دەیخەمە سەر گۆرانییەکی فەیروز
"وەرە و مەیە، درۆم لەگەڵ بکە"۱

ھەر نایەی!
گۆرانییەکە دەگۆڕم بە (ماملێ)
"جوانێ گیان بۆ وات لێکردم؟"۲
چ جۆش و خرۆشێکە چاوەڕوانییت؟!
بەردەوام بە 
لەدرۆی ھاتن و
ڕاستیی نەھاتنت.

نیگەران نیم
ڕۆژێک دێ 
نە درۆ دەمێنێ، نە ڕاستی
نە ھاتن و نە نەھاتن!
---------
۱. تعال و لاتجی إکذب علی / گۆرانییەکی فەیروزە 
۲. شیعری ھێمن موکریانییە 


(۶)
[نەمار]۱
خۆزگە تەندوورێک بام
نازدار و عەگیدەکانی چیا
کولێرە سادەکانی خۆیان پێ برژاندبام!
چرایەک بام
لێفەیەکی ئەستوور بام
یان لانی کەم کتێبێک بام بەدەستی تەزیویانەوە!
***
خۆزگە پەپوولەیەکی بیست ساڵان بام
تا لەگەڵ هاوڕێیانی پەپوولەمدا
لەئاسمانی باشوورەوە
باڵ لێکبدەین و
لەسەر گوڵەڕەنگاو ڕەنگەکانی ئەفرین،۲
کەلەژێر پۆستاڵی
کۆیلەکانی هیتلەری سەردەمدا ژاکاون،
بنیشینەوە و 
لە (کون فەیەکوون) ێکدا ببین بە مار!
یان چاکتر بڵێم ببین بە نەمار
----------
۱. خانمێکی کوردە، ناوی (نەواری توم) یان (نەماری توم) بووەو بەکۆنترین ژنەسەرکردەی سوپایی دادەنرێ لەمێژووداو ٣٨٠٠ ساڵ لەمەو بەر لەسەردەمی گۆتییەکاندا سەرکردایەتی سوپایەکی مەزنی کردووە.(س: بەرنامەی خۆناسین/مێژوونووس سۆران حەمەڕەش)
۲. ئەفرین مەبەست شاری عەفرینە لە خۆرئاوای وڵات


(۷)
دایکم دەیگوت:
ڕەعنای کچ و گوڵی ڕەعنا
زەحمەت لێک جیادەکرانەوە
بۆن عەترەکەی،
بە بەردەرگا و بەکۆڵاندا بڵاو دەبۆوە
مەردم دەویست
بەوگوزەرەدا تێپەڕێ و ئێستێک۱ نەکا
بەڵکو لەدرزی دەرگاوە
پڕیشکێک نیگا
لەرەیەک لەدەنگی ناسک، ئاودیو ببێ
دایکت نەژی 
نەیاندەهێشت دەرگاکە بخرێتە سەرپشت!
---------
۱. وەستانێکی کورت


(۸)
[گوڵهەست]
شوێنپێیەکانی گوڵە هێرۆ،
بەپانتایی گوڵستاندا بڵاوبوونەوە و 
نەوەی (خولە مەڕەکانی)، زوو پێی زانی.
هەرهێندەی چاو بترووکێنی
وادەی پشکوتنی گوڵان 
گەیشتە بنگوێی سوڵتانزادە 
زۆری نەبرد
کەژاوەی گوڵەشەهێنەکان، 
کە بەڕۆژنامەی هەمەڕەنگ ڕازابۆوە
کرا بە سوتوو!
خەیاڵەکان هێندە خاو بوون
نەیانزانی بەوکارەیان،
ڕێگای هەقی گوڵڕێژ بەهەستی بەرزی ژن 
زیاتر ڕۆشن دەبێتەوە و 
ڕێگای تاری بۆمبڕێژی سوڵتانزادەکان،
وەک هەمیشە 
دەچێتەوە نێو ڕەشایی چاڵی مێژوو!


(۹)
کۆسپ بێ زەفەرە
کاتێک خوڕەی دێ
ڕووبار!


(۱۰)
[لەگزنگدا]
بەقوربانی سەوزایی دڵم
کە تۆی لەنێودا پاڵکەوتووی
بەساقەی شینایی قوڕگ و
نیلێتی نێوچاوان 
کوڕە لەدەوری وەنەوشەیی تەوقی سەرم گەڕێم
ئەی خۆری هەزار ڕەنگ لەگزنگدا!


(۱۱)
[ئەستێرە بووی یان پەپوولە؟!]
بەهێمنی، لەسەر گۆیژەوە ڕاخزی
دەستی نوورت
بۆ ماڵئاوایی هەڵبڕی

لەبری، گوڵاوگوڵی 
هەزارڕەنگی پشدەر،
لەنێو سەوزایی داوێنی کێوەڕەشدا
نیشتیتەوە 
گوڵەکێوی دەورەیان گرتی!

ئەی خوشکە میهرەبانەکەم
ڕوونتر لە ئاو
وەی  دڵ مۆڵگەی
ڕاز و نیازی هەڵکورماو
دڵنیام تۆ هەردووکیانی
چون تا ئەبەد، لەچاومدا دەبریسکێی و
لەدڵمدا، باڵ لێکدەدەی!


(۱۲)
هێند دیقەتم دای
تا پڕبووم لە تۆ
چاوانم داخست
تا هەڵتبگرم بۆ ئەو ڕۆژانەی 
وەک ساڵ درێژن و 
دەگوزەرێن بێ تۆ


(۱۳)
ووتی: مەمدە بەکەس
لەکن خۆت هەڵمگرە
سێوی مێخەکڕێژ!


(۱۴)
قووڵخوێن بن قووڵخوێن
(ئەوە من نیم)
وورد... وورد لەوێنەکە ڕامێنن
لە نیگای چاوەکان
مەشخەڵەکە لەنێو دڵدا  داگیرساوە
دامرکان بێمانایە!
   

(۱۵)
وەک باڵای تۆ
دەشەکێتەوە
لەماڵی ئاوای ھەناسە
ئاڵا!

وەک دەنگی تۆ
دەلەرێتەوە سروودەکەی
لەدڵی مندا
ئاڵا!

ھەر وەک ساتیا و 
شەبەنگی مۆم
ڕوونی دەکاتەوە چاومان
ئاڵا!

بەبێباکی دەشنێتەوە
نە ھی کەسە و
نە سەربەکەس
ئاڵا!


 
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی

 

موافقین ۰ مخالفین ۰ ۰۴/۱۱/۱۵
زانا کوردستانی

نظرات  (۰)

هیچ نظری هنوز ثبت نشده است

ارسال نظر

ارسال نظر آزاد است، اما اگر قبلا در بیان ثبت نام کرده اید می توانید ابتدا وارد شوید.
شما میتوانید از این تگهای html استفاده کنید:
<b> یا <strong>، <em> یا <i>، <u>، <strike> یا <s>، <sup>، <sub>، <blockquote>، <code>، <pre>، <hr>، <br>، <p>، <a href="" title="">، <span style="">، <div align="">
تجدید کد امنیتی