انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

درباره بلاگ
انجمن شعر و ادب رها (میخانه)
بایگانی
آخرین مطالب
آخرین نظرات
نویسندگان
۱۶ بهمن ۰۴ ، ۰۴:۱۹

گۆران ڕەسووڵ

کاک "گۆران ڕەسووڵ"، شاعیر و چیرۆکنووس، لەدایکبووی ۱۲ ئاداری ساڵی ١٩٨٨ـە لە هەولێرە.

 

کاک "گۆران ڕەسووڵ"، شاعیر و چیرۆکنووس، لەدایکبووی ۱۲ ئاداری ساڵی ١٩٨٨ـە لە هەولێرە.
بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە وەرگێڕان لە زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر و بڕوانامەی ماستەری لە کولتووری ئەدەبە مۆدێرنەکان لە زانکۆی هارتفۆردشێری لە بەریتانیا بەدەست هێناوە.
لە ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٣ سەرنووسەری گۆڤاری ٢٣ بووە. کە گۆڤارێکی وەرزی ئەدەبی و کولتووری بووە و ١٠ ژمارەی لێ دەرچووە.
چیرۆکی “تەرمی گەڕۆک” دووەم خەڵاتی چیرۆک لە بیست و چوارەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەدەستهێناوە.
کتێبی “ڕۆژەکانم بە ڕیمۆت کۆنتڕۆڵ دەگۆڕم” دوایین کۆمەڵەشیعری ئەوە، کە ساڵی ٢٠١٨ بڵاو بووەتەوە.

─━⊰═•••❃❀❃•••═⊱━─

(۱)
یەک مانگە
بە پێ
لەسەر زگ
بە خەیاڵ
بە ڕێگەوەن بگەن بە سێبەرەکانیان

دوو هەفتەیە
نانی ڕەش
گەڵای درەخت
زووخاو دەخۆن، تا سێبەرەکانیان لە باوەش بگرن

سێ ڕۆژە
بە چووپێکی بێسەر 
لەم دوورگە بۆ ئەو دوورگە
هاواری سێبەرەکانیان دەکەن

چوار کاتژمێرە
بێ پاسپۆرت  
بێ هیوا
سەر مەستانە
لەگەڵ ماسییەکان
لەناو قووڵایی زەریادا
بە دوای سێبەرەکانیاندا دەگەڕێن

(۲)
بێ ئارەزوو و
بێ ویست
خراینە ناو داینەمۆی ئامێرەکانەوە.

پێش ئەوەی دەرفەتی بیرکردنەوەمان بۆ بڕەخسێت
کارگەکان
وەک لیبۆک بۆ بەردەوامییان بەکاریان هێناین.
کاتێک ویستمان لەگەڵ خۆر، لەگەڵ سروشتدا ئاوێزان ببین،
باڵەخانە ئاسمانبڕەکان
وەک دیواری زیندانێکی مۆدێرن چواردەوریان تەنین!
چۆن لەناو ئەم زیندانە پڕ لە گێژاوەدا یەکترمان خۆشبوێت؟

لەسەردەمێکدا خۆشم ویستیت
کە بازرگانەکان ژیانیان خستە ناو قوتوو و شووشەوە،
بۆ ئەوەی ڕۆژێک،
لەناو مارکێتێکدا ژیانێکی بەسەرچوو نەکڕم
خۆشم ویستیت.

لە زەمەنێکدا خۆشت ویستم
کە ئایینەکان مردنیان لە پێناو ژیانێکی نەبوودا پێ دەفرۆشتین،
نەبادا ئایینخوازان گیرفانی ژینمان بەتاڵ بکەن
خۆشت ویستم.

لە ڕۆژێگارێکدا یەکترمان ویست
کە ئاو تامی ترامادۆڵ و
نانیش تامی سیکۆتینی دەدا،
بۆ ئەوەی زمانمان لەناو ماددە کیمیاوییەکاندا سڕ نەبێت
دەممان خستە ناو دەمی یەکترەوە، یەکترمان خۆشویست!

ئێمە زیاتر لە ڕۆشنایی تیشکەکانی خۆر
خوێنی ڕژاومان دیت،
بینیمان کە چۆن ئازار فۆڕمی خۆی گۆڕی،
تێگەیشتین، بۆ ئەوەی لەناو واقیعدا بژین
دەبێت خەیاڵمان بدەینە بەر چەقۆ!

بۆ ئەوەی خوێن نەمانخنکێنێت،
بۆ ئەوەی ئازار نەمانڕزێنێت،
بۆ ئەوەی خۆر لەسەر جەستەمان نەخش بکێشێت،
بۆ ئەوەی برینی یەکتری بلاوێنینەوە
یەکترمان خۆشویست.

ئەو ڕۆژانەی کە مرۆڤەکان
لەپێناو خواکان و شەیتانەکانیاندا
پێستی یەکتریان کەوڵ دەکرد،
ئێمە بڕیارمان دا
جەستەمان بەیەکتری ببەخشین.

بۆ ئەوەی وەهمی خوایەک
نەمخاتە ناو جەنگێکی پووچەوە، خۆشت ویستم
بۆ ئەوەی فیڵی شەیتانێک
ڕق لەناختدا نەچێنێت، خۆشم ویستیت.

یەکترمان خۆشویست
تاکو تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت نەمانکەن بە بەرد، نەمانکەن بە ئایکۆن!
تاکو فریوی باسوخواسی سواوی ناو سۆشیاڵ میدیا نەخۆین،
بۆ ئەوەی لەناو ئەم هەموو دەنگ و ڕەنگە زۆرانەدا، خۆمان بین!
لەبەر سەرمایەدارەکان، تاکو دەمارەکانیشمان نەکەن بە کاڵا.

وەک خەڵکانی تر بۆت نانووسم:
لەبەر خۆشەویستیی خۆشم دەوێیت!

من لەپێناو کێشمەکێشمی ژیان،
بۆ ئەوەی شێوەیەکی تر بدەینە ناڕێکیی،
لەپێناو ئەوەی مردن،
تەمەن،
بیرکردنەوە،
مرۆڤ،
پێناسەیەکی دیکە وەربگرن،
بۆم نووسیت: خۆشم دەوێیت
بۆت نووسیم: خۆشم دەوێیت

(۳)
بە بەلەمێکی بچووکی شین
شینێکی گەورە
بە دەریای شینی بێسنووردا
دەگێڕم!

(۴)
[چیرۆک]
کێ لەناو بازنەی ئەم چیرۆکەدا ئازادە؟
خه‌ون!
ئازادی له‌ناو خه‌ونی چ چیرۆکێکدایه‌؟
بوون!
ئه‌م چیرۆکه‌ ده‌که‌وێته‌ کوێی بوونه‌وه‌؟
ئه‌بسێرد…

کە شەوەکان
وەک بایەکی تووڕە
بەناو ئەم چیرۆکەدا تێپەڕبوون،
کێ ڕۆژەکانی وەک پەتی تەسبیحێک پساند؟

ئەم دەریایانە
چیتر ناتوانن لارولەنجەی ئەستێرەکان لەناو خۆیاندا بلاوێننەوە
ئەم چیرۆکە بەناو قووڵاییی دەریاکانیشدا
تاریکیی نووسییەوە.

کەشتییەکان
یەک یەک بەر بەستەڵەکی دێڕەکانی دەکەوتن.
دەریاوانەکان
هانایان بۆ هێزی شەپۆلەکان دەبرد
تا لەنێوان چێژ و ترسی ڕووداوەکانیدا هاوسەنگ ببن.

چیرۆکێکی درێژ
بەڵام ئاشنا بە خولانەوەی ملیۆنبارەییی خۆی!

خۆر له‌گه‌ڵ بیستنی چیرۆکه‌که‌
سه‌رگه‌ردان، هه‌ر له‌ هه‌ڵهاتن و ئاوابووندا دێت و ده‌چێت
مانگ بۆ ئه‌وه‌ی تێکه‌ڵ به‌ چیرۆکه‌که‌ نه‌کرێت
ڕۆژێک خۆی ده‌کات به‌ نیوه‌ و ڕۆژێک که‌رت.

گورگه‌کان
له‌ ترسی ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژێکی نوێدا
چیرۆکه‌که‌ ترسناکتر نه‌بێت
شه‌وانه‌ ڕوو له‌ ئاسمان ده‌یان لووراند

ئاو
هەزاران شەپۆل و گێژی داوە
هێشتا ناتوانێ گرێیەک لەناو ئەم چیرۆکەدا درووست بکات!

ئاگر
هەر کڵپە دەدات و تین دەبەشێتەوە
ناتوانێت شێوەی ئەم چیرۆکە بگۆڕێت!

هەوا
وەک ئەوەی تەواو بووبێتە خۆڵ
هیچ بەشێکی چیرۆکەکەی لەناویدا دەرناکەوێت!

کێ لەناو پلۆتی ئەم چیرۆکەدا ونه‌؟
خودا!

نازانێنت چۆن چیرۆکه‌که‌ ته‌واو بکات،
دایه‌ ده‌ست شاعیره‌کان
شاعیره‌کان لێ هه‌ڵاتن و دایانه‌ ده‌ست پەیامبەرەکان
هەریەکەیان پەرستگەیەکی ڕەنگاوڕەنگیان بۆ درووست کرد و دایانە دەست بازرگانەکان
بازرگانه‌کان کارگەیان بۆ دامەزراند و دایانه‌ ده‌ست ڕۆبۆته‌کان
ڕۆبۆته‌کان خستیانه‌ ناو مارکێت و سه‌ر شاشه‌کان…

ئازادیی ئه‌م چیرۆکه‌ له‌ناو چه‌ند بازنه‌‌دایە؟
له‌ناو لاکێشه‌کانی مه‌رگ!

باوه‌ڕداران گوتیان ئێمه‌ ئه‌و چیرۆکه‌ ته‌واو ده‌که‌ین
ترس، زمانی شکاندن.
بیرمه‌نده‌کان هاواریان کرد: ئێمه‌ ڕۆشنی ده‌که‌ین
وه‌ک ته‌ونی جاڵجاڵۆکه‌ ئاڵۆزتر بوو.

منداڵێک به‌ سه‌رسووڕمانه‌وه‌ له‌ دایکی ده‌پرسێت:
کێ ناوی له‌م چیرۆکه‌ ناوه‌
ب
و
و
ن؟

(۵)
برین مێژووی ئێمەیە
وەک کانییەکی تازە تەقیوو
خوێنی ڕەشی لەبەر دەڕوات،
زەمەن لێ ناگەڕێ قەتماغە بگرێ
هەرجارە و بە مارکەیەکی جیاوازی چەقۆ
هەڵی دەکۆڵێتەوە.

من برینناسم
دەزانم جەستەم
چەند گوللـەی بەرکەوتووە
دڵم وەک توورەکەی بزمار
کون کون...
دەستم ناچێتە تیری ژەهراویی چەقیوو لە جەستەی بوونم،
خەیاڵم خەسێندراو و ئارەزووم دەست بەسەر،
بلوتوس و وایفای
بوون و گێڕانەوەمیان بەیەک بەستووەتەوە.

بوونم پێویستی بەوە هەیە
لەسەر تەختەی «کات»
برینە لەبننەهاتووەکانی بۆ نمایش بکرێت!

حەشیش،
هێواش هێوش کۆشکی بوونم دادەڕمێنێت
کحول چووەتە ناوخوێنمەوە
چۆن دەربارەی جوانیی بدوێم
کە بوونم سەرتاپا درۆی ناو مارکێتەکان بێت.
ویستم مانیفێستی ڕەشبینیی بنووسمەوە،
کەچی بینیم
ئاسۆی بوونم خۆی یەک پارچە دووکەڵە!

دووکەڵ ڕوانینی لێڵ کردووم!
ڕەنگەکان
بێدەسەڵاتانە لەبەردەم دووکەڵدا خۆیان ڕووت دەکەنەوە،
پەلکەزێڕێنەکان خۆڵەمێشیین،
دووکەڵی جەنگەکان
دووکەڵی کارگەکان
وەک برینی تەقیووی بوونم
نیگاری ڕۆژە ڕەشەکانم دەکێشن.

گەر درۆزان بام دەمگوت داهاتوو ڕۆشنە
بەڵام ئەوەتا ژیان و بوون خۆیان بلیتی دۆڕاوی یانسیبێکن،
هەمووتان
دەستان خستووەتە نووسینەوەی فێڵی جوانکردنی ڕۆژەکانتان
بەڵام...
ئەم ڕۆژانە «خوێ»ن بۆ برینی من!

نازانم چەند دەبێت
کە خۆر بەر جەستەم نەکەوتووە
ئەم باڵەخانە هەوربڕە لەعنەتییانە
سەربانی ماڵەکەشیان لێ کردووم بە ژێرزەمین.

گرێگۆر سامسا نییم
بەڵام جەستەم قورس و شەکەتە،
ئاگام لێیە کە هەموو بەیانییەک
چەندان دوگمەی نوێ لەجەستەم دەڕوێن،

پێمخۆشە بە تەنیا
لە ژوورە پەرتوبڵاوەکەمەوە
چێژ لە تاڵییەتی کوپێک قاوە وەرگرم،
بچمە ناو کتێبەکانەوە و
یەخەی یەک بەیەک لە کارەکتەرەکان بگرم،
بەڵام
باشتر دەبوو کە بمتوانیبا
لەگەڵ خواردنی لەقوتوونراوی ناو مارکێتەکان و
مرۆڤی لەقوتوونراوی ناو شارەکان و
ژیانی لەقوتوونراوی ناو شاشەکان نەژیابام!

ئەم بوونە ساختە لەقوتوونراوە
تەنیاییم دەداتە بەر چەقۆ
هەزار و یەک ماسک دەخاتە سەر برینەکانم،
خوێنم وەک بارانێکی ناوەختی ڕاگوزەر نمایش دەکات.

سمارت-فۆنەکان
خەیاڵم دەخەسێنن.
کامێراکان
جوانییم لا ئاڵۆز دەکەن،
ناچارییانە ڕۆژەکانم بە ڕیمۆت-کۆنتڕۆڵ دەگۆڕم.

ببمە سامساش
کەس برینی جەستەی پڕ وایەرم نابینێت
شانی شکاو و
سەری وایفایی و
قاچی ئەلیکترۆنییم،
کەس سەرسام ناکا
کەس ناترسێنێت!

ئەمجارە ناڵێم من مرۆڤی ئەم سەدەیە نییم
بەڵام
من شەش سەدە زیاتر لە خۆم ژیام، مردم.

بۆ ئەم ڕۆژە تازانە
دەبم بە گرێگۆر سامسا،
لەبری سێو
هەر ڕۆژەی ئەپلیکەیشنی تازە
بەر پشتم، بەر سەرم دەکەوێت.

حەزم دەکرد
بەدوای کۆلارەی بیرکردنەوەکانم ڕۆیشتبام،
بەڵام
سێلفی-ستیک کوێرانە پەتی خستۆتە ملی کاتەکانمەوە.

لە نێوان ئەم بوون و نەبوونانەدا
ئێستا برینەکانم ئەلیکترۆنیین
ڕۆژانە بە خوێنی ناو وایەرەکان
بارگاوییان دەکەمەوە.

(۶)
مرۆڤی هیچ سه‌رده‌مێک نه‌بووین
خه‌ریکین دۆزه‌خێکی ڕه‌نگاوڕه‌نگ
بۆ نه‌وه‌کانمان بنیات ده‌نێین.
خێرا،
له‌ ناشوێن و
ناکاتدا
کوێرانه‌ ساڵه‌کان ده‌خه‌ینه‌ سه‌ریه‌ک.

ده‌ستمان به‌ مانگ ڕاده‌گات، ئاشنای هاوسێکانمان نین
ژماره‌ و جۆری مۆبایله‌کانمان، شوناسمانن
زانستمان پێشه‌نگ و هه‌موو ڕۆژێک په‌تای نوێ قڕمان ده‌کات
سۆز به‌ بێچووی گیانداران ده‌به‌خشین، گه‌وره‌ده‌بن ده‌یانخۆین
ماڵه‌کان گه‌وره‌ و خێزانه‌کان په‌رته‌وازه!

کارگه‌ی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نییه‌کان جممه‌یان دێت،
باسوخواسی هه‌میشه‌ییمان‌ ئاشتیی!
به‌ وێنه‌ی ڕه‌قهه‌ڵاتنی هه‌ژارێک
خه‌ڵاتی ملیۆنی وه‌رده‌گرین.

خواردنمان خێرا
سێکسمان خێرا
ته‌مه‌نمان خێرا
هه‌سته‌کانمان خێرا
مرۆڤایه‌تیمان سست و په‌ککه‌وتوو.

سروشت،
گیانه‌وه‌ران،
خواکان
هیلاک به‌ده‌ست ئێمه‌وه‌.

ئه‌و ساڵانه‌‌ ساڵی قاقان
تراژیدیاکانمان زۆر کۆمیدین
له‌ نادیاردا وێرانه‌ و له‌ دیاردا گه‌ش
باپیرانمان شین بۆ ساڵانی کۆمێدیی ئێمه‌ ده‌گێڕن.

ئه‌و ساڵانه‌
ئه‌و ساڵانه‌
ساڵانی دوگمه‌ی ئه‌لیکترۆنیی،
مرۆڤی قوپاو،
مه‌رگی درێژخایه‌ن،
ساڵانی هه‌زار و یه‌ک شه‌وی جه‌نگ!

(۷)
لە ناو مندا
ئۆپۆزسیۆنێک هەیە،
بوون،
بە گەندەڵیی دەزانێت.

(۸)
په‌تا بڵاوه‌
مرۆڤبوونمان نه‌خۆش‌.

(۹)
لە دەریادا
ڕێمان ونکرد
تا چاوبڕدەکا (هیچ) دەبینین،
بەبێ ڕێ ونکردن
لە وشکانیش!

(۱۰)
وه‌ک نابینایه‌ک هه‌وڵی هه‌ڵاتن بدا،
ئاوا
بیر له‌ بوونم
لەسەر ئەم هەسارەیە ده‌کەمه‌‌وه‌.

(۱۱)
بوون
باشتر نییە لە
هـ
ی
چ.

(۱۲)
سی و سێ لۆچ و خەت و خێچ
ناسنامەی ڕووخساریان گۆڕیووم

بەیانیان کە بێدەنگیی ئاوێنەکە دەبینم
دەچرپێنمە بن گوێی و دەڵێم:
"خۆمم، نامناسیەوە!
ئەو کەسەی هەموو ڕۆژێک
بە ڕووخسارێکی خۆهەڵخەڵتێنانە دێتە بەردەمت و
دەست بە چەند تاڵێکی کەمی
پرچە سیسەکەی دادەهێنێت و
بزەیەکی ساختەت بۆ دەکات!"

ئەو باڵندە ڕەشەی دوێنێ شەو لەناو خەونمدا
باسی دڵخۆشیی و گەشبینیی بۆ کۆمەڵێک گورگ دەکرد
لە ناو ئاوێنەکەدا
لە گۆشەی چاوی چەپمدا دەیبینیم،
خەمبارانە چاوەکانی کز کەوتوون
وەک ئەوەی ناچارانە لە چاوەڕوانیی تەڵەی فێڵێکدا بێت!

دەبووایە من خەڵاتی فێڵزانترین مرۆڤم پێبدرایە!
کێ هەیە هێندەی من
ڕۆژانە فێڵێ تازە
بۆ خۆهەڵخەڵەتاندن بەرهەم بهێنێت؟!

بەڕاست!
بۆچی تا ئێستە بە درۆزنترین مرۆڤ دەستنیشان نەکراوم!
ئاوێنەکەم زمانی هەبووایە، شایەدی ئەو هەموو ڕووخسارە درۆیینانەی بۆ دەدام
کە بەیانیان و ئێواران و شەوان…
وەک بزوێنەر، ژیانمی پێ گڕ دەدەم.

سێ مەیموون
لەسەر ڕۆخی ئاوێنەکە وەستاون
چاوەڕێن بزانن ئەمڕۆ چ قسەیەکی پووچ بۆ خۆگێژکردنی ئەو کەسەی ناو ئاوێنەکە دەکەم.
لەبەر خۆمەوە دەڵێم:
"ئەمڕۆ هەوڵ دەدەم باش بم"
مەیموونی یەکەم گوێی
مەیموونی دووەم چاوی
مەیموونی سێیەم بۆ ئەوەی لە بەرانبەر ئەم درۆیەمدا جوێنم پێ نەدات دەمی دەگرێت.

"تۆ بەهێزیت، ئەم ڕۆژ و ساڵە سەختانە تێدەپەڕێنیت"

درۆیەکی خۆمە، دەیناسمەوە
دوێنی یان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر
بەو درۆزانەی لەناو ئاوێنەکەدا وەستابوو، گوتم:

شەوێک
بە دەم سەیرکردنی بوتڵێکی وێسکی ئێرلەندیی
نیوە بەتاڵەوە
گوتت:
لەو بەیانییە بترسە، بۆ خۆگێلاندن درۆ و فێڵ و چیرۆکت پێ نەماوە!

لە چاوی فێڵزانی ناو ئاوێنەکەوە
پەیکەرێکی بچکۆلەی کوندەپەپوویەک دەبینم
کە بە چاوە نیمچە کراوەکانییەوە گوێی بۆ درۆیەکی دووبارەی من هەڵخستووە
چاوەڕێیە بزانێت ئەمڕۆ
چۆن و بە چ خۆتەفرەدانێک
سەری ئەهریمەنی ناو ئاوێنەکە دەسووڕێنێم!

باڵندەی ڕەش و
سێ مەیموون و
کوندەپەپووی چاو کزی گوێ هەڵخستوو،
کەسی ناو ئاوێنەکە
لە یەک چرکەدا چاوەڕێن، من بۆ ئەمڕۆ شتێک بڵێم!

لەبەرخۆمەوە دەڵێم:
"ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایکبوونمە!"

کێکێکی سپی بە دەست باڵندەی ڕەش و کوندەپەپووی چاوکزەوە،
یازدە مۆم لەناو دەستی هەر یەک لە مەیمونەکان،
بەرەو ڕووی درۆزانی ناو ئاوێنەکە دێن.
هەموو بەیەکەوە بزە دەکەن و چەپڵە لێدەدەن.

(۱۳)
هەموویان درۆ بوون ئازیزم، درۆ
ماچم بکە...

بەرلەوەی جەنگێکی تر هەڵگیرسێت ماچم بکە
بەر لە ڕژانی دڵۆپێکی تری خوێن
بەر لە چاولێکنانی سەربازێک بەدەم دوا گووللـەیەوە، ماچم بکە

هەموویان درۆبوون
ئایین و خواکان
ئیمپریالیزم و ئیمپڕاتۆرەکان
کاپیتالیزم و بازرگانەکان
مۆدێرنیزم و دوگمەکان
درۆی ڕەنگاوڕەنگن هەموویان!

بە هێواشیی وەک سڕکردن
خەیاڵانە وەک ئایین
دڵڕەقانە وەک جەنگ
فێڵبازانە وەک بانک
هەریەکەیان بە ڕێگەیەک
مرۆڤ پۆڵێن دەکەن.

ماچم بکە...
بەرلەوەی جەنگ
بەسەر کیشوەرێکی تردا پەرشوبڵاومان بکا، ماچم بکە

"با"
بۆنی خوێنی پێیە
دڵتەنگ و خەفەتبار
بە کۆڵێک دووکەڵی جەنگ و
ڕەنگی مردووانەوە،
شاران تەی دەکا
تۆوی گوڵەکان لەناویدا نەزۆک،
هیوایەکی ڕەش دەگەیەنێتە ئامانج!
بەدەم با و بۆرانەوە ماچم بکە.

خەونەکانمان کۆن بوون
شتێکمان پێ نییە
نەوەکانمانی
بۆ ژیان پێ هەڵخەڵەتێنین!
با خەونەکان چیتر لە بێماناییدا فیچقە نەکەن، ماچم بکە

خاک، نیشتیمان، چیتر ڕەنگاوڕەنگ نین
مووی سپی و برسییەتی بەسەر نەوەکانیاندا دەبەشێنەوە.
هەژاران تێیدا ڕەقهەڵدێن،
تۆ وامەبە
ماچم بکە و برسییەتی هەژارانەم بیرببەوە.

لە ڕۆژ هەڵاتندا
بەیانی بۆ باش بێت!
کە شەو نووقمی ئینسۆمنیا ببینەوە
تۆ گوێ بە شەو و ڕۆژ مەدە، ماچم بکە.

تراژیدیا لە خوێنماندایە،
لە ئومێدیشماندا وێرانکاریی!
ماچم بکە
بەرلەوەی وێرانکاریی تر ڕوومان تێکا
ڕووم تێکە و ماچم بکە.

سوپاسی خوامان کرد کە ئاسمانی پێبەخشین
بەڵام ئێمە باڵمان نەبوو
سوپاسمان کرد کە پەیامبەرەکانی بۆ ناردین
سەرمان گێژبوو لەناو ئەم هەموو پەیامانە!
ئێستە سوپاسی کێ بکەین؟

پاڕاینەوە
باران بەسەر خاکی وشکهەڵاتوومان داکا
لافاو برا چکۆڵەکانمانی برد
ئێستە لە کێ بپاڕێینەوە؟

ماچم بکە
تا دەنگی ڕێژنە گوللـەی ترمان نەبیستووە،
ماچم بکە
لەنێوان ماچێک و ماچێکی تردا
دەیان لاشەی کەوتوو
دەیان ڕووبارۆچکەی خوێن!

چاوەکانت دابخە و ماچم بکە،
وێرانکاریی تەواو نابێت
هەموو جارێک بە بەرگی تازەوە
داهاتوومان دەگۆڕێت
تۆ گوێ بە زەمەن و داهاتوو مەدە
ماچم بکە تا بەرگەی نەهامەتی تر بگرین.

بووین بە دراکۆلا
خوێنی کەس نا
هەر کەس خوێنی خۆی دەمژێت
لە هەژمەتی بێ شوێنی
قەپاڵ لە زەوی دەدەین
شوێنی ئێمە ئێرە نەبوو، ئێرە شوێنی ئێمە نەبوو!

لەم نیوەی ڕێگەیەدا
ئاڕاستەکان هەر چۆنێک بن نامگەیەنەوە داهاتوو
داهاتووی ئاڵۆزکاو!
ڕێگەکان هی داهاتوو نەبوون، داهاتوو ڕێگەی نەبوو!

خوێنی ئێمە وەک کاڵایەکی بێ نرخی بەسەرچوو
گەمە بۆگەنەکانی پێ سواق دەدرێت
خوێنی ئێمە وەک نەوت
مەنجەنیقی جەنگەکانی پێ دادەگیرسێندرێت،
بۆ ڕزگارکردنی خوێنی ئێمە!

ئەم هەموو هاوارە
ئەم هەموو سەرۆکە
ئەم هەموو بێشوێنییە
ئەم هەموو جەنگە
ئەم هەموو خوایە!
بڕیار نەبوو
وەها بژین،
لە سەرەتادا!

(۱۴)
یەکترمان خۆشویست
تاکو تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت نەمانکەن بە بەرد، نەمانکەن بە ئایکۆن!
تاکو فریوی باسوخواسی سواوی ناو سۆشیاڵ میدیا نەخۆین،
بۆ ئەوەی لەناو ئەم هەموو دەنگ و ڕەنگە زۆرانەدا، خۆمان بین!
لەبەر سەرمایەدارەکان، تاکو دەمارەکانیشمان نەکەن بە کاڵا.
وەک خەڵکانی تر بۆت نانووسم:
لەبەر خۆشەویستیی خۆشم دەوێیت!
من لەپێناو کێشمەکێشمی ژیان،
بۆئەوەی شێوەیەکی تر بدەینە ناڕێکیی،
لەپێناو ئەوەی مردن،
تەمەن،
بیرکردنەوە،
مرۆڤ،
پێناسەیەکی دیکە وەربگرن،
بۆم نووسیت: خۆشم دەوێیت
بۆت نووسیم: خۆشم دەوێیت
 

گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی

موافقین ۰ مخالفین ۰ ۰۴/۱۱/۱۶
زانا کوردستانی

نظرات  (۰)

هیچ نظری هنوز ثبت نشده است

ارسال نظر

ارسال نظر آزاد است، اما اگر قبلا در بیان ثبت نام کرده اید می توانید ابتدا وارد شوید.
شما میتوانید از این تگهای html استفاده کنید:
<b> یا <strong>، <em> یا <i>، <u>، <strike> یا <s>، <sup>، <sub>، <blockquote>، <code>، <pre>، <hr>، <br>، <p>، <a href="" title="">، <span style="">، <div align="">
تجدید کد امنیتی