انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

درباره بلاگ
انجمن شعر و ادب رها (میخانه)
بایگانی
آخرین نظرات
نویسندگان
۲۶ مرداد ۰۴ ، ۰۲:۳۶

ڕۆژا ناسر

ڕۆژا ناسر کاکەمه‌د

خاتوون "ڕۆژا ناسر کاکەمه‌د"، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ کورد دانیشتەجێ لە وڵاتی سوید.
 

ڕۆژا ناسر کاکەمه‌د

خاتوون "ڕۆژا ناسر کاکەمه‌د"، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ کورد دانیشتەجێ لە وڵاتی سوید.
ڕۆزا لە ۱۸ چریائێکێ ۱۹۸۶ زایەنی لە کەرکوکی باشوری کوردستان لە دایک بوو.
خاتوون ڕۆژا، کارمەندی کتێبی دەنگی ستۆکهوڵمە، و بەرلەوی پەیامنێری دەنگی گەلی کوردستان بە فورمی لە سوید خی‌گر بوو.

┄┅═✧❁💠❁✧═┅┄

(۱)
[کەرکوکمان]
بێ ناز و ستەملێکراو، داغدارە جارێکی تر
ئەی کەرکوکم، سیمبولی جوانی پێکەوە ژیان،
هێمای خۆڕاگری و شۆڕش، نەبەزی و بەرخۆدان
ئەمڕۆ لاوەکانت بریندارکران لە پێناوت
بە گوللەی نەیار، ناحەزانت، شەهیدکراون لە پێناوت
باوەگوڕگوڕ ئەمشەو گوڕێکی بەتین تری دەبێ
گڕ و کڵپەی بە بڵێسە و پڕ ئاگر تر دەبێ
ئەمشەو هاوار دەکا گڕی کڵپەی باوەگوڕگوڕ
بۆ ناهێڵن بۆ واز ناهێنن لە
ئازاردانی من، لە چاوتێبڕینم
هاوار دەکا و دەڵێ من باوەگوڕگوڕم،
هێمای بەرخۆدانم
منم سیمبولی کەرکوکی کوردان،
لێم گەڕێن با ئازاد بسوتێم و گڕ بگرم
لێم گەڕێن بۆ دڕکم پیا دەکەن!
مەیهەژێنن ئێوەی زۆردار و نەیار
ئێوەی دەستی سورتان بە خوێنی کوردان،
ئێوەی دڕکی شوم بۆ مافی کوردستانم،
بۆ خەونی سەربەستی و ئاواتی سەربەخۆییم
بۆ چرۆی خەونی بە دی نەهاتووی
کورد و کوردستانم،
لێم گەڕێن
لێم گەڕێن
لێم گەڕێن
بیری ئاگاهاتنەوەی دڕکم لێ مەکەنەوە،
من باوەگوڕگوڕم، نایەم لە بن هەرگیز هەرگیز،
هەر سەرم بڵندە و گڕ و کڵپەم لە بن نایە
هەر دەسوتێم، دەسوتێم و دەسوتێم،
چوار وەرزی ساڵ هەمیشە دەسوتێم،
بۆ خوێنی ڕژاوی کوردی ستەملێکراوم
بۆ زەوتی خاکی بەش خوراوی کوردستانم،
ئەمشەو لە قەڵاکەی کەرکوکەوە،
لە وێنەی شەهیدە نەمرەکانییەوە،
کە لەوێدا هەڵواسراون،
کۆمیتەی ئاگر و هەڵگری ڕێبازانی
پەیمانی یەکگرتن و یەک ڕیزییان بۆ
بۆ هاونیشتیمان دووپات کردەوە،
ئەوانیش هاوەڵانن، هاوخەمن،
ڕۆحی نەمرییان بە سوێیە بۆ ژان و مەینەتی
ئەم بەشە خاکەی کوردستانمان
بۆ چاوتێبڕینی خاک و بردنی ئاسودەییمان،
قەڵغانی گوللەی ناحەزان نایبەزێنێت
ورەی پڕ شکۆی کوردبوونمان
لە بن نایەت هێزی خۆگری و نەسرەوتنمان
لە هەر کوچەی شارەکەت کەرکوکی من
بۆنی خۆڕاگرییە، بۆنی ئازایەتییە،
بۆنی شکۆ و مەردایەتی و
بۆنی شکۆی ژنانی چاونەترسی
چەک هەڵگر و گیان بەخت، 
پەت و سێدارەی ساڵانی مێژووی
پڕ سەروەری شەهیدانە بە خوێنی ڕژاوی لاوەکانت
ئەمڕۆ کەرکوکم بریندارە، پڕ ئازارە
پڕ تەم و مژ، چارەنووسی نادیارە
وەکو باڵای لاولاوێکی سەرەو ژوور کەوتوو
کە هەر دەڕوا و دیار نییە و ڕوون نییە
قەد و باڵای سەوز و جوان و نەخشراو
بە گوڵی سپی لاولاوی
هەروەکو دڵە سپییەکەت
لە پێناوی ئاشتی و تەبایی
کەرکوکی هەژێنراوم
ئەمڕۆ بریندارە،
لاوەکانت دڵ پڕ و نەبەز
گفت و پەیمانی سەرکەوتنیان
کرد بە دیاری بۆ پەشێویت،
بۆ ناسۆری دڵی هاونیشتمانیانی،
بۆ گەڕاندنەوەی خاکی بەشکراوی
کەرکوکی کوردستانمان
باوە گوڕگوڕم ئێژێ من هەر کوردستانیم
من هەر موڵکی خاکی بەشکراوی کوردستانم،
وەلێ
لێم ناگەڕێن
لێم ناگەرێن و لێم ناگەڕێن و ناگەڕێن
ناو و ناسنامەم بۆ مێژوو
بەشی خاکی هەرێمێکی بە ناوی
کوردستان بێت،
ئێژێ کەرکوکی من خۆڕاگر بە
نەبەز بە، هەر هێمای پێکەوە ژیان و جوانی بە
تا هەر لە ڕێگەی نەسرەوت،
بگات بە تۆ ئاسۆی سەرکەوتن،
بریندارە کەرکوکمان جارێکی تر
هەژێنراوە جارێکی تر،
لاوەکانی بە قەڵغانی گووللە پێکراوە
شیوەن و زاری دایکانی جەرگ سووتاو
هێنرایە عەرش جارێکی تر،
کەرکوکی من بنی دەریایەکە ڕێگاکەی تۆ
دەریایەکە، بنی دەریاااا
ئەو ڕێگایە، ئەو شێوە بن دەریایە
نەک دەریا
نەک دەریا
نەک دەریا
دەڵێم و دەڵێم بنی دەریا، بنی  دەریاااااا
وەها کەسێک لە ئێمە لێی دیار نییە
چەندە بێ سنورە بنی دەریایەک، بێ تەواوبوونە
ئێستا زانیوتە چەندە هیواکەت مەزن و بێ کۆتایە،
کۆڵنەدانێکە، هیوای گەڕانەوەی باوەش بۆ خاکێکە
بۆ خاکێکی دابڕاوی گەڕانەوە بۆ ئامێزی دایکێکە
چەندە بێ سنور و بێ تەواوبونێکە،
هەر بڕوانی لەو ئاسۆیە، لە بن نایە،
کۆتایی نایە، هاوشێوەی تۆیە...
گەیشتنت بە سەروەری و سەرکەوتنی مەزنت
لە بەشێکی ئەم دونیایە
لە بەشێکی ئەم دونیاااااا
بۆیە ماوە هێشتا چیرۆکی سەرکەوتنت
نەبەزیت بێ کۆتایە
ماوە و لە بن نایە و نایە و نایە، بێ کۆتایە...

(۲)
سایەت چرۆی پشکاوی منە
لە کازیوەی بەرەبەیانێکی پڕ هەتاوی
ئەیشەکێنێ مەلی خۆزگەی ئاواتم
بێ سنور لە خەونی بێشەی بەهاری

(۳)
نەخشی زەردەپەڕی هەر ئێوارەیەکی
دەمە و تاریکیت، ئەمما زۆر دڵگیر
بێتەوە یادت سەبای نەغمەی هاویاری
لە هێلانەی تاوی نەشئە و دڵێکی زویر

سایەت، چرۆی پشکاوی هۆنراوەی منە
لە کازیوەی بەرەبەیانێکی پڕ هەتاوی 
ئەیشەکێنێ مەلی خۆزگەی ئاواتم
بێ سنور لە خەونی بێشەی بەهاری

وەرە ئەی چێواری لانکەی موحیببەت
پێ بنێ بە هەورازی دڵت تا ئەبەد!
ببە بە ڕێبوارێکی نامۆی ئەو ڕێگایە،
ڕایژێنە کۆرپەی خۆزگەم کە بێ کۆتایە!..

(۴)
هەرچەند ئەڕوانم ناتدۆزمەوە
نە لەگەڵ هەڵهاتنی خۆری بەرەبەیانێک
نە لەگەڵ ئاوا بوونی تیشکی هەتاوێک...
لەکام ئێوارەی پاییزی لێم ون بوویت!
لە کام گەڵای کەوتووی پاییزی لێم هەڵوەریوی!
لە کام هەواری ڕێبواران
ڕەشماڵی دڵی شکاوت سەوزبونەتەوە
لە کام ڕێگەی دووڕیانی لە ناکاوت
قەدەرێکی هات و نەهات،
یەخەی خۆیان پێگرتووی!
بڵێ بڵێ
پێم بڵێ… بیدرکێنە
بیدرکێنە ڕازی دڵی درز تێکەوتووی
پێدەشتی سەوزبووی ئەوینێکی ناکام!
بیدرکێنە ڕازی داستانی ئەوینێکی خەمناک،
بیدرکێنە و بڵێ. بڵێ من لێرەم،
بڵێ من لێرەم…
بڵێ من لێرەم و هێشتا شوێن پێیەکانت،
لەسەر شاڕێگای دڵی من،
خۆیان کاڵ نەکردۆتەوە، کاڵ نەبوونەتەوە
ناڕۆن بە هیچ شتێک،
ئەو شوێن پێیانە، زرنگانەوەی ئەو سۆزی دەنگە،
ناڕۆن و ناڕۆن… هەر ماوون! هەر ماوون!
شوێن پێیەکانت لە شاڕێگەی دڵ،
سۆزی دەنگ و نیگاکان، دەستەکانت!
تاسەی دوبارە بینینەوە
تاسەی شادبوونەوەیەکی دیکە و ئامێزێکی گەرم…
بەیەک گەیشتنەوەی دوو وونبووی ڕێگەی قەدەرێک
گەشانەوەی دوو گلێنەی چاوەکان بە یەکتر،
کە جگە لە بێدەنگی و قسە نەوتراوەکان،
شتێکی دیکەیان نەبوو بۆ دیدار و چێژوان!
بۆ جێژوانی گەیشتنەوەی دوو ڕۆحی وونبوو
تەنها پڕ بوون لە قسە نەووتراوەکان،
لە نێو دوو گلێنەی پڕ تاسەی داستانێک…
کە قوفڵی کلیلی خۆشەوستی یان،
گرێ درابوو لە ئەوین، لە تاسەی دووری،
لە تامەزرۆیی و باوەشی پڕ سۆزیان بۆ یەکتر
لە یەک دەم لە یەک سات، چاوەکانیش پڕ بوون
لە بێدەنگی! لە بێدەنگی و لە بێدەنگی…
کە رۆح پاراو بوو لە ئەوینێک، ئەوینێکی ناکام،
گلێنەی چاوەکان یش هێندە تاسەی نیگایەکی
یەکتریان کردبوو،
هێندە تامەزرۆی بینینەوەیەکی یەکتریان کردبوو،
حەسرەتی باوەش و ئامێزێکی یەکتریان کردبوو،
چیدی نەمابوو و نامێنێ لە گۆ کەوتنی زار و ووتنێک
شتێک نامێنێ لە گەورەییی، بوون و
تاسەی بینینەوە، شادبوونەوەی دیسان یار بۆ دلبەر!…

(۵)
نەخشی زەردەپەڕی هەر ئێوارەیەکی،
لای دەمە و تاریکیت...! ئەمما زۆر دڵگیر!
بێتەوە یادت سەبای نەغمەی هاویاری
لە هێلانەی تاوی نەشئە و دڵێکی زویر
سایەت چرۆی پشکاوی هۆنراوەی منە
لە کازیوەی بەرەبەیانێکی پڕ هەتاوی
ئەیشەکێنێ مەلی خۆزگەی ئاواتم
بێ سنووور لە خەونی بێشەی بەهاریم
وەرە ئەی بەهاری لانکەی موحییبەت
پێیەک بنێ بە هەورازی دڵت تا ئەبەد
ببە بە ڕێبوارێکی نامۆی ئەو ڕێگایە
ڕایژێنە کۆرپەی خۆزگەم کە بێ کۆتایە...!

(۶)
دەستێکم لە ناو قژم،
دەستەکەی دیکەم قاوەیەکی دوبارە و
جگەرەیەکی هێشتا دانەگیرساو!
بەرامبەرم پەنجەرەیەکی پڕ لە شانۆ!
شانۆی ڕۆژانەی ئەودیوی ژیان
دوبارە و هەموو ڕۆژێک وەکو خۆیەتی
لە جێگەی خۆیانن هەموو شتەکان
تەنها ڕیزە درەختەکانی ئەوبەری شەقامەکە نەبێت
کە لێیان ئەڕوانم
ئەبینم کە نوێ ئەبنەوە، سەوز ئەبنەوە
هەڵ ئەوەرێن گەڵا و پەلک و پۆ و گوڵەکانی!
بەڵام دیسان
بەڵێنی جوان بونەوەیان و سەر لەنوێ
گەش بوونەوەیان بە یەکتر داوە
ئەوان ئاوهان بۆ هەمیشە!
ئێمەش دەبوو ئاوها بین! نا هەرگیز!
مرۆڤ! مرۆڤ!!! کام مرۆڤ!!!
کام جوان بوونەوە، کامم نوێبوونەوە
کام بەڵێنی دوبارە سەوزبونەوە!
هێشتا وەکو خۆیەتی هەموو شت،
گومانم هەیە کە باشتر نەبێت
چی ئەبوو لە جوانی گەڵا و گوڵی درەختێک
نەش و نمای هیوای دوبارە دڵێکی بەخشندە
خۆی لە تەوقی پێدەشتێکی نوێتر و
ئاسمانێکی ساماڵی نوێ گزنگی خۆی
بهاویشتایە تا ئەوپەڕی گەیشتن
بە بۆنی ڕاستەقینەی مرۆڤ،
بۆنێکی ڕاستەقینەی ژیان و
بە دروستکردنەوەی قاوەیەکی دوبارە و
جگەرەیەکی دوبارە هێشتا دانەگیرساو
کە ببینم چەقبەستوو نییە هێشتا
ئەوەی کە من لێم ڕوانیبوو
ئەوەی کە من بینیم هەموو شت
وەکو خۆیەتی هێشتا
ئەوەی کە من ببینم نوێ ئەبنەوە و
جوان و جوان و جوانتر ئەبنەوە دوبارە
لەوپەڕی تیشکی ڕوانینیێکی
باوەڕپێنەکراوم!
کە ببینم ئەوە نەبوو کە پێم وابێت تەنها
لق و پۆپ و گەڵای وەریوی درەختێک
دوبارە باوەشی هیوا و سەوزبونەوە،
لەگەڵیشی دا ئاسمانێک پڕ لە باوەشی خۆر
خۆی بکاتەوە بە دیاری
بۆ سیحری وزەی دەستپێکێکی نوێ و
دوبارە بۆ باوەشی جوانبوونەوە!...

(۷)
قاوەیەکی دوبارە و
جگەرەیەکی هێشتا دانەگیرساو!
بەرامبەرم پەنجەرەیەکی پڕ لە شانۆ!
شانۆی ڕۆژانەی ئەودیوی ژیان
دوبارە و هەموو ڕۆژێک وەکو خۆیەتی
لە جێگەی خۆیانن هەموو شتەکان
تەنها ڕیزە درەختەکانی ئەوبەری شەقامەکە نەبێت
کە لێیان ئەڕوانم...

(۸)
دوو کەرتبوون لە ئامێزی
دڵێکی شەختەی تەزیو
لە بیابانێکی ووشک، هەتا
بەرەوێڵکەی قەدی سەوزایی
دوو کەرتبوون لە شکانی سنوور
هەتا گەیشتن بە خەونێکی نامۆ،
و گەیشتن بە ڕووی ئەودیوی
"فانتازیا"
دووکەرتبوون دڵەکان،
ئەو دڵانەی بۆ یەکتر ئەژیان!
ئەو دڵانەی کە ڕۆژانێک،
سەهمی خەیاڵەکانی یەکتریان
بۆ یەک بەش کردبوو!
دووکەرتبوون لە جێگای
نوستنەکانیان،
ئەو شوێنەی کە سەری یەکتریان
تێ دا بەش کردبوو،
کە ڕۆحی یەکتریان تێدا
ئاوێزان کردبوو
کە ئەوپەڕی سنووریان
تێدا بەزاندبوو!
دووکەرتبوون مرۆڤەکان،
ئەوانەی کە یەک ڕەنگ و یەک دڵ
بوون!
ئەوانەی تەنها بۆ کەسێک ئەژیان
ئەوانەی تەنها یەک جار ڕۆیشتن
و چیتر گەڕانەوەیان نەبوو،
لە پاش هەر شکان و
زویر بوونێک یان،
دووکەرتبوون؛ ئەوانەی کە
مرۆڤ بوونیان لە بیرکرد و...
بوون بە دوو مرۆڤ لە یەک جەستە!
چەشنی دووڕوویەک، دووڕەنگێک!
دووکەرتبوون لە هەموو شت!
هەتا خێزانەکان!
دایک و باوک!
منداڵەکان!
هەموویان!
لە دوای هەر گرفتێک یان!
دووکەرتبوون لە
سروشت! وەکو مانگ
سروشت یش دووکەرتبووە،
ووتم، وەکو مانگ!
وەکو دووکەرتبوونی سروشتی
مرۆڤ!
ئااااە، دووکەرتبوون ێک، کە
هەر دەبێ رووبدات!
 

گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی

موافقین ۰ مخالفین ۰ ۰۴/۰۵/۲۶
زانا کوردستانی

نظرات  (۰)

هیچ نظری هنوز ثبت نشده است

ارسال نظر

ارسال نظر آزاد است، اما اگر قبلا در بیان ثبت نام کرده اید می توانید ابتدا وارد شوید.
شما میتوانید از این تگهای html استفاده کنید:
<b> یا <strong>، <em> یا <i>، <u>، <strike> یا <s>، <sup>، <sub>، <blockquote>، <code>، <pre>، <hr>، <br>، <p>، <a href="" title="">، <span style="">، <div align="">
تجدید کد امنیتی