انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

درباره بلاگ
انجمن شعر و ادب رها (میخانه)
بایگانی
آخرین نظرات
نویسندگان
۲۸ شهریور ۰۴ ، ۰۲:۲۷

مارف ئاغایی

شاعیری نه‌مری کورد "مارف ئاغایی"، کوڕی حاجی "محەمەدی ئاغایی"، لە بنەماڵەی "پاشایی"یە. 

 

مارف ئاغایی

شاعیری نه‌مری کورد "مارف ئاغایی"، کوڕی حاجی "محەمەدی ئاغایی"، لە بنەماڵەی "پاشایی"یە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواو کرد. لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونەتە شنۆ. لەوێش لە قۆناغی ئامادەییدا کە تێیدا ساڵێک زیندانی کراوە، لە خوێندن دابڕاوە.
ساڵی ١٩٨٥ ھاوکات لەگەڵ دامەزرانی بنکەی ئەدەبی و فەرھەنگی گۆڤاری سروە دەستی بە بڵاو کردنەوەی شێعر و بەرھەم کرد و دوو ساڵ دواتریش لە ھەمان گۆڤاردا بۆتە ئەندامی دەستەی نووسەران. ئاکامی تەقەلاکانی بوووە مایەی بەرفراوان بوونی جوگرافیا و خوێنەری گۆڤاری سروە. ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ "ئازەری سەمسامی" ژیانی ھاوبەشی دەست پێکرد و کچ و کوڕێک بە نێوی "شەونم" و "پەیام" بەرھەمی ژیانی ھاوبەشیان بوو. لە ساڵانی دوواییدا بەتاسەوە ھەوڵی خۆفێر کردنی زاراوەکانی زمانی کوردی دەدا و ھاوکاتیش لە ماوەیەکی کورتدا فێری زمانی ئینگلیزی دەبێ و ئاکامی ئەو تەقەلایەش وەرگێڕانی کتێبی "ناسیۆنالیستی کورد" بوو بۆ سەر زمانی کوردی. مارف جگەلە وەرگێڕانی کتێبی "ناسیۆنالیزمی کورد" کتێبی شێعر و چێرۆکەکانی بە نێوی "زەوی سەخت و ئاسمانی دور" پاش مەرگی بڵاو بۆتەوە کە لەلایەن رەخنەگر و شارەزیانی شێعری ھاوچەرخی کوردی لە کوردستانی ئێران بە کارێکی گرینگ و جۆرێک شێعری جیاواز لە قەڵەم داوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نووسراوە.
پاش خزمەت و ھەوڵ و تەقەلایەکی زۆر و ئەنجامدانی گەلێک کاری بەنرخ و پڕۆژەی نوێ لە ناوەندی بڵاو کردنەوەی فەرھەنگ و ئەدەبی کوردی و گۆڤاری سروە، وەک رێکخستنی کۆنگرە، کۆنفراننسی ئەدەبی و فەرھەنگی ھەر لە ئیلامەوە بگرە ھەتا دەگاتە شاری ورمێ و دامەزراندنی پێوەندییەکی زۆر لەگەڵ ئەدیب و نووسەرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ کاری ھاوبەشی فەرھەنگی، رۆژی ٢٥ ڕێبەندانی ١٣٧٦، دوای گەڕانەوەیان لە پرسەی "مینا خانم"ی خێزانی "پێشەوا قازی"، لەگەڵ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە، لە مەھابادەو بەرەو ورمێ، لە کاتێکدا لەگەڵ ھاوڕێکانی لە رەوتی پەنجاساڵەی ئەدەبی کوردی دەدوا، بە کارەساتی دڵتەزێنی ئۆتۆمۆبیل، لەگەڵ دوو ھاوڕێی تری، کاک جەعفەری قازی و کاک سەرتیپ مەنسووری، دڵە سەوز و پڕ ئەوینەکەیان لە لێدان کەوت.


┄┅═✧❁💠❁✧═┅┄


(۱)
نا، نامەوێ ئەمشەو بگریم، بەڵام چ بکەم؟
خۆ فرمێسک پرسم پێ ناکا!
نامەوێ شیعر بنووسم،
وشە تەگبیرم پێ ناکا!
شیعر بۆ هەتاو دەنووسم،
سێبەر وڵام دەداتەوە،
شیعر بۆ ئاگر دەنووسم،
دووکەڵ وڵام دەداتەوە؛
شیعر بۆ باران دەنووسم،
تفەنگ وڵام دەداتەوە.

خۆ من ناڵێم، شیعر دەڵێ:
چەکی نێو دەستی پێشمەرگە
ئێستا ئیتر تفەنگ نییە، بابۆڵەیە
گەر داینێ لە برسان دەمرێ.

خۆ من ناڵیم، شیعر دەڵێ:
فیشەکی نێو خەشابەکەی، فیشەک نییە
-کاکڵەگوێزە-
فڕێی دا، بێ پێخۆر دەبێ.
خۆ من تاوانێکم نییە
شیعر پرسیارم لێ دەکا:
ماڵ، زیندانی تاکەکەسی،
نیشتمان، زیندانی گشتی،
ڕۆژاوا، تاراوگەیەکی هەمیشەیی
ئەتۆ کامیان هەڵدەبژێری؟

ئێمە گەڵاین
هەر بە سەوزی هەڵدەوەرین؛
مناڵین و
هەر لە لاویدا پیر دەبین.

جاران خەڵکی وڵاتێک بووم
پاشان بووم بە خەڵکی شارێک،
دواتر گوندێک، پاشان ئەشکەوت
ئێستا خەڵکی قوژبنێکم کە لەشم بشارێتەوە.

جاران عاشقی فێعلێک بووم بە ناو «بارین»
کاتێ دەمبیست بەتاو هەڵدەهاتمە شەقام،
یا بەفر بوو یانیش باران
بەڵام ئێستا کە بارینم گوێ لێ دەبێ
سام دەمگرێ،
چونکە نازانم گوللەیە یا تۆپباران!


(۲)
[مانه‌وه]
ئه‌م خۆشه‌ویسته دڵره‌قه عیشق په‌ره‌وه‌ی
نه ده‌توانم وه‌کوو کیژێک بیخه‌مه پاشته‌رکی ئه‌سپ و
له ژێر سایه‌ی زێڕوه‌شانی تریفه‌ی مانگه‌شه‌وێکدا
هه‌ڵیگرم،
… نه‌ ده‌شتوانم هه‌رگیز دڵی لێ به‌رده‌م و
خۆم گیرۆده‌ی کۆلکه زێرینه‌ی شوێنێکی دیکه بکه‌م
ناوی: خاکه
ئه‌م ده‌یایه‌ی
نه ده‌توانم له جامی چاوه‌کانمدا ڕایگوێزم و
نه ده‌شتوانم له دووری ئه‌و
له ئوقیانووسی هیچ شوێنێکی دیکه‌دا قومه ئاوێک بخۆمه‌وه
ناوی:خه‌ڵکه
من ده‌زانم دارستانی هه‌موو شوێنێک 
جریوه‌ی گه‌رمی چۆله‌که‌‌ و
ڕووباری هه‌موو وڵاتێک
ده‌نگی تاڤگه و ڕه‌نگی که‌ف و پێچ و په‌نای ڕێگه‌ی به‌رد و
ده‌ریای هه‌یه
به‌ڵام چ بکه‌م لێره نه‌بێ
نه گوێم چاکیان ده‌بیسێت و
نه‌ چاوم چاکیان ده‌بینێ و
نه‌ گیانم چاکیان هه‌ست ده‌کا


(۳)
[خه‌و]
ئه‌ی -چاو- ه‌کانم،
من بێشکه‌ی سه‌رم
تاکه‌ی راژێنم؟
سواری سه‌ربا‌ڵی کام خه‌یاڵتان که‌م
ئێوه بنوێنم؟
هه‌رچه‌ند ‌ئه‌زانم
که بای هه‌ناسه‌م
تۆزی خه‌رمانی خه‌می ده‌روونم
بۆ ئێوه دێنێ،
به‌ڵام گوێ  بده‌نه
ئاهه‌نگی دڵی ماندووم که ده‌ڵێ:
"هه‌ی لایه لایه، رۆڵه لای لایه
ده بنوون دره‌نگه، بوچ خه‌وتان نایه"


(۴)
[ئاویلکه]
گۆڕستانی وڵاتی من
سه‌دان گۆڕی
چاوه‌ڕوانی ته‌رمی لێیه،
زیندوو بوونتان بسه‌لمێنن
ده‌نا لێره
وه‌نه‌وزیش هه‌ر
ئاویلکه‌یه.


(۵)
[گڵکۆ]
مه‌رگی شه‌هید
وه‌کوو مه‌رگی خۆره‌تاوه
ده‌مه‌و ئێوارێکی دره‌نگ
که په‌نجه‌ی چڵکنی هه‌ور
خوێنی هه‌تاوی لێ ده‌تکێ
ته‌رمی له خوێن گه‌وزاوی خۆر
بۆ باوه‌شی گڵکۆ ده‌خوشێ.
به‌ر به‌یانی
له سه‌ر کێلی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌م گڵکۆیه
هه‌ر دڵۆپێک
ده‌بێته په‌یکی گزینگ و تاریکایی ده‌شواته‌وه
مه‌رگی شه‌هید
وه‌کوو مه‌رگی خۆره‌تاوه.


(۶)
چۆن کۆڵه‌که‌ی ساوای به‌ژنم
ئه‌م ئاسمانه‌ی غه‌می تۆی پێ راده‌گیرێ؟
کوا به کانیاوی چاوانم
ده‌ریای فرمێسکی غه‌می تۆ
هه‌ڵده‌گیرێ؟


(۷)
شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌م
بوغ گرتبووی،
ئه‌منیش وێنه‌ی روخساری تۆم لێ کێشاوه.
ئێسته ئیتر
هه‌ر چی رۆژه ئه‌م په‌نجه‌ره هه‌ڵم ده‌گرێ و
وه‌ک قابێکی که تابڵۆکه‌ی لێ دزرابێ
بۆ وێنه‌ی رووی تۆ مان ده‌گرێ.


(۸)
[هاوار]
ئه‌نگوستم له سه‌ر
ماشه‌ی تفه‌نگی هاوار داناوه
هه‌تا له گه‌رووی
ئه‌م بیده‌نگیه‌دا
بیته‌قینمه‌وه


(۹)
ئه‌ی خونچه‌ی ده‌مت
تاقانه خونچه:
له پاییزیشا شکۆفه ده‌کا.
ئه‌ی گوڵی کوڵمت
تاقانه گوڵێک:
له زستانیشا
سووری شه‌ڕابی.
ئێستا چ وه‌رزه؟
لێم نادیاره
هه‌ر کات که خونچه‌ی ده‌می تۆ پشکووت
بۆ من به‌هاره.


(۱۰)
هه‌ور: کامێرا
بروسکه‌: فلاش
نم نمه‌ی باران:
بۆ شوشتنه‌وه‌ و
دڵی منیش: قاپ.
ئای نیشتمانم 
هه‌تا یه‌ک چرکه‌
بۆ لێوه‌کانت
بزه‌ قه‌رز که‌.


(۱۱)
لای مرۆڤ هیچ
لای باڵندەش ئابڕوومان چوو
کاتێک حاجیلەی میوانی پەنا قەڵای هەولێرمان کوشت
لای زیندوو هیچ،
لای کۆچکردووش ئابڕوومان چوو
کاتێک پەیکەری «حاجی»مان
دا بەر گوللە.
لای خەڵک هیچ
لەلای خۆشمان ئابڕوومان چوو؛
کاتێک بە دەستی خوێناوی،
خۆمان پێشانی یەکەمین ئاوێنە دا.
لای ئەمڕۆ هیچ،
لای سبەینێش ئابڕوومان چوو
کاتێک نیشانمان دا شەهید
قەدری ژیانی نەزانی و
خۆی بە کوشت دا.


(۱۲)
ئەم ئاسمانە بۆ هێندە بێ باڵندەیە! ؟
نەکا فڕین لەم وڵاتە کۆچی کردبێ!
ئەم باغە بۆ هیچ گوڵێکی لێ ناپشکوێ! ؟
نەکا بەهار ئەو وڵاتەی جێ هێشتبێ!
ئەوە چەند ساڵە ئەم شارە لە جێی باران
خۆڵی بەسەردا باریوە،
ئەی ئەم شآرە بۆ ئەوەندە تۆزاوییە؟
ئەم شەقامە چەند لە مێژە بریندارە
ئەم کۆڵانە چەند لە مێژە گوێی بۆ سرتەی
کوڕ و کیژە دڵدارەکان هەڵنەخستووە،
ئێمە بۆ هێندە پێک نامۆین؟
ئەگەر ڕۆژێک ئاشتی بێ و بمانپشکنێ بڵێین بۆ چی؟


(۱۳)
چاومان پڕە لە کەلاک و دەستمان پڕە لە تاوان و
دڵمان پڕە لە کەمین و
گوێمان پڕە لە ڕەمزی شەڕ
هەر کەس لە دەروونی خۆیدا ڕووخاو،
سەیرترین کەلاوەی سەر ئەم جیهانەین.
حاکمی یەک دەست و یەک لاق،
دوژمنی دەست و قاچێکی دیکەمانین.
ئێمە سەیرترین حاکم، سەیرترین دوژمنی سەر ئەم دونیایەین.
هەر کەس لە تابووتە لەشی خۆیدا نێژراو،
ئێمە سەیرترین مردووی ئەم جیهانەین.
فیفتی هابیل، فیفتی قابیل

ئێمە دوژمنترین برای ئەم دونیایەین.
ئێمە بێکەس و بێ‌پەناین،
تازە بادی خۆش مرووریش
بە شارەزووردا ڕانابڕێ
تا «نالی» خۆی بە قوربانی تۆزی پێی کا؛
تازە «شێخ»یش ناچێتە نێو خەونی موریدەکانیەوە و
چاپخانەکەی«پیرەمێرد»یش لە ڕووی نایە
تاقە یەک وشە بنووسێ.


(۱۴)
بمبوورە ئەمشەو برینت دەکولێنمەوە هەڵەبجە گیان!
ئەرێ زامی پێنج هەزار شەهیدی یازدەی ئازار
پڕئێشتر بوو
یا یەک کەسی براکوژی؟
ئەرێ دووکەڵی کیمیاوی هەڵمژین ناخۆشتر بوو
یا هەوای ئێستای شارەزوور؟
هەڵوەرینی هەموو چرۆی «باغی میر» و دار هەناری
ئەو سەردەمی ناخۆشتر بوو
یا ژاکانی تاقە یەک گوڵی ئێستاکە؟

من لەمڕۆوە گوێ بۆ ڕادیۆکان هەڵناخەم
با هەواڵی شەڕ نەبیسم؛
هیچ ڕۆژنامەیەک وەرناگرم
با باسی شەڕ نەخوێنمەوە؛
چاو لە تەلەویزیون ناکەم
با مەیدانی شەڕ نەبینم؛
من لەمڕۆوە
دەڕۆمەوە بۆ چەند سەدەی بەر لە ئێستام؛
بۆچی نەڕۆم؟
هەرچی گوڵ و پەپوولە و کیژ و جوانییە
دونیا بردی بۆ شێعری خۆی،
تەنیا خوێن و شەڕ و مەرگ و گریان ماوە
بۆ شێعری من


(۱۵)
هەور هەموو بارانی ئاسمانی هێنا،
گوڵێک نەبوو پێشکەشی کەین؛
تازە چۆن هەور
باران بۆم وڵاتە دێنێ؟
شنە هەموو بۆنی خۆشی دونیای هێنا،
پەنجەرێکمان نەکردەوە تاوێک تیا بحەسێتەوە؛
تازە چۆن شنە بۆنی خۆش
بۆ ئێمە بە دیاری دێنێ؟
ئێمە نەبووین لە جێی گەنم، فیشەکمان چاند؟ !
لە جێی کێڵان، تۆپمان لێ دا
بە جێگای ئاو، خوێنمان پێ دا؟
ئێستا مناڵانی ئێمە هیچیان نانی گەنم ناخۆن،
دەبێ هەویری باڕووتیان بۆ بشێلین.


(۱۶)
ئێمە مەلین:
بە قەفەسەوە هەڵدەفڕین،
مرۆڤین و
بە زەنجیرەوە ڕێ دەبڕین،
شاعیرین و
بە چەکەوە گوڵ دەنووسین.
شەڕ نەیهێشتووە بە لاوی دڵداری بکەین،
ڕەنگە لە سەردەمی پیری
لە پیرێژنێکی جیرانمان، ماچێکی حەرام بفڕێنین؛
گوللە نەیهێشتووە چریکەی بولبولێکمان گوێ لێ ببێ،
ڕەنگە لە ئاگربەسێکدا بۆ نەواری دەنگی بولبولێک
گوێ هەڵخەین؛
دووکەڵ نەیهێشتووە گوڵ بۆن کەین
ڕەنگە بەناچاری، عەتر
بەسەر گوڵە نایلۆنییەکاندا بپژێنین.


(۱۷)
من ڕاگەیەنراوێکم دی لێی نووسرابوو:
ئێمە کۆمەڵێک ڕووناکبیر، بڕیارمان دا حیزبێکی نوێ دامەزرێنین،
بەڵام تا ئێستا نەکراوە هیچ ڕەنگێ بدۆزینەوە، کە پێش ئێمە حیزبێک نەیکردبێتە ئاڵا،
داوا لە خەڵکی کورد دەکەین، 
ئەگەر کەسێ ڕەنگێکی تازەی پێ شک دێ پێوەندیمان پێوە بگرێ!


(۱۸)
ڕەش ڕەش، ڕەش ڕەش،
ئەوە ڕەنگێکی لە بیرچووی ئاڵایەکی هەڵنەدراوە.
سوور سوور، سوور سوور،
ئەوە چۆمێکی نەسرەوتووی
لە کێوی لەش هەڵبڕاوە.


(۱۹)
من لەتەنیشت گۆلی ورمێ
هەست ڕادەگرم،
لە جیاتی گوێ
هەموو جارێ کە گوللەیەک پێک وەدەنێن، ڕادەچەنم،
کە لەشی یەکترتان پێکا
ترپە لە گیانم هەڵدەستێ؛
کە دڵۆپێک خوێنیان ڕژا
«دڵ وەختە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور.»


(۲۰)
خوایە تۆ لە گشت شوێنێک هەی،
بمانبوورە؛ ئێمە میوانداری چاک نین.
فریشتەکان! بمانبوورن؛
بمانبوورن مناڵانی نوتفەبەستووی شەوانی پڕ ترس و شەهوەت؛
بمانبوورن مناڵانی لە منداڵدانی دایکدا
باوک کوژراو؛
بمانبوورن مناڵانی پاکی ئەمڕۆ و
براکوژانی سبەینێ؛
ماچی ئەمڕۆ و تفی سبەی؛
بمانبوورن دڵۆپ دڵۆپ خوێنی ڕژاو؛
مسقاڵ مسقاڵ
گۆشتی لە ئێسقان جیاوە بووی
لەشی شەهیدی نەناسراو!
***
خۆ ئێوە دوو وەرزی ساڵ نین
کە زەرد و سەوز، هەرگیز بە یەکتری نەگەن
ڕۆژ و شەو نین
نوور و تاریکی نەتوانن پێک هەڵبکەن
مار و پنگ نین
نەتوانن جیرانی یەک بن.
نا ببورن،
کورد و کوردن
کە ناتوانن، بە بێ مەرگی یەکتر بژین!
هەر کێلە و کێلە و کێل دەڕوێ -لە جیاتی گوڵ-
من دەترسێم کە گۆڕستان
هەموو خاکمان لێ داگیر کا
هەر خوێنە و خوێنە و خوێن دەڕژێ –لە جیاتی ئاو-
من دەترسێم خوێن ڕووبارمان لێ داگیر کا
هەر ڕۆحە و ڕۆحە و ڕۆح دەفڕێ -لە جیاتی مەل-
من دەترسێم کە باڵی ڕۆح
سێبەر لەسەر ژینمان بکا
***
ئەم ئێوارە پەپوولە سولەیمانەیەک دەیخوێند:
بۆ ئاگاداری:
حاجیلەیەکی نێو شاری هەولێر شەهید کراوە، کۆڕێکی پرسەی بۆ دانراوە.
تکایە هەموو مەلانی گەرمێن بەشداری بکەن.
هەر مەلەش، ئاگای لە گیانی خۆی بێ. بولبول بێ چریکە، کۆتر بێ تەقڵە و کەو بێ قاسپە بێ.
شوێن: هێلانەکەی حاجیلەی شەهید
کات: دوای خەوتنی هەموو خەڵکی شار.
***
ئێمە هێندەمان ئەم خاکە ئازار داوە
تازە خەڵکی وڵاتی دیش وەرمان ناگرن
Where are you from?
I’m from Kurdistan
تۆ کوێندەرێی؟
کوردستانیم.
من لە چاویدا هەست دەکەم
یەکدابەدوو دەنگ و باسی ڕادیۆکانی بیر دێتەوە،
ئەو دەبێتە کاریلەیەکی سەر زەرد و
ئەمن دەبمە گورگی سەر ڕەش؛
خۆی لە نیگام دەدزێتەوە!
***
ئێمە بەتەمای ژیان بووین
گەرچی تووشی مەرگێکی بەسپایی هاتین:
–ئەوەندەش بەختەوەر نەبووین
لە کورتە کاتێکدا بمرین.
من دەترسێم ڕۆژێک پیرەمەگروونەکان
سیروان و تانجەڕۆ بکەن بە دوو باڵ و
وەک سیمورغ بە جێمان بێڵن؛
ئەودەم ئێمە بۆ پەناگا و بۆ ئەشکەوت و
بۆ لێقەومان ڕوو لە کوێ کەین؟
دەترسێم ڕۆژێک دارستان
پەنجە دە پەنجەی هەورەکان بهاڵێنێ و
ئێرە چۆل کا؛
ئەو دەم دەبێ،
بۆ میوە و بۆ ژوان و سێبەر
دڵ بە چ شوێنێک خۆش بکەین؟
دەترسێم ڕۆژێک خوداوەند
فریشتەکانی ڕابگوێزێ و فەرمان بدا:
نابێ هیچتان لە مەداری ٣٦ دەرەجە نزیک بن
ئەودەم ئێمە بەبێ خودا و بێ فریشتە
چۆن بوێرین بچینەوە بەر ئاوێنە؟
***
ها خاڵۆ سپی‌پۆشەکەم!
تۆ چت دەوێ
ئەمشەو لە خەونەکانی من؟
سڵاو ڕۆڵە شاعیرەکەم،
–من ئەو کەسەم بۆ یەکەم جار
وشەی پێشمەرگەم بۆ چەکدار
پێشنیار کرد.
هاتووم، هەتا وشەکەم وەرنەگرمەوە
ناڕۆمەوە.
ها دایکە پرچ کوێستانییەکەم!
تۆ بۆ ئاوا غەریبانە
لە بەردەرگای خەونەکانی من وێستاوی؟
–من ئەو کەسەم کە یەکەم جار، وشەی شەهید
لەسەر ڕۆڵە کوژراوەکەی من دانرا
هاتووم هەتاکوو ئەم ناوە
لەسەر ڕۆڵەم نەسڕمەوە، ناڕۆمەوە.
ئەی ئێوە بۆ چی وێستاون هاوڕێیانم؟ !
–کۆڕی زکری دەروێشانە ئەمشەو، بەڵام
مانگ هەر تەنیا یەک دەفەیە و بەشمان ناکا.
هاتووین بچینە سەر سیروان
تا هەر دەروێشەی دەفی خۆی لێ وەربگرێ.
ئەی ئێوە بۆ کۆبوونەوە مناڵەکان؟ !
–ئەمشەو مەیلی پاکبوونەوەی ژێر بارانمان هەیە بەڵام
دڵۆپ دڵۆپەی بارانە تەڕمان ناکا
هاتووین بچینە ژێر تاڤگە
گوناهەکان بشۆینەوە.

جارانی زوو
لە سەر گردی مامەیارە دارێک هەبوو
کە پاییزان گەڵاکانی هەڵدەوەری،
پۆل پۆل چۆڵەکەی لێ دەڕوا؛
لەسەر کێوی پیرەمەگروون دوندێک هەبوو
کە هاوینان کچی بەفری، ڕەدووی ڕووبارێک دەکەوت،
پۆل پۆل کەوی لەسەر دەنیشت؛
لە داوێنی شنروێشدا شاعیرێک بوو
گەر مناڵێکی پێخواسی چاو پێ کەوتبا
شێعرێکی بۆ دەکرد بە کەوش؛
گەر دایکێکی ڕۆڵە کوژراوی دیتبا
شێعرێکی بۆ دەکرد بە کوڕ؛
گەر وەنەوشە لەژێر تووتڕکا خامۆش با
شێعرێکی بۆ دەکرد بە دەنگ؛
بەڵام ئێستا لە گشت شوێنێک
هەر شیوەنە و هەر واوەیلا
منی شاعیر، یەک شێعریشم بۆ نانووسرێ
دەزانی بۆ؟
«مەزاجی کوردەواریم تێک چووە، دەروێش عەبدوڵڵا»

ئێمە لەنێو تابڵۆیەکی پیکاسۆئاسادا دەژین:
سەرمان بۆتە لاقی کەسێکی نەناسراو،
هەر بە شەق تێمان هەڵدەدا.
دەستمان بۆتە دارەدەستی کەسێکی تر،
هەر کۆترێک بە لایدا بڕوا تێی هەڵدەکا؛
دڵ بۆتە زەبتی جاسووسی،
هەر خەیاڵێ بە دەروونماندا تێپەرێ
بۆ نەیارانی باس دەکا.
ئێمە لەنێو تابڵۆیەکی پیکاسۆئاسادا دەژین:
مەمکی دایکان وشک بووە و
مناڵ گوانی مانگا دەمژن.
سفرەی ماڵان بەتاڵ بووە و
مناڵ لەگەڵ باڵندەکان چینە دەکەن؛
شەو بەشی خەویان ناکات و
بۆخەوی دووری زستانی تەمرین دەکەن.

مناڵەکان! کە بەیانان لە خەو هەستان،
هەتاو بۆ نێو دەروونتان بانگێشتن بکەن
کە خەوتان هات،
سەر بنێنە سەر کەروێشکەی گەنمەکان و
مانگ بێننە نێو خەونەکانتان؛
ئەگەر بۆ شوێنێک ڕۆیشتن،
پێ لە ڕووبار قەرز بکەن، دەنگ لە تاڤگە،
ڕەنگ لە بەهار.

ئەگەر لە شوێنێک دا ون بوون،
لە پەپوولە پرسیار بکەن.
مناڵەکان ئێوە هەر زوو
ڕەنگ لە ئاڵا وەرگرنەوە و
بیدەنەوە بە وەرزەکان.
دەنگ لە تفەنگ وەرگرنەوە و
بیدەنەوە باڵندەکان.
هەر لە پێش چاوی ئاسمان
هەموو چەترەکان بشکێنن؛
بەڵکوو هەور ئاشت بێتەوە و
تینوایەتیمان بشکێنێ.
هەر کەسێکتان چاو پێ کەوت
نیگایەکی مناڵانەی پێ ببەخشن،
خۆی لەبەر گەرم دابێنێ.
کۆڵان بە کۆڵان ڕاکەن و
لە دەرگای هەموو ماڵێک دەن
بڵێن فەرموون:
وشەی ون بووی برایەتیمان دۆزییەوە
تکایە چاک بیپارێزن،
با ئەمجار لێتان ون نەبێ!
بە شەقامەکاندا ڕاکەن،
هەر کیژێکتان چاو پێ کەوت
چەپکێک گوڵی ڕەنگاوڕەنگی
لە کراسە ڕەنگ مردووەکەی دەن.
مناڵەکان! ئەمشەو بۆ ئێوە دڵپرم.
***
نا، نامەوێ ئەمشەو بگریم، بەڵام چ بکەم؟
خۆ فرمێسک پرسم پێ ناکا!
نامەوێ شێعر بنووسم،
وشە تەگبیرم پێ ناکا!
شێعر بۆ هەتاو دەنووسم،
سێبەر وڵام دەداتەوە،
شێعر بۆ ئاگر دەنووسم،
دووکەڵ وڵام دەداتەوە؛
شێعر بۆ باران دەنووسم،
تفەنگ وڵام دەداتەوە.

خۆ من ناڵێم، شێعر دەڵێ:
چەکی نێو دەستی پێشمەرگە
ئێستا ئیتر تفەنگ نییە، بابۆڵەیە
گەر داینێ لە برسان دەمرێ.

خۆ من ناڵیم، شێعر دەڵێ:
فیشەکی نێو خەشابەکەی، فیشەک نییە
-کاکڵە گوێزە-
فڕێی دا، بێ پێخۆر دەبێ.
خۆ من تاوانێکم نییە
شێعر پرسیارم لێ دەکا:
ماڵ، زیندانی تاکەکەسی،
نیشتمان، زیندانی گشتی،
ڕۆژئاوا، تاراوگەیەکی هەمیشەیی
ئەتۆ کامیان هەڵدەبژێری؟

ئێمە گەڵاین
هەر بە سەوزی هەڵدەوەرین؛
مناڵین و
هەر لە لاویدا پیر دەبین.

جاران خەڵکی وڵاتێک بووم
پاشان بووم بە خەڵکی شارێک،
دواتر گوندێک، پاشان ئەشکەوت
ئێستا خەڵکی قوژبنێکم کە لەشم بشارێتەوە.

جاران عاشقی فێعلێک بووم بە ناو «بارین»
کاتێ دەمبیست بەتاو هەڵدەهاتمە شەقام،
یا بەفر بوو یانیش باران
بەڵام ئێستا کە بارینم گوێ لێ دەبێ
سام دەمگرێ،
چونکە نازانم گوللەیە یا تۆپباران!


(۲۱)
ماڵ، زیندانی تاکەکەسی، 
نیشتمان، زیندانی گشتی، 
ڕۆژئاوا، تاراوگەیەکی ھەمیشەیی 
ئەتۆ کامیان ھەڵدەبژێری؟
ئێمە گەڵاین
ھەر بە سەوزی ھەڵدەوەرین؛
مناڵین و
ھەر لە لاویدا پیر دەبین.
جاران خەڵکی وڵاتێک بووم 
پاشان بووم بە خەڵکی شارێک،
دواتر گوندێک، پاشان ئەشکەوت
ئێستا خەڵکی قوژبنێکم کە لەشم بشارێتەوە.
جاران عاشقی فێعلێک بووم بە ناو «بارین» 
کاتێ دەمبیست بەتاو ھەڵدەھاتمە شەقام، 
یا بەفر بوو یانیش باران 
بەڵام ئێستا کە بارینم گوێ لێ دەبێ 
سام دەمگرێ،
چونکە نازانم گوللەیە یا تۆپباران!


(۲۲)
[مانه‌وه]
ئه‌م خۆشه‌ویسته دڵره‌قه عیشق په‌ره‌وه‌ی
نه ده‌توانم وه‌کوو کیژێک بیخه‌مه پاشته‌رکی ئه‌سپ و
له ژێر سایه‌ی زێڕوه‌شانی تریفه‌ی مانگه‌شه‌وێکدا
هه‌ڵیگرم،
… نه‌ ده‌شتوانم هه‌رگیز دڵی لێ به‌رده‌م و
خۆم گیرۆده‌ی کۆلکه زێرینه‌ی شوێنێکی دیکه بکه‌م
ناوی: خاکه
ئه‌م ده‌یایه‌ی
نه ده‌توانم له جامی چاوه‌کانمدا ڕایگوێزم و
نه ده‌شتوانم له دووری ئه‌و
له ئوقیانووسی هیچ شوێنێکی دیکه‌دا قومه ئاوێک بخۆمه‌وه
ناوی:خه‌ڵکه
من ده‌زانم دارستانی هه‌موو شوێنێک
جریوه‌ی گه‌رمی چۆله‌که‌‌ و
ڕووباری هه‌موو وڵاتێک
ده‌نگی تاڤگه و ڕه‌نگی که‌ف و پێچ و په‌نای ڕێگه‌ی به‌رد و
ده‌ریای هه‌یه
به‌ڵام چ بکه‌م لێره نه‌بێ
نه گوێم چاکیان ده‌بیسێت و
نه‌ چاوم چاکیان ده‌بینێ و
نه‌ گیانم چاکیان هه‌ست ده‌کا


(۲۳)
[ته‌نیا]
چه‌ند ڕۆژێکه کوڵی گریانێکی خه‌ستم هه‌ڵگرتووه و
هیچ دڵپڕێک 
چه‌ند مانگێکه گه‌رووم پڕه له ئاواز و
هیچ بیسه‌رێک 
چه‌ند ساڵێکه دیوانم پڕه له شیعر و
هیچ خوێنه‌رێک،
نادۆزمه‌وه
که فرمێسک و ئاواز و شیعرم جێ بێڵم


(۲۴)
[داوا]
کاتێک شیعری خۆشه‌ویستی تۆ ده‌نووسم
_ده‌ست به تکا_
وشه دوای وشه چاوه‌ڕێن
ده پێم بڵێ ئه‌من کامیان هه‌ڵبژێرم
خاک، نیشتمان ، وڵات یا زێد؟
کاتێک فکری دوور بوون له باڵای تۆ ده‌که‌م
_ده‌ست به تکا_
یه‌ک به دوای یه‌کدا چاوه‌رێن
ده‌ پێم بڵێ ئه‌من کامیان به جێ بێڵم
ژان و ئازار یا ده‌رد و ئێش؟


(۲۵)
[گومان]
دار ڕه‌نگه بتوانێ بڵێ
چه‌ند فرمێکسی زه‌ردی گه‌ڵا
له چاوانی هه‌ڵوه‌ریون
هه‌ور ڕه‌نگه بتوانێ بڵێ
چه‌ند په‌پووله‌ی سپی به‌فر
له چاوه‌کانی فڕیون
نا، نا، تۆ ناتوانی بڵێی
که چه‌نده داری ئاواتت
گه‌ڵایان لێ هه‌ڵوه‌ریوه
چه‌نده هه‌وری چاوه‌روانیت
فرمێسکیان لێ باریوه.


(۲۶)
[به‌ڵێن]
ئه‌گه‌ر ڕووبار،
گه‌ڵای ته‌رمم هه‌تاکوو نێوه ده‌ریا ببا
من ئاماده‌ی هه‌ڵوه‌رینم.
ئه‌گه‌ر ئاسمان،
مه‌لی ڕۆحم تا ئه‌و په‌ری بێ کۆتایی ڕێگا بدا،
من ئاماده‌ی هه‌ڵفڕینم.
من ئاماده‌ی تووانه‌وه‌م
هه‌ڵمی له‌شم ده‌باوه‌شی دا ڕاگوێزێ:
ئه‌گه‌ر هه‌ور


(۲۷)
[خه‌ون]
له‌م مێژووه پڕ دووکه‌ڵه
چۆن دووکه‌ڵی ماڵ سووتان و تۆپ باران و کیمیاباران
له نێو ئه‌م ڕووباره ڵێڵه
چلۆن ئاو و فرمێسک و خوێن
له یه‌ک جیا ده‌کرێته‌وه؟
تۆ له نێو خه‌ونی ژیاندا ده‌خولێیته‌وه!


(۲۸)
[ناسنامه]
ڕه‌شترین قوله‌ی ئه‌فریقام 
بۆچی به من پێده‌که‌نی خۆ ڕه‌نگم نا:
باسی به‌ختم ده‌که‌م به‌ختم.
ته‌نیاترین مروڤی نێو قه‌ڕه‌باڵغی ئه‌م دونیایه‌م
باسی ڕٶحم ده‌که‌م ڕٶحم
بێکه‌سترین له دایک بووی سه‌ر ئه‌م خاکه‌م.
ده به‌س قاقام بۆ بکێشه:
باسی شیعرم ده‌که‌م شیعرم،


(۲۹)
[تینوو]
چۆن به‌و شه‌پۆله ویشکانه‌ی
ڕۆحی ئاویان لێ دزراوه
تینوایه‌تیمان بشکێنین؟
چۆن به‌و ئاوره بێ گرفانه‌ی
که گه‌رمایان پێ نه‌ماوه
له‌م قالبه سه‌هۆڵینه بێینه ده‌رێ؟
ئه‌رێ دایه
بۆچی هه‌موو ئاوه‌کانی ئه‌م دونیایه
به قه‌د ماچێکی سه‌رده‌می منداڵی تۆ
تینوایه‌تیم ناشکێنن؟
بۆچی ئاوره‌کانی ئیمرۆ
گه‌رمایی دوێنێی ده‌سته‌کانی تۆێان نییه؟
دایه دایه سه‌ر هه‌ڵده‌گرم
مه‌ڵێ بۆ کوێ
سه‌ر هه‌ڵگرتن شوێنێکی تایبه‌تی نییه.
هه‌ر دێمه‌وه
مه‌ڵێ که‌نگێ
گه‌رانه‌وه
کاتێکی تایبه‌تی نییه


(۳۰)
[تراویلکه]
به تینوایه‌تی خۆم ڕادێم
ئه‌گه‌ر سه‌مای بریقه‌داری تراویلکه‌کان لێم گه‌ڕێن.
له ته‌نیاییمدا ده‌پشکوێم
ئه‌گه‌ر هه‌ناسه‌ی پاییزی ئه‌م ئاشنا نامۆیانه‌م
لێ دوور که‌وێ.
هه‌ر به یادی تۆوه ده‌ژیم ئه‌ی ئازادی
ئه‌گه‌ر یاده‌ تاڵه‌کانی ڕۆژانی نێو زیندانه‌کان
ده‌ست له ئازارم هه‌ڵگرن!


(۳۱)
[پۆڵا]
پۆڵایه پۆڵا
_به‌رز و یه‌کپارچه_
ئه‌م داره ناسک و
کورت و ڕاڕایه
له پێش چاوانی بێ گوناهی تۆ
مه‌لی نێو قه‌فه‌س.


(۳۲)
[پرسیار]
ئه‌وه کێ بوو
به‌ردی گرته ئاوێنه‌ی نێو چاوانی من
چڕژی تێ خست؟
ئه‌وه که‌نگێ وه‌رز گۆڕا
تووکی سه‌رم
له داری به‌ژنم هه‌ڵوه‌ری
گه‌ڵا، گه‌ڵا؟
ئه‌وه له کوێ
زه‌ریا دڵی وه‌کوڵ هات و
ڵێره هه‌ور به سه‌ر باڵای منا گریا؟


(۳۳)
[خه‌و]
ئه‌ی_ چاو_ه کانم
من بێشکه‌ی سه‌رم
تاکه‌ی ڕاژێنم؟
سواری سه‌رباڵی کام خه‌یاڵتان که‌م
ئێوه بنوێنم؟
هه‌رچه‌ند ئه‌زانم
که بای هه‌ناسه‌م
تۆزی خه‌رمانی خه‌می ده‌روونم
بۆ ئێوه دێنێ،
به‌ڵام گوێ بده‌نه
ئاهه‌نگی دڵی ماندووم که ده‌ڵێ:
هه‌ی لایه لایه ، ڕۆڵه لای لایه
ده‌ بنوون دره‌نگه، بۆچ خه‌وتان نایه 


(۳۴)
[دڕدۆنگ]
هه‌وره‌کان به یه‌کدا نادا:
نه‌ک برووسکه بیسوتێینێ
بێ بارانه‌ش:
تینوایه‌تی ده‌یخنکێنێ!


(۳۵)
[به‌هار]
ئه‌ی خونچه‌ی ده‌مت
تاقانه خونچه:
له پاییزیشا شکۆفه ده‌کا.
ئه‌ی گوڵی کوڵمت
تاقانه گوڵێک:
له زستانیشا
سووری شه‌ڕابی
ئێستا چ وه‌رزه؟
لێم نادیاره
هه‌رکات که خونچه‌ی ده‌می تۆ پشکووت
بۆ من به‌هاره.


(۳۶)
[خۆشه‌ویست]
ئاسمان به قه‌د من ئه‌ستیره‌کانی خۆش ویستبایه
هیچ ئه‌ستێره‌یه‌ک دانه‌ده‌ڕژا
زه‌ریا به قه‌د من
ماسی یه‌کانی خۆش ویستبایه
هه‌رگیز ده‌نووکی ماسیگره کان
نه ده‌بوونه تابووت.
چیا به قه‌د من به‌فری خۆش ویستبا
یا هه‌ر چوار وه‌رزان به‌فری ده‌ماوه
یا خۆیشی له گه‌ڵ ئه‌وا ده‌تواوه،
به‌ڵام داخه‌که‌م
ئاواتم: ئاسمان، زه‌ریا و چیایه
خۆیشم: ئه‌ستێره و ماسی و به‌فرم.


(۳۷)
[وێنه]
هه‌ور: کامێرا
برووسکه: فلاش
نم نمه‌ی باران:
بۆ شوشتنه‌وه‌ و
دڵی منیش: قاپ
ئاااااای نیشتمانم
هه‌تا یه‌ک چرکه
بۆ لێوه‌کانت
بزه قه‌رز که


(۳۸)
[نامۆ]
مه‌له‌ی زه‌ریا
ژیانی نێو دارستان و
هه‌ڵگه‌ڕانی قه‌دی چیا
چه‌نده سه‌خته
زه‌ریا، دڵۆپ
دارستان، دار
چیا، گاشه
ده‌بوغزێنێ.


(۳۹)
[شۆڕه‌بی]
ڕووبارێک بوو… 
ساڵیانی ساڵ… 
له ئاوێنه‌ی ڕوخساریدا بسکی شۆڕه بییه‌کی ده‌شوشت.
ڕۆژێک ڕووبار،
له شۆڕه‌بی به ڕقدا چوو،
تووڕه‌ییه‌که‌ی بوو به لێڵاوێکی سوور و
ره‌نگی سه‌وزی بسکه‌کانی له خۆی هاڵاند
که شۆڕه‌بی پرسیاری کرد:
بۆ لێم تووڕه‌ی؟!
وتی کاتێ قامچییه‌که‌ی ڕه‌شه‌بای دڕ
له به‌ژنی دارستان هاڵا
تۆ له ترسا
به سه‌ر شۆڕی دوش دامابووی
که ئه‌مه‌ی وت… 
گه‌رده لوولێک هه‌ڵیکرد و
شۆڕه بییه‌که خۆی وێک هێنا
له ناکاو دا
وه‌ک ده‌روێشێکی جه‌زم بوو
پرچی به سه‌ر شانی دا دا
ڕووباره‌که که‌وته له‌رزه:
کاتێ دیتی که نێو دڵی شۆڕه بییه‌که
لانی شێرێکی سه‌ربه‌رزه


(۴۰)
سێ هه‌نگاو تا مه‌رگ
خه‌ونووچکه کایه‌ی پێده‌کا:
وه‌ک چۆن ڕێبوار
لکی دارێ
به‌ره‌و زه‌وی ڕاده‌کێشت و
له ناکاوا به‌ری ده‌دا.
شه‌و قاقا به‌م پێده‌که‌نێ:
وه‌ک چۆن لمی قه‌راغ زه‌ریا
به دوا په‌له قاژه‌ی شه‌پۆل.
مردن ده‌رگای ده‌کاته‌وه:
وه‌ک چۆن گورگێکی برسی
بۆ نێچیرێ
زار له به‌ریه‌ک ده‌باته‌وه


(۴۱)
ئێمه گه‌لاین، هه‌ر به‌ سه‌وزی هه‌ڵده‌وه‌رین
مناڵین و هه‌ر له‌ لاویدا پیر ده‌بین
جاران خه‌ڵکی وڵاتێک بووم
پاشان بووم به خه‌ڵکی شارێک
و دواتر گوندێک، پاشان ئه‌شکه‌وت
ئێستا خه‌ڵکی قوژبنێکم که له‌شم بشارێته‌وه‌
جاران عاشقی فێعلێک بووم به ناو -بارین-
کاتێ ده‌مبیست به تاو هه‌ڵده‌هاتمه شه قام
یا به فر بوو یانیش باران
به‌ڵام ئێستا که بارینم گوێ لێ ده‌بێ
سام ده‌مگرێ
چونکه نازانم گول له‌یه یا تۆپ باران


(۴۲)
کاتێک شیعری خۆشه‌ویستی تۆ ده‌نووسم
ـ ده‌ست به‌ تکا ـ
وشه‌ دوای وشه‌ چاوه‌ڕێن
ده‌ پێم بڵێ ئه‌من کامیان هه‌ڵبژێرم:
خاک ، نیشتمان، وڵات یا زێد؟
کاتێک فکری دوور بوون له‌ باڵای تۆ ده‌که‌م
ـ ده‌ست به‌ تکا ـ
یه‌ک به‌ دوای یه‌کدا چاوه‌ڕێن
ده‌ پێم بڵێ ئه‌من کامیان به‌جێ بێڵم:
ژان و ئازار یا ده‌رد و ئێش؟


(۴۳)
ئاسمان به‌ قه‌د من
ئه‌ستیره‌کانی خۆش ویستبایه‌
هیچ ئه‌ستێره‌یه‌ک
دانه‌ده‌ڕژا.
زه‌ریا به‌ قه‌د من
ماسی یه‌کانی خۆش ویستبایه‌
هه‌رگیز ده‌نووکی ماسیگره‌کان
نه‌ده‌بوونه‌ تابووت.
چیا به‌ قه‌د من به‌فری خۆش ویستبا
یا هه‌ر چوار وه‌رزان به‌فری ده‌ماوه‌
یا خۆیشی له‌گه‌ڵ ئه‌وا ده‌تواوه‌.
به‌ڵام داخه‌که‌م
ئاواتم: ئاسمان، زه‌ریا و چیایه‌
خویشم: ئه‌ستێره‌ و ماسی و به‌فرم


(۴۴)
[بێ‌ تۆیی‌]
شه‌وه‌کانم پڕن له‌ ته‌نیایی‌ من‌و بێ‌تۆیی‌ تۆ.
شه‌وێک دووری‌ له‌گه‌ڵدا بێ‌
درێژتره‌ له‌ سه‌خته‌ڕێی‌ له‌دایکبوون هه‌تا مردن.
ئه‌وه‌ چرام کوژانده‌وه‌، چاوم وێک نا، هه‌موو دونیام فه‌رامۆش کرد، ئه‌وه‌ خه‌وتم.
به‌ڵام چ بکه‌م خۆ هه‌ر شه‌و نا
خه‌وه‌کانم پڕن له‌ ته‌نیایی‌ من‌و بێ‌تۆیی‌ تۆ.
ته‌نیا
چه‌ند رۆژێکه‌ کوڵی‌ گریانێکی‌ خه‌ستم هه‌ڵگرتووه‌‌و
هیچ دڵپڕێک،
چه‌ند مانگێکه‌ گه‌رووم پڕه‌ له‌ ئاواز‌و
هیچ بیسه‌رێک،
چه‌ند ساڵێکه‌ دیوانم پڕه‌ له‌ شێعر‌و
هیچ خوێنه‌رێک،
نادۆزمه‌وه‌
که‌ فرمێسک‌و ئاواز‌و شێعرم جێ‌بێڵم. 


(۴۵)
[مانه‌وه‌]
ئه‌م خۆشه‌وه‌یسته‌ دڵڕه‌قه‌ عیشق په‌روه‌ره‌ی‌
نه‌ ده‌توانم وه‌کوو کیژێک بیخه‌مه‌ پاشته‌رکی‌ ئه‌سپ‌و
له‌ ژێر سایه‌ی‌ زێڕه‌وشانی‌ تریفه‌ی‌ مانگه‌شه‌وێکدا
هه‌ڵیگرم،
نه‌ ده‌شتوانم هه‌رگیز دڵی‌ لێ‌ به‌رده‌م‌و
خۆم گیرۆده‌ی‌ کۆڵکه‌زێڕینه‌ی‌ شوێنێکی‌ دیکه‌ بکه‌م
ناوی‌: خاکه‌.
ئه‌م ده‌ریایه‌ی‌
نه‌ ده‌توانم له‌ جامی‌ چاوه‌کانمدا رایگوێزم‌و
نه‌ ده‌شتوانم له‌ دووری‌ ئه‌و
له‌ ئوقیانووسی‌ هیچ شوێنێکی‌ دیکه‌دا قومه‌ ئاوێک
بخۆمه‌وه‌
ناوی‌: خه‌ڵکه‌.
من ده‌زانم دارستانی‌ هه‌موو شوێنێک
جریوه‌ی‌ گه‌رمی‌ چۆله‌که‌‌و
رووباری‌ هه‌موو وڵاتێک
ده‌نگی‌ تاڤگه‌‌و ره‌نگی‌ که‌ف‌و پێچ‌و په‌نای‌ رێگه‌ی‌ به‌ره‌‌و ده‌ریای‌ هه‌یه‌
به‌ڵام چ بکه‌م لێره‌ نه‌بێ‌
نه‌ گوێم چاکیان ده‌بیسێت‌و
نه‌ چاوم چاکیان ده‌بینێ‌‌و
نه‌ گیانم چاکیان هه‌ست ده‌کا.


(۴۶)
[گه‌ڕان]
له‌ نێو هه‌ورا خۆت وه‌شێری، ده‌یبارێنم
له‌ گه‌رده‌لوولدا لوول بخۆی، ده‌یوه‌ستێنم
له‌ ژێر باڵای شه‌پۆلێکدا ماسی ئاسا په‌نابگری
                                            ده‌یڕوخێنم
ته‌نیا ئه‌گه‌ر له‌ ئاوێنه‌ی دڵێکی تردا بتبینم،
ناتوانم نا بیشکێنم.

 

 

گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی

موافقین ۰ مخالفین ۰ ۰۴/۰۶/۲۸
زانا کوردستانی

نظرات  (۰)

هیچ نظری هنوز ثبت نشده است

ارسال نظر

ارسال نظر آزاد است، اما اگر قبلا در بیان ثبت نام کرده اید می توانید ابتدا وارد شوید.
شما میتوانید از این تگهای html استفاده کنید:
<b> یا <strong>، <em> یا <i>، <u>، <strike> یا <s>، <sup>، <sub>، <blockquote>، <code>، <pre>، <hr>، <br>، <p>، <a href="" title="">، <span style="">، <div align="">
تجدید کد امنیتی