انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

درباره بلاگ
انجمن شعر و ادب رها (میخانه)
بایگانی
آخرین مطالب
آخرین نظرات
نویسندگان
۲۴ مرداد ۰۴ ، ۰۲:۳۸

بەختیار ڕاستی

ماموستا "بەختیار  ڕاستی"، شاعیر و نووسەری کورد، له یەکام رۆژی مانگی ئەیلولی ۱۹۵۸ زایەنی لە باشووری گوردستان لە دایک بوو.

 

 

 

بەختیار  ڕاستی

ماموستا "بەختیار  ڕاستی"، شاعیر و نووسەری کورد، له یەکام رۆژی مانگی ئەیلولی ۱۹۵۸ زایەنی لە باشووری گوردستان لە دایک بوو.


┄┅═✧❁💠❁✧═┅┄


(۱)
لە ناو دڵما شادرەختێک
هێندەی بڵندی کێوێک
هەڵکشاوەو باڵای کردووە
ڕەگ و ڕیشاڵی 
بەناو ماسولکەکانما شۆڕ بۆتەوە
سەراپا ناخمی قۆرخکردووە
نە نۆبەهارە
ئاوا وەرزم شین بێتەوە
نەکازیوەی بەیانە 
گەڵاکانی 
نمەی شەوی لەسەر کۆ بووبێتەوە
ئیتر هەرگیز
کام ڕەشەبای بێ ئەمەکە
ناتووانێت بتشکێنێتەوە
باڵا بکە ئەی شا درەخت
هەر چوار وەرز دەستیان گرتووە
بۆ هەڵپەڕکێ و سەمای ژیان
دەست لە ملانی سرووشت نیگا
لە ڕامانی هیوا لە خۆر
قەدو باڵا سڵاو دەکات
کاروانی کوفت و ماندوو
لە لێوار کانیاوی ڕوونت
وا بۆ دەمێک پشوو دەدات...

 

(۲)
هێشتا ماوێتی مەنجەڵ بکوڵێت
شەڕی دانولەکانە
هۆ منداڵانی سادە دڵ
دوور لە کابووسی
خنکانی ژێر گڵ
ڕوئیاکانتان
لە گۆڕ نەنێن
خولیا وێڵ و سەرگەردانە
ئێرە مەملەکەتی مۆتەکە
ڕیشە ڕەنگاو ڕەنگەکانە
گەنج پیرەو 
پیر گەنجە
دەزانن بۆ؟
چوون ڕەنجەڕۆیین
هەتا دەمرین
نەوەک جارێک
لە ئەلف تا با
هەر ڕەنجە ڕۆێن
هەر ڕەنجەڕۆین...

 

(۳)
گوڵستان بۆتە خەزەڵ
پەڕە هەڵوەریوەکان
پەشموردە پەشموردە
لای شەبەنگ سکاڵا دەکەن
خەزان
ڕەشەبایەکی بێ ئەمەکە
گوڵێک نییە 
لەخەمی بولبول
بەشەونمی سەر پەڕەکانی
فڕمێسکی ئەفسووس هەڵنەڕێژێت 
بۆ لە دەستدانی چریکەی بولبولەکانی
هەناسەی قوڵی ئالبووم
بە دیار هەنسکی فۆتۆکانی تەمەنەوە
دڵۆپ دڵۆپ
ئەشکی وشە دەسکەنە دەکات
تا ڕشتە ملوانکەی
شینی ئاشقانی 
ئەو پێیانەی
بەکێوی سەختی محاڵدا
هەڵدەزنان
بکات بە ئاهی گەرمی 
مخابنی ئەو ڕۆژانەی
وەک ڕەنجە دزراوەکان
بەهەدەر چوون...

 

(۴)
ڕەنگە ژیان وای دانابێت
تەمەن درەختێک
چارەنووس وەرزی خەزان بێت
گەڵا گەڵا خەزەڵی
پێش مەرگ وەکو باران بێت
ئاخر ڕۆژگار ئەنگووستەچاوانە
بەهار وادەی گریانە
ئەسرین خامەی شیعرێکە
شیوەنی بۆ نەمرانە
نەفرەتی بۆ نامەردانە

 

(۵)
چەند ڕۆژێکە
گیانم بووە بەڕەشەبا
ئەدەم لەدەروازەی
کۆشکی هەر پادشایەک
هەر پاسەوانە
مەچەکم دەگرێت
لەسەر پادشا
ئاگر لە خوێنی بەر دەبێت
بەڵام ئەم گیانە ڕەشەباییەم
کپ نابێت
هەتا بە قەڵای ئەغیاردا
هەڵنەزنێت
ئاخر ئێوە قەبیلەی توون!!
تاکەی ئەلف و با فێر نابن؟؟
ئێوە ئەی خەون و ڕوئیاو خەیاڵەکان
ئەی قەومی عەوداڵ و مەفتوون
ئێوەش ئەی چاوپشکووتەی
ناو شۆڕشی 
فلووت و فڕمیسک و گشت ژانەکان
ئەگەر ژان بۆ لەدایک بوونی
مانگێک نەبێت بۆ تریفە
یا بۆ تیشکە زێڕینەکانی
شەبەنگ نەبێت بۆ ڕوناکی
ئێوە چین
جگە لە یەخەچڵکنێکی مەسافەو
تەوزیعاتی شەوانی 
چریکە بولبولی مشک و
کەروێشکە خەوی ماندوێتی
شەرم لەخۆتان ناکەن
ئەم میلەتە سزا دەدەن؟
لەبیرتان چوو
هەموو دایکێکی ئەو گوندانە
دەستیان بەسەرتاندا دەهێنا
هەموو کیژێک
تەنها لەبەر ناوی پیرۆزی پێشمەرگە
گۆرەوییەکانیان بۆ دەشتن
لەبیرتان چوو لە بەفر باریندا
ڕێگاکانتان ون دەکرد
بە ڕێژنەی گولەی تفەنگ
گوندو ئاواییەکانتان
ئاگادار دەکرد
خۆ گەر ئەوان نەبوونایە
لەناو ڕەنووە بەفرو ڕەهێڵەی
ناو دۆڵ و چیاکاندا
هەر قەل و داڵ دەیخواردن
چەند بێوەفاو بێ ئەمەک بوون
گیواراکانی نیشتمان
چەندە پەست و چاو چنۆک بوون
سەرکاروانەکانی ڕێگامان
ئێستا ئێوەی شکستخواردوو
ئێمەی گڕی گڕکان لەدڵ
چۆن هەڵناچین
وەکو لافاوی ئاگرین
تا بۆ ئەوەی
چیتر بەدەست گەمەکانی
ئێوەوە نەمرین...

 

(۶)
ئەمڕۆ مێژوو
بەناو مێژوودا گوزەریکرد
دوو برین
ژان گرتنی
لە هەردوو ژان    
ئۆقرەییەک لە دایک نەبوو
ئارامییەک
بە خولیاو ڕوئیا بدات
تا هیوا پێ بگرێت
ئیدی ئازار وەک خۆی
مایەوە بۆ چاوەنۆڕی
پەشمووردە بوونی
زڕ گوڵەکانی
سەر مێزی ئأهەنگی
کابووس و دڕکە ژەهراوییەکان... 

 

(۷)
سڵاو بە چێژی ڕاستی
شارەکان پڕ بوون لە جۆکەر!!
ئەقڵ زاتە خەسێنراوەکەی 
چاوەڕووانی
لە خەونێکی قورس      
لە هاژو هوژ ڕاچەنی
لەبات ئەوەی کوچەیەک
ببێت بە دڵنەوا 
شەقامێک تۆرا 
لەناو دڵی شەوەزەنگدا
لە بات ئەوەی
مەرد لە خەو هەستێ
نامەرد بێدارە
بۆ خەساندن!

 

(۸)
گشت خولیاو خۆزگەی تاک بە تاکی کورد
ئێستا لە دەریای ئەشک و هەنسکان  
گشت ڕووئیاکانیان بۆ بوون بەکابووس
لە دڵا ترس و تۆقاندن ڕسکان
مەنگەنەی دەستی غەدر چۆڕاندی
ئامانجەکانمان لە دڵ ڕا پسکان
جاران دەمانگووت سەنگەرو خەبات
ئیتر  نامۆ بوون پردو ڕێ و باسکان
جاران لە زوڵمەت ئاسۆ دەبینرا
ئێستا گورگ بۆتە پادشای ئاسکان

 

(۹)
چەندی گەڕام لە جیهان
نەمدی هەر وەکو تۆ جوان
بۆ لانەی خۆشەویستی
ساباتی ئەوین و ژوان
ئیتر چۆن جێت بهێڵم
ڕوو لە دەرو هەندەران
لە دووری بناڵێنم
بۆ زێدی خۆم نیشتمان
خوین و ڕیشاڵی دڵم
جوانترین جوانی جیهان
ئیتر بێ تۆ چۆن دەژیم
گیانم تیانەبێت بۆ ژیان
وەکو مردووی ژێر گڵم
لە نامۆیی دڵ بە ژان
لە جوانیدا بێ وێنەیت
پڕ هەوارو گوڵستان
بەهەشتی سەر ڕووی زەمین 
خاکی جوانم کوردستان...

 

(۱۰)
دڵم دورگەیەکە
لەناو زەریای دڵی تۆدا
لە مێژە چاوەڕێم
کەشتی باری خۆشەویستیت
بە لامدا گوزەر بکات
لە لێواری ئەم دڵە خۆر نشینەدا 
لەنگەر بگریت
لەوێوە
دا ببەزیتە ناخمەوە
لە ژێر ساباتی ڕۆحمدا
لە ڕامانم ڕابمێنیت
منیش بەم پەنجانەم
خوانی شیعرێکت
بۆ ئامادە بکەم
لەپەڕو پۆی چەپکێک گوڵی 
وشەی گوڵستانی هزر
لە چێژی پەیڤێکی پیت مەست
تێرت بکەم...

 

(۱۱)
نیشتمانی من
بەندی چنگی ئاژدیهایە
خەڵکەکەی وەکو
خەزەڵی بەر ڕەشەبایە
ژیانی مرۆڤ
لولخواردووی ناو گەردەلولە
دەروون کزو تەنگ
پڕلەخەم مات و مەلولە
بۆچی هەتا کەی
دۆخی ژینمان هەر ئاوابێت
نان و ئاومان
لەدەستی خۆماندا نەبێت
کۆت و یەخسیری
دەستەڵاتێکی لا سەنگین
هەمووان دەستخەڕۆی
چەند مرۆقێکی دەبەنگین
ئەقڵ هەتیووی 
ساویلکەیی و بیرلاوازین
چوون فریو خواردووی
نەزانینمان و سادەیین
وا دەیلوێنین
بۆیان هەل و مەوداو دەرفەت
هەڵەی خۆمانە
کەوتووینە بەر تانەو نەفرەت
هەتا ئاوابین
لە ژین  بەش مەینەتیمانە
تەمەن هەڵوەریو
بەشمان کۆیلە ژینمان ژانە
نیشتمانی من
گەل مێگەلی بێ شوانە
بۆ  بێ خاوەنین؟
بێدەنگین هەڵەی خۆمانە

 

(۱۲)
هەرلەیەکەم نەرمە نیگات
لەعیشوەو نازی باڵات
لەرزانی کوڵم و گۆنات
حەزو خولیاو خۆزگەمت
لەدڵ هەڵکەند
وەک گوڵێک
چۆن لەشەبەنگ
ئاوها پێش خۆت
وەک گوڵەبەڕۆژەی بەر خۆر
لێت ڕامام و چەمامەوە
لەجامی بادەی خەیاڵدا
سەرنجمت ڕفاند
بۆ وەنەوزی زوومی جوانیت
لەهۆش خۆم چووم
بورامەوە
لەو ساتەوە سەرنجم
لەسەر ڕووخسارت زوومبووە
چاوانت چاوانمی ڕفاندووە
چاوەکانم
لەناو ژوان و ئەوینی
ئەو هەستە شەیدایەدا
ون بووە
دڵێکی شێت و کۆستکەوتووت
لەجەستەی ساردو سڕمدا
جێهێشتووە
سەوداسەرێکی دێوانە
وا نابیناو سەرهەڵگرتوو
لەسەر ڕەونەقی لێوت
وەک هەنگێک نیشتمەوە
بە ڕاموسانێک تواندتمەوە
تۆ چیت غەزەب
وا لێوم 
گوڵاوی شەونمی سەر پەڕی
ئەو ماچە سیحراویەتە
نەمدی لە ماچی لێوت هەنگوینتر؟
نەمدی لە هەڵهێنانی
چاوانی باز بەچێژتر ؟
تۆ چیت پەریان
وا وەیلان و سەرگردانتم
وەک هەنگ هۆگری
هەڵمژینی شیلەی گوڵانتم
چ مەستییەکە
دەستەمۆی لێو مژینتم
تۆ چیت شەیداترین شەیدا
ئاوها ڕوحمت بزواندووە
وەک کەف و کوڵی ڤۆڵکان
وەنەوسی چاوەکانمت
بەڕوئیا بزڕکاندووە
با بێم و دیسان بەماچێک 
شیلەی لێوت هەڵبمژم
وەک هەنگوین
لەناو شانەی دڵمدا
هەڵیڕێژم
بێم بەم دەست و پەنجانەم
لەناو دڵی تاریک و تاردا
چ خەمی پەستاوەی ناخە
وەک سوتماکی برینی قوڵ
وەک گوڵەشێرەی قەڵشی بەرد
لەناو دڵتا بیانێژم
گەزۆی ئەشقت
لەسەر پەڕی درەختی دڵ
هەڵنیشتووە؟
بێ لەخەزەڵ چرۆی کەسکت 
بەدرەختی ئەشقمەوە
نەهێشتووە
لەو کاتەوە خورپەکانم 
وشە وشە وروژاون
داباریونەتە ناو پەنجەکانم
شیعرێکم لێ داڕشتووە
تۆ چیت کچێ
وات لێ کردووم
هەرگیز بیرم نەچیتەوە
وات لێکردووم
دڵم بوەستێت
بەترپەی دڵت بژێتەوە؟
چاوانم لەسەر چێژی
زوومی ئەو ماچە 
ڕاماندووە
تا هەرگیز بەمردنیش
لەبیرم نەچیتەوە
لەو چرکەساتەی دڵم
ژێی ئاوازەکانی
بە ماڵئاوایی ماچێکت
بەسەر تابووتی تریفە نشینی
شەوی خەممدا نیشتەوە
شانم نایە ژێر تابووت 
بەخەیاڵیش
ئەو لێوە ئاڵ و جوانەتم 
دەمژییەوە
چیت لێکردم
هەرچی پەنجەو چاوو لێومە
وابە پرتاو لێ بردم؟
تۆ دەزانی
مەستی بادەی لێو گێلاسیت
پشکووتەی سیمای جەمالت
ئاوێتەی واق ڕامانم کردم؟
تۆ نازانی
ئەو ڕامانە سیحرییەت
ئاوێزانی ڕۆحی شەیداییم کردووە
چونکە موگناتیسی نیگات
وەک گڕی چرای غوربەت
بە حوزنێک
ئەقڵ و هۆشی لێم بردووە
بەڵام ماوم
هەرماوم وخۆ نەمردوم
چاوێک هەڵهێنە
بۆڕامانی کۆست کەوتووم
پڕم بکە
لەچێژو خولیای گۆرانی
لەبادەو نەشەی خوانی
لەوەرزینی چرۆکانی
لەو ئەشقە بزوێنەرەی
هاویشتمییە  چێژی ژوانی
ئەو چاوانەی منیان خستە 
سارای ونبوونەوە
شکستەباڵ
بەسەر خۆزگەی نگوونەوە
دە دەرکەوە
بۆ جارێک تێرم بکە
وەک تێری ئەو ڕاموسانەی
دڵمی لە جەستە دەرهانی
وەک چۆن لە یەکەم نیگاتدا 
سۆمای چاوت لەچاومی دا
دڵمی ڕاکێشاو ڕفاندی...

 

(۱۳)
لە تونێلی ئەنگوستەچاوانی دڵی مندا
ترووسکاییەک ئەگەر مابێت    
ئەوە چرای ئەشقی تۆیە 
ڕوناکییەکەشی هەر تۆیت  
لە جیهانی دڵی تۆشدا
ئەوەی لە ڕوناکی دڵتا
نامۆ و ون و هەڵوەدایە
ئەوە منم  
چوون زۆرێک
چاویان بەو ئەشقە هەڵناتە.

 

(۱۴)
ئەو ساتەی 
وەک فریشتەی گیانکێشان
دڵمت برد
لەڕەگ وڕیشە دەرتکێشا
وامزانی
لەناو لانەی دڵی خۆتدا دەیچێنیت
وەک نەمامێک
چاوانت دەکەیت بە شەبەنگ
بەفڕمێسکی کانی ئەشق
تینوێتی لێوی دەشکێنیت
کەچی دڵکوێری بێوەفا
لەکونجێکی تەنهاییدا
فڕێتدا...

 

 

گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی

موافقین ۰ مخالفین ۰ ۰۴/۰۵/۲۴
زانا کوردستانی

نظرات  (۰)

هیچ نظری هنوز ثبت نشده است

ارسال نظر

ارسال نظر آزاد است، اما اگر قبلا در بیان ثبت نام کرده اید می توانید ابتدا وارد شوید.
شما میتوانید از این تگهای html استفاده کنید:
<b> یا <strong>، <em> یا <i>، <u>، <strike> یا <s>، <sup>، <sub>، <blockquote>، <code>، <pre>، <hr>، <br>، <p>، <a href="" title="">، <span style="">، <div align="">
تجدید کد امنیتی