ههنار موفتی
خاتوون "ههنار موفتی" شاعیریکی کورد، دانیشتەجێ لە شاڕی "فێر" لە وڵاتی ئاڵبانیایە.
خاتوون "ههنار موفتی" شاعیریکی کورد، دانیشتەجێ لە شاڕی "فێر" لە وڵاتی ئاڵبانیایە.
(۱)
نەگەواڵەی هەوری زستان
نە بارانیش تەڕم یٔەکا
خۆم کە مەیلی فڕین نەکەم
پێویست بە پەڕوباڵ ناکا
ڕقم هیندە گەورە بووە
گەردون بەشی هەموی ناکا
نهێنی دڵ بۆ کێ باس کەم
دڵ متمانە بە کەس ناکا
کە لەژێر باری هەتاو بی
بەفر چۆن کێو دروست یٔەکا
کە دڵ تۆزی گومانی گرت
یٔیتر باوەڕ بە تۆش ناکا
(۲)
کەسێ نەبوو
لەگەڵ ژیان یٔاشتم کاتەوە
هەستێک نەهات دەستم بگرێ
لەگەڵ ریتمی شەپۆلەکانی
چارەنوس
ترپەی دڵم رێک خاتەوە
دڵ خۆشەویستی تیا نەما
لە یار رەنجا
دوو دڵیشم لەنیشتمان
وەک کەرەواڵە لەبەرزی
بۆ وێرانەی خاک یٔەروانم
دەستەکانم ووجودیان نیە
ساردی و گەرمی هەست پێناکەن
قەدەرەکان روو لەیٔاسمان
بوون بەهەڵۆ
چاوی تیژیان بریوەتە یٔاسودەیی
گۆشتیان یٔەخۆن
گێژەڵوکە لەناو هەناوی سروشتە
سەما یٔەکا
بەهیچ یاسایەک رێک ناخرێ
توڕەیی (با)
چاوەکانم ماندو ماندوون
بەو شیعرە تەواو نەکراوەی
لەیٔامێزی دابڕانە خەفە کرا
هەواڵدارنی شیعریشم چاویان کزو
سەریان پڕ ئێش
چیتر حەوسەڵەیان نیە
بیخوێنەوە شیعری بێ چێژ
وام نیازە ببمە باسهۆ
شیعرەکانم کورت کەمەوە
لەناو دوو دێرو کەوانە
بیانهۆنمەوە وەک دوو پرچ
یەکیان بۆ من
یٔەوی تریان بێ بەهی تۆ
(۳)
هیچ نابینم
جگە لە دڵشکانی خۆم
نە زەردەخەنەی نەورەسێک
نە سەمای پەروانەیەک
نە هەڵاتنی خۆرێکی نوێ
هیچ نابینم
لە هاڵاوی ئەو سەرابە
جگە لە زستانێکی تینوو
بەهارێکی بێڕەنگ و
هاوینێکی بێ شنە و
پاییزێکی ماتەمگێڕ
هیچ نابینم
ئەمێستا بۆ من
کابوسێکی بەردەوامە
ئەبێ خۆم کۆکەمەوە
ئەو شپرزەیەی ڕۆحم وەلانێم
هاتنی سپێدەیەک ئەوکاتەیە
گزنگی خۆزگەم، لە هەناوی نووتەکدا نووقڵانەی سەحەرێکی نوێم بداتێ
تۆ لە داهاتوو من گەرێ
هێندە گەش بین نیم
پریاسکەیەک لە کراسی ڕابوردومی
دادڕیوە
خۆشبەختی مشتێ لە پێکەنین و گۆرانیەکی شیرین و
کراسێکی سوورو
سوراوێکی تۆخ نیە
کەدڵ پڕ بوو
زیاتر پەنا بۆ ئەوانە دەبرێت
تا سەبوری وێرانەی ڕۆحی پێبدرێتەوە
ڕۆژەکان نووقمی خەون
ژنە بەجێماوەکانی پاشماوەی ئەنفال
چاوەڕوانی ئەچنەوە
بۆیە پەنجەرە جێناهێڵن
تا ڕۆژی قیامەت رۆح لەبیابانی
عەر عەر دێتەوە
شەقام سواوە لە پیاسەی گەنجانی گیرفان
بەتاڵ مەحروم بوون لە گەنجیەتی
پاڕکەکان پڕن لە گفتی درۆی عیشق
هەر خەیاڵ پڵاو ئەچنن
تۆ لە نیشتیمان گەرێ
ئاخ... نیشتیمان
چۆن تۆیان کرد بەسۆزانی
هەر ڕۆژە و لە باوەشی یەکێکە
ئەوەتانێ ڕووتییەتی لێ دەڕژێ
بۆنی قژو
بەرامەی سنگ و مەمکی
دەبەشنەوە
ئەی مخابن بۆ نیشتمان
چۆن سیاسیەکان ئابرۆیان برد
من ڕاهاتووم
لەوەتەی هەم
لەنێو بولێل و کازیوە
بۆ وێرانەی شاری ونبووم ڕادەمێنم
بەدوای تڕاویلکەیەکدا
گومان دەچنم
ئەزانم ئێوارەیەک دیتەوە
بەحوزنەوە ئەمگریتە باوەش و
هەر بۆ ڕەنگ کردنی ژیان
داوای سەمایەکی غەجەریم لێدەکەی
تۆ پێم بلێ
کلیلی ئەو دەرگا داخراوانەی ژیان
لای کێیە
لای تۆ نەبێ؟
لەدوای سەفەری من
سەفەری بێ وەسییەتنامە
دوا ڕوانین و دوا حەسرەت
دوای ئەو هەموو دڵڕەنجانە
ئاخۆ میعادی سەفەرم
کێ دەخاتە پێکەنین و
ئێشی برینێکی ئەبەدی
بۆ کامان دەکاتە دیاری؟
(۴)
نە جەژنمان لەجەژن چوو
نە نەورۆزو وەرزی بەهار
نە جلێکی تازەم پۆشی
نە ماچێکی سەر کوڵمی یار
نەسفرەو خوانی ڕازاوە
نە کاسە چێشتی دراوسێ
نە دڵی منداڵان خۆش بوو
نە جەژنانەیان درا پێ
نەهاتوو چوو میوانداری
نە ماچ و گەردن ئازایی
نە ئەوەی خۆشم وویست هات
نە گوڵیشی نارد بە دیاری
نەسەدای قورئان و مزگەوت
نە نوێژی جەژنی لێکرا
لبیک اللهم هم لبیک
بۆ گەوری خوا نەوترا
(۵)
من لە خەونە کابوس و باڵە تاریکەکانی
شەو ناترسم
وەک چۆن لە ڵالبونی زمانی رشدو ناشیرینی مرۆڤەکان ڕاهاتووم کە لە تاریکیدا ئەدوێن
من لە تاڵە سپیەکانی پرچم شەرمم نیە
تاڵ بەتاڵ دامپۆشیوون لەژێر سەرپۆش و میحرابم
من لە خەڵوەتدام بۆ کۆکردنەوەی ئەو دەنکە دەسبێحە ڕژاوانەی دایکم
بۆ تۆبە کردن لە کفرو گوناحم
من بە مەودای بینینی چاوەکانم لە ئاسمان ڕادەمێنم
مەودای میحنەتیەکانم لە ساڵانی تەمەنم زۆرترن
لێ نزاکانم چەق بەستوون
دیدە ڕەشبینیەکانم ئۆقرەیان لێ هەڵگیراوە خودایە
لە بێدەنگی تۆ زۆر ئەترسم.
(۶)
وا ئەمشەویش جوڵەی عەیشقت
لە رۆحمدا شەپۆل ئەدا
بێ ئەوەی یەک تۆز غافڵ بم
نزیکم لە زکرو تەقوا
وا ئەمشەویش وشەکانم
موتوربە ئەکەم بەنزا
ئەبم بە خەڵوەتگەی دەروێش
بە پەرستگا
هەر بەناوە جوانەکانت لێت دەپارێمەوە
یا اللە
(۷)
چیت لێم ئەوێت لەوە زیاتر
ئەی نیشتمان
شەوێک نەتهێشت سەر بکەمە سەر باڵت وتێر تێر بنووم
ڕۆژێک نەتهێشت خۆم لەئاوی ئازادیتا هەڵبسوم و غوسڵی ماندوو بونم بشۆم
جارێ نە تهێشت
نۆبەرەی مێوەی گەیشتوی خەرمانی ماندو بون بخۆم
بێزار بوم بێزار نیشتمان
(۸)
هەر لەناو ئاوێنەی خەیاڵ
ئەڕۆمەوە باغی گشتی
ئەلێم سەد خۆزگەم بەجاران
دەستم ئەخستە نێو دەستی
(۹)
بەس تۆ شەڕم لەگەڵ مەکە
من ڕاهاتووم بەرهەڵستکارێکی ئازام
بۆ ڕوو بەڕووی دوژمنانم
بەس تۆ شەڕم لەگەڵ مەکە
براوەش بم لەگەڵ تۆیا
هەر دۆڕاوم
(۱۰)
ئەی شەوانی تاریک و تەنیایی ڕۆحم
دە لێمگەرێ
با ژنبوونم خاڵی نەبێت
لەو کەسەی کە خۆشەویستی لەنێو دڵمدا ڕواوە
حەسرەتەکانم وون مەکە
لەناو باران و زریان و تەپ و تۆزی ڕەشەباوە
سینەم پڕ لە وەرزی ئەوین
دڵم بۆ کرد بەهێلانە
کەچی ئێستاش سەری کاسم هەر جەنجاڵەو
چاوم مەیلی لەگریانە
زۆر ئەترسم تەمەن کورت بێت
نەگرێتە خۆی زامی پڕ سوێی ئەوشەوانە
(۱۱)
شەوانە، شین
بۆ گەڕانەوەت دەگێڕم
چاوم کەیلی وەنەوز دەبێ
بەو ڕێگایانەدا دەچمەوە
تەنها شکستم لێ چنینەوە!
هەندێکیان، لە یادگەمدا فڕیوون و...
ئەوانی دی، وەکو تەونی جاڵجاڵۆکە
لە ئەندێشم ئاڵاون
ئێستا
خەم بۆ ئەو زەمە دەخۆم
دڵم چەشنی گوڵە داودییەکانی سوهراب بوو
بۆیە ناچارم
بەوەی نهێنییەکان
لەوێدا بنێژم
ئیتر ڕێگەنادەم
با... پەنجەکانی لەناو قژمدا بگەڕێ
ملی ڕێگایەک ناگرم
یاری مارو پەیژەی تێدا بکرێ...
ئەوە منم
بۆ ئەوەی دەستی تەوقە درێژ نەکەم
گیرفانم، دەکەمە ماڵێک بۆ پەنجەکانم
ڕوانینم، لە پاییز خەسار ناکەم...
تا سەرنجم نەچێتەوە ماڵی وەرین
بەدەم ڕۆشتنمەوە
نە بۆ قافییەی کۆتایی شیعرو..
نە بۆ نوقتەی سەری دێڕێکی نوێ دەگەڕێم!
ئێستا خۆم بەخۆم دەڵێم یاخیبە
کەچی هەر خۆم
بە پۆشاکێکی نوێی سەماوە
هاتووم، جوانترین سەمای غەجەریت بۆ تێکەڵ بە پێکی ئەمجارە بکەم
ئەفسووس ترسم هەیە
ئەوجارە قەدەر
بەکام تاشە بەردم دادەدات!
من وەجاخی ڕوونی شکستم
بۆیە لەژێر باڵی هەورێکی یاخیدا کەوتمە خوارێ
بۆیە نەفرەت لە
تۆی هەوەسباز و
ئەوی دەستەمۆ و
منی تامکردووی کەوتن دەکەم...
ئێستا چاوەکانم
جگە لە غەوری گومان
هیچ نابینن
بۆیە ئێوارە دادەگیرسێنم
تائەستێرەیەک بێتەدەنگ و...
شەبەنگێک،
وەنەوز لەچاومدا تاڵان بکات
دەبێ فێربم
بۆ ئەوەی بچمە بەهەشت
دەبێ دەرگەوانی (ڕەیان) باشتر بناسم
دەبێ بەو ڤۆدگایە ڕازی نەبم
لەسەر مێزی ئەوانەیە
خۆشەویستیان لە شەوە سورەکاندا ڕەزیلکردووە
دەبێ قاچەکانم
لەنێو ڕووباری ڤۆدگادا غوسلی ئەو گەڕانەیان لێ دەرکەم
کە بۆت گەڕان
دەبێ، لۆگوی مردن
لە پەیکەری پیاوەتیت بدەم و
ئاڵای ژیاندۆستی لە دوندی ئەوینی خۆم هەڵبکەم
(۱۲)
برینەکانی جەستەم
ڕێگام پێنادەن لە جیاتی ئازار دەستی تۆ بگرم
تۆ لە ڕابوردوی من گەرێ
سەر لەبەریم بیر چۆتەوە
بیرم نایە کەی تۆم بینی
کام ساڵ و وەرزی تەمەن بوو
تۆم تیا ناسی
لە کام بەروار خۆشم وویستی
(۱۳)
نزا
ماوەیەکە زۆر لێت توڕەم
زمانم بە خراپ ئەگەڕێ
چی دووعای بەدو خراپە
بە زارما دێ
وەلێ کە بۆنی تۆ دێنێ
سپێدان بە نەرمە (با)یە
نەک تەنها جارێک دڵی من
هەزاران جار
باڵا گەردانی بۆنی تۆو
سووپاسگوزاری خودایە
(۱۴)
[لەکۆتایی ساڵدا]
وا ئەمشەویش مۆمێکی تر
لەتەمەنم کوژایەوە
هەرچی خۆزگەو ئاواتم بوو
وەک بەفری چیا توایەوە
وا بەستە نیم بەهیچ سالێک
بۆمن یەکە چوار وەرزی ساڵ
کەتۆ ڕۆشتی کێ شک ئەبەم
بۆ خەمی من ببێ بەماڵ
بەخێرایی دێت و دەڕوا
ساڵنامەی پیریم دەنێرێ
ساڵێکیش دێت تەمەن پڕکا
ڕۆحم بە مردن بسپێرێ
(۱۵)
هەرچی شیعرو شانامەیە
بۆیان نووسی
بە قەدو باڵای گۆیژەیە
ملوانکەی شیعریان
هەڵواسی
کەسێ نەبوو بوێرانە
بلێ کوا خزمەت گوزاری
شەقام پڕە لە چاڵ و چۆل
بێ ساحێبە سلێمانی
(۱۶)
خۆشم دەوێت وەکو باران
وەکو کڵۆی بەفری سپی
کە دێتە خوار
لە شەوی درێژی زستان
(۱۷)
ئازارەکانت چەند بەسوێن
ئەی نیشتمان
ئەلێی ئازاری جەستەمە
بەشان و مڵما ئەگەرێن
هیچ ئاسۆیەک بەدی ناکەم
هەر تارماییە ئەبینرێت
ترپەی پێی باهۆزی شەڕ دێت
بۆنی خوێن و
سەمای غەدرو
شەرو کوشتن
لەو هەوارەی ئێمە نابڕێ
(۱۸)
یٔێوارەیەکی پەمەیی بوو
بۆت یٔەگەڕام
بۆ دۆزینەوەی تۆ
پەنجە تەزیوەکانم
دڵی شکاوی یٔومێدیان
دا یٔەگیرساند!
ترس و گومانە بێ ڕەنگەکان
بێ هیوایی تەمەنی دوێنێ و یٔەمڕۆیان
بەرەو فەنا بوونی عەدەم یٔەبرد
یٔەوە من بووم
بە ڕۆیشتنی تۆ
پێکی ژەهری پڕ یٔەندێشەم یٔەنۆشی
هەموو شەوێ
بە وشە و شیعر
خەونە بەدینەهاتوەکانی
باوکم و...
یٔازارە نەبڕاوەکانی دایکمم
لەسەر سینگی بیرەوەریەکاندا
یٔەنووسیەوە!!
بەدەستە لەرزۆکەکانم
حەسرەت و تارماییەکانی هەموو تەمەنم، یٔەسڕیەوە!
یٔەوە من بووم
سێبەری ژێر دارتووەکانم
یٔەکرد بەجێ ژووان!
بۆ نۆبەرەی ماچ
باوەشم بە وجوددا یٔەکرد
تا لەبەرچنەی خۆشەویستی
خاڵی یٔەبوون
پێش ماڵیٔاوایی حەزەکان!!
٭٭٭
وەلێ یٔێستا
لەناو سەرکێشی ژیان و مردندا
نمایشی مەرگ یٔەکەم
یٔەوە منم بیرت یٔەکەم
یٔەوە منم بۆت یٔەگەڕێم
شار بەشارو...
ماڵ بەماڵ و...
کوچە بەکوچەی کۆڵان
نە... یٔەتدۆزمەوە!
نە... پێت یٔەگەم!
(۱۹)
لەناو دڵی پاییز ئەنووم
هەموو شەوێ
سەر ئەکەمە کۆشی یادت
وەکوو جاران
ئەلێم ئیلاهی هەر شەو بێ
ڕۆژی رووناکم بۆ چیە
کە بێ ئەو بێ
(۲۰)
لە پاییزدا یەکمان ناسی
هەناسەکەم
بیرت ماوە
یان لە حەژمەت دەردی دوری
خەمی منت وەلا ناوە
بیرت ماوە
لەژێر گەڵا وەریوەکان
نیگاکانمان تێکەڵ یٔەبوو
نەک دوو چاوم
هەزار چاویش
لەڕوانینت تێر نەیٔەبوو
(۲۱)
من چیمداوە لە پاییزو
شەوی درێژو تەنیایی
بەدیار مۆمێک بتوێمەوە
ئەشک بڕژم تا کۆتایی
(۲۲)
من دەمێکە دڵم پڕە لە پاییزو وەرزی خەزان
چۆن بێزار بووم لە وەرینی گەڵاو گوڵ و ڕۆح هەڵوەران
کوا پاییز بۆمنە گوڵم بۆ یەکێکە دڵی خۆش بێت
لەشەوی درێژی یەڵدا دەست لەگەردن سەر لەکۆش بێت
(۲۳)
سەرم خستە باوەشی خەو
تا خەوی پێوە ببینم
هێندە چاوم وەنەوزەی دا
نە بەدیداری گەیشتم
نە چاوانم چوو بە خەودا
چاوی ئاوساو بێ خەوم
ڕۆحی بێ جەستەو بێ ئەوم
فکرو هزری ئاڵۆزکاندم
هێزی ئەژنۆی لەدەستداوم
ئەستێرە کز بوو بێ سەما
لەگەڵ(مانگ) دا ونبوو نەما
سەدای مەلاو بانگی بەیان
تاریکی شەویان تێپەڕاند
گزنگ هات
دونیا رووناک بوو خۆر هەڵات
نە چاوانم چوونە خەوو
نە ئەویش هات
(۲۴)
بە گوومانم لەو گەشتەبێ هودەی ژیانە
کە سەرگەردانی تراویلکەی ئەوینێکە
هەرچەند ڕاکەم
بە سێبەری هەنگاوەکانم ڕاناگەم
ترسم هەیە
لە هەورە گرمەو لەباران
لە سەمای مەرگی گەڵاکان
لە ڕەشەبای بە لورە لور
دەنگی کوکوختی بێت لە دوور
ترسم هەیە
لەشەوی ئەنگوستە چاوە تاریکەکان
لە هەواڵی بە پەلەی سەر تیڤیەکان
لە تراژیدیای مردن و
کۆتایی هێنان بە ژیان
(۲۵)
بەر لەوەی هەوری تفت و تاڵ
ئاسمانت لێ بتۆرێنێ
رق و قینە
بەسەر سەرتا دابارێنێ
شەوی درێژی پاییزت
شەتڵی ترسی تیا بروێنێ
چاوەرێتم کە بیتەوە
(۲۶)
لێم مەپرسە
قاوەکەت بە تامی چی بێت
عەرەبی بێت یاخود قەزوان
بۆ من هیچ کام فەرق ناکات
گەر کوپێکمان کرد بە دووان
(۲۷)
سیمای جوانیەکەی نەماوە
وەکو جاران سلێمانی
کوا خەندەی لێوی شیرین و
بەزم و سەفای یٔێوارانی
هەوری خەم وغوباری ترس
بەری یٔاسمانی گرتووە
سیمای گەش و پڕنورەکەی
هاوشێوەی ڕەنگی مردووە
بۆتە جێگای نیگەرانی
چی پیرو گەنجی وڵاتە
هەر ڕەوەو کۆچی گەنجانە
بەو رێیەی هات و نەهاتە
ڕۆژگارێکە وا تێ ی کەوتوین
تێر بێ یٔاگایە لـەبرسی
هەمووی بوە بە قوربانی
پارەو دەسەلات و کورسی
(۲۸)
چیٔێرە چۆڵە
هیچ مرۆڤێک بەدی ناکەم
هەر تارماییە یٔەبینرێ
چۆن جمەی دێ
لێو بەبارو
رەنگیان زەردو
خانە لەخەم
نەخشپەیێ
نە سروەێی
نەفزەو دەنگیان لێوە دێ
ڕۆژگارەکانمان تێپەڕاند
وا هاوینیشمان بەسەر چوو
جا شەوگاری یٔەو پاییزە
چۆن بەسەر چێ؟
کە (نان) نەبێ (نەوت) نەبێ (مووچە)نەبێ
یٔیلاهی چۆن ژیان یٔەکرێ؟!
٭٭٭
بۆ کوێ بڕۆم؟
هەر گازندەو گلەییە
باس باسی ژیان و مووچەیە!
نەنکم گوتی:
جارانی زوو
خاوەن ڕان و مێگەلەکان
بەیٔایەت و جزووی قوریٔان
دەمی گورگەکانیان یٔەبەست
تا ڕاوە مەڕیان پێ نەکرێ
مەڕەکانیان لێ نەخورێ
کەچی یٔێستا
لە بری گورگ
دەمی مرۆڤمان یٔەبەستن
یٔازادییان لێ زەوت یٔەکەن
هەتا گردبوونەوە نەکرێ
قوت و مووچەو مافیان بوخرێ
سەیر کەن چۆن قڕو قەپین
لەسەر فیس و یٔەنتەر نێتا
هەر خەریکی گالتەو گەپین
دەک پیرۆز بێ
یٔەی دەوڵەتدار
نەبووەو نابێ
میللەتی وا
نقەی نەیێ وەک بەردو دار.
(۲۹)
چیت یٔەوێ با پێشکەشت کەم
لە هەردوو چاوم دەست پێبکەم
گەر بەدڵم رازی قوربان
دڵێک بەسە بۆ هەردوکمان
داوای رۆح کە من یٔەتدەمێ
تۆ دڵخۆش بە
من لەخۆشیا هەموو
جەستەم پێ ئەکەنێ
(۳۰)
تۆ ئەزانی؟
هەموو ڕۆژێک لەسەر ڕێگات
ڕادەوەستم
وەکو جاران گوێ هەڵئەخەم
بۆ خشپەی پێت
بۆ تارمایت
بۆ سێبەرت
بەس نایبیستم
ئاگات لێیە گشت ئێواران
لەژێر هەمان شۆڕەبیکەی جاری جاران
دەستەکانم بەڕاست و چەپ
لەسەر سنگم دەئالێنم
چاوەکانم هێندە ماندون
بە حەسرەتن بۆ هاتنت دائەمێنن
تۆ ئەزانی؟
لەدوای کۆچت
شار لە پاشماوەی جەنگ ئەچێ
کۆڵان بێدەنگ
شەقام بێڕەنگ
نەجێی دەست و نەشوێن پێت و
نەهەست و جوڵەت ئەبینرێ
تۆ ئەزانی؟
چاوەروانی لەنێو دوودڵی و
ڕارایی چەند گرانە
چەند بەسوێیە ئازارێکی چەند بەژانە
دەردە، پیربونە، مردنە
هەرچی خۆزگەو خەون هەیە
لە ڵێواری نغرۆبونە
(۳۱)
من نەک گوڵێک
باخچەیەک گوڵت بۆ دێنم
تۆ ڕازی بە
دڵت بوێت بۆت دەردێنم
(۳۲)
[کوانێ نەورۆز!؟]
کوا نەورۆزو وەرزی بەهار
کوا بادەو دووچاوی خومار؟
کوا بەزمی دەم یٔێوارانی
کوا سەمای دۆست و یارانی؟
کوا هەڵپەڕکێی کوڕو کچان
یٔاڵاو واڵای جلی کوردی و
شاڵ و فەرەنجی هەورامان؟
بۆ مامە یارە وا چۆڵە؟
بۆ لەوێ نین گورزی تۆڵە؟
گۆیژەو یٔەزمڕ بۆ بێدەنگن
شەقام بێ جوڵە و بێ ڕەنگن؟
کوا نەورۆزی ساڵی جاران
بۆ کپ و بێدەنگن یاران؟
کوا یٔاگری نەورۆزی زوو
بڵێسەی بۆ یٔاسمان یٔەچوو؟
کاوە بۆ سەر ناداتەوە
نەورۆزمان بۆ نوێکاتەوە؟
مێشکی زووحاک بپژێنێ
کۆتایی بە زوڵم بێنێ
یٔەوسا هەموومان پێکەوە
بەیەکدەنگ و یەک رەنگەوە
پڕ بە دڵمان هاوار یٔەکەین
نەورۆز لە گوندوشار یٔەکەین
نەورۆز بۆ گەل و هۆز یٔەکەین
لە گشت کوردێ، پیرۆز یٔەکەین
(۳۳)
یا یٔیلاهی
چۆن بتوانم دەنگم
بەنیگای تۆ بگا؟
لەم گەردونە جەنجاڵەدا
لەپشت هەموو خونچە
گوڵێک
دڕکێ دەچێ بە دڵمدا
ئاسمانت لێ کڵۆم داوم
هەنگاوەکانیشم یٔیفلیج
هەرچەند یٔەکەم
دەستی نزام بە تۆ ناگا
باغی ڕەزی یادەوەریم
هیچەو هەر هیچ
پڕ لەتامی ترش و تاڵی
دەمی خۆزگەم بە تۆ ناگا
یا ئیلاهی
یٔەزانی بۆ گەیشتنم
بە ویسالت
چۆن یٔەسوتێم؟
دە بەتەنیایم مەسپێرە
من دەمێکە
تەنیایی هێزی بڕیووم
بهێڵە با...
لەگەڵ سەمای نەورەسەکان
یٔاوێتە بم
با بەسەدای دەنگی قورئان
دەرویش ئاسا
دێوانە بم
یا یٔیلاهی
لەبەر گەورەیی و شکۆی تۆ
زیکرم پڕ کرد
لەتۆبەی کفرو گوناهم
تا بۆ جارێک
نزاکانم بگا بەتۆ
(۳۴)
کە من هاتم تۆی لێنەبووی
قوڵپی هەنسکی پڕ غەمێک
خۆی خزاندە نێو جەستەم و
ڵێلیکرد سۆمای چاوانم
کەمن هاتم تۆی لێنەبووی
مەنگ بوو دەریا تۆفانی مەرگ
هەردوو گوێچکەکانمی کەڕ کرد
کە تۆی لەوێ بەدی نەکرد
(۳۵)
دڵم پڕە هێندەی دڵی
ئەو پاییزەی بە رێوەیە
خۆم ئەزانم پاییز بۆ من
چ حەسرەتێکی پێوە یە
سیمای جوانی پاییز بۆ من
بوو بە خە زان و دڵشکان
کوا ئاسوودەو خۆشی ماوە
نەک من دڵی زۆر ی ڕەنجاند
من پێمخۆش بوو لەگەڵ پاییز
پێکەوە بین وەک دوو هاوڕێ
زۆر دوور بووم لەو خەیاڵانەی
دێت و ڕۆحی تۆی لێم ئەوێ
لێوی تاڵم شیرین ئەبوو
بەخەیاڵت هەموو شەوێ
کەچی لەشەوی پاییزدا
تەنیایم هەر تۆی لێم ئەوێ
(۳۶)
چیتر لەپەنجەرە تەڵخ و...
تەماویەکان بۆ نیگاکانت ناڕوانم!
یٔیدی زمانم گۆ ناکا وەک جاران
پەردەی شەرم
لەسەر رووخسارم رادەماڵم
هەموو یٔەو گرێ کۆێرانە دەکەمەوە
کە رۆژگارەکان بۆیان هێنام!
پاییز یٔەکەمە خەڵوەتێک
تا هەنسکە ژانی بێ یٔۆقرەیم
بدا بەدەم (با)دا
یٔیتر نایەڵم
زەردە خەنەکانت بمخواتەوە
گۆێ بۆ چرپە نەفرەت لێکراوەکانت ناگرم
نابم بە بەهارت
تا بە لێوت ماچەکانم بچنیتەوە
چیتر وەرزەکانی سەفەرت
یٔاوەدانم ناکەنەوە.
دڵم بە توڕەیی و لاساریەکانت دەتەنێ
جارێکی تر...
باوەشم جێگای تۆی تیا نابێتەوە
یٔێستا فرسەتەکان
یادەوەریەکانم لێ یٔەڕفێنن
بەختەوەریم لێدەکەن
بە تەرمێکی سارد
سارد وەک هەناسەی منداڵێکی
بێ نەوای سەر شەقام
سارد تر لە هەنسکی یٔەو دایکەی
کوڕە تاقانەکەی لە شەڕی براکوژیدا
تایٔێستاش بێ سەرو شوێنە!
وەک یٔەو پیرە مێردەی
لە ناو بازاڕ
بە دیار دووجوت گۆرەویەوە
پەڕاوی سیگار
لەنێو دەستە لەرزۆکەکانیا
بە توتنی یٔازار یٔەپێچێ و...
گڕ لە حەسرەتەکانی ژیان بەر یٔەدا
بە یٔازارتر... لە هەناسەی
ژنە دەست قڵیشاوو ماندووەکانی
بەر بەلەدیەکە!
کەبەدیار سەبەتەیەک پەڵپینە و گەڵا مێوەوە
هەڵکوڕماون!
تەنها بەسەیر کردنیان
پڕیٔەبی لە بێدەنگی
یٔێستا من پیاسە و گەڕانی هیچ پارکێک و... هیچ شەقامێک دڵم خۆش ناکەن!
رقم لە هەموو یٔێوارە پر حوزنەکانە
کە یٔەمبەنەوە سەر...
برینە قوڵەکانی دابڕان و...
جودایی!
کاتێ نەورەسەکانی سەر شەپۆلەکانی دەریا
باڵ لێک یٔەدەن و...
سەما بۆ خۆشەویستی یٔەکەن!
دڵم... دایٔەخورپێ! لە
گمە گمی کوکوختیەکان
پێشبینی هەواڵی ناخۆش یٔەهێنن!!
هێڵنج یٔەدەم
لە شەپۆلەکانی دەریا
کاتێ (یٔایلان) یٔەبینم
بە بلوزی سوورو قۆنەرە شینەکانیەوە
کەس بە هاواری ناگا!!
دڵم پڕە...
پڕتر لە دڵی نیشتمان
کە یٔەبینم هەر رۆژەو...
بەدەست باوە پیارێکەوە
دەستدرێژی یٔەکرێتە سەر
رووت رووتی یٔەکەنەوە
هیچ شۆڕشگێڕێک خاوەنداریەتی ناکا
من یٔەمەوێت...
لەو خەوە غەفڵەتیە ڕاچڵەکێم و
بەیٔاگا بێمەوە!!
چیتر نەبم بە بەشێک لەتۆ
چاوەکانم بۆ روانینت نەڕێژم
یٔەمەوێت...
هەر خۆم بم ، وەک خۆم
چیتر جێ پەنجەکانم
بەسەر نیگاکانتەوە نەمێنێ!
یٔەمەوێت...
تەنیایی خۆم...
لەسەر لافیتە رەشەکانی پرسە بنووسمەوە!
بە هەموو دیوارو کوچەو کۆڵانەکانی شار هەڵیواسم!
یٔەمەوێت...
بە هەموو مرۆڤەکان بڵێم
من ژنێکم لە جنسی پەپوولە
سەمای شنەبا
بانسێکی یٔەم ڕۆژگارە یٔەبەخشم
بە گوڵە دەم بە خەندەکانی نێرگز!
یٔەمەوێت...
وەک خۆم بم!!
نە وەک یٔەوکەسانەی...
کە بەرووتدا پێ یٔەکەنن!!
لە پشتا ترش و خوێ یٔەکەن
بەسەر برین و یٔازارەکانتا
یٔەمەوێت...
لە ژوورەکەمدا بێدەنگ بم
بێدەنگ بێدەنگ...
دوور لەساتەکانی بێزاریم!!
یٔەو بێزاریەی...
کە بۆتە ڕێچکە ڕێی ژیان و تەمەنم!!
یٔیتر تۆش...
پرسەی کەسێکی نادیاری دووریت یٔەبێتەیٔەسەف و...
تەنها دوو دڵۆپە فرمێسکی پەشیمانی!!
یٔەوسا منیش...
بەهەناسەو گڕو تینەوە
لەژێر رێژنە بارانی پاییزدا رادەکشێم و...
سەر یٔەخەمە سەر تێکستی شیعرەکانم و...
بە یٔەسپایی یٔەچرپێنم بە گوێی وشەکان و پێیان یٔەڵێم:
یٔەگەر یٔێوە نەبوونایە...
باران زاتی یٔەوەی نەبوو
رۆحی پەپولەیم بشواتەوە!
یٔەگەر یٔێوە نە بوونایە
رۆحم یٔەچوە سەر کۆڵانەکانی جەفا
یٔەگەر یٔێوە نەبوونایە
شەقام لەسەر پشت هەڵیدەگرتم
تا یٔەو پەڕی دنیا!!
یٔەگەر یٔێوە نەبوونایە
نە کتێب یٔەبوو !!
نەشیعرو
نەفەرهەنگ و
نە قەسیدە
(۳۷)
من چیم نەکرد!؟
بۆ بەدەستهێنانی تۆ
سەرم لە مەرقەدە پیرۆزەکان ئەدا
بەردێکی بێ گیان و ڕۆحم
ڕائەسپارد بۆ نزاو تکا
ئێستا خۆم لەڕابووردووئەدزمەوە
ئیدی ڕۆژی من بەسەر چوو!
لەوە ئەچێت هەوای بێدەنگیت
سییەکانم لەناو بەرێت
ئێستا چاوەکانم
لە هەمبەر تۆدا ڵێل و تاریکن
ئەبێ ئێوارەکانم داگیرسینم
خۆم لەو تاریکیە دەرکەم
وەنەوز لە نێو دوودڵیی خەونەکاندا ناکرێ!
ئەبێ تۆبە بکەم
من کە گوناحێکی گەورەم نەبێ
کەمتر پێویستم بە تۆبەیە
بۆ ئەوەی بەهەشت بناسم
ئەبێ ڤۆدگا تەرک بکەم
ئەبێ ببمە ژنێکی باڵا پۆش
ئەبێ خۆشەویستی هاک کەم!!
ئەبێ و...
ئەبێ و...
ئەبێ...
(۳۸)
ئێوارەێکی درەنگان بوو
خۆر وەنەوزی خەوێکی قوڵی ئەدا
تارماییت بە شوێن پێکانما دەگەڕا
وەکوو لاو لاو
باوەشی بە دیواری دڵما ئەکرد
بەسەر چرۆی تەمەنما هەنگاوی ئەناو
رەت ئەبوو
لێ ئەسەف هێدی هێدی
لێم دوور ئەبوو
تا ئەو کاتەی بە یەکجاری
دوور کەوتەوەوو
لەچاو ون بوو.
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی