انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

درباره بلاگ
انجمن شعر و ادب رها (میخانه)
بایگانی
آخرین مطالب
آخرین نظرات
نویسندگان
۱۰ آبان ۰۴ ، ۰۲:۳۷

سارا عوسمان

خاتوون "سارا عوسمان"، ناسڕاو بە "سارا گیان"، شاعیری هاوچەرخی کورد، لە رۆژی یەکی گەلاوێژی ۱۹۹۱ زایەنی لە سڵیمانی لە دایک بوو.

 

 

سارا عوسمان

خاتوون "سارا عوسمان"، ناسڕاو بە "سارا گیان"، شاعیری هاوچەرخی کورد، لە رۆژی یەکی گەلاوێژی ۱۹۹۱ زایەنی لە سڵیمانی لە دایک بوو.

┄┅═✧❁💠❁✧═┅┄

(۱)
لەخۆت نا دڵم لەو ئێوارەنە دەشکا
کە دەبوو هەبیت و نەبووی
لەو بەیانییەی کە بیرت چوو
ماچێک لەسەر پێستم جێبهێڵی
لە خۆت نا دڵم لەو نیوەشەوانە دەشکا 
کە سێبەری هەموو شتێک دەیتوانی
ترسی شەوان لە دڵی ژنێکی بێنەوادا دروست بکا
تاقە یەکجار کەوتنی بەس بوو
بۆ ئەوەی بۆ ئەبەد هەنگاوەکانی لێ ون بکا
لەخۆت نا دڵم لەو ڕۆژگارە دەشکا
کە جێی ماچەکانمی نەکردەوە
لەو نیوەڕۆیەی
کەخۆر گەرمییەکەی کۆکردەوەو و
ئیتر قەت سەری لەم دەڤەرە نەدایەوە
لەخۆت نا دڵم لەو ڕێگایانە دەشکا
کە گرنگی بەهەنگاوە هێواشەکانم نەدا
ئەو دەرگایەی زۆر بە خراپی
لەسەر بەختەوەریم کڵۆم درا 
لەخۆت نا دڵم لەو نیشتمانە شکا
کە تیایدا بۆ پاراستنی شەرەفی بێشەرەفەکان
گۆڕستانی بێ ناونیشانەکانی لێدروستکرا
لەو حەمامە تاریکە بۆنخنکانەی
دوای گەشتنی یەک نامەی خۆشەویستی
کچە ناوخۆشە کەزییە درێژەکانی تیا سوتێنرا
لەخۆت نا دڵم لەو کۆڵانانە شکا
کە جگە لە باسکردنی ڕانی نەرمی ژنەکان
قەت شتێکی تریان نەدەبینی
ئەو خێزانانەی هەتا مردن
هەر کوڕەکانیان بە وەجاخڕۆشن دەزانی
لەخۆت نا دڵم لەو ئازارەم دەشکێ
کە نا دۆستانە ئەم ڕۆحە پڕ ژیانەی تەنیووە
ئەو جەستە ساردەی هەزار ساڵە
خۆ لە هیچ کوێدا گەرمییەکی نەبینیوە
لەخۆت نا دڵم لەو ئێوارانە دەشکا
کە دەبوو هەبیت و نەبووی

(۲)
لە ڕێگە دوورەکانمدا من بیرم لێدەکردیتەوە
لە قەرەباڵخییە بێشومارەکەدا
من دەموت چەندە باشە هەبوونی تۆ
لەتەنیشت ئەم هەموو برینەمدا
چەندە باشە نەرمی سەدات لەم هەموو ژاوە ژاوەدا
کە پایز دەستی بەهەموو شوێنێک دەگەیشت
من دەمزانی چنگێ گۆیژ بەسە بۆئەوەی
بۆ ئەبەد یادەوەری جوانت لە سنگی پیاوێکدا جێبێڵێ
کە هەورە توڕەکان تەنگی بە ڕوناکی ئاسمان هەڵدەچنی
من دەمزانی درەنگ یا زوو
بایەک هەردێ ئەم تاریکییە بڕەوێنێ  
کە ژیان بەناچاری هەزار تولە ڕێگەی بەرداوی لێدەبۆوە 
من بیرم دەکەوتەوە مامۆستاکەم هەمیشە دەیوت 
کە بژاردە هەبوو دەبێ بڕیاریش بەدوایدا بێت
ئاخر ئەو نەیدەزانی تۆ تاقانە بڕیاری ڕێگەمی
ئیتر کوا بژاردە بۆ من دەبێ
ئەو نەیدەزانی ئاخر جگە لە دڵت
ڕۆح قەت نزای هیچ کوێ ناکات لێی بسرەوێ
لەڕێگە دوورەکانمدا من بیرم لێدەکردیتەوە

(۳)
تۆ بۆنی پرتەقاڵت
لەدەستەکانم دەکرد
من دەڵێم ئاخر گەردنی ژن
لە توێکڵی پرتەقاڵە
تۆدەڵێی دەمەوێ ماڵەکەم
وەکو ڕەنگی جلەکانی تۆ بێت
من دەڵێم با قەت گوڵە بێعاری لێنەبڕێ

(۴)
دارگێلاسێک
لەبەردەم ماڵماندا خۆڕسکانە ڕوابوو
دەڵێن ئێستاش جار جار
نامەی ئەو پیاوانەی پێوەدەبینرێ
کە سوێندیان دەخوارد
قەت بێ ئەڤینم هەڵناکەن
ساڵانێکی زۆر هات و ڕۆی
من بەچاوی خۆم قەت نەمبینی بەر بگرێ
کەچی دەڵێن ئێستا 
ساڵانە زستانان گێلاسەکانی شیرین دەبێ
ئەوی ڕۆژێ بەیادی ئەوەڵین ماچی نێوانمان
کیلۆیەک گێلاسی شیرینم لە دوکانی
خانمە بۆنخۆشەکەی کۆڵانەکەمان کڕی

(۵)
تۆ وێنەی ڕۆژەکانم دەگری
من دەڵێم ئاخر ئازار لەهەموو شوێنێکە
تۆ دەڵێی شەوان نەختێ زیاتر لەسەر سینەم بمێنەوە
من دەڵێم ئاخر ئەم سەرمایە قەت لەبەرۆکم نابێتەوە
تۆدەڵێی ئێستاش بەیانیان
بەدەنگی بەرز وڕێنەدەکەم و ناوت دەهێنم
من دەڵێم با چیرۆکی ئەو بەرگدروە نیانەت بۆ باس بکەم 
کە ساڵانێکی زۆرە ڕۆحی قەتیس بووی خۆی و ئەڤینی جوانی ژنێ
بێ وەرس بوون لە بەینی تەقەڵە وردەکانی بەردەستی دادەنێ
دەڵین ئەوی ڕۆژێ تاقە جارێ دەستدروی ئەوی پۆشیبێ
خۆرسکانە بۆنی ئەڤینی پیاوێکی فێنک دەگرێ
تۆ دەڵێی من لە چیرۆکەکان دەترسم
ئاخر دەترسم ڕەشەبایەکی تەڵخ بێت و
دڵرەقانە لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچت بکا 
من دەڵێم مەگەر ترس بەکوێ دەگا ئەگەر دنیا هەزار گێژەڵوکەش بێت
بە هێواشی هەنگاوەکانی من
ئەگەر دەستی بە ئەڤینت نەگات
لە تولە ڕێگایەکی ساردی بێناونیشانەوە دوور دوور دەڕوا
تۆ وێنەی ڕۆژەکانم دەگری و
من دەڵێم ئاخر ئازار لە هەموو شوینێکە…

(۶)
من نەمدەویست کەس بزانێ
ئاخۆ تۆ کێیت
ساڵەهایە بەسەنگینی خۆشمدەوێی
تۆ کامە ئەڤینی ئارامی
تەمەنێکە لەگەڵ هەناسەکانمدا دەژییەی
بەڵام خۆت نا
وێنەی چاوت
لەسەر پەرداخە پڕ شەرابەکەی دەستم دەرکەوتبوو
ئەوی ڕۆژێ  بۆنی جەستەت
لەسەر پێستم
ئاشنای ئامێزگرانم بوو بوو
من نەمدەویست کەس بزانێ
ئاخۆ تۆ کێیت
ساڵەهایە بەسەنگینی خۆشمدەوێی

(۷)
لەبری هەموو
ئەو ژنانە خۆشمدەوێی
کە دەیانویست
تۆ هی ئەوان بیت
لەبری هەموو
ئەو پیاوانە خۆشتبوێم
کە خەونیان
بە قژی قەرەجیمەوە دەبینی
لەبری هەموو
ئەو ژنانە خۆشمدەوێی
کە شتێک نەمابوو
غەدر لە ژنبونیان نەکات
کەچی هێشتا
نامەی دڵداریان بۆ تۆ دەنوسی و دەگریان 
لەبری هەموو
ئەو پیاوانە خۆشت بوێم
کە قورسی ژیان یەک جار نا
هەزار جار هاڕیبوونی
کەچی هێشتا دەیان وت ئاخر ئەڤینت
بەشی تەواوی ساردی تەمەن دەکات
لەبری هەموو ئەو ژنانە خۆشمدەوێی
کە دەیانویست تۆ هی ئەوان بیت...

(۸)
ساڵانێکی زۆر تێپەڕیوە
بەسەر یەکەم نەشتەرگەریمدا
بەڵام ئێستاش هەموو حەوتی یانزەیەک 
گوێم لە قرچەی ئازاری ڕانم دەبێت
کە هەرچەند بەقوڵی باسی بکەم
قورسە وێنای بکەی
دەڵێن ڕاکردن هەستێکی خۆشە 
کە من ئەو هەستە نازانم
بەڵام دەزانم
هەنگاوە هێواشەکان
چانسی ئەوەت دەداتێ
گوڵە زۆر بچکۆلانەکانی سەر ڕێگەکەشت ببینی
چانسی ئەوەت دەداتێ
تۆ بۆ هیچ شتێکی ئەم دونیایە پەلەت نەبێ
خۆشەویستەکەت بۆت دەنووسێ
ئەو دەمەی بە هێواشی دێیت بۆلام
بە فریای سەیرکردنی هەموو ژنێتیت دەکەوم
هاوڕێ نزیکەکەت لەناو سروشتدا پێت دەڵێ
چەندە باشە هێواش ڕۆشتن
ئەوە باشتر نییە منیش پێڵاوەکانم دانێم
بۆئەوەی ئازاری بەردە بچکۆلانەکانیش نەدرێ
ئازار ئاشنای کۆمەڵە توانایەکی جەستەی خۆتت دەکات
کە هەرگیز مرۆڤێکی بێ ئازار
ناتوانێ لەخۆیدا بیدۆزێتەوە
کەم توانایی یاخود نەبوونی بەشێکی جەستەت
ئەوەندە بە بەهێزی دابەش دەبێت
بەسەر بەشەکانی تری جەستەتدا
کە کەم جار ڕێدەکەوێ
نەبوونی ئەو شتە لەخۆتدا بە بیرت بێتەوە
ئازار کلیلی کۆمەڵە ژوورێکت دەداتێ
کە جگە لە خودی ئازار چەشتوو
هەرچی کەسێ چەندی بکات
قەت ناتوانێ
کلیلە ڕاستەکە بدۆزێتەوە
دەڵێن ڕاکردن هەستێکی خۆشە
بەڵام خۆ من ئەو هەستە نازانم

(۹)
بیرم نییە چی وەرزێک بوو
کە هەرمێکەت بۆ هێنام
بەڵام ئەم ئێوارەیە بەدەم کۆکردنەوەی جلەکانمەوە
بیرم لێ دەکردیتەوە
خۆ زۆر لە مێژە هەرمێکە وشک بووە
کەچی ئێستا بە قوڵی هەستم بە بۆنی
هەرمێکەی ئەوکاتەی دەستت دەکرد
هیچ ئاگام لە ژوورەکەم نەمابوو
لەناکاو قاچم لە ئاوێنەکە هەڵکەوت
لەبەردەمما شکا
نەنکم دەیوت هەرکچێ ئاوێنە بشکێنێ
حەوت ساڵ شوکردنی دوادەکەوێ
دراوسێکەمان دەیوت
ئەو ماڵەی لە ئێوارەدا ئاوێنەی تیا بشکێ
تا چل شەو
خودا هیچ نزایەکیان لێ وەرناگرێ
جا بەم ناوەختە کێ دەیەوێ نزا گیربێ
من هێشتا هەر بۆنی هەرمێکە دەکەم
پارچەیەکی شکاوی ئاوێنەکە دەستی بڕیم
هەرمێکەش لەناو دەستما دولەت بوو
ئێستا ئەویش وەکو پێستم خوێنی لێ دێ
ئاخر ژن و هەرمێ لەیەک دەچن
کە هەناویان ئازار دەدرێ
با وشکیش بن
خوێنێکی سوری نەرم
چەشنی سوڕی مانگانەیان
لە پێستیانەوە بە بێدەنگی دەتکێ
بیرم نییە چی وەرزێک بوو
کە هەرمێکەت بۆ هێنام

(۱۰)
دڵ بە قەولی بۆنی ئێوارەیەکت
پشتی لە ئاوەدانی عالەم کرد
ڕۆح کە لەسەر چاوەکانت نیشت
پەی بە هەرچی ئیستاتیکای دونیایە برد

(۱۱)
تازە تەمەن کەی پێڕادەگات
ژیان ڕاستییەکی قوڵی غەمگین بوو
هیچ کوێی لەدەفتەر ڕەسمەکانی منداڵیمان نەچوو
هیچ کەس وەکو کاراکتەری ناو فیلمەکان دەرنەچوو
کەدەیان وت تۆ لێرەبە دڵنیابە زوو دێمەوە
خۆ هیچ کەسیش نەیتوانی
لە غەمگینی دڵی ئەو خوشکە تێبگات
کە لەپرسەی برا جوانەمەرگەکەیدا
جگە لە بڕینی پرچەکانی خۆی
بە چەقۆیەکی کول
شتێکی تری شک نەبرد
کەسیش نەبوو بە نوقڵێکی شیرین
بۆ دەمی ئەو ئەڤینەی
هیچ شتێ نا
تەنها ڕۆژگاری ڕەش و کرچ تاڵی کرد
کەسیش تەنها ئێوارەیەک ئەوکۆڵەی
لە شانی پیاوە ماندووەکەی کۆڵان دانەگرت
کەس گوێی بە تەڕی چاوی ئەو منداڵەی ترافیک نەدا
کە زوو  زوو ڕەنگە سوور و سەوزەکانی لێ دەبوو
بە باڵۆنی یاری
کەس شانی نەخستە ژێر سەری ئەو نەخۆشەی
جگە لە جامخانەی ژورەکەی
ڕوناکی لە هیچ کوێی ترەوە نەدی
ژیان ڕاستییەکی قوڵی غەمگین بوو
هیچ کوێی لە دەفتەر ڕەسمەکانی منداڵیمان نەچوو

(۱۲)
ئەمویست ڕۆژێ بۆت بنوسم
دوای سەفەرم ماسییەپرتەقاڵییەکان چەند ڕۆژ ژیان
هەفتەی چەند جار ئاوەکەت بۆ دەگۆڕی
من پێموایە مردنەکەیان
لە ئەستۆی خراپی ئاوەکە بووە
نەک کەمتەرخەمی تۆ
دوای سەفەرم ئەمویست ڕۆژێ بۆت بنوسم
من ئێستاش شەرابی گوڵ هەر شەوان دەخۆمەوە
ئەی لای تۆ ئێوارەکان بەکوێ گەیشتن
کە ئیتر تۆ گوێت لەدەنگی من نەبۆوە
شەوەکانت دوای داگیرسانی چەند مۆم
هەر بەتاریکی مانەوە
دوای سەفەرم ئەمویست ڕۆژێ بۆت بنوسم
دواجار کەی بوو کە  بە قوڵی پێکەنیوی
یادی کامە یادەوەری
گوڵی ڕەشی پێچنیوی
ئەمویست ڕۆژێ بۆت بنوسم
دوای سەفەرم ماسییەکان چەند ڕۆژ ژیان

(۱۳)
بەکەس مەڵێ چەندم خۆشدەوێی
ئاخر کێ دەزانێ ئەڤینت لەناو دڵی ژنێکدا
ساڵانێکە قەت بۆنی گوڵەبەیبونی لێ نابڕێ
بەکەس مەڵێ لێوەکانت ئەوەڵێن و ئاخیرەن
ماچی ویستم بوون
ئاخر کێ بڕوادەکات بڵێی ئەڤیندار
بەکەیف و ویستی دڵ
تەنیا یەک جار ماچ دەکرێ
بەکەس مەڵێ دەستەکانم لەناو دەستەکانت داناوە
ئاخر کێ تێدەگات ژنێک هەیە لەناو تۆدا
پایزانیش هەر گوڵ دەگرێ
بەکەس مەڵێ چەندم خۆشدەوێی
با ئەڤینت قەت بۆنی گوڵەبەیبونی ڵێ نەبڕێ

(۱۴)
وەکو ئەو شەوانەی لە باوەشتدا
تەنانەت ئەندازەی جلەکانیشمان دووری نەبوو
کەچی هێشتا ئازار نەیدەهێشت بنووم
وەکو ئەو بەیانیانەی بەیەکەوە تینومان دەبوو
کەچی هێشتا مەراقی ماچێکتم کردبوو
وەکو ئەو منداڵە هەژارەی لە فیلمی (مالینا) دا
خێرایی پاسکیلە شڕەکەی دەهێندە زیاتر دەکات
بۆ ئەوەی فریای بینینێکی تری ژنە دڵبەرەکە بکەوێ
منیش هەرزەکارانە
هەرچی کەرەستەی دنیا هەیە
لەخۆمی کۆدەکەمەوە
بۆ ئەوەی بەر لەوەی شەمەندەفەرەکەت تێ پەڕێ
نیگایەکی ترت بکەم
بۆ ساتێ لاوازی قاچەکانم بیردەچێتەوەو
خۆم لێ دەبێت بەیەکێک لەو سوارچاکانەی
ناو (قەسیدەی عەشق) ی بەختیار علی و
لە ئەسپەکەم دانابەزم
وەکو ئەو چیرۆکە بیمارستانیانەی
ناو (گوڵی ڕەش) ی شێرزاد حەسەن
غەمبار غەمبار دەبووم
کە دەتوت ڕەنگە درەنگتر بتبینمەوە
هەرچۆنێ بوایە جێگەی خۆمم لەناو بەلەمە شینەکەی
(خەدیجە گوڵاوی) ی ماردین ئیبراهیم دا دەکردەوەو
پێم دەوت تۆ چەندە باشت کرد هەڵهاتی
چەندە باشت کرد
دوور دوور بەناو هەورە پەرێشانەکاندا ڕۆشتی
سەیرکە خۆ ئێستاش زەمەن هەر لەوکاتە دەچێت
کە تۆ بە دزی خاڵتەوە جگەرەت دەکێشا
ئێستاش کە کونجە تاریکەکانمان جێدەهێڵین
زۆری دەوێ تا ڕووناکی گڵۆپەکان
بەشەوارەمان نەخات
وەکو ئەوشەوانەی لەباوەشتدا
تەنانەت ئەندازەی جلەکانیشمان دووری نەبوو
کەچی هێشتا ئازار نەیدەهێشت بنووم

(۱۵)
بەیانییەک لەخەو هەڵدەستیت و
هەر لە خۆوە هەناسەیەکی قوڵ و خۆشت هەیە
یانیش دڵتەنگییەکی ترسناک و شپرزە
بەرۆکی ڕۆژەکەتی گرتووە
لەوانەیە نیوەڕۆیەک کت و پڕ
هەموو شتێکی ماڵەکەت
بەجۆرێکیتر ببینی
جلەکانت بەوجۆرە دیزاین بکەیت
کە دڵخۆشت دەکات
ئێوارانێ ئەو ڕاگوزەرانەی
بە بەردەم پەنجەرەکەتدا تێدەپەڕن
بۆنی عەترەکەیان زووتر لە ڕۆژان بڕوات
ئەو دوکانەی کە بۆی دەچی
ڕەفەی ژێر ئەنتیکە دڵخوازەکانی تۆی
ڕەنگی شین کردبێ
کێ چوزانێ
لەوانەشە ئەسڵەن هەر هەمووشی لابردبێ
چیتر گوڵفرۆشەکە
پێت ناڵێ گوڵە مۆرەکان تەواو بوون
یانیش لەوانەیە
لەم کۆڵانە مەیلی گوڵفرۆشی هەرنەمابێ
لەوانەیە دراوسێکەت بەبێ ئاگاداری خۆت
واژوی وەرگرتنی ئەو پۆستەت بۆ بکات
کە تۆ لەمێژە چاوەڕوانی دەکەیت
یانیش هەرخۆی بێ ئاسەوار لەپۆستەچییەکەدا وون بوبێ
لەوانەیە ئەو بێماڵەی هەمووانی غەمگین کردبوو
چیتر لە هیچ شوێنێک دەست بۆخواردن نەکاتەوە
ئەو چۆلەکە تەزیوەی کە هاوینانیش لە باوەشی کەسماندا گەرمی نەبۆوە بۆهەمیشە بڕوات و
سەر لەم وێرانەیە نەداتەوە
بەیانییەک لەخەوهەڵدەستیت و
نەخۆت و نە ئەوانەی دەوروبەرت
ئیتر هەرگیز بۆ هەمیشە لە پێشتریان ناچنەوە

(۱۶)
گەورە بووین و ئەزانین
هێشتا ژیان
لەو قردێلە بچکۆلانانە دەچێت
کە قژمان پێدەبەست
هێشتا هەر ئەو پارچە تەباشیرە مۆرەیە
کە هێڵەکانی خەتخەتێنمان پێدەکێشا
گەورە بووین و تێگەشتین
ژیان ئێستاش لەو کاتانە دەچێت
کە کوڕەکەی داوسێمان خۆشدەویست و
وەک یارییە چاوشارکێکانیش
خۆم لێ دەشاردەوە
نیوە شەو وەک شکانی بوکەڵەکانمان
بۆی دەگریاین
نیوەڕوان حەزمان دەکرد
دایکم کاساوسێیان
لەگەڵ بکات
گەورەبووین و هێشتاش ژیان
لەناو ئەو پۆلانەدا جێماوە
کە ساکارانە نامەکانی هەرزەکاریمان
لەژێر ڕەحلەکانیدا لە بیرچوون و
قەتیش نەمان توانی جارێکیتر
بەسەریاندا بچینەوە
گەورەبووین و ئەزانین
هێشتا ژیان
لەو قردێلە پچکۆلانانە دەچێت
کە قژمان پێدەبەست

(۱۷)
نیوەشەوێکی درەنگ درەنگ دەگریم
لەبری ئەو کچەجوانەی خۆی چاوێکی نەبوو
کەچی هەمووان ئەویان بە تاریکی دەبینی
دەگریم لەبری ئەو کچەهەرزەکارە باریکەلەیەی
ڕێک نەڕۆشتنی وەک ئاونگی سەربەرسیلەیەکی ترش لێدەهات
کەچی هەمیشە کە پسوڵەی کارەبایان بۆ دەهاتەوە
لەسەری نوسرابوو ڕوناکی ئەم ماڵە خوارە
کە ڕەشەبا هەڵی دەکرد تەنیا
جلەکانی ئەو خانمەپڕتەمەنەی دەبرد
کە ناوی ئەوپیاوانەی لێ نوسیبوو
هەموو سەری لە نەهاتنیاندا سپی بوو بوو
کە ترس خۆی بەژێر پەتۆکاندا دەکرد
تەنیا منداڵی ئەو ژنەی دەترساند کەبێهێزی دەستەکانی
تەنیا هەرقۆڵی نا هیچ گەرمییەکی لەناو هێلکەدانیشیدا نەهێشتبوو
هەرکات کەسێک لەکۆڵانەکەمان ژندێنێ
هەردەبێ من بگریم
ئاخر کزەی ئەوپیاوە جوانەڕەشتاڵەیەم یەتەوە یاد
کە دوای ئەوەی لەڕوداوێکدا
بۆهەمیشە لە باوکایەتی بێبەش بوو
کەچی دڵڕەقانە لەبەردەم چاوەتاساوەکانیدا
ژنەکەیان لە براکەی مارەکرد
ئیتر ئەو بۆهەمیشە بوو بە مامی منداڵی ژنەکەی خۆی
تاڵ بوو ڕۆژگاری ئەو لەهیچ کەسی تری ئەم دونیایە نەچوو
بێ هەست و تاساو و غەمگین دوور دوور ڕۆشت
لەدورترین و تاریکترین وڵات ئاوارەبوو
ئیتر ئەو تەنیا لە قاچەکانی نا
لە هەناو و گۆشت و خوێنی خۆشی توڕەبوو
نیوەشەوێکی درەنگ درەنگ دەگریم 

(۱۸)
هەروەک چۆن
گرەوم لەسەر بەیانیانێکی سینەت کردبوو
گەردی غەریبیمی لەسەر بتەکێنم
نیوەڕوانێک لەچاوەڕوانی هاتنتدا 
دەجار خواردنەکەم گەرم بکەمەوە
ئاواش عەسر و ئێوارانم نا
نیوەشەوێ
لەناو غەمگینی تاریکیدا
لەناو تەزیوێ بێ هەستیدا
لێوەکانم یەک دانە نا
پەڵپی هەزار ماچتم لێدەگرێ

(۱۹)
ئەم تەمەش تێدەپەڕێ
ئەم ئازارەش وەک هەموو
برینەکانی ترمان کاڵ دەبێتەوە
بەڵام کەس ناتوانێ
دایکایەتی بۆ ئەو ساوایە بکات
کە لەژێر لەچکە خوێناوییەکەی دایکییەوە
قوڵ و گەرم
هێشتا ساکارانە 
مەمکی تەزیوی دەمژێ

(۲۰)
تەنیا بەخاتری خۆت   
دوور لە هەموو شتێکی تری ئەم دونیایە
خۆشم دەوێی
تۆ ئەی یەک دانە سەدای من
لەم هەموو ژاوەژاوەدا
یەک دانە ئەڤینی من
لەم لێوان لێوی دڵڕەقییەدا
تەنیا بە خاتری خۆت 
دەستەکانم لەناو ئێوارانتا
جێدەمێنێ
بەیانیانم بێ دودڵی
بەسەر سینەتدا دەڕژێ  
تەنیا بەخاتری خۆت 
چاوەکانم لەناو نەرمی 
چاوەکانتا تەڕو تازە گوڵ دەگرێ  
خەوی ماندووم لەم دوورەوە
بەیادی بۆنی پێستت
قوڵ و گەرم و ڕەنگین دەبێ
تەنیا بەخاتری خۆت
دوور لە هەموو شتێکی تری ئەم دونیایە
خۆشمدەوێی

(۲۱)
خەونم دەبینی
لەناو دەستت دوور دوور
لە خراپییەکانت شاردبوومەوە 
لەسەر سینەت هەموو منداڵیم
گەورە بوو بوو
خەونم دەبینی
چەندە بەرتەسک بوو
کۆڵانەکەمان و 
قەت ڕێبوارێکیشی لێوە دەرنەدەچوو
کەچی تۆ بە هێواشی هێشتا
ئاوپڕژێنی چیمەنەکەیت دەکرد
نەتدەهێشت کەس باڵندەکانی غەمگین بکات
پەتت بۆ لاولاوەکانی
ڕایەڵ دەکرد
سەیربوو بەدەستی تۆ
نیوەڕوانیش بەو گەرمایە گوڵیان
دەگرت
بەنەرمی بەگوێی دیوارە گەرمەکانیدا
گۆرانی فێنکت دەوت
لەسەر دەرگاکانی دەتنووسی
وەرن لەپشت ئەم ماڵانەوە
ژنانێکی جوان جوان هەن
باوەشیان هەموو وەرزێک
منداڵی بچکۆلانەی تێدا دەنوێ
ژنانێکی جوان جوان هەن 
لێوەکانیان دەڵێی پێکێکی ناسکە 
کە بێ دودڵی
لە کۆنەشەرابێکی تەمەندار ڕۆدەکرێ
خەونم دەبینی
لەناو دەستت دوور دوور
لە خراپییەکانت شاردبوومەوە 

(۲۲)
تەمەنێکە خۆشمدەوێیت و
کەچی هێشتا وەکو ئەوەڵین ڕۆژ
چێژ لەسەری پەنجەکانت دەبینم
کە بەبێدەنگ لەسەر کەمەرم دایدەنێی
هێشتا یەکەم خوێندنەوەی نامەی بەیانیانت
بۆ ژیان کردن هەزار بیانووی ژنانەم دەداتێ
بەقەد سەنگی ئەڤینت
ئازاری نیشتوو لەسەر پێستم دەتەکێنێ
خۆ یەک دانە دیداری ئێوارانت
بەشی ساڵانێک ماندوێتی من دەکات
یەک دانە نیگای نیانت بەسە بۆ ئەوەی
تەواوی شەوەزەنگم بە تریفەی مانگەشەو بکات
چەندە باشە سەدای تۆ لەم  هەموو ژاوەژاوەدا
چەندە بێخەوش و گەرم و تاقانەیە ماچەکانت
لەم بەستەڵەکی لێوانەدا
تەمەنێکە خۆشمدەوێیت و
کەچی هێشتا وەکو ئەوەڵین ڕۆژ
چێژ لەسەری پەنجەکانت دەبینم
کە بەبێدەنگ لەسەر کەمەرم دایدەنێی

(۲۳)
کە هاتی بەیەکەوە گوێ لە لیسا دەگرینەوە
دەست بۆ ئەو گەڵایانە دەبەین کەئەوەڵین ماچمان لەدوتوێی پەڕەکانیدا جێهێشت
بەسەر ئەو ڕۆمانەدا دەچینەوە
کە تەنیا بەیەکەوە حەزمان لەخوێندنەوەی بوو
کەهاتی دەچین بۆدارستان
دەستمان بە گۆمە پڕ باراناوەکان تەڕدەکەین
سەیری ژێر تۆپەڵە دەوەنەکان دەکەین
کە گوڵە جیاوازەکانی لێ دەڕوێ
چاوەڕێی ئەو خۆرە دەکەین کە تەنها ئێواران مۆردەبێ
کەهاتی بەو هاوڕێ کوڕانەمت دەناسێنم
کە چاویان شین شینەو دڵیان سور سور
سەر لەو دایەخانە دەدەین
کە هەموو بەیانیانی شەممان
بانگێشتی خواردنەوەی چایەکی گوڵە بەیبونم
دەکات و
هەمیشە بەدیواری ماڵەکەیدا
وێنەی پیاوێک هەڵواسراوە
دەڵێ ژیان بەشی ئەڤینی ئێمەی نەکرد
پلانم هەیە ڕۆژێ هێڵکاری هەردووکیان لەیەک تابلۆدا جێکەمەوە و بەیانیانێ بەدیاری بیدەمێ
کەهاتی دەچین بۆ دوکانی تاتووەکەی نزیکمان
ناوی ئەو دۆستانە لەسەر  پێستمان دەسڕینەوە
کە جگە لە تەم و لێڵی خۆ هیچێکیترمان نەبوون
ئەو پەڕۆ سەوزانە لە ژنە دیندارەکان وەردەگرین
کە بۆ موفەڕکی لەسەری منداڵانی دەبەستن
بە بەردەمی ئەو کۆڵانە تەسکانەدا تێ دەپەڕین
کە کت و مت دەڵێی ژیانن
کەس قەت نەیزانی لەوسەریان چی هەیە
کەهاتی
بەبێدەنگ بەگوێتدا دەڵێم
لەنێوان من و تۆدا
لیسایەک هەیە
دەبێ جار جار گوێی لێ بگرینەوە
ئایەتێک هەیە ئەگەر کافریش بین
دەبێ ساڵانە خەتمی بکەینەوە
کە هاتی
دەستمان بەگۆمە باراناوەکان تەڕ دەکەین

(۲۴)
لەناو شەوەکانتدا جێدەمام
پێستم بۆنی قەزوانی تەڕی دەگرت
لە تاریکییە تۆخەکەدا چاوەکانتم ناسییەوە
هەرچی غەمگینی هەیە لێ ڕۆشتبوو
لەبەردەمی ئاوێنەکەدا
سەیری قژی قەرەجی خۆمم دەکرد
دەترسام بیبڕم
دەترسای لەناو دەستەکانتدا لێت ون ببێ
نیوە شەو
ماچێکت بە سوراوەکەمەوە لکابوو
من
گزنگی
بەیان لەسەر لێوەکانمم دانا

(۲۵)
من بە قوڵی پیاوەکانم
خۆشدەوێ
هەر وەکو ڕۆژە
گەنج و نەرم و ڕەنگاڵەکانم 
نیگەرانیشیان دەبم
نیگەران
هەر بەچەشنی
شەوە
سارد و تەنگ و ئازاراوییەکانم

(۲۶)
ئەوکەسەی دەڕوات 
هەرگیز بەقەد ئەو کەسە
غەمگین نابێ کە جێدەهێڵدرێت
سەفەرمان کردوو
کەس لەکۆڵانەکە پێی نەزانین
هەموو ڕۆژەکە بە پێچانەوەی جانتاکانەوە
خەریک بووین و شتێکی ئەوتۆشمان تێنەکرد
نیوەشەو بەغەمگینی جانتاکانمان ڕاکێشا
بەهێواشی دەرگاکەمان داخست
بەسەر هەموو ئەو ژوورانەی
کە غەرقی بێسۆزی ببوون دامان خست
بەسەر هەموو ئەو سوچانەی تەزیبوون دامان خست 
کلیلەکانمان لە تاریکییەکی قوڵ قوڵدا فڕێدا
دەبوو هەرچی بووە زووتر لەو دەڤەرە وون بین
و هیچ هیچ بەهیچ کەسێکیش نەڵێین
جا چی بڵێین
خۆتازە کەسیش بەفریای خۆشویستنمان ناکەوێ
سەگەکانی کۆڵان بۆنی نەگەڕانەوەیان کردبوو
مڵۆسیان لەسەر ڕێگاکەمان دانا
بەدواماندا دەوەڕین
بەدواماندا ڕایان دەکرد
لەناو ئوتومبێلەکەوە من چاوی پڕ فرمێسکیانم بینی
من کوڕوزانەوەی هەناوییانم بیست
لەگەڵیاندا گریام
لەگەڵیاندا گوێم لەقرچەی دڵی خۆشم بوو
لەگەڵ بۆنێکی تەماوی لەهەناسەمەوە دەرچوو
ئاخر ژن قەت هەناسەی ساردی لێ نابڕێ
تێر سەیری یەکترمان کرد
تێر بۆنی یەکترمان کرد
پێت وتم
چاوەکانت چەندە خومارن
پێم وتی
لەگەڵ پێستت لەهەموو شوێنێکدا هەڵدەکەم
من دواین ئاوی گوڵەکانم دا
تۆ دواین تابلۆت بۆ هەڵگرتم
پڕ بەگەروومان هاوارمان کرد
پڕ بەچاومان بەو تاریکییەش لەدوکانی
کوڕەژیکەڵانەکەمان ڕوانی 
لەیەکمان پرسی
ئەوە هەر بەڕاست دەڕۆین
ئەوە هەربەڕاست
ئەم دەڤەرە ئەوەندە دڵساردو بریندار بووە
جێی هەناسەی تەماویشی تیانەبێتەوە
ئەوکەسەی دەڕوات هەرگیز
بەقەد ئەوکەسە
غەمگین نابێ کەجێدەهێڵدرێت

(۲۷)
غەمگینی تۆ
چەندە لەدۆستی پێکەنین دەچێ
ماندوێتی من
چەندە بۆنی ژیانی لێدێ
چەندە ئارام بەخش و
غەمناک وجوانە دەنگت
چەندە گەرم و
چەندە ژن و
چەندە تەزیوە دەستم
چەندە نەرم و تاریک و
گوڵاوە پێستت
چەندە هێواش و چەندە دڵگیر و
چەندەش جیاوازە ڕۆشتنم
دەهێندەش قوڵ و
دوور و نیان و
پڕ چێژە هاتنت
تۆ تەماشاکە
غەمگینی تۆ
چەندە لەدۆستی پێکەنین دەچێ

 

گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی

موافقین ۰ مخالفین ۰ ۰۴/۰۸/۱۰
زانا کوردستانی

نظرات  (۰)

هیچ نظری هنوز ثبت نشده است

ارسال نظر

ارسال نظر آزاد است، اما اگر قبلا در بیان ثبت نام کرده اید می توانید ابتدا وارد شوید.
شما میتوانید از این تگهای html استفاده کنید:
<b> یا <strong>، <em> یا <i>، <u>، <strike> یا <s>، <sup>، <sub>، <blockquote>، <code>، <pre>، <hr>، <br>، <p>، <a href="" title="">، <span style="">، <div align="">
تجدید کد امنیتی