گەڵا زەندی
خاتوون "گەڵا زەندی"، به ناونازی "خونچه"، شاعیری هاوچهرخی کورد، له رۆژی ۱۱ گەڵاویژی ۱۹۸۵ زایەنی، له هەڵەبجەیە.
خاتوون "گەڵا زەندی"، به ناونازی "خونچه"، شاعیری هاوچهرخی کورد، له رۆژی ۱۱ گەڵاویژی ۱۹۸۵ زایەنی، له هەڵەبجەیە.
(۱)
ئەم شەو خەیاڵێک ڕام دەژەنێ
جیاواز لەکابوسەکان
ئەم شەو توندە بایەک دەم هەژێنێ
جیاواز لەوەرینی گەڵاکان
ئەم شەو تارمایی ڕۆحێک
بەجەستەمدا هێور هێور
بەسەر تەمەنمدا ڕێ دەکاو
هیواکانم خەونەکانم تێک دەشکێنێ
ئەم شەو بۆنی مەرگێکی سامناک دەکەم
بەدیواری ئومێدیمدا خۆی هەڵواسیوەو
داوای سەراپای جەستەم دەکا
ئاسمان دەیەوێ بمتورێنێو
لەنێو قەفەسی ئەرزی شومدا بم خەوێنێ
گەڵای تەمەن دارە دارەم پێدەکاو
بەرەو ماڵێکی غوربەت داوەتم دەکا
ئەم شەو جیاواز لەهەموو شەوەکان
ڕۆحم بیری تەمەنم دەکا
ئەم شەو خەوێک بەمیوانی
جەستەیەکی ساردی تەزیو
بەرەو گۆڕی تارم دەبا
من دوا هەناسەم بەم خاکە دەسپێرم
لەدوای من هیچ ئەوێنێک خۆی
بەباخچەی دڵمدا نەکا
بۆدواجار دەمەوێ گوێم لەو ئاوازەبێتەوە
کەبەردەوام چریکەی
لەگوێکانمدا دەزڕنگایەوە
من دەمەوێ بۆدواجاری تەمەنم
ئەمجارەشیان گوێم لەوسەدایە بێتەوە
کەبەدەنگە زوڵاڵەکەی
هیوایەکی بەژیانم دەبەخشیەوە
(۲)
بۆیە ڕۆحی خۆمم خۆشدەوێ
لەبەر هیچنا.
لەبەر ئەوەی هاوتای ڕۆحتەو تۆی خۆش دەوێ.
بۆیە دڵی خۆمم دەوێ.
ناترسم گەر بێ دڵ ببم
بێگومانبە لەبەر ئەوەی کەوادڵی تۆیشی دەوێ
گەر دڵی تۆش لانەم نەبێ
دڵنیابە جێیەک نیە لەسینەمدا تیا بسرەوێ.
چاوم دەوێ
سپاردوومە بە کەللەی سەرم
هێندەم دەوێ
لەگۆشەیی نیگای دیدما
کەدیمەنی دەسکاری خودا
بەو جوانیەوە وای دەبینێ
پەنجەکانم
شەوانە لەگەڵ خۆمدا دەیان خەوێنم
نەک بۆ ئەوەی پیرۆزبن لە لام
بەڵکو دەڵێم نەکا وڕک بگرنو
شیعرێکی تر لەتۆ زیاتر
بۆهیچ کەسێکی تر نەنوسێ
(۳)
ئێمە تەنها دەمانتوانی بفڕین بۆئازادی
بۆژیانێکی چارەنووسدار
بەڵام لەدەریا مەلەمان نەدەزانی
تەنها دەمانویست بپەڕێینەوەبۆئەوبەری
کەنارئاوەکە یەختەکەمان کونبوو
لەنگەری نەگرت وردەوردە نقوومی
دەریابوو ئێمە چەن کەسێک بووین
لەنیشتمانێک هەڵاتبووین کەجێگای
مانەوەو ژیانی تێدیدا مەحاڵ کرابوو.
هەریەکێکمان لەئێمە حەزوو ئاواتێکی
هەبوو هەریەکەمان لەئاوزێک
سترانی داهاتوومان بۆژیان دەچڕی
گەیشتینە ناوەڕاستی دەریا
تیشکی خۆر بەئەسپایی بەرەوو غرووب دەڕۆیشت
هەوری ڕەش ئاسمانی ئێمەی تەنی
نم نم بارانی کۆتایی بەسەرماندا دادەباری ئاوازەکان باش نەدەهاتنە گوێمان تەنها دەنگو گرمەی هەورو شەپۆلی دەریاکان ترپەی دڵە بێ هیواکانمانی بەئەندازەی
زەمین لەرزە ڕادەچەنی تەنها لەنێو مەرگو ژیاندا
ئاوازێکی تاڵی مەرگی دەدا بەگوێماندا
بەرلەنقوو بوونی یەختەکەمان هەزاران خولیامان
دای لەشەقەی باڵو بەسەر سەرمانەوە دەفڕینو گۆرانی ئای
لەدوری حەسرەتوو دابڕانی ئازیزانو
پۆلێ لەبرینە کۆنەکانی بەگوێمانداو
بێ بەزییانە نغرۆی دەریای دڵ ڕەقی کردین ئێمە لەتوینوێتیدا نەخنکاین بەڵکو لەترسدا خنکاین
ئێمە بووین بەخۆراکی گیاندارەکانی دەریاو ئەوانمان تێرکرد خۆمان لەبرساندا مردین ئەمە کۆتا ڕێگای گەنجاکانی نیشتمانەکەی منە ئیتر لەوڕۆژەوە نەدەریا شەپۆل دەدا نە ماسیەکانیش بۆڕاو لەدەریا دێنە دەرەوە ئەوان تێربوون نائومێدیش نابن بێ خۆراک بمێننەوە چوونکە
دەزانن بەرهەمی نیشتمانێک دەخۆن کەسەرکردەکانیان سەریان دەخۆن
(۴)
بۆ نەهاتی
خۆهەر خۆت بوی بەڵێندا
بۆ ساتێکیش دوورنابیت لێم
بۆهەر جێیەک گوزەر بکەم
ئەبیە چاوگەی کانیاوی ڕێم
هەرخۆت ووتت
تائێرەیە خۆشەویستیم
دووا مەنزڵی ژیانمی
تەنها و تەنها ئەوینی تۆ
نوری چاومەو هێزی گیانمی
بەڵام ئێستا زۆر دووری لێم
فەرامۆشی دڵت کردووم
خۆتەزانی منیش بێ تۆ
لاشەیەکی بێ ڕۆح مردووم.
کەی ڕەوایە
توخوا ئازیز ئەم دووریەت سوتاندمی
ئەی نازانی ئازیزەکەم
لەجێی دڵو ڕۆحو گیانمی
(۵)
[لات وانەبێ]
کاتێک کەپێت دەڵێم بڕۆ
ئاشکرایە کە ڕۆحیشم لەگەڵ خۆتا دەبەی
دڵ و گیانم بەنەشتەری دابڕانت
هەنجن هەنجن لەت لەت دەکەی
دەڵێم بڕۆ، بەڵام بۆ کوێ
دەمەوێت بەرزبیتەوە بۆ ئاسمان
ببیت بەمانگ، بەهەسارەو ئەستێرەکان
یاخود ببیت بەکەژو کێو
ببیە زەریاو ڕوبارو زێ
ڕۆحی منیش وەک باڵندە کۆچەریەکان
بەسەر جوانی سروشتی خوا
باڵی بگرێ و هێدی بفڕێ
(۶)
خۆتۆ سنوور و کۆیلە نیت
کەس بەسەرتا تێ نەپەڕێ
خۆتۆ نەدار نەدەوەن نەبوویت
تاچۆکت پێ دابدرێوو
ڕەش ماری زەمەن پیاتا هەڵ گەڕێ
خۆتۆ کانیەکی ووشکوو
بێ ئاو نەبوویت گەرووت
لە توینوێتیدا بخنکێنرێ
خۆتۆ باخێکی بێ سەمەرنەبوویت
بەدەستی منداڵانی چەتوون بێ
بەزییانە بەردی نەفرەتیت پیادا بدرێ
خۆتۆ موڵکی هیچ کەسێک نیت
تا بەزەبری ڕق تاپۆی ڕەشت
بەسەردا بسەپێنرێ
تۆسەربازی نیشتمانێکی دۆڕاو نیت
تابەهێز شەڕی مەرگت پێ بکرێ
تۆلانەی پاساریەک نیت
تادەنووکی ڕقوو کینەت
لێ گیر بکرێو
لەبری مۆمی تەمەن
تاریکی و شووم
لەسەر سەرت هەڵبکرێ
(۷)
کەتۆ دەڕۆی وەک منداڵێکی دایک مردووم لێدێ
لەژێر چنگی باوەژنێکی دڵ ڕەقدا
جەستەم بەرشەلاق بدرێ
کەتۆم لێ وون دەبی
وەک منداڵێکی بەجێماویی کۆڕو دەچم
نازانم سەر بۆ کوێ هەڵگرم و بۆ کوێ بچم
کەتۆ دەڕۆی
وەک کەشتیەکم لێدێ
کاتێ زریان تێکی دەشکێنێ.
لەدووری تۆ
خۆم بەگوندێکی بێنازی چۆڵکراوی ئەنفال
دێتە بەرچاو.
ڕەنگ پەڕیوو سیمایەکی هەڵبزڕکاو.
یا دەبینی پەڵەی پایز
وەک گەڵایەکی زەردی لێ کردووم
خونچەیەکی سیس و ژاکاو
ڕەشەبای مەرگ.
پەل و پۆم دەباو
لەژێر پێی هەزاران ڕۆحی
بەخەم کوژراو
دەمەڕۆ لێم دوورمەبە
نەبا خۆری تەمەن
زوو لەم ژیانەم ئاواببێ
جەستەیەکی ساردوو سڕم
لەباوەشی نائومێدی
بۆ هەتایە چاو لێک بنێ
(۸)
[چاوەڕوانی]
ئەم بەیانیە هێندە بەحەسرەتی بینینتەوە بووم
جیاواز لەهەموو سپێدەکانیتر تر
لەدڵی شێتانەی تۆشەوە
وەک زەنگێک بەگوێمدا بدەی
ترسێکم لێ نیشتبوو
نەوەک دواکەوتنی من بۆ دیدارت خەزەبی نائارامیت
پەتی سەبرت بپسێنێ
ترسی ڕێگاش هێندەی تر دڵی زیاتر بەپەلە پەل دەخستم
نەکا هەنگاوەکانم لەدووم نەیەن و زەویش قاچم بگرێ
تۆش هێندەی تر دڵت بەرگەی دواکەوتنم نەگرێ
زۆر بەپەلە لەنێو پێخەفی ساردوو سڕی شەوانم هەستام و جوڵەکانم تونترو تونترو تونتر دەکرد
زوو زووش خەیاڵ بۆلای تۆی دەبردمەوە
ئەوەندە بەحەسرەتی دیدارت بووم
چاوەکانم هیچێکان نەدەبینی
تەنها سەیری کاژێرەکەم دەکردوو
چاوەڕوانی زەنگی توڕەیی تۆ دەبووم
بەڵام تۆ نەزەنگت هەبوو نە دەنگت هەبوو نەدیمان و دیدار
هەر نەهاتی، ئەی دووا ویستگەی ئومێدی ژیانم
(۹)
گلێنەکەم تەنیا جارێ
سپێدەیەکی ئاوێنەیی
وەکو چاوت
جوانتر لەووشانە
دێتە مێشکم وەکوو ناوت.
بە هیواوە بمخەرە
نێو باوەشی ئومێدەوە
ڕەنگە بۆ هەمیشەیی
تکا بکەم متمانەی ژنێتی خۆم
پێت بەخشمەوە
ئەم زەمەنە جۆراو جۆرە
هەندێک مرۆڤ هەن
وەک گەوهەرن
لەقوڵایی دەریای شینیان
دیداریان زۆر ئەستەمە
دڵیان گەورە دونیا بچووک
نائومێدبوون لەم سەفەرە
هەندێکیش هەن
بۆ ژانی ژین
ناخیان پڕە لەڕق و کین
بۆ هاودەنگیش دەردی سەرە
(۱۰)
دایکم هەمووکات پێی ئەووتم تۆ
منداڵێکی خێر نەدیوی
باوکم پێی ئەووتم تۆ هەموو
خەونەکانت تێک ئەشکێنی
منیش لەبەر باران پیاسەم دەکرد
لەوێ فرمێسکەکانم هەڵدەڕشت
پێم شەرمبوو لەبەردەرگای
نەدیوەکان خەمەکانم بەبابکەم
لێرە بازاڕی من ئاڵۆزە
سەودای تەنها مەرگی تیا دەبینم
هەندێجار زەردەخەنەی درۆ
تێکەڵ بەپێکەنینە نەگریسەکانم دەکەم
بەڕێگای ژیانێکی ئاڵۆزو لێکترازاودا
مامەڵەی کەمێ خۆشی ژیان دەکەم
وەلێ قیمەتی گرانە
من زەنگین نیم ناتوانم شادی بکڕم
بەڵام زۆرسەیرە خەم بە خۆڕاییە
وەکو لێزمەی باران بەسەرمدا دادەباری
هەگبەیەک خەمم لەکۆڵ گرتووە
هەرچەند دەکەم زەحمەتە بەڵام
دێمو دەچم کەمێک پاشماوەی
خۆشیان پێ فرۆشتووم
ئێ ئەمە چ جەنگێکە ژیان لەگەڵ منی دەکا وەک سیمای مناڵی خۆشم دێتەوە بەرچاو هەربەئەشکەوە گەورەبوومو هەر ئەشکیش دەبێتە میوان
(۱۱)
من لێرە تابلۆی ژنێک دەکێشم بەووشە
کەژیانی پڕە لەمەرگەسات
من وێنەی ئەوژنە بەدارەکانی
پایزەوە هەڵدەواسم
ناوی لێ دەنێم خەزان
خەزان هەمیشە بەناو
بازاڕی ژیاندا هەنگاوەکانی
زۆر بەسەختی دەنا دەنگێکی خنکاو.
هەزاران ووشەی قەتیسماو
لەنێو دورگەی چاوەکانیدا
بەدی دەکرا
خەزان لەژینگەیەکی زۆر
نائارامدا ژیانی بەڕێ دەکرد
ئەوەندە بارستایی ژیانە نەفرەتیەکەی ئاڵۆزبوو
نەتدەزانی لەکوێوە باسی بکەیتوو
لەکوێوە کۆتایی پێ بهێنیت
بۆیە ناچار لێرە وازلەچیرۆکە واقیعەکە بهێنمو بوەستم
تالەڕۆمانێکدا بەووردی بینووسمەوە
ئەشێ چیرۆکێکی زاڵتر لە
دونیای واقیعدا بسەلمێنم
لێرەو لەوێ باس لەچرکە ساتی
مەرگی ئەوینێک دەکەم کەپەیوەستە بەدرامای ڕووی ناڕاستی مرۆڤ گەلێکەوە کەبەمانا
مرۆڤن بەڵام لەبنەڕەتدا دڕندەترینو یاخیترین مرۆڤن لە بەرجەستەکردن لەڕوی ئەستاتیکەوە خۆیان
لەسەرتەختی شانۆ نمایش دەکەن
بەڵام دەرونێکی چەووتی خۆ ویستیان هەیە
ئەمانە پێیان دەووترێت مرۆڤی کاتیو بەرژەوەندی
(۱۲)
[من خونچە گوڵم]
ئیتر من گەڵانیم
من خونچە گوڵێکم و
سبەینان چەند دڵۆپێک شەونم دەبێتە میوانم
دەمی گزنگ دەکرێمەوە
تیشکی خۆر هێواش لەساتری چاوەڕوانیم ئەدات و
وەک هەموو بەیانیەک بۆ باوەشی هیوایەکم ئەگەڕێمەوە.
ئێستا من گەڵانیم
کەگەڵابووم وەرز نەما نەبێ بەباو نەم لەرزێنێ
سەرما نەما گیانی سەوزم بەدەم گزەو ڕەهێڵەوە نەتەزێنێ
باران نەما تەڕم نەکاو نەمخوسێنێ
کەپایزیش تەشریفی هات
بێ ڕەحمانە زەردم ئەکاو لەساتێکی نائومێدی ئەم وەرێنێ
ئێستا من گەڵانیم
خونچەگوڵێکم تەنها پەپولەیەک ڕۆژانە هاوڕێمە
باڵەکانی پڕن لەنەخشی وەفاداری و خۆشەویستی
پڕن لەئاوێزان و گیان پەرستی و خۆنەویستی
(۱۳)
ڕوخساری من تادوا پاییزی
تەمەن بەزەردی خۆی پیشانی
درەختێکی پیرە ساڵدا
سکاڵای هەڵوەرینی گەڵای تەمەنی
بردەلای و چرپانی بەگوێیدا
زۆر بەخێرایی ڕۆمانێکی
هەزاران ڕۆژی تەمەنی
بەبەرزترین لقی درەختێکدا
هەڵواسی سپاردی بەگەڵایەکو
پێی ڕاگەیاند ئەو چیرۆکە
بەخێرایی سنوری دارستانێک
ببەزێنێت تاهەموو گەڵاکان
لەگەڵ توندە بای پایزیدا
بەهەموو درەختەکان ڕاگەیەنێت
هەندێکیان زۆرقورس تێ گەیشتن
هەندێکیان بەبێ جوڵەی
توندە بایەک
کەووتنە لەرزین
ووتیان شەرمە پەراوێز کردن
(۱۴)
بڕۆ ئیتر بۆهەتایی
دووا ویستگەی شەمەندنەفەری خۆشەویستیم لەگەڵ تۆدا کۆتایی هات...
بڕۆ چیتر شەپۆلی حەزەکانت بانوقمی دەریای بێ بەزەییتم نەکات...
نا مەوێت جارێکیتر بێمەوە ڕێت و خۆم بکەمە قوربانی درۆیەکی ڕەشی خۆشەویستی...
نامەوێ بێمەوە ژێر ئەوسایەی کەبەدەیان پەپولەی سوری لەسێبەری نامرۆڤی دا لەبەر پێتا هەڵوەری...
نامەوێت جارێکی تر نمایشی ئەو شانۆیە ببینم کەچەندین حورمەی جوان کەنیشکی بۆ حەزێکی ڕوشاندووە...
بڕۆ ئیتر ئاهی ئێمە ڕۆژگارێ دێت بەوداخەوە ئەتسوتێنێ...
گەڵای سەوزی گیانێکی پیس
بەوەیشومەی ڕەشەبایەک ئەوەرێنێ...
تۆ دەزانیت من و ئەوان
بوینە قەزای قوربانیەک
لەعیشقێکی تەمسیلیدا سەربڕاوین...
وەکو جەفیەی ئەو خانمانەی لەئەنفالی نەگریسی ڕق
لەخاکی نائومێدی بێ ناو نیشان ڕفێندراووین...
(۱۵)
کەشتی تەمەنم بار هەڵگرێکی نەزانە
هەر ڕۆژەی خۆی دەدات بەکەناری
سەختیەکی ژیانەوە ئەو نازانێ کە
چەند دیوەخانی تەمەن دەڕوخێنێ
(۱۶)
هێشتا دڵو عەقڵم باوەڕم پێناهێنێت
کەتۆماڵ ئاوایی یەکجاریت کردبێ
لای من هەر منداڵە بچکۆلانەکەی جارانیت
کەدەستە پڕهیواکەتم دەگرت
پیاسەی کوچەو کۆڵانەکانم پێ دەکردی
ئەوکات تۆهێشتا ساوا بوویت
نەتدەزانی ڕۆژێ غوربەت لەژێر
ئاسمانی نیشتمانێکی بێ ئەمەلدا
دڵت دەتۆرێنێو بەرەو غوربەتی
یەکجاری دەتبا هۆۆۆ ئارامەکەم
ئارامەکەی نێو ماڵی غوربەتم
من لەکوێبووم بۆچی نەمتوانی
بێمو دەستە پڕهیواکەی جارانت بگرمو
نەهێڵم دەریای غەریبی دەریای
دڵ ڕەق هەناسەت لەبەرببڕێ
ئای جەرگەکەم نەتدەزانی سەدان
دڵ هەیە لەدڵی دایکت دەچێ
کڵپە دەکاو بۆسۆی بۆئاسمانی
(۱۷)
دەست پێکوو کۆتایی ژیانم
لێڕە دا هیچ مانایەکی نەماوە
تەنها کاتێک دەبینم
تاڵە سپیکانی پرچم
بیری ڕۆژانی گەنجیم
دەخاتەو یاد
کەمن لەنێوەندی یارییەکی
پێشبڕکێی ژیاندابووم
اخۆ مەرگ مەودا دەدات
براوەی پشووی تەمەن بم
(۱۸)
تەمەن هێندە بەدکارە لێناگەڕێت
کەمێک پشووی ڕۆح بدەین
کاتێک تەمەنت بەرەو پیری دەڕوات
ئەوکات دەزانی کەچەندە
ئازارومەینەتی ژیانت چەشتووە
خۆسەختیەکانی ژیانت کەس
هەستی پێناکات تائەوکاتەی
مەنزڵت بەرەو ماڵی دووهەم
بەڕێ دەکرێت
(۱۹)
[وەرین]
ئەم پایزە
لەوەرینی گەڵا سورباوەکان درەختەکانی کەژم ئەترسام
لەبارینی بارانی ڕەش و
لەتۆفانی زریانە شینەکان و لەڕاماڵینی چڵ و چێوی دەم ئەو جۆگایانەی ساڵانێکە رێچکەیان بەرەو خۆری هیوا گرتووە
ئەم پایزە
لەڕەشەبای شەو درەنگانێک ئەترسام
ڕۆحم لەبەردەم ڕوناکی مانگە شەوێکدا بەدەم هەڵ لەرزینی جەستەمەوە ڕەق بێتەوە
ئەترسام
لەفڕانی تارای زەردی سەرو کەزیەی خۆر ئاوابونی ئێوارەیک
ئەترسام
لەسوتانی باخەڵی گەرمی چرایەک
بەڵام پێچەوانەی ئەو خەیاڵانەی یەخەیان بەچاوەڕوانیم گرتبوو
ئەو خەمانەی منیان لەسۆزێکدا بێ بەزەییانە نائومێد کردبوو
(۲۰)
لێم گەڕێ
بـاتێر لەنیگای چاوەکانت وورد ببمەوە
دێڕو ووشەم لەجوانیتا
گەڵا گەڵا بیچنمەوە
لێم گەڕێ
ئەو دەمانەی دەگەیتە لام
ئارەزوومە
تێر لەژووانی ئەم ئەوینە
بتخەوێنم
بابۆ ساتێ لەم ژیانە ئازیزەکەم
مل بەژانی خەمم بێنم
ئەزانم تۆش؟لەلات وایە
تەنها منم بۆهاوڕازی
خەمی دووری و تەنهایی و دەست
خۆشت ئەوێم دەستت گرتووم بەبێ مەبەست
ئەم پارێزی لەجێی دڵی پڕ نیهانی خۆت دادناوم
لەلای منیش
بویتە چرای ڕوناکی شەو
بۆ تاریکی ڕێی هەنگاوم
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی