سەلام محەمەد
ماموستا "سەلام محەمەد ئەمین"، شاعیری ناسراوی دوورە وڵات لە ۲۱ تەمموزی ۱۹۵۴ زایەنی، لە شاری کەرکووکی دڵی کوردستان لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە شاری کەرکووک تەواو کردووە.
ماموستا "سەلام محەمەد ئەمین"، شاعیری ناسراوی دوورە وڵات لە ۲۱ تەمموزی ۱۹۵۴ زایەنی، لە شاری کەرکووکی دڵی کوردستان لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە شاری کەرکووک تەواو کردووە.
لە ساڵی ۱۹۷۸ دا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
مامۆستا سەلامی شاعیر، یەکێکە لەو چەند شاعیرەی لە سەرەتای ساڵانی حەفتادا گۆڕانکارییەکی تازەیان هێنایە ناو شیعری کوردییەوە.
شاعیر لەساڵی ۱۹۹۱ـەوە لە شاڕی واستیراسی وڵاتی سوید و نیشتەجێیە.
(۱)
من دڵم پێوە نەماوە
دڵم پارچە پارچە بووە
پارچەیەکی لە ناوەڕاستی حەفتاکان
هەرەسی هێنا شەهید بوو
...
پارچەیەکی لە هەڵەبجه بە بۆن کەوت و
بردیان بۆ خەستەخانەکانی ئێران
تا ئێستا نە خاچی سوور و
نە سەرۆکایەتی هەرێم
هیچ هەواڵێکی نازانن
...
پارچەیەکی لە بیابانی عەرعەردا
زیندەبەچاڵ کرا و هەرگیز
تەرمەکەی نادۆزرێتەوە
...
پارچەیەکی
ژنێک هەر بە گەنجی کوشتی
...
پارچەیەکی ژنێکی دی
بە ناز و فیزەوە بردی
...
پارچەیەکی لێ ماوەتەوە دڵی من
نەبادا ئەویش بفەوتێ
ژنەکەم خەریکە بیکات بە ئینجانە
بۆ گوڵە سوور سوورەکانی!
(۲)
[پڕشنگ]
ئەی پڕشنگی بچکۆلانە مەگری مەگری
خۆ ئەزانم گریان ئازاری مرۆڤه
گریان تووانەوەی کەونه
گریان تەقینەوەی زامە، بەڵام مەگری
کە تۆ ئەگریت: ئاسمان ئەگری، زەوی ئەگری
رووبار، دەریا، شاخ، گەردەلوول هەموو ئەگرین
شیعر، گەڵا، باران، شەفەق هەموو ئەگرین
کە تۆ ئەگریت ژیان سەما بۆ مەرگ ئەکات
مەرگیش سەما بۆ ژین ئەکات
ـ ئاخر دایکم کەی دێتەوە؟
ـ هەر دێتەوە...
ـ کەی؟ کەی؟
ـ لە جەژندا
جەژن هات و نەهاتەوە
هۆ ( پشە ) گیان
لە شەوانا دایکت ئەستێرەی سیوەیله
بە هەناسەی ئاگراوی پرچی رەشت شانە ئەکات
کە ئەخەویت پەنجەکانی
لای لایە بۆ ئاهو تاسەی شەوانی بێ نازیت ئەکەن
ماچەکانی وەکو رەوە کۆتری شین
بە سەر سووڕمەی زەردەوەبووی گۆناتەوە ئەنیشنەوە
ـ هۆ دایە گیان
لە ناو تۆڕی زەردەپەڕا گشت ئێوارەیەک ئەتبینم
خامۆش و بێدەنگ و ماتی
ئەگەر لە پایزی خەمگین پایزتر نیت بۆ نەهاتی
جەژن هات و تۆ نەهاتی
بۆ نازانی من چاوەڕێم
بۆ نازانی لە دەموچاوی پڕ سۆزی گشت دایکێکدا
بۆت ئەگەڕێم
بۆ نازانی مناڵان پێم ئەڵێن ( هەتیو )
ـ رۆڵە دایکی گشت منداڵێک دایکی تۆشه
ـ نا نا بۆنی هەناسەت ئەناسم
ئەگەر نەیەی چاوەڕوانیم ئەتەقێتەوە
ئەگریم و ئەگریم و ئەگریم
هەتا سروشت لە ناو دۆزەخی فرمێسکا ئەتوێتەوە
...
دایک نەهات
جەژن هات و جەژن رۆیی
چاوی خەواڵو تروکا
گوڵ چرۆی کرد، گوڵ هەڵوەری...
زستان
بەهار
هاوین هات و دایک نەهات
(۳)
وەک تریفەی
مانگەشەوێکی هاوینان
بە سەر روومەتی ئاوێنەی
جۆگەلەیەکی ساردەوە
جار جار لە خەودا دەتبینم
کە بەیانی چاو هەڵدێنم
تریفە و جۆگەلە دیار نین
تەنانەت خەونەکانیشیان
لە گەڵ خۆیاندا بردووە
بۆ دیوی دووەمی دونیا
چەندە رەقە دڵی دونیا
کە جێگای نەرمە خەونیشی تیا نەماوە
(۴)
نزیکەی چواردە ملیار ساڵە ( کات و شوێن )
پێکەوە لەدایکبوون
رەنگە دە ئەوەندەی تریش، بەردەوام بن
کەس نازانێ تەنانەت زانستیش
لە ناو ئەو هەموو ملیارەدا تەمەنی مرۆڤ
لە چرکەیەکیش کەمترە
پێش هاتنمان ملیارەها ساڵ خەوتبووین
دوای کۆچی ماڵئاواییشمان
دەبینەوە بە پارچەیەک لە هیچە گەورەکەی جاران
کە مەوداکەی دوور دوور و بێ کۆتاییه
ئیتر بۆچی لێم دەپرسی:
ئەرێ لە مردن ناترسی؟
(۵)
خودا هەموو شتێک دەزانێ،
دەزانێ کەی لەدایک دەبین،
کەی دەمرین و بە چی دەمرین.
خودا ژمارەی گەڵای درەختەکانی دنیا دەزانێ
ژمارەی دەنکە قومی بیابانەکانی جیهان دەزانێ
دەزانێ چەند ماسی لە رووبار و دەریا و ئۆقیانووسدایە
دەزانێ چەند ملیار هەسارە هەن،
چەند گەردوونی تریش هەبوون یا هەن
شارەزای بست بە بستی دیار و نادیارە
هەموو رازێک دەزانێ خودا
تاقە شتێک کە نایزانێ:
ئان و ساتی سەربەخۆیی کوردستانە !
(۷)
جارێ زووە
هێشتا کاتی ئەو کۆچە بێ سەروشوێنە
نەهاتووە
هێشتا دوو فڕم نەداوە
لەم پەرداخە کریستاڵە نیوە پڕە و
دڵم ئۆخەی نەکردووە
ئەوەتەی هەم بە بەلەمی تەمەنێکی
هەنجن هەنجن و سەرێکی شەکەتەوە
سیزیفانە، لە ناو ئاوی ئۆقیانووسدا
سەوڵ لێدەدەم و هێشتا
نەگەیشتووم بە کەنارێکی ئاسوودە و
نیشتیمانێکی دڵنیا
جارێ زووە
زؤر زؤر زووه
ترست نەبێ چاوی چاوم
هێشتا کاتی
ئەو کۆچە بێ سەروشوێنە نەهاتووە
(۸)
نیشتیمان سمۆرەیەکی زیتەڵەی داماوە
کەوتۆتە ناو بازنەی چڕنووکی
دڕندەی جۆراوجۆری هار و برسی
خەریکە تووکی پێوە نامێنی
خەریکە لە ترسا زەندەقی بچێت
خەریکە لە ماڵی خۆی بێزار بێ و
سەری بۆ ناو سکی دایکی هەڵگرێ
کە ساڵانی شؤڕش لە شاخدا
خەونی بە ئازادی و ئاسوودەییەوە دەبینی
نیشتیمان لە من غەریبترە
ئیدی چۆن لە رووم دێ بە خۆم بڵێم غەریب!!
(۹)
لەدەریای غەم
گڕی پشکۆی بیرەوەریم ئەشواتەوە
نەبزەیەکی هەتاوی بەرەبەیان
ئاوڕ لە خۆزگەی ساڵانی ئاوارەییم ئەداتەوە
وێڵ وسەرگەردانە هەستم
گیانە لەیلا
هاوڕێی ڕۆژانی هەڵبەستم
سووتام و سووتام و سووتام
کەچی هەردووکەڵی سادەی مۆمی چاوەکانی تۆ بووم
دەسا گیانه
دواپەرداخی ئەم زستانە بدە دەستم
چی لەو ئاوازە خۆشترە
کاتێ دەڵێم:
ئۆخەی کە ئیمشەویش مەستم.
(۱۰)
دارستانێک بەرامبەرمانە، لە ژمارە نایەت
سەعات بە سەعات
چەندان گەڵای زەردەوەبووی
لێ بەردەبێتەوە
وردە وردە چڵ و پۆپی درەختەکان
هیچیان لە بەردا نامێنێت،
رووت و قووت وەک ئادەم و حەوا
پێش ئەوەی لە بەهەشت دەربکرێن
رەنگە نەگاتە مانگێکی دیکە بەفر دایانپۆشێت
هێشتا هەندێک لە گەڵاکان هەڵنەوەریون
بە دەم باو بارانەوە
دەلەرێنەوە و دەبریسکێنەوە
هاکا ئەوانیش لە ناز و فیز بکەون و
لە ناو خەرمانە گەڵای سەر زەویدا
بێباکانە راکشێن، رەشەبایش بێباکانەتر
هەڵیان دەگرێت، بە دار و بەردیاندا دەدات
مرۆڤیش ئاوایە، بەڵام وەک حەشری گەڵاکان
هەموویان پێکەوە نامرن
لێرە و لەوێ، بە بەردەوامی
یەکێک دوا ماڵئاوایی دەکات و
لە ژێر گڵدا دەنێژرێت
زۆر نابات ئەو کرمانەی لە لاشەکەوە
پەیدا دەبن، هەر خۆیان لاشەکە دەخۆن
من ئەو جۆرە کرمە هار و هاجەم دیوە
چۆن لە درزی دارەمەیتێکەوە دەردەچوون
وەک ئەوەی قورمیش کرابن، بە پەله
لە درزێکی دیکەوە دەچوونە ژوورەوە
بەڵام خۆ مردن هەر مردنە
ئەگەر کرم بیخوات یا بسووتێنرێت
یا ببێت بە خۆراکی ماسی و نەهەنگ
ئەو مۆمەی کە دەکوژێتەوە
تەنیا و تەنیا ئەو کەسە خۆی
تاریکایی سەرتاسەریی دایدەپۆشێت و
ئیتر هەتا هەتایە چاوی بە روناکی ناکەوێت
نازانێت تام و بۆن چین!
سەر دەنێتە سەر خۆڵ و بەردی عەدەم
ئاگای لە هیچ نامێنێت
تاقە خەوێکی ئەبەدیە بێ بێداربوونەوە
جار جار، هێشتا
ئەو خەوە تاڵ و رەقەم پێ ئارامترە
لە ژیانێک بووە بە مەزادخانەی
لۆکەی هه ستى رەنگاوڕەنگ
(۱۱)
ئاوی بادەی مەحاڵم نۆش کردووە بۆیه
تا دوا چرکەی تەمەنم
شێتانە خاچی ئازاری ئینسان هەڵدەگرم
مەست مەست هەمیشە بە هیوای دیدار رێ دەکەم
هێشتا چەند قەترەیەک فرمێسکی تیا ماوە
پەرداخی ژیان
(۱۲)
[ههبوو نهبوو (رهشنووسى کؤن)]
دڵێکم هەبوو، جوان وەک گوڵ
پاک و ساف وەک ئاوی کانی
دایانە بەر خەنجەری تیژ
لە چوار پێنج قۆڵەوە
بە خەستی زامدار کرا دڵەکەم
خۆی ئاسایی
لە سەر کوورەی جەهەننەمی رۆژگار
دەسووتا و هەڵدەقرچا
چ پێویستییەکی بەم ئاگر و نوکە رمانە نەبوو
هاوار بۆ دڵە تەنیاکەم
کە بە درێژایی ژیان وەک چرای تەڵخی
ماڵە هەژارێک پرتە پرتی پێکەوتبوو
بەڵام بێ ئومێدیش نەبوو
گوێم لێبوو بەیانیان و ئێواران دەیگووت:
من لە چاوەڕوانیدام کەواتە من هەم
ئەوەی چاوەڕوان بێت
هەمیشە پڕە لە خەون و ئاواتی جۆراوجۆر
هەمیشە تامەزرۆی جامێ ئاوی ساردە
تینوویەتی بیابانی هەناوی بشکێنێت
ئای کە رەق و بێ بەزەییە دونیا
پڕە لە شووشەی شکاوی
پەنجەرەکانی ماڵی دادگا
پڕە لە نەفرەت و رشانەوەی رەش
بە بەر چاوی خۆمەوە دڵیان کوشتم
بە نهێنی لە جەنازەی دڵی خۆمدا
ئامادە بووم
هەر بە دەستی خۆمیش
لە دارستانێکی دووری لاڕێدا
قەبرێکی بچکۆلەم بۆ هەڵکەند
بە گەڵا و چیلکەدار دامپۆشی
بێجگە لە سەلام محەمەد
کەسی دی نازانێ
گؤڕی ئەو دڵە غەریبە لە کوێیە
کە بەر لە ناشتنی بە چەند چرکەیەک
بە چرپەوە وتی:
ئەگەر رۆژی حەشر هەبێت ( کە بەداخەوە نییە )، ئەوسا لەوێ
لەو رۆژەدا
راستییەکان و درۆکان
لە سەر تەنافی پردە سیراتەکەی خودا هەڵدەخەم
کز کز، بێ دڵ گەڕامەوە بۆ ماڵ
لە کتێبدا خوێندوومەتەوە
ئەوەی دڵی دەکوژرێت
مێشکی جێگای دەگرێتەوە
بەڵام من زیندانییەکم بە ژیان حوکم دراوم
دەبێ تا ئەو ساتەی روحم لە جەستەم جیادەبێتەوە
بەڵگەشم نییە کە روح هەیە یا نا
هەناسە بکێشم و خۆش یا ناخۆش، بیگوزەرێنم
رۆژێک دێت بە دیداری ئەو دڵە شەهیدە
شاد دەبمەوە
دەیخەمەوە شوێنە چۆڵەکەی خۆی
پێکەوە وەک پۆلە پەپوولە هەڵدەفڕین
وەک رەوە مامز
مەست مەست و بەختەوەر
غار غارێن دەکەین
بە ناو باخە رەنگاوڕەنگ و
بێ رەنگەکانی دوای مردن
کە ناوی لێنراوە قۆناخی ( بەرزەخ )
(۱۳)
نووسین وەک خوویەکی گەورەی
خۆش و ناخۆش
جار جار سەردانیم دەکات و
منیش لەوسەری دێمەوە:
نە بیر، نە خەیاڵ، نە زمان
نە شیعر و چیرۆک و رۆمان
فریای دەربڕین ناکەون
ئەوەی کە دەریشی دەبڕم
قەترەیەکە لە بارانە بەخوڕەکەی
شەوانی جارانی کەرکووک
چی بنووسم؟ چۆن بینووسم؟؟
بورکانێکی هاروهاج لە نێو دڵمدا
بەرپا دەبێت
بە چوار دەورا شەپۆل دەدات و پڕیشکی
ئاگردانی زامە نەبینراوەکانم
دەگاتە قووڵایی ئاسمان
چش با هەزار ئەوەندەی دی
چاوکراوە و شارەزا بی
هێشتا دەربڕین لە کونی
دەرزییەکی بچکۆلانە، باریکتر و تەسکترە
چۆن دەست پێبکەیت و بە چی
کۆتایی پێ بهێنیت و
لە ناخەوە بڵێی ئۆخەی؟
تازە چی دەبێ با ببێ
ئەم شەمەنەفەرە کوێرە
بە من و تۆ راناوەستێ
کافکا وتەنی ئەوەی کە دەیشینووسم
هەرگیز هەرگیز ئەوە نییە
کە خۆم دەمەوێ بینووسم
جار جار بێدەنگی خۆشتر و ئارامترە
(۱۴)
[هەبوو نەبوو]
نازانم نیگەرانییە یا جۆرێکه
لە پەشۆکان و خەمگینی
کاتێ پێکەنین و گریان بە یەکەوە
مەملەکەتی هەموو خانە و شانەکانی
هەستەکانمان جێدەهێڵن و
ئەوەندە دوور دەکەونەوە
شوێنەواریشیان دیار نییە
نە قاقای پێکەنینێکی پاک و بێگەرد
لە دڵەوە هەڵدەقوڵێ
نە هەنسکە هەنسکی گەرم
موچڕک ئاسا، کارەبایی و موگناتیسی
تەزوو به ناخى ناخماندا دەهێنێت و گریانێکی
دروست نەکراوی سروشتی
دەخوڵقێنێت
چ بارێکی ئینسانی سادە و ئاڵۆزە
کە نەتوانی پێکەنیت یا بە کوڵ بگریت
جاران ، دەک لە بەرت مرم جاران
رۆیشت و ناگەڕێتەوە
جاران بە مەستی و بەدمەستی
دەرەقەتی ئەم دڵ گوشرانە دەهاتم
دەمخواردەوە تا ئەو ساتەی
دەستم نەدەگەیشتە پێکی نیوە پڕم
لە داخی شەیتان و خودا
لە داخی مردن و ژیان
خۆم لە پەلوپۆ دەکەوتم
ئیتر نایەتەوە بیرم چۆن دەخەوتم
بەڵام دڵنیام خەوێکی موبارەک و ئاسمانی بوو
چونکە لەو جۆرە کاتەدا
خودا و شەیتان و ژیان و تەنانەت ئیزرائیلیش
هەموویان دەهاتنە خەونم
یاری چاوشارکێمان دەکرد
ئای بۆ مەستی و بادەنۆشینی پیرۆزی
جاری جاران
چۆن ئاو بە ئاگردا بکەی
ئاوا ژیلەمۆی نێو ناخی
سوورهەڵگەڕاوی هەموومان
بە دەم دووکەڵێکی تەڕی
نیوە رەش و نیوە سپی
قرچەقرچی پێدەکەوت و دەکوژایەوە
بە چزە چز دەوروبەری پڕ دەکرد لە
بۆنی شیعرە نەنووسراو و سووتاوەکان
ئێستا بادە تامی جارانی نەماوە
دەڵێی سیحری لێ کراوە
لە دوای یەک دوو بیرەی یەکەم
دەستم دەگرێ و
دەمبات بۆ ناو شووشەی عەدەم
لەوێش نە پێکەنین هەیە
نە گریان و فرمێسکی چاو
لە نێو ئەم شووشە گەرمەدا
هەستێکی وا دەمهەژێنێت
بیری ئاوی ناو کووپەکەی جاران دەکەم
کە بۆ خەیرات لە جادەکاندا دادەنران
ئەو ئاوە لە بادەی شووشەی
رەنگاوڕەنگ و جۆراوجۆری ئەم رۆژگارە
خۆشتر و بە نەشئەتر بوو
بیری بۆنی ئەو تەقیلە قنجەیش دەکەم
کە بە پەتێک یا زنجیرێکی شل و شاو
دەخرایە قەد کووپەکەوە
رۆژانە دەیان و سەدان تینووی رێبوار
ئاویان تیادا دەخواردەوە
ئەوسا نە کۆرۆنا هەبوو
نە نیشتیمانی فرۆشراو
نە مۆدێلی رەزا قورس و بێ ویژدانی
تازەی ئینسان
ئای بۆ جاران
ئەویشمان چوو
ئەویش بوو بە هەبوو نەبوو
(۱۵)
سادە و ساکار
وەک مناڵێک لە باخچەی ساوایانى شار
باسی سەرە پەرش و بڵاوەکەم دەکەم،
کە پارچەیەکی پەنجا ساڵ زیاترە
بیر لە ژیان و مردن دەکاتەوە و
لە جێگای خۆیدا چەقیوە،
نە دەتوانێت بۆ دوواوە بگەڕێتەوە و
لەدایک نەبێت
نە پێشدەکەوێت و رازی مردنی
پێ ئاشکرا دەکرێت
پارچەیەکی دیکەی لە ناو دەریای کتێبدا ونبووە
سەد کتێب زیاترم خستۆتە لاوە بیانخوێنمەوە
خەریکە تۆز و خۆڵیان لێدەنیشێت
پارچەیەکی ئەم سەرە نەگبەتەم
بەردەوام کەوتۆتە بەر مەرحەمەتی
نەشتەرگەری و داودەرمانی رۆژگارەوە
پارچەیەکی بووە بە تۆپی فتبۆڵێنی
کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی
پارچەیەکی دیکەی، چوار پێنج مەتری
ناو ماڵەکەی خۆی نابینێت و
هەمیشە خەریکی گەردوون و ئەو هەسارانەیه
ملیارەها ساڵ بە خێرایی تیشکی رۆژ
لێمانەوە دوورن
پارچە گەورەکەیشی کە سەربەخۆیی نیشتیمان بوو
بە هۆی شەڕەقۆچی حیزبە کەڵەگاکانەوە لەناوچوو
دەیان و سەدان پارچەی تر
وەک وردە مێروولەی شووشەیی لە ژێر پێستی جەستەمدا
جار جار دەمورووژێنن و
جار جاریش ئاگردانەکانی ناخم دەگەشێننەوە
چەندە گەورەیە سەری من
بەرگەی ژانی رەنگاوڕەنگی گرتووە و
هێشتا پێم دەڵێ:
تا لە پێ نەکەوتووی بڕۆ
هەموو شتە ناشیرینەکان و
کەسە ناشیرینەکان و
رووداوە ناشیرینەکان بە گژوگیای سەوزی
لەبیرچوونەوە داپۆشە
رەنگە رۆژێک بێت گوڵی جوان بگرن
تا لە پێ نەکەوتووی وردتر و قووڵتر
باوەش بۆ سروشت بگرەوە
کە رۆژێک لە رۆژان شاهەنشای سەر زەوی بوو
(۱۶)
پەلەم نییە ئەی خودا جوانەکەم هەرگیز
پەلەم نییە
بێگومان تۆیش
بە درێژایی بوونی مێژووی ئەبەدییەت
کە نە سەرەتاکەی دیارە نە کۆتایی
پەلەت نەبووە و نیتە و ناتبێ
تۆ هەزاران ملیار ساڵ و
چرکەیەکت بە لاوە وەکو یەک وایە
منیش لەوسەری دێمەوە
ژیان سەرنجم راناکێشێت
هەر هەمووی پووش و پەڵاشە
هەموومان بۆنی ئەو پووش و پەڵاشەمان
لێ نیشتووە
بەڵام کەسمان
بە تایبەتی من، کە سنگم
کەوتۆتە بەر بۆردومانی شێرپەنجەی هار
پەلەم نییە
ئەگەر چرکەیەک بە ساڵێک بجوڵێتەوە
پەلەم نییە و پەلە ناکەم
من دڵنیام ئەوەندە دڵڕەقە ژیان
هێشتا ئاسن نەرمترە
بەڵام تۆ خۆت هەر خۆت و بەس
لە زمانی چرپە چرپی بەیانیان و
گرمە گرمی هەوری ئێواران تێدەگەیت
خۆ تۆ نە ئێستا نە دوێنێ و نە سبەینێ
پەلەت نەبووە و نیتە و ناتبێ
ئیتر کات تەنیا بۆ من و ئینسانە مەییوەکانە
کە ساڵ لە دوای ساڵ هەموومان
بووین بە شاخی سەهۆڵبەندان
بۆیە هەرگیز پەلەم نییە جارێ بمرم
بەڵکو پەلەمە خوداکەم
لە پڕێکدا ئەم بەستەڵەکی تەمەنە
بتوێتەوە و کڵپە بدەم و گڕ بگرم.
(۱۷)
کەسمان بە ئارەزووی خۆمان نەهاتووین و هەموومان نوتفەی شەهوەتی،
شەویک لە شەوان، یا رۆژێک لە رۆژان، یا ساتێک لە ساتە گەرم و تامەزرۆ شاراوەکانی غەریزەی جوتبوونی باوکان و دایکانین،
ئێمە کە لە دایک دەبین
لە کۆیلەیەکی ئاسایی کۆیلەترین
بێ بەرین لە هەموو مافێکی هەڵبژاردن بۆ نموونە: مافی زمان، نەتەوە، ئایین، نیشتیمان، جۆری روخسارمان، رەنگی چاومان، باڵامان، تەنانەت ئاستی زیرەکی و تێگەیشتن و دەنگ و چوزانم... زۆر زۆر شتی تر
وەک پارچە کوتاڵێکی هەرزان یا گرانبەها
وەک کەسێکی جوان یا ناشیرین
وەک سەربازێک، هەر یەکە و بە چەکێکەوە
فڕێمان دەدەنە مەیدانی شەڕەوە
کەسیشمان بە ئارەزووی خۆمان
مەیدانی شەڕ جێناهێڵین
یا دەکوژرێین یا دەکوژین یا... یا...
ژیان هەرچەندە، دیوێکی سەهۆڵبەندان و
دیوەکەی تری سەراب و بیابانە
بەشی خۆی ئێجگار منجڕ و
رەنگاوڕەنگ و بەتەماحە
بۆیە کەسمان بە تەواوی لە دڵەوە
تێرنابین و ناکشێینەوە و ناڵێین بە زیاد بێت!
تا دیسان لە پڕێکدا بێ ویستی خۆمان
نازانین چۆن؟ بۆچی؟ کەی؟ یا لە کوێ؟
ئەم کورتەچیرۆکەی تەمەن کۆتایی دێ!
(۱۸)
[سیمفۆنیای هەنسکی بوون]
ئەمە نە شیعرە، نە پەخشانە نە کورتە چیرۆکە
بە ئارەزووی خۆت ناوێکی بۆ هەڵبژێرە
حەز دەکەی ناوی بنێ پێکەنینی گریان
یا گریانی پێکەنین
یا رەنگە تاڵەموویەکی سپی بێت
لە نێوان پێکەنین و گریاندا
یا شیوەنی گریان
کە لە فەرهەنگە داتاشراوەکاندا رەگی زمانەوانی نییە
یەکێکە لە نهێنیەکانی دڵە نەبینراوەکەم
وەک بەلەمێکی سوور
بە ناو خوێنی دەمارەکانمدا دەخولێتەوە
بە هەنسکە هەنسک دەست پێدەکات و
بە گریانێکی غەریب کۆتایی دێت
قوڵپەقوڵپ ناخم داگیردەکات
حەز دەکەم بە ئاشکرا بە بەر چاوی خەڵکەوە بگریم
تێر تێر بگریم
بۆچی؟ نازانم
تەنیا ئەوەندە دەزانم بارێکی مرۆڤانەی
تەواو پاک و خاوێنە و پەیوەندی بە موزیکەوە هەیە
لە دەرەوەی کات و شوێندا
کە هات ناگەڕێتەوە
هەنسکەکانیش قووت بدەم دەمم پڕ دەبێت
لە بای تاڵ
تا تاوێک نەگریم دڵەکەم دانامڕکێت و
هەنسکی خنکاو زیڕەم لێ هەڵدەستێنێت
توانایەکی لەرادەبەدەر بەکار دەهێنم پێمەوە دیار نەبێت و
خەڵکی بە شێتم تێنەگەن، بەڵام
دەزانم کە هات گەڕانەوەی بۆ نییە
بۆ جێگایەکی چۆڵ دەگەڕێم
تا هەردوو چاوم پڕ دەبن لە ئاو
بۆ کێ دەگریم؟ بۆچی دەگریم نازانم
لە زمانی ئەم هەنسکە خەمگین و شادمانە تێناگەم
جار هەیە لە ساڵێکدا یەک دوو جار
لە پڕێکدا گەمارۆم دەدات
یا رێکەوتووە مانگانە سەردانی کردووم
لەم هەستە نامۆیە تێناگەم
بەڵام دەزانم پەیوەندی بە موزیکەوە هەیە
بە بێ گوێدانە ئەوەی موزیکی کوردیە
یا ژێی کەمانی هەندەرانە
بە دەم گۆرانی و ئاوازی نزیک لە روحم
یا رووت رووت تەنیا موزیک و بەس، هیچی لەبەردا نییە
ئەگەر رۆژێک بتوانم ئەو هەستە
دەستەمۆ بکەم و بیکەم بە شیعر
ناوی دەنێم: سیمفۆنیای هەنسکی بوون.
(۱۹)
لەم دوو ساڵەی دوواییدا
زیاتر لە جارێک و دووان
تەواو تەواو لە مردن نزیک کەوتوومەتەوە
چیدی لە کەس ناپرسم: پەرجوو یانی چی؟
بە چاوی خۆم بینیم، کۆمەڵێک هۆ
بە رێکەوت، تەنها رێکەوت و بەس
نەک پلان و نەخشەکێشان، دەردەکەون و
بارێکی غەریب و سەرسووڕێنەر دەخوڵقێنن
وا بۆ حەفتا ساڵ دەچێت هاتوومە ژیانەوە
ئەگەر بیشمردمایە ئەوەی دیم و نەمدیت
هەر ئەوەیە،
خۆر هیچی تازەی پێ نەماوە نیشانمانی بدات
بێجگە لە دووبارەبوونەوە و هەزاربارەبوونەوە
چونکە کەسیش مردنی بە چاوی خۆی نەدیوە
ئەگەر سەرانسەری تەمەنی لە زینداندا
بەسەر بەرێت، هێشتا هەر ژیان خۆشترە
هەموو ئەوانەی کە لە پێناوی خاکدا
شەهید بوون وەک شەهیدەکانی الطاهر وطار
بگەڕێنەوە و چاویان بەو هەموو دڕک و داڵە بکەوێت
کە بە خوێنی ئەوان ئاودران و شین بوون
ئەمجارەیان رێگای شەهیدبوون ناگرنە بەر
تەنانەت هەموو ئەوانەی بە دەستی خۆیان
کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا
ئەوانیش لە جیاتی خۆکوشتن
رێگایەکی دیکەیان هەڵدەبژارد
نزیکەی حەفتا ساڵی تەمەنی رابردووم،
یا بابردووم
وەک حەفتا دەقیقە و کەمتریش دێنە بەرچاوم
لەو ساتە خەمناک و ناخۆشانەدا
بیر لە هەموو شتێک دەکەمەوە هەروەها هیچیش
دەمهێنا و دەمبرد
وەسیەتنامەی چی و پرسەی چی؟
چما هێندە فیلمێکی خۆشبوو
بە ئاهەنگ و شیوەن کۆتایی پێ بهێنرێت
یا وەک شێرکۆ بێکەس داوا بکەم
لە گەورەترین پارکی جیهاندا بنێژرێم؟
خۆی ئەم ژیانە ژانەسەرە
لە ژوورێکی تەنگەبەریش بچووکترە
دوو دەرگای هەبێت
لەمیانەوە بە دەم گریانەوە دەچینە ژوورەوە
لەوەکەی تریشیان هەر یەکێک و
بە شێوەیەکی تایبەت بە خۆیەوە ئاوا دەبێت
ئەگەر من بە ئارەزووی خۆم بایە
حەزم دەکرد لاشەکەم بدرێت بە ناسا
بەڵکو رۆژێک دەیخەنە ساروخێکەوە و
بۆ یەکێک لەو ملیارەها چاڵە رەشانەی گەردوون
رەوانەیان دەکرد و دەبوو بە پارچەیەکی راستەقینە
لە نەبوون
هەتا هەتایە پەیوەندی بەو زەمینەوە نەدەما
شەو و رۆژ لە ناو گوناهی خوێناویدا
نوقم بووە
خۆی هیچ، دوور بێت یا نزیک هەر هیچە
بەڵام من ئەو جۆرە نەبوونەم
پێ باشتر و خۆشترە
لە بوونێک دەق وەکو گوێزی پووک وایە.
(۲۰)
هێشتا منداڵ بووم کە تۆم ناسی و خۆشم ویستی
دەیانگوت ماڵت لە ئاسمانە بۆیە هەمیشە تا درەنگانێ
تەماشای ئەستێرە دوورە بێ ژمارەکانم دەکرد
چاوەڕێ بووم لە پڕێکدا دەرکەویت
بێجگە لە سەرت جەستەتم
وەک جەستەی بنیادەمێک دەبینی
کە جلی ئاورێشمینی سپی و
تریفەییت پۆشیبوو
نە هاتیت و نە دەرکەوتیت
تا گەورەتر دەبووم خولیای ناسینی تۆیش
فراوانتر دەبوو
شاران و وڵاتان گەڕام بە دیدارت شاد نەبووم
باوکم دەیگوت : ئەگەر بە وردی قورئان بخوێنیتەوە
لەوێ شارەزای دەبیت و بە چاوی روح دەیبینیت
رەنگە دە جاران قورئانم خەتم کردبێت
وەک دەڕراخەکانی سەردەمی پێغەمبەر
چەند سوورەتێکی درێژم بە تەواوی ئەزبەر بوو
بەڵام تۆ هەر نەهاتیت و هەر دەرنەکەوتیت
پرسیارەکان زۆرتر دەبوون
وەڵامەکانیش کەمتر و کەمتر و کەمتر
وام لێهاتووە جار جار
لە دارستانێکی چۆڵ و چڕ و سامناکدا
بە تەواوی هێزەوە بانگت دەکەم:
لە کوێی ئەی خودا جوانەکەم تۆ لە کوێی؟
تەنیا گوێم لە دەنگدانەوەی خۆمە:
لە کوێی ئەی خودا جوانەکەم تۆ لە کوێی؟
چۆلەکەیک لەولاوە دەجریوێنێ
با ورشەی دێ و رەوە قاز و قوڵینگێک
بە نەزمێکی جوان و دڵگیر بەرەو باکور کۆچ دەکەن
من نە لە زمانی با و نە لە جریوەی چۆلەکە تێدەگەم
نە وەک حەزرەتی سڵێمان راز و نیازی
قاز و قوڵینگان دەخوێنمەوە!
من هیچ نازانم و سەرم لە هیچ دەرناچێ
تەنانەت توانای دوو دێڕە شیعریشم نەماوە
بیانکەم بە گوڵ و بیاندەم لە یەخەی یار
تۆ لە کوێی ئەی خودا جوانەکەم؟
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی