دو شعر از ایمان یادآور
چەند شیعر لە خاتوون "ئیمان یادەوەر" شاعیری هاوچەرخی کورد
■ چەند شیعر لە خاتوون "ئیمان یادەوەر" شاعیری هاوچەرخی کورد
(۱)
[پڕم لە هیچ]
شەونییە یەک دونیا مەراق لەگەڵ خۆمدا نەخەوێنم
پێم دەڵێن: بیرمەکەرەوە
کەچی بیر لە بیرنەکردنەوەش دەکەمەوە
هێند، پڕبوومە لە هیچ
ئیتر پووچیش جێی منی تیانابێتەوە
دەمەوێت لەبارەی بێکەسی یەوە بدووێم
ڕوخسارێک نابینمەوە بێدەنگیم بشێوێنێت
هەموویان یەک پارچە
تابلۆی نیگەرانی و بێتاقەتیم پیشان دەدەن
پێنووسەکان لێرە بۆ مەرگ نووسینەوە دەژین
ئێمەش بۆ ژان.
ئێمە بەڵێنمان داوە بە کاڵکردنەوەی جوانیەکان ڕابگەین
ڕۆژ نیە گوڵێک بەدەستی پاسەوانەکانەوە سەرنەبڕدرێت
ئااای!! لە ئێمە چەندە بلیمەتین
بۆ بریندارکردنی پەپولەی خۆشەویستی
چەنده ترسنۆکین بۆ ژیانکردن
پێم بڵێ: ئەرێ چی دەزانین جگەلە
خوێکردن بە برینەکانی یەکتریدا
جگەلە کوژاندنەوەی چرایەکانی،
سەر ڕێگەی یەکتر؟
نا تۆپێم بڵێ: کەی بوو کۆتاجار پێکەنین؟
پێم وانیە بیرت بێت!!
ئیتر وای لێهاتووە هەموومان
شەڕبەتەنهایی بفرۆشین و
دەوار لەناو باخچەکانی غرووردا هەڵدەین
(۲)
[لێگەڕێ باهەروابین]
بۆ گەیشتن بە دڵێکی میهرەبان
دەبێت
دەیان دەستی نامەرد بگووشیت
تەوقەی سەدان بەرژەوەندی خواز تێپەڕێنیت
بزماری سەد ڕێگات لەپێ ڕاچێت
لێم مەپرسە دەردت چییە؟
(تەنیایی و هەزار عەیب)
دەردێک و هەزار دەرمانی ساختە
گۆرانیەک و کولانەوەی هەزار برین
خۆزگەیەک و هەزار چاوەڕوانی
هاوڕێیەک و هەزار دڵشکان
خەندەیەک و هەزار گریان
ژیانێک و سەدەیەک مردن
سەختتر بڵێم
ئیتر حەوسەڵەی دەرده دڵیشت نەمێنێت
کلیلی ناوەوەت ئێوارانێک لەسەر دیواری
باخچەیەک جێ دێڵیت
ئیتر دەرگەی دڵت لەهەمووان دادەخەیت
چونکە تۆ گەیشتووی بەجێگەیەک
دەبینیت،
نە دڵێک ماوە گوێت بۆ بگرێت، نەدەردێک هەیە لەحیکایەتی تۆ بچێت
سەختریش لەمە جێ هشتی ئەو هاوارانەی
دەیکوتن بەهەزرتا
وەکوو ژەهر بە دەمارەکانی لاشەتا دەڕژێت
گەڕانەوەت بۆ ژیانە جەنجاڵەکەی دەورت
یەکەم شت بیرت بکەوێتەوە
خۆڵەمێشی دڵی دایکت، کە لەمێژە
لەپشتی کوپێک چای ئێوارانەوە
گوێت بۆ دەنگی هەناسەی نەگرتووە
پیری وەکوو باڵندەیەکی شووم هات و
لەسەر دەستەکانی نیشتەوە
تا چاومان کردەوە
قژی سپی کرد و لۆچی خستە گۆشەی
چاوەکانی
هەر لۆچێک بوو بەخەنجەرێکی کول
بۆ بڕینی جەرگمان
تەمێک لەسەر شانی چەپی باوکتە
لەناو ئەم هەموو ئازارە
بۆنی مردنی لێ دێت
دەنگی مردن
هێڵێکی ڕەشی ناحەزی لا وێنە
وەک جاددەیەکی ڕەشی تازە دروستکراوی قیڕی گەرم
دڵ و ڕۆحمان دەسوتێنێت
چەند سەختە
لە ڕۆژێگارێکی بەستەڵەک و ساردوسڕدا،
شتێک لەناوەوەت بکوڵێت
خراپتر بڵێم
کەس برینی ئەو سوتانە نەبینێت
ڕەنگی جلوبەرگ و سپێتی ددانەکانت
فریوویان بدات
چاوەڕێبن ساتێک دڵخۆشبیت و
تانە لە بێ باکییت بدەن.
یانی چی ئەوانەی پێیان دەڵێین دۆست!
ژەهری ئیرەییان نەهێڵێت شەوێک
بەئاسوودەیی سەرت بخەیتە سەر سەرین؟
تۆ بمبورە ئەمەت پێ دەڵێم
بۆ ئەوەی نەبینە قەقنەس نەچارین ئیتر
ئومێدەکانمان لەپشتی دیوارێکی بەردینەوە بشارینەوە
بە نهێنی دڵخۆشبین و خۆشەویستی بکەین
ئاخر !! مرۆڤ ترسناکە ترسناک
تۆ بیستووتە پشیلەیەک بیری لە تاوان کردبێتەوە؟
پێم وانیە ئازیزم
هیچ ئاژەڵێک ئەوەندەی مرۆڤ پەلاماری ژیانی نەداوە
خۆ ئێمە لەم زبڵدانەی تەمەنمان
تاڵی تێئەپەڕێنین، ژەهر دەچنینەوە
تاڵی
وەکوو پاڵەوانێکی دۆڕاوی ناو ئەفسانە جەنگیەکان
خۆمان شمشێر و هەرخۆشمان سەربازێکی
بریندارین
هەندێک جار دەڵێم:
خۆزگە زەوی ڕۆژێک بەتوندی دەپژمی و
منی لەدەم و لووتیەوە هەڵدەدایە هەسارەیەکی تر
بۆچی نا...؟
کەخەریکە بۆنی کراسەکەی دایکیشمان بیربچێتەوە
ڕەنگەکان نەناسینەوە
تەنانەت وەرزەکانیش لەکاتی خۆیدا ناگەڕێنەوە
ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی زەوی پیربووە
خەریکە ژیان بەگۆچان دەڕوات
من دەمەوێت دووربکەومەوە و
هیچ کەس دەستی پێم نەگات
وەک کۆرپەیەک لەسکی دایکیدا
بپووکێتەوە
سەرێکم و هەزار (سەر)لەناخما بونە بە پرسیار
گومانێکی ڕەش خەریکە وڵامەکان دەخوات
(تاریکی ژیان سەر لەئێوارە دیارە)
پێم مەڵێ؛ ڕادێی.
تاکە ڕاستیەک ئەوەیە من هێشتا لێرەم
وەکوو گرێیەکی ترسناک بەناو هەناوی ژیانەوە نووساوم...
کێ دێت بەشمشێرەکەی دەستی بمبڕێت؟
ئەفسوس... ژیان زۆر درێژەی کێشا...
هێشتا لەمەترسیدام
من
هەرلێرەم
هەر لێره
دوور لە چاوەکانی تۆ.
ڤیکدان و گڵاڵەکردنی:
زانا کوردستانی