فەرهاد پیرباڵ
دوکتور "فەرھاد پیرباڵ" نووسەر، فیلسووف، شاعیر، نیگارکێش، ڕەخنەگر، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆی کورد، له رۆژی ٢٠ی ئابی ١٩٦١ زایەنی، لە ھەولێری کوردستان، لەدایکبوو.
دوکتور "فەرھاد پیرباڵ" نووسەر، فیلسووف، شاعیر، نیگارکێش، ڕەخنەگر، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆی کورد، له رۆژی ٢٠ی ئابی ١٩٦١ زایەنی، لە ھەولێری کوردستان، لەدایکبوو.
ماموستا "فەرھاد پیرباڵ"، ساڵی ١٩٨٤ زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە، ھەمان ساڵ چووەتە ڕیزی یەکێتیی نووسەرانی شاخ، ھەر لەناو یەکێتیی نووسەرانی شاخیش یەکەم کتێبی چاپ کردووە کە شانۆنامەیەکە بە ناونیشانی «ماڵاوا ئەی وڵاتەکەم». بۆ ئەوەی خزمەتی سەربازی نەکات چووەتە ئێران، ھەشت مانگ لەوێ ماوەتەوە، دوایی چووەتە ئەڵمانیا ئینجا دانمارک و دوو ساڵ لەوێ ماوەتەوە و بە زەمالەی حکوومەتی فەڕەنسا کە لەلایەن ئینستیتیوتی کوردیی پاریسەوە دابەش دەکرا چووەتە فەڕەنسا.
پیرباڵ مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٤ گەڕاوەتەوە کوردستان، ھەفتەیەک دوای تەواوکردنی دکتۆراکەی لە زانکۆی سۆربۆن، لە بواری «مێژووی ئەدەبی نوێی کوردی» لە ساڵی ١٩٩٤ لە زانکۆی سەلاحەدین دامەزراوە.
فەرھاد پیرباڵ زۆرجار ڕەخنەی لە تێنەگەیشتنی خەڵکی کورد ھەبووە لە بەرامبەر کارەکانی. لە بەرنامەی کەوانەی سوور لە کەناڵی ڕووداو گوتی: «قەرەج شێتەکانی خۆیان فڕێ نادەن، بەڵام ئەنگۆ ئەمنتان فڕێ دایە».
لە ١٤ی تەممووزی ٢٠١٩، فەرھاد پیرباڵ ئاگری بەردایە ماڵی وەفایی، کە دەزگایەکی کتێبە، لەسەر قسەی خۆی ئەم کارەی کردووە لەبەر ئەوەی مافی بەرھەمەکانی پێ نەدراوە. بەھۆی ئەم کارەیەوە دەستگیر کرا و دواتر لە دادگا ئازاد کرا و لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، داوای لێبوردنی لە دەزگاکە کرد. دواى ئەوەى لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لە زانکۆ دەر کرابوو، بەپێی فەرمانێکى ئەنجومەنى وەزیران لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، دووبارە لە زانکۆی سەڵاحەدین دامەزرێندرایەوە.
ئاغای "فەرھاد پیرباڵ" سەرەتا لەگەڵ خاتوو "تەرزە جاف" ھاوسەرگیریی کرد، لەگەڵ ئەودا کچ و کوڕێکیان بوو بە ناوی "ڕۆدان و تنۆک". دواتر لە "تەرزە جاف" جیا بوویەوە. ساڵی ٢٠١٦ ھاوسەرگیریی دووەمی لەگەڵ خانمی "ئاڵا دڵشاد" کرد کە دەرچووی بەشی یاسای زانکۆی حەیاتە. ھەر لە ھەمان ساڵدا لە "ئاڵا دڵشاد" جیا بووەوە.
پیرباڵ کاتێک کە لە دانیمارک و ئەڵمانیا بووە، سەرپەرشتیاری بەشی ئەدەب بووە. ھەروەھا وەکوو پەیامنێر و ئەندامی دەستەی نووسەران لە زۆرێک لە گۆڤارەکانی وەکوو خەرمانە و نودەم لە ستۆکھۆڵم، یەکگرتن و دەروازە لە دانمارک، ھیوا لە پاریس، ھەروەھا گەلێک گۆڤاری دیکەش وەکوو دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکان کاری کردووە. ساڵی ١٩٩٤ کە ھاتووەتەوە کوردستان لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بەرپرسی لاپەڕە بووە، لە «گۆڤاری وەرگێڕان» سەرنووسەر بووە کە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەردەچوو. ھەروەھا لە زۆر گۆڤار و بڵاوکراوەی دیکە وەکوو نووسەر یان سەرنووسەر بەشدار بووە.
◇ کتیبناسین:
○ چیرۆک و ڕۆمان:
پەتاتەخۆرەکان (کۆمەڵەچیرۆک) - مولازم تەحسین و شتی تریش - حەوت وێنەی ڕووتی ژنی جەنابی وەزیر (ڕۆمان) - سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا - منداڵباز (ڕۆمان) - پیاوێکی شەپقەڕەشی پاڵتۆڕەشی پێڵاوشین - عەبدولڕەحیم ڕەحمی ھەکاری - ھوتێل ئەورووپا - حیکایەتەکانی باوکم (ڕۆمان) - قەبرێکی سێگۆشە (ڕۆمان) - زمانی حەیزەران - زێڕی ناو زبڵ - ڕەئیس ڕەمەزانەکان - زار و مارەکان - چیم دی؟ - ئەو کتێبانەى ژیانیان گۆڕیم - شانۆنامە - دەستکاری - ماڵئاوا ئەی وڵاتەکەم - کۆمەڵگای مەدەنی - بەیانی باش ئەی غەریبی - باوک (وەرگێڕان) - سۆزانییە بەڕێزەکە (وەرگێڕان) - نووسەرێکی گێل - حەشیشەکێشەکان - ئەو پیاوەى تەنیا لە کاتى خەودا دنیاى پێ جوان بوو و...
○ لێکۆڵینەوە:
دیوارێک لە هەولێر کە لەلایەن فەرهاد پیرباڵەوە وێنەی لەسەر کێشراوە - وێنەی کورد لە ئەرشیڤی کوردناسەکاندا - کورد لە دیدی ڕۆژھەڵاتناسەکانەوە - چەند نامەیەکی فەڕەنسی - دەستپێکی سەرھەڵدانی پەخشانی کوردی - سەرچاوەکانی کوردناسی - ژەنەراڵ شەریف پاشا - ئینجیللە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا - کرۆنۆلۆجیای کوردستان - ڕێبازە ئەدەبییەکان، چاپی یەکەم: ٢٠٠٤ چاپی دووەم: ٢٠٠٦ - ئاڵای کوردستان -کرۆنۆلۆجیاى هەولێر لە کۆنەوە تا ١٩٥٨ - کرۆنۆلۆجیاى کوردستان ٦٢٥پ.ز - ١٩٣٢ز - مێژووى شانۆ لە ئەدەبیاتى کوردیدا - وێستگەکانى تازەبوونەوەى شیعری تورکی - ڕۆژنامەگەریی کوردی بە زمانى فەڕەنسی و...
○ شیعر:
پەناھەندەی ژمارە ٣٣٣٣٣ (کۆی شێعرەکان) - من پیاوێکی عەنتیکەم - گوڵبژێرێک لە شیعرەکانی ژاک پریڤێر (وەرگێڕان) - جیاوازییەکانى نێوان من و شێت - پێنج کتێب و نیو - خەوننامەی فەرهاد پیرباڵ - بەڵێ، من عاشقی فرووغی فەڕڕوخزادم (ئەزموونى شیعری) - قورئان، داپیرەگەورەى کتێبان و...
○ فیلم:
حەوت کەم یەک - بیر و...
(۱)
لەگەڵ باوکم بەڕێ کەوتم
گەیاندمیە ژیان
لەگەڵ ژیان بەڕێ کەوتم
گەیاندمی ئەوین
لەگەڵ ئەوین بەڕێ کەوتم
گەیاندمیە جوانی
لەگەڵ جوانی بەڕێ کەوتم
گەیاندمیە شێعر
لەگەڵ شێعر بەڕێ کەوتم؛
شێعر وەک خۆم سەرگەردان بوو
سەرگەردان:
نەیدەزانی ڕووبکەینە کوێ؟
(۲)
لێم ببورە...
ئەی بارانی وڵاتەکەم!
لەم غەریبییەدا
ئەگەر مردم و نەمتوانی جارێکی دیکەش لەگەڵتا بگریم.
لێم ببورە!
ئەی نێرگزەی بسک زەردی وڵاتەکەم!
لەم غەریبییەدا
ئەگەر نەمتوانی بێمەوە و بۆ دوایین جار لەبەر پێتدا بنووشتێمەوە.
لێم ببورە!
ئەی دەزگیرانە ڕەشپۆشەکەم!
لەم غەریبییەدا
ئەگەر نەمتوانی بێمەوە و بۆ دوایین جار ماچت بکەم.
لێم ببورە،
لێم ببورە ئەی ئەو چارۆگە فرمێسکاوییەی کە بەسەر تەمی نیشتمانە کوژراوەکەم دادراوی!
(۳)
لە نێوان گۆڕی هەر برایەکم و برایەکی دیکەمدا؛ سنوورێک!
لە نێوان باوەشی هەر خۆشکێکم و دەزگیرانەکەیدا؛ سنوورێک!
لە نێوان حەرفی هەر کتێبێک و کتێبێکی دیکەمدا؛ سنوورێک!
سنوور
سنوور
سنوور
سنوور...
لەسەر خاکی نیشتمانی خۆشمدام و ئاوارەم...
(۴)
بهختەوەری لەوانەیە بە سڵاوێکەوە
دەست پێ بکات،
بددبەختیش
بەهەمان شێوە
(۵)
من:
لەگەڵ تۆ ناوم کامەرانەو تەمەنم ۲۵ ساڵە
بەڵام بەبێ تۆ:
ناوم مەغدیدەو
تەمەنم ۷۵ ساڵە.
(۶)
سێبەرێک بووی
فێنکاییت
هێشتاش
لە هاوینە گەرمەکانا
وا بە گیانمەوە...
(۷)
نیشتیمان
ئەو پارچە بێقیمەتەیە
کوڕی فەقیری لەسەر دکوژرێت و
کوڕی قەحپەی تێدا دەحەسێتەوە...
(۸)
گۆچانێک ئەکڕم...
چون ئەزانم خەیاڵی ئازادی
پیرم ئەکات!.
(۹)
جەنابی فەرماندە
دوێنێ شەو لە خەونمدا دوژمن شکا
ئێوە سەرگەرمی سەما بوون
من لە گیرفانی تەرمێکدا نامەیەکم دۆزییەوە تیایدا نووسرابوو:
بابە گیان
دایکم دارسێوی حەوشەکەمان ئاوڕشێن ناکا
دەڵێ با هێلانەی کوکوختییەکان تێکنەچێ
بەڵکوو خوا لە پاداشتی ئەوەدا باوکتمان بۆ بپارێزێ!.
(۱۰)
کاتژمێرم بۆ چیە؟
کە هەموو کاتەکانم وەک یەک بن!
(۱۱)
لەگەڵ تۆ
لەژێر ھیچ بارانێکی
بە لێزمە خۆزگە بۆ ھەتاو ناخوازم
لەگەڵ تۆ
لە دۆزەخا بم،
ئاه بۆ بەھەشت ھەڵناکێشم...
(۱۲)
کە تۆ دەڕۆی، دنیا هەمووی، بەجێم دێڵێ.
کە دێیتە دی، دنیا هەمووم، بەدی دێنێ.
کە من دەڕۆم، دنیا، "هەمووت" بەجێ دێڵێ.
کە دێمە دیت، دنیا هەمووت بەدی دێنێ!
(۱۳)
ئەگەر مرۆڤێک لەناخەوە غەمبار بوو
تەنانەت تاجی شاهانەش دڵخۆشی
ناکات!!
(۱۴)
خەڵک بە قسەی شێت پێدەکەنن
کەچی هەمان قسە ئەگەر فەیلەسوف بیکات
چەپڵەی بۆ لێدەدەن
(۱۵)
کوڕان جاران حەزیان لە سەیارە بوو،
کچانیش لە بووک
بەڵام ئێستا کوڕان حەزیان لە بووکە
کچانیش لە سەیارە!
(۱۶)
بەزەیم بەخۆم دادێتەوە
هەست دەکەم
کەس تێم ناگا
کەس قەدرم نازانێ.
(۱۷)
من دڵێکم دابەتۆ
کە بەس دایکمی تێدابوو
(۱۸)
به من دەلێن شێت
که مردم لە ماتەمینیەکه م دا
دەلێن میلەتی کورد
کەسێکی گەورەی لەدەست دا.
(۱۹)
جیهان ئەوەنییە تێیدام
ئەوەیە کە من دروستی دەکەم
(۲۰)
لەکوردستان ئیشەکان
دابەشکراون
خەڵکەکەی ڕەنج دەکێشن
لەشفڕۆشەکانیش
سواری ڕەنج دەبن.
(۲۱)
ئێوارەیەکی سارد بوو گوتی
هەست بەسەرما دەکەیت؟
گوتم: نا
هەست بەبێ تۆیی دەکەم.
(۲۲)
با بڕۆین، هاوڕێم، ئەی شیعر!
با ئەم سەرزەمینە جێ بهێڵین،
جیهانێکی دیکە
لەولا
چاوەڕێی هەنگاوە ئاوارەکانی ئێمە دەکا.
(۲۳)
کاتژمێرم بۆ چیە؟
کە هەموو کاتەکانم وەک یەک بن...!
(۲۴)
لەگەڵ تۆ
لەژێر ھیچ بارانێکی بە لێزمە خۆزگە بۆ ھەتاو ناخوازم
لەگەڵ تۆ لە دۆزەخابم، ئاھ بۆ بەھەشت ھەڵناکێشم...
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی