بیوگرافی و شعرهایی از ڕزگار جەباری
ماموستا "ڕزگار جەباری" به ناوی تەواوی: "ڕزگار تەیب محەمەد"، ساڵی ١٩٨٠ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە.
ماموستا "ڕزگار جەباری" به ناوی تەواوی: "ڕزگار تەیب محەمەد"، ساڵی ١٩٨٠ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە.
ماوەی ٨ ساڵ لە ئۆردوگای سەریاس و لە بناری شاخی شاهۆ لای پاوە و ئۆردوگای سەحنە لە دەشتی چەمچەماڵ سەربە پاریزگای کرماشان ژیاوە.
لە ساڵی ١٩٩٨ەوە نیشتەجێی شارۆچکەی بنەسڵاوەیە سەربە پارێزگای هەولێر.
ساڵی ٢٠٠٩ -٢٠١٠ کۆلێژی ئەندازیاری بەشی میکانیکی کردووە.
لە بواری شیعر و وەرگێڕان و توێژینەوەی ئەدەبی و دەستنووس کار دەکات.
کۆمەڵێک بابەتی لە بڵاڤۆکە کوردییەکان بڵاوکردووەتەوە، وەکوو: ڕخنەی چاودێر، نووسەری کورد، ڕامان، هەنار، نەوشەفەق، گزنگ، وانەر، دیوان، دیالۆگ، کەشکۆڵ (لە مەهاباد)، سلێمانی، زەند (لە ئیستانبووڵ)... هتد.
بەشداری زیاتر لە ٣٠ فێستیڤاڵی شیعری و ئەدەبی کردووە و زیاتر ١٢ خەڵاتی بردووەتەوە، بەشێک لەوانە:
- خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵی گەلاوێژ خولی ١٤ ساڵی ٢٠١٠ لە سلێمانی.
- خەڵاتی یەکەمی وۆرکشۆپی شیعری خوولی سێیەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بۆ ئەدەب بە ناوی (نینیتی) کە کونسۆڵی وڵاتی بەریتانیا ساڵی ٢٠١٤ لە هەولێر سازی دابوو.
- بەشداری کردووە لە یەکەم کۆنگرەی خانای قوبادی لە شاری جوانڕۆ کردووە. ساڵی ٢٠٢٠.
- بەشداری کردووە لە سیپۆزیەمی فەقێ تەیران و میراتی وی لە زانکۆی – شاری وان، ساڵی ٢٠٢٢.
- بەشداری کردووە لە سیپۆزیەمی مەلای جزیری و میراتی وی لە زانکۆی – شاری وان، ساڵی ٢٠٢٣.
- بەشداری سیمپۆزیەمی دەستنووسی کردووە لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی، ساڵی ٢٠٢٢.
- بەشداریی لە کۆنگرەی نێودەوڵەتیی هەورامانناسی کردووە لە زانکۆی کوردستان – شاری سنە، ساڵی ٢٠٢٣.
- بەشداریی لە کۆنفڕانسی ڕۆشنبیریی (داهاتووی دیاربەکر) لە شاری ئامەد – ساڵی ٢٠٢٤.
- بەشداریی لە کۆنفڕناسی سافی هیرانی کۆلێژی پەروەردە زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری شەقڵاوە ساڵی ٢٠٢٤.
- بەشداریی لە کۆنفڕانسی سەنتەری زاخۆ بۆ لێکۆینەوەی کوردی – زانکۆی زاخۆ. ساڵی ٢٠٢٤.
تاکو ئێستا ئەم چوار بەرهەمەی چاپ کراوە:
١- شەبەنگی ڕژاو (شیعر): لە بڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرێتی چالاکی وێژەیی هەولێرە ٢٠١٩.
٢- تریفەی پەیڤ (وتار و توێژینەوەی ئەدەبی) لە بڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێرە، ٢٠١٩.
٣- دیوانی عەلی حەریری (دیوانی کلاسیک) ئامادەکردن و لێکدانەوە : لە بڵاکراوەکانی ماڵی وەفاییە و ساڵی ٢٠٢٠ لە تاران چاپکراوە.
٤- سێبەری تەڕ (هایکو): لە بڵاوکراوەکانی یانەی هایکوی کوردییە، ساڵی ٢٠٢١.
٥- لە هەشت کتێبی هاوبەشدا بەشدارە، وەکوو: ئەلیف، ئیسایکلۆپیدیای نووسەرانی هەولێر، کۆنگەرەی خانا، فەقێ تەیران و میراسا وی و...هتد.
٦- کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی ئامادەی چاپن
◇ نموونهی شیعرەکانی:
(۱)
[مۆر]
کاغەزێکم لە بابا تاهیر دزیوە
دەبێ بیگەیەنم بە دیۆنیسۆس
یان شەیتانی شیعر
بە خوێنی خۆیان مۆری بکەن
جامێکم لە حەللاج وەرگرتووە
مۆری تاوانی لە دڵ شۆردووەتەوە
هیچکات؛
هێڵەکانی سەرنووکی پەنجە
بە کالانی خەنجەری سەوزەوە جێناهێڵم
من تەنها بەدوای
مۆری سەرشانی خۆم کەوتووم
(۲)
[لیریک]
(خراپ نەخۆشم)
ترساوم لە تریفەی مانگ و
بە ڕۆژی هەینیش ناشکێ
بە بۆنی نێرگزەوە بووم و
خۆمم زۆر خۆش دەوێ
ناوکم کەوتووەتە ناو زنەیەکەوە
بەهۆی سێبەری خۆمەوە نایدۆزمەوە
لە بەیبوونەوە زەردووم گرتووە
کەچی پاییز هەر سەوز دەبینم
دەنکە هەڵاڵەی شیعر
پەڕیوەتە گەرووم
ژانی دارستانێکی قەرەبرووت بەرم نادات
شنەی کازیوە دەستی لێ وەشاندووم
نوشتەی یار لە ملم دەکەم
مۆتەکە بە پەرییەوە دەبینم
فوو لە خەڵووزی ڕوحم دەکەم
خراپ نەخۆشم
(۳)
[دیوی شاراوە]
هەمیشە هەوڵم داوە وەکوو مانگ بم
دیوی تریفەم دیار بێ
هەوڵ مەدە پەی بە دیوە تاریکەکەم ببەی
کە لە پەنجەرەکەت نادات!
هەمیشە هەوڵم داوە وەکوو ڕووبار بم
خواستی خۆم بێ یان نا
هەندێ گۆمم لە هەناودا هەڵگرتووە
هەوڵ مەدە بەردی تێ فڕێ بدەی
مادام بۆنی ناگاتە ماڵەکەت.
هەمیشە هەوڵم داوە وەکوو سێو بم
بە چڵێکەوە لە حەوشەی خۆمدا
دەشێ کرمێک لێیدابم
بیر لە چەقۆ مەکەرەوە
مادام ڕەنگێک بە تەماشات دەبەخشم.
هەمیشە هەوڵم داوە
لەبێداریدا دەستی ڕاستت بدەمێ
هەوڵ مەدە بزانی خراپ خەونت پێوە
دەبینم
من کارم بە تاریکی و گۆم و کرم و خەونی
تۆوە نییە
مادام ناگاتە پەنجەرە و ماڵ و حەوشەی من.
(۴)
[لیریکا]
دوانزەمانگەی ساڵ...
درەوشاوەی وەکو مانگی پڕ
...
یانزە دوژمنت هەبێ...
ناتوانن تریفەکەت بکوژێننەوە
...
دە یاسای تابلۆ بەردینە
لەژێر پێی تۆدا دەبن بە گڵ
...
نۆ هەسارە
بەدەوری خەیاڵی تۆدا دەسووڕێنەوە
...
هەشت دەرگای بەهەشت
لەتۆوە دەست پێدەکات
...
حەوتەوانەی ئەستێرە
بەختی تۆ ڕادەگرن
...
شەشپاڵوی زار
لەسەر ناوی تۆ دەکەوێ
...
پەنجەکانی دەستی ڕاستم
لەژێر قسەی تۆ مۆر دەکەم
...
چوار لای ژیان
دەبنە ڕووگەی ئەوینی تۆ
...
سێ بە سێ
بەردی بناغەی ماڵەخەوینەیە
...
دوو چاوم هەیە
تۆی پێدەبینم
...
یەک دڵیشم هەیە
تۆی پێ دەئەڤینم
(۵)
[ونبوون]
دڵۆپێک ئاونگ
دەڕژێتە ناو دەریاوە
...
گەندەپەڕێکی سپی
لێدەبێتەوە سەر سینگی بەفر
...
گۆپکە گەڵایەک
هەڵدەوەرێتە بن سەوزەزارێکەوە
...
گەردیلەیەک خۆڵ
ڕێیدەکەوێتە بیابانەوە
...
تروسکاییی مۆمێک
دەکەوێتە ژێر تیشکی هەتاو
...
دەنکە زەنگیانەیەکی ڕەش
دەکەوێتە کۆشی شەوەزەنگەوە
...
ئەمەیە مردنی من
(۶)
دەففرۆش
ناولەپی و پشتی دەفەکانی لە ئاسمان کردبوو
تەرزە دایکرد..
لە سەر چۆک دانیشت
گوێی لە دەفژەنینی خودا دەگرت و
بیری لە ئاوازی ئازاری پشتی ئاژەڵ دەکردەوە
(۷)
[لریکا]
بۆنی نێرگزم لێ دەپژێ...
شەیدای (نێر)بوونی خۆم نیم... هەرگیز
هەموو ئاوەکان لێڵن...
تەنها دەڕوانمە کانیاوی ئەوینی تۆ
ئەوە بۆنی خۆتە و
لە ڕوحی مندا ڕوواوی
بەدوای تۆدا دەگەڕێم..
ئەی نێرگزی جوانی.
(۸)
پێم لە سێبەرێک خلیکسا
خۆم بە چڵێ ڕووناکی گرتەوە
...
(چی ئاسانە کەوتن و چی سەختە هەستانەوە)
(۹)
داوەتی دواشیو بووم..
یەهودا لەوێ نەبوو.
...
چی گەندەخەونێکە من دەیبینم!
(۱۰)
[سێبهرهکان]
سێبهری پهڕ...
له خهنجهر دهچێ
سێبهری ههنار...
له مین دهچێ
سێبهری چڵ...
له درز دهچێ
سێبهری ماڵ
له زیندان دهچێ
سێبهری پهڵهههور...
له گۆمی خوێن دهچێ
سێبهری چیا...
له چاڵ دهچێ
سێبهری -خۆم-ش
له مردن دهچێ
(۱۱)
[خەون]
نەیزەک، خەونی ڕووناکبوونەوەی شەوە
بڵق، خەونی سەرکەوتنی دەریایە
پەلکەزێڕینە، خەونی ماڵکردنی بارابە
تراویلکە، خەونی سەوزبوونی بیابانە
تۆش خەونی منی
هێندەی پڕیشکی نەیزەک و
هێندەی تەمەنی بڵق و
هێندەی ڕەنگی پەلکەزێڕینە و
هێندەی تەڕایی تراویلکە
ئومێدی هاتنەدی نیە.
ڤیکدان و گڵاڵەکردنی:
زانا کوردستانی