ئاوێزان نوری
خاتوون "ئاوێزان نوری"، شاعیر و نووسهری هاوچهرخی کورد، له ۱۳ مانگی هەزێرانی ساڵی ١٩٨١ زایهنی، لە سلێمانی لەدایکبوو، ئیستایش لەکەرکوک ژیانی دەکات.
خاتوون "ئاوێزان نوری"، شاعیر و نووسهری هاوچهرخی کورد، له ۱۳ مانگی هەزێرانی ساڵی ١٩٨١ زایهنی، لە سلێمانی لەدایکبوو، ئیستایش لەکەرکوک ژیانی دەکات.
سەرەتای بڵاوبونەوەی شیعرەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٣-٢٠٠٤ لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانی کەرکوک، خاوەنی سێ بەرهەمی شیعرییە بەناوەکانی:
- پیاسەیەک بە کوچەکانی قەدەردا، ٢٠٠٥
- بەرسیلە عیشقێ بۆ خودا، ٢٠٠٦
- لە جەستەی گەڵایەکدا دەمرم، ٢٠١٠
لە ئێستاشدا کۆمەڵێک بەرهەمی شیعری ئامادەیە بۆ چاپ بەناوی (لەو دیوی هەڵوەرینەوە، چرۆ دەکەن حەزەکانم).
زۆرێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، هەروەها سەر زاراوەی شیرینی کرمانجی و هەورامی، خاوەنی دەیان خەڵاتی ئەدەبیە.
ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان.
ئەندامی ۷ تۆڕی ڕێکخراویی لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی.
┄┅═✧❁💠❁✧═┅┄
(۱)
«غەریبیت دەکەم..»
مودەتێکە تەنها سەراب دەبینم
تێگەشتم کە من بێ تۆ بیابانێکی وشکهەڵاتوم
کەی دەبارێی بەسەرمدا ئەی جوانترین هۆکاری سەوزبونی من.
دەی خۆ لەم مەملەکەتە وێرانەدا هیچ کەسێک لەخۆی نەچوو
منیش بێ تۆ لەخۆم ناچم
نە دەنگم دەتوانی چەشنی کەنارییەک بخوێنێ و
نەڕەگم دەچێتەوە سەر گەنم و
نەپەنجەکانم دەتوانن سەمفۆنیای ژیان بژەنن،
نەچاویشم حوکمی بینینی ماوە،
خۆ دڵنیام
وشکە بای پایزیش بێ بەرییە لەشەقاربونی لێوەکانم.
غەریبیت دەکەم و لەبێ تۆییدا باوەش بەوێنەکانتدا دەکەم
نازانم
چەند چاوی دیکەم پێویستە بۆ هاتنی تۆ
چەند نزای دیکەم پێویستە بۆ گەیشتن بەدیداری تۆ،
چەند پیتی تر بچنمەوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی تۆۆۆ
ئەدی چەند قاچی دیکەم پێویستە بۆ هەڵاتن لەم تەنیاییەمدا
تۆ لەکوێیت؟
حەسرەتێک هات و لەبری تۆ لەئامێزی گرتم،
پایز هات و لەبری تۆ نازی هەڵوەرینی هەڵگرتم،
خەم هات دڵنەوایی کردم،
تۆ هەر نەهاتی هاوڕوحی من.
(۲)
وەرە بۆ ساتێک بمژەنەو.
ئاوازەکان یەکە یەکە
بڕژێنە نێو کاسى مەستبوونم و
مەستترم بکە
بە زمانى (دۆ، ڕێ، مى)
یەکەم پیتى ناوم بێنەو
بە هەستى (فا، سۆ، لا، سى)
هەناسەم بهەژێنە
وەرە بۆ ساتێک بمژەنەو
ماچی لێوى (ناى)م لەسەر لێو دابنێ
ملوانکەى (کەمانچە) لەگەردنم کەو
سۆزى (ساز) ێکم بدەرێ...
(۳)
کە تۆ تەنها لە دەلاقەی وەڕسبون لە من بڕوانیت
تا ماڵی مردن ماڵئاوا
کە پێت وایە پەڵەهەورێکم
جگە لە گرمەو بۆڵە هیچم لە هەگبەدا نیە
تا ئەو پەڕی کوچەکانی بێدەنگی بە دوعا
ئیدی
میهرەبانی شک نابەیت بیبارێنم بەسەرتدا
بێئومێدم
بێئومێدتر لە دیوارەکانی زیندان
تەنیام
تەنیاتر لە قاپی سەر سفرەی دایکم
پەستتر لەو درەختەی
ڕەشەبا
بێ ئیزن ڕوتی کردەوە
(۴)
من فێری گریانت دەکەم
تا چ دەنکە زەیتونەکانی خەم هەیە لەناختدا بیانڕنی و
بیانبەخشیتە فرمێسک
بەڵکو لەحیکمەتی ژیربوونەوە حاڵیی بیت
تۆش حاڵیمکە پێکەنین یانی چی
بەر لەوەی قاقایەک شێتم بکات
پێم بڵێ
چۆن سەما لەگەڵ بوندا بکەم و
پەنجەکانم بەچی ڕیتمێک ژیان بژەنن
فێرمبکە کاتێک دەمرم
چۆن ئۆمێدی گەمەیەکی دوای مردن بکەم
یارۆ گیان
(۵)
هێندە ڕەنجاوم،
نە دڵێکم ماوە بۆ خۆشویستن و
نە خەونێک بۆ تەفسیرکردن
تەنها جانتایەکی سەفەرو جوتێک پێڵاو
تەواوی ئەم وەرزە ساردەی پێ تەی دەکەم
لێرەوە
ئاوازێکی شکاوی دەم گیتارێکی بێ خەوش و
گۆرانیەکی خەمناکی گەرووی تیترواسکەیەکم
دووایین ماڵئاواییدەکەم
وشەکانم دەسپێرم بە قەڵەمیکی نوک تیژو
با لەدوای خۆم
بە حونجەوە بۆشاییەکانم بۆ پڕکاتەوەو
خاڵێک لە کۆتایی حەزە بێ نازەکانم دابنێ و
هەنگاوە لەبارچووەکانم خەتبدا
ئیدی لێرەوە
دەفرێکم لە جودایی و
تروسکایی هیچ ئومێدێکم نەماوە
چم داوا نەکرد
جگە لەوەی
هێندەی زەردەپەڕێک تێڕامان
هێندەی تابلۆیەک ڕەنگ و
هێندەی گوڵێک خەندەو
هێندەی پەپولەیەک فڕینم پێببەخشی
ئێستا کە ڕۆیشتم
هەموو هەورەکانی ئاسمانم بۆ بگریێنی
بەشی ئاوڕدانەوەیەکم ناکەن
هەموو دونیام بۆ بژەنی
ئاوازێک نامهێنێتەوە سەما
(۶)
لەبەردەم ئاگردانەکە دانیشتوم
بیر لە تۆو
دوواهەمین ڕۆژەکانی ساڵی پار دەکەمەوە
کوپەکەم پڕدەکەم لە ئومێدی گەرم و
بەبزەیەکی عەیارانە لێوەکانم رەنگ دەکەم و
لەبەردەم ڕۆژو ساڵێکی نوێدا
وێنەیەکت لەگەڵدا دەگرم
ئیدی داهۆڵی جەنگی پاییز ڕادەگرم و
بەیداخی سپی هەڵدەبڕم
تا لەگەڵ هاتنەخوارەوەی یەکەمین بەفری زستان
بە کڵاوێکی سپی
تاڵە ڕەشەکانی ڕۆژگار بشارمەوەو
بە عەزییەکی سپی کورتەوە
رێژترین قەسیدە لەسەر بەفر بنوسم
ئێستا کە بیر لەتۆ دەکەمەوە
لەخەونی ئەو شەوانەم دەچیت
تەفسیرکردنیان
بەختی باشم بۆ دەهێنن
ئێستا کە دڵ ئاوەدانە بەتۆ جێیمەهێڵە
مەیکە بە ژورێکی چۆڵ و
هەرکەسێک بانگی لێکرد دەنگباتەوە
ئێستا کە دوو باڵم پێبەخشیت بۆ فڕین
بەرز مەفڕە
نەبادا ئاوازی نیشتنەوەت نەزانم
ئێستا کەقودرەتم لەگۆڕینی شوێنی وەرزەکاندایە
لێم مەبە بە ساڵێکی نەهات
ئێستا کە لە چەشنی ئاو
سوژدەم بە درەختی ئەوینت بردووە
بەردی فەرامۆشیم لێمەگرە نەبا لێڵم بکا
ئێستا کە هەیت
نە لە توڕەبونی با دەترسم
نە گوێ دەدەم بە خورافاتەکانی هەور
بەری ئاسۆم لێبگرێ
ئێستا کە هەیت
ساڵنامەیەکم بەدیواری ڕوحمەوە هەڵواسیوەو
ڕۆژانەی دیدارەکانی تیا خەت دەدەم
ئێستا کە هەیت تەژیت کردوم لە خۆت
ئەی جوانترین کامڵبونی من
(۷)
تۆ کە هەموو ئێوارانێک بە پارویەک ژیان و
باوەشێک نیشتیمان و
پێکێک شەرابی ڕۆژگار، سەرت مەست دەکەیت
دواتر تۆزی بێ ئومێدی دەتەکێنی و
مشتێک خەندە دەخەیتە گیرفانەکانت و نزا دەکەیت
ڕێگەی ماڵەکەت ون نەکەیت
بەڵام تا دەگەیتەوە
من بە مەراقی تەنیایی و حەسرەتی گەڕانەوەت
پێکێک توڕەیی هەڵدەدەم
بەجۆرێک دەڕژێم خۆمم بۆ کۆناکرێتەوە
بەجۆرێک دەمرم کەس نیە بمشارێتەوە
لەگەڵ کاتژمێرە هەڵواسراوەکەدا، مۆڕە لەیەک دەکەین و
گرەو دەکەین،
دڵی من خێراتر لێدەدات، یانیش چرکەکانی ئەو
من زیاتر بەدەوری خۆمدا دەخولێمەوە، یانیش میلەکانی ئەو
(۸)
کە تۆ هەبیت
گلەیی ناکەم، ناڕەنجم، بێزارنابم
لەئینجانەکان زویرنابم و گوڵە ژەنگرتووەکانیش ئاو دەدەم
لەپەنجەرەکە یاخی نابم و
پەردە بە ڕووی درەوشانەوەی درەختەکانی حەوشەکەش لادەدەم
کە تۆ هەبیت
ناهێڵم ئێوارە بمرێت
ناهێڵم ئاسمان غەمگین بێت
کە تۆ هەبیت
تەنها لەنیگای خۆت نەبێ تەماشای ئاوێنە ناکەم
کە تۆ هەبیت
گۆرانی دەڵێم،
وشەکان دەهێنمە سەماو وێنەیان دەگرم
پێدەکەنم و قاقا لێدەدەم بە خەمە قەترانیەکان
مەراق دەخەمە دڵی حەسرەتێکەوە و کۆدی جادووەکان دەشکێنم
کە تۆ هەبیت
من بەیادی منداڵی
گوڵی باخچەی دەرگای ماڵان لێدەکەمەوەو لە قژمی دەدەم
کە تۆ نەبیت
کاتژمێری ژورەکەش توڕەم دەکات
کە تۆ نەبیت
بیرم دەچێت ئاوی ماسیەکان بگۆڕم
دانی باڵندەکان بدەم
نازی کتێبەکان هەڵگرم
کە تۆ نەبیت، بیرم دەچێت بۆچی دەژیم
تۆ هەبە یارۆ
من لەنەسڵی گوڵەبەڕۆژەم
ڕوو لەتۆ دەگەشێمەوە
تکایە لێم ئاوا مەبە
(۹)
ئیدی لێرەوە
دەفرێکم لە جودایی و
تروسکایی هیچ ئومێدێکم نەماوە
چم داوا نەکرد
جگە لەوەی
هێندەی زەردەپەڕێک تێڕامان
هێندەی تابلۆیەک ڕەنگ و
هێندەی گوڵێک خەندەو
هێندەی پەپولەیەک فڕینم پێببەخشی
ئێستا کە ڕۆیشتم
هەموو هەورەکانی ئاسمانم بۆ بگریێنی
بەشی ئاوڕدانەوەیەکم ناکەن
هەموو دونیام بۆ بژەنی
ئاوازێک نامهێنێتەوە سەما
(۱۰)
وەرەوە
بەرلەوەی ئێوارەیەکی پەست بمکوژێ
وەکو ئەوەی لەناخی ڕۆژدا چەقیبم
شەممە، بەتەنیشتمەوە تێدەپەڕێ و
پێم دەڵێ تۆ هێشتا لێرەی؟؟
ئا من لێرەم
لەپاڵ مەراقەکانم چاوەڕوانیم وەکو دارسنەوبەرێک
هەمیشە سەوز دەچێتەوە
من هێشتا لێرەم و بەم هەموو خەمەوە
ماڵی غوربەت دەپشکنم بۆ تۆزقاڵێک بەختەوەری
بەم هەموو یەئسەوە
دەمم ناوە بەشوشە شەرابی ژیانەوەو
ئەم قەدەرە تاڵە هەڵدەدەم بۆ کاتێک لەبیرچونەوە
بەم هەموو هەراو ژاوەژاوی ڕوحە
ئاڵای بێدەنگیم هەڵکردو
بەم هەموو تاوانی ڕۆیشتنەوە
نوێژ بۆ هاتنەوەت دەکەم...
(۱۱)
ئەو پایزێک ڕەنگی بردو
زەمەنێک، پێکەنینەکانی هەڵوەراند
شەوێک، کردی بە پاڵەوانی شەقامە چۆڵەکان و
ماڵێک، خۆی پێ ئاوەدان کردەوە
ئێستا ئەو لە باوەشی کورسیەک
سەری ناوەتە سەرشانی مێزێک و
داوا لەمۆمێک دەکا جگەرەکەی بۆ داگیرسێنێ
ئێستا ئەو لەنێو شیعرە زەردباوەکانی
بێدەنگییەکانی من و
هاواری ئاوێنەکەی دەنوسێتەوە
کە پارساڵ لە یادی لەدایکبوونی پێی وتبوو
ئەی کەڵەگەتترین غرور پیربوونت باش
(۱۲)
بە بیانوی چرۆی نوێ
گەڵاکان ژەنگیان گرت و
جیهان پڕ بوو لەهەڵوەرین،
بە حەسرەتی ڕۆژبونەوە غەدر لەخەوبینین کرا
بێ ئاگا لەئاوازی با گۆرانی شکاومان چڕی
بێ خەبەر لە تاڵی سپی قەدەری ڕەشمان هەڵبژارد
بێ هیوا لە ڕۆژەکان
، پیلی کاتژمێرەکانمان دەرکردو بەهەڵە چرکەکانمان ئەژمارکرد بەئەنقەست چەترێکمان هەڵگرت و
خۆمان لە دڵتەنگی هەورێک لە گێلیدا
بەدرۆ پشتمان لە خۆر کردو
تەفسیری عیبادەتی گوڵە بەڕۆژەمان کرد
نە لەتەڕی چاوی هەورەکان حاڵیی بوین و
نە لە خەندەی باخچەکان
چ حەزێکی مناڵانە بوو گەورەبوون
چ غەریزەیەکی هەرزەبوو کامڵبوون ئیلاهی
(۱۳)
خودایە لەژێر هەنگڵی ئەمشەودا بووم بەهەڵم
بۆ لەخۆم یاخی دەکەیت
لەبادەی پیاوێکیشدا بۆ چی سەر مێزێک
ئەم ڕووتەنیەی من وەکو با خەیاڵێک دەیبا
خۆ من یاریم بە ئاگر نەکردبوو
تا ئەمشەو یار قامکەکانم بسوتێنێ و
ئاهو ئازارەکانمی پێ بژەنێ
خۆ من لەسەرابدا خۆم ون نەکردبوو
تا ئەمشەو یار نوقمی لمی خەتام بکات
خۆ لە ئۆقیانوسدا مەلەم نەکردبوو
تا ئەمشەو یار بە ددانی ئۆرکایەکی توڕە
لەتلەتم بکات
خۆ من گەمەی چاوشارکێ و
جوینی پەیڤەکانم نەدەزانی
تا ئەمشەو یار
سەد نهێنی ئەژمار بکاو پێم بڵێ
سەیرناکەم چۆن خۆت حەشار دەدەی
ئەگەر چاوم کردەوە باوکم بمرێت
خۆ من خیانەتم لەشەو نەکردبوو
لەنێو باخەڵی ڕۆژێکدا مومارەسەی نوستنێکم نەکردبوو
تا ئەمشەو یار خەونبینینم لێ حەرام بکات
خۆ من هێشتاکە ڕووتی خۆم بەڕونی نەدیتبوو
تا ئەمشەو یار لە ئاوێنەی ناخی خۆیدا لێڵم بکات
خۆ من عیشقم نەکوشتبوو
تا ئەمشەو یار بە گریان مەحکومم بکات...
(۱۴)
لەبەردەم ئاوێنەکەم دانیشتوم
بیر لە تۆو
دوواهەمین ڕۆژەکانی ساڵی پار دەکەمەوە
کوپەکەم پڕدەکەم لە ئومێدی گەرم و
بەبزەیەکی عەیارانە، لێوەکانم رەنگ دەکەم و
لەبەردەم ڕۆژو ساڵێکی نوێدا
وێنەیەکت لەگەڵدا دەگرم
داهۆڵی جەنگی پاییز ڕادەگرم و
بەیداخی سپی هەڵدەبڕم
تا لەگەڵ هاتنەخوارەوەی یەکەمین بەفری زستان
بە کڵاوێکی سپی
تاڵە ڕەشەکانی ڕۆژگار بشارمەوەو
بە عەزییەکی سپی کورتەوە
درێژترین قەسیدە لەسەر بەفر بنوسم
کە بیر لەتۆ دەکەمەوە
لەخەونی ئەو شەوانەم دەچیت
تەفسیرکردنیان
بەختی باشم بۆ دەهێنێ
ئێستا کە دڵ ئاوەدانە بەتۆ جێیمەهێڵە
مەیکە بە ژورێکی چۆڵ و
هەرکەسێک بانگی لێوەکرد دەنگباتەوە
ئێستا کە دوو باڵم پێبەخشیت بۆ فڕین
بەرز مەفڕە
نەبادا ئاوازی نیشتنەوەت نەزانم
ئێستا کەقودرەتم لەگۆڕینی شوێنی وەرزەکاندایە
لێم مەبە بە ساڵێکی نەهات
ئێستا کە لە چەشنی ئاو
سوژدەم بە درەختی ئەوینت بردووە
بەردی فەرامۆشیم لێمەگرە نەبا لێڵ بم
ئێستا تۆ هەیت
نە لە توڕەبونی با دەترسم
نە گوێ دەدەم بە خورافاتەکانی هەور
بەری ئاسۆم لێبگرێ
ئێستا کە هەیت
ساڵنامەیەکم بەدیواری ڕوحمەوە هەڵواسیوەو
ڕۆژانەی دیدارەکانتی تیا خەت دەدەم
دیقەتبە..
چۆن تەژیت کردوم لە خۆت
ئەی جوانترین کامڵبونی من
(۱۵)
- ئایا من جوانم؟
- بەدڵنیاییەوە نەخێر تۆ ئێجگار ناشرینیت
- ناشرین؟؟
- بەڵێ، بەڵام شتێکی باشە دەزانیت؟
چونکە هەر کەسێک خۆشی بوێیت دڵنیایت کە وەکو خۆت و خودی خۆت کە هەیت خۆشی دەوێیت، نەک لەبەر جوانییەکەت.
چونکە جوانەکان هەمیشە نازانن کێن ئەوانەی بەڕاستی خۆشیان دەوێن.
لە حیواری
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی