ئامینە عەمەر شاعیر و نووسەری کورد
خاتوو "ئامینه عەمەر"، شاعیر و نووسەر و زمانناس و فەرهەنگناس، ڕۆژنامەنووس و وەرگێر و لێکۆڵەر و توێژەر، لە ساڵی ١٩٤٨ زایهنی، لە گوندی ئابرێی سەر بە شاری قامشڵۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، هەندێ سەرچاوەی دیکە دەڵێن: لە گوندی سەرڤێی سەر بە ناوچەی جزیری هەر لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە.
خاتوو ئامینە، خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆیان تەواوکردووە و دواتر ساڵی ١٩٧١ بڕوانامەی پۆلی ١٢ی بەدەستهێناوە، پاشان بە قاچاغی ڕووی لە کوردستانی باشوور کردووە و لە شاری سلێمانی گیرساوەتەوە، لە ساڵی ١٩٧٢ لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سلێمانی وەرگیراوە، دیارە لە بەر بارودۆخی ئەوسای کوردستان و ڕێکنەکەوتنی سەرکردایەتی کوردی لە گەڵ رژێمی بەعس بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی ڕێکەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠، وەکو ژنە کوردێکی کوردپەروەر ڕووی لە شاخ کردووە و بۆ یەکەم جار بابەتی هەمەجۆری بۆ ڕادیۆی(دەنگی کوردستان)نووسیوە.
خاتوو "ئامینە عەمەر" هێشتا زۆر منداڵ بووە لە ڕێگای کوڕە خاڵێکی بە ناوی (دەروێش) فێری (ئەلف و بێی) کوردی شێوەزاری کرمانجی بووە، بۆ یەکەمین جار کتێبی داستانی(مەمی ئاڵان و ڕۆمانی شڤانێ کورمانجا)خوێندۆتەوە، پاشان شیعرەکانی شاعیری گەورەی کورد(جگەرخوێن)ی خوێندۆتەوە و زۆریش کەوتۆتە ژێرکاریگەری بەرهەم و هەڵوێستەکانی ئەو، دواتر بە ناسینی دۆستایەتی شاعیر جگەرخوێن و کچەکەی خاتوو(بەنیێ- بونیێ)ئاشنا بووە.
ماموستا "ئامینە عەمەر" لە نووسینێکدا لە ماڵپەری خۆی دەڵێت:(کاتێک من شاهنامەیا شەهیدان و پیراوتۆری)م خوێندەوە، زۆر گریام، زوو ئازاری بندەستیم زانیی و ناسی، بۆیە بووم بە خەباتگێڕێکی وڵاتپارێز).
ئەو بە خوێندنەوە و ئامادەبوونی لە کۆڕوکۆبوونەوە ئەدەبیی وشیعرییەکانی هەر یەک لە ئەدیب و ڕۆشنبیر و زانایان(مەلا ئەحمەدی نامی، مەلا ئەحمەد سۆزی، مەلا تاهیر، ئەڤدە تێلو)ئاشنا بووە و زۆر ڕێزیشیان لێگرتووە، بۆیە بە تەواوی کەوتۆتە ناو دنیای شیعر و ئەدەبیات و فەرهەنگی زمان و مێژوو و کەلتوور و کەلەپووری کوردی و وەرگێرانی شاکارە ئەدەبییەکانی جیهان و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ئەدەبیش، بواری ئەدەبیاتی منداڵانیشی فەرمۆش نەکردووە،لەم بوارانەدا (١٥) بەرهەمی پوخت و جوان و سوودبەخشێ بە زمانی کوردی شێوەزاری کرمانجی و بە پیتی لاتینی کوردی نووسیوە کە ئەمانەن:
- چیرۆکی هەڵبژێردراو، عەزیز نێسین، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە، ١٩٩٠.
- خۆییبوون، کۆمەڵگەی سەربەخۆبوون، ١٩٩٣.
- ڕەگەزی مێ و نێر، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ڕێزمانی زمانی کوردی، ٢٠٠١.
- پەلا داوی، دیوانی شیعر، ٢٠٠٢.
- خوێندنەوەیەک لەژێر ناوی "چارچرایێن مژابادێ" لەسەر ڕۆمانی "مژاباد"ی جان دۆست.
- توێژینەوەیەک لەسەر ناوەڕۆکی کتێبی مامۆستا جەماڵ نەبەز کە لەسەر (زمانی ئیتیمۆلۆژیای کوردییە).
- لە بابەتی زمانی کوردیدا.
- فەرهەنگی ئیتیمۆلۆژیی کوردی لەسەر زاراوەی کورمانجی، بڵاوکراوەی وەشانگەی نووبهار، ٢٠١٤.
- بەژنا خەمێن من، شیعر.
- نووبهارا بچووک و مەزنان، فەرهەنگۆکی شیعر.
- بازێ هێڤیێن من، شیعر.
- لە ڕووی فۆلکلۆرەوە چیرۆکی "ئێشێ و بلۆدۆ"، چیرۆکی "شەنگێ و پەنگێ"، ٢٠٠٣.
- بۆ منداڵان: کێزا کێزەران خوەدیا شمکا خێزەران – پیرێ و ڕۆڤی.
- برتاتیا قولنگ و ڕۆڤی – گور، ڕۆڤی و بەرگیل.
خاتوو "ئامینە عەمەر" وەکوو نووسەر چەندین چالاکیی دیکەشی هەبووە لەوانە:
- دەیان هەڵبەست و وتاری ئەدەبیی و ڕۆشنبیری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکوردییەکان بلاوکردۆتەوە، ماوەیەکیش لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی (گەلاوێژ، پێنووس، پێل) کاریکردووە.
- بەشداری دەیان کۆڕی شیعر خوێندنەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، لە کاتی هاتنەوەی تەرمی شاعیری نەمر(جگەرخوێن) لە سویدەوە بۆ قامشلۆ شیعرێکی بە ناوی(داربەستا دێرین)نووسیووە و خوێندۆتەوە.
- چەندین جار خەڵات و ڕێزلێنانی بۆ کراوە لەوانە (خەڵاتی جگەرخوێن بۆ ئافراندنی شیعر، کە لە لایەن یەکێتیی نووسەرانی گشتیی و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە سووریا ساڵی ٢٠١٩ پێبەخشراوە.
- لە ٨ - ١ - ٢٠٢٤ دووەمین خەڵاتی(زارا محەمەد)ی لە لایەن ڕێکخراوی(کوردشۆپ)کە ڕێکخراوێکی ئەدەبیی و کەلتووری کوردییە بە ژنە خەباتگێر و شاعیر و نووسەر و خاتوو ئامینە عەمەر بەخشراوە.
ڤیکدان و نووسان:
#زانا_کوردستانی