جەمال خوڕماڵی
ماموستا "جەمال خوڕماڵی" شاعیریک هاوچهرخی کورده، کهله رۆژی ۱۶ بەفرانباری ۱۹۷۱ زایەنی، لەدایک بووە و ئیسایش لە شاڕی سڵیمانی دانیشەجیگە.
جەمال خوڕماڵی
ماموستا "جەمال خوڕماڵی" شاعیریک هاوچهرخی کورده، کهله رۆژی ۱۶ بەفرانباری ۱۹۷۱ زایەنی، لەدایک بووە و ئیسایش لە شاڕی سڵیمانی دانیشەجیگە.
┄┅═✧❁💠❁✧═┅┄
(۱)
دەستی زبرم ناتەزێت؛
لە ناو بەفری گەرمی لەشت-
وڕوژان!
(۲)
هەور بە کەڵکی شاهیدیی نایەت
ڕەوتەنییە،
پریاسکەی نهێنییەکانت بە بەرد بسپێرە.
(۳)
زیکزیکە درێژدادڕە.
گوێ لە حیکایەتە کورتەکانی پەپولە بگرە.
بە مەکرونازی گوڵە بەیبوونەکان
هەڵمەخەڵەتێ
ئەوان خۆیان سپاردووە بە داسی خەزان
(۴)
کە ڕوحت سەرمای بوو پاڵتۆی قەسیدەیەک
لەبەر بکە،
وەرزی پەتای بێوێژدانییە.
برۆرەلای نالییەکەی خاک و خۆڵ و
شروبی شیعرێکی ئەو زاتە بنۆشە.
(۵)
هەرکاتێک بوویت بەدار مازوو،
ناوەڕۆکی
نامە عاشقانەکانی کچەسمۆرە قژ زەردکان
بۆ جۆگەلەکان باس مەکە،
نەبادا دوو عەشیرەتی دژ بە دڵداری
دەست بدەنە یەخەی خۆشەویستی و
خەڵتانێ خوێنی بکەن.
(۶)
چۆن خەمەکانی خۆت بۆ شمشاڵ باس دەکەیت
ئەی ناترسیت.
بتکات بە چریکەیەکی واڵا
لەهەموو ماڵێکدا
لەهەموو گۆڤەندو گەڕەلاوژەو کەرنەڤاڵێکدا
(۷)
بەرد ووشەیە
قوڕ، ئامرازی پەیوەندییە
دیوار ڕستەیە
خانوو شیعرێکی گەرموگوڕی حەزرەتی قانیعە.
(۸)
تۆبەی تەور
تورێکی قوڕاوی ناهێنێت
ئەوە فەرموودەی دارگێلاسێکی جەرگسووتاوە.
(۹)
تفەنگێکیان دایە دەست شاعیرێ
تواندیەوەو کردی بە ناڵ بۆ بارگیرێ.
(۱۰)
هەتا ئێستاش،
خۆشترین میوە لەلای من
هەر ئەو هەنارو هەنجیرو هەڵووژانەبوون
بەمنداڵی لە باخەکاندا دەماندزین
کاتێ هێشتا درەخت فەریکەبوو
زاڵمانە دەستمان دەکرد بەقژ ڕنین...
(۱۱)
هەموو جارێ
پیتی (ی) کۆتایی
لەشێوەی مراوییەکی قاچ تەزیوا
دێتە بەرحەوشەی شیعرەکانم و
خۆی دەکات بەمدیوا
دەست دەکات بە تەپەتەپ و هەژان
دەڵێت جەمال.
بۆچی نامخەیتە ناو چەمی زەڵمی شیعرێکی جوان
(۱۲)
درۆ بکە،
لەوانەیە هەندێک جار ڕووی ڕەشی درۆکردن زۆر جوانتر بێت لە ڕووی سپی ڕاستییەکان.
بۆ نموونە،
بە کچە سوێسکەیەکی نەخۆش بڵێ
تۆ هێشتا دەنگت پڕە لە نۆتەی نەبیستراو
ڕەنگت هەرچەندە کەمێک زەردبووە
بەلاَم لە ڕەنگی لیمۆیەکی بە شەوق دەچێت،
...
درۆ بکە
بە سمۆرەیەکی خانەنشینکراو بڵێ,
بەوە نییە تەمەن گۆچانی داوەتە دەستت
تۆ، خاوەنی باخ گەلێکی شیرینیت
بۆ هەمیشە نزای ڕەنگاوڕەنگت بۆ دەکەن.
...
درۆ بکە
بە بەلەمێکی کەنەفت بڵێ
ئەم ماوەیە پشوویەکی ئارام بدە،
گرنگ ئەوەیە سەردەمانێک ئێوە
دوو دێتان دەگەیاند بەیەک
کەلوپەل و شمەکی تازەبووکتان دەگواستەوە
...
درۆبکە، درۆبکە
ئێستا سەردەم، سەردەمی درۆی ڕەشە
لێ تۆ درۆ بکە درۆی پرشنگدار
درۆیەک بکە بۆ خۆشبوونی دڵی دڵدار
(۱۳)
بۆ ئەوەی تەوبەکانت قبوڵ ببێت
نزاکانت گیراببن
گەر لەوەبەر نهێنی ڕازی دڵداری کچە سوێسکەیەت قاو داوەو ستیانی ئابڕوت دڕاندووە
با لەمەودوا
ئەگەر، ماچومووچی دوو ڕیشۆڵەی ئەویندارت
بینی لە جێژواندا بە چاوی خۆت
لەناو ڕەشماڵی بێدەنگیدا گرمۆڵەی بکەو
با گڵیش لێت نەبیستێت و ئێتر تەواو
گەر لەوو بەر
تایەفەیەک ماسیت داوە بە گرت
ئێتر نان و توێشووی بەلەمەوان نەوتاوی بکەو
ئاپۆڕای ماسییەکان لە پیلانی قولاپ ڕزگار بکە و
لەلای هیچ کەس بە منەتەوە باسی مەکەو
ئیتر تەواو
گەر لەوەوبەر
دەستی تەڵخت خستۆتە بینی جۆگەلەیەک
لەمەولا خۆت ببە بە زێ
ببە کارێزو کانیاو
ئیتر تەواو...
(۱۴)
بەفر گەنمە
با،
داسە
...
شیعر، وردەماسییە
نوسینەوەش تۆڕە
...
لە دروستکردنی بەنداوێک
کۆ گوندێک دەبن بە مەنسوری حەللاج
...
پردی
منەتباری لە کاریتەی ڕزیو دروستکراوە
...
گوڵدانی دووریی
پڕە لە گوڵە نازنازی نزیکیی.
(۱۵)
[ئەگەرەکان دەمانهاڕن]
ئەگەر، گۆرانییەکی پرتەقاڵیی
بۆ گەڕانەوەی هۆزی لەقلەقەکان بچڕم
دەبمە دوژمنی کاسەسەری بۆقەکان
ئەگەر
بەداسێکی قەد بارێکی ڕەشتاڵەوە
نەچمە گیانی قامیشەڵان
چۆن دەتوانم دەیەها نۆتەی نوستوو بنوسمەوە
ئەگەر
بەدەستە زبرەکانمەوە نەچمە حەرەمی تاشەبەرد و
قوڵنگی وردوخاشبوون نەخەمەکار
ئەژدیهای بێ مەسکەنیی سەرم دەخوا
…
ئەگەر
کچەنەورەسێکی دیل لە چنگی دێوجامە ڕزگار بکەم
لەولاوە دڵی تایەفەیەک ماسی خرپنم لێ دەتۆرێت
ئەگەر
پەیڤێکی دڵداری بۆ خۆر بنێرم
لەولاوە بەفر تنۆک تنۆک دەست دەکات بە گلەیی
زەردوسوور
…
ئەگەر
باسی شیلەوشانەی هەنگە ڕەنجدەرەکان
بکەم بە شیعر وچیرۆک
لەولاوە خاتوونە پەپولەکان پەنجەرەی شیعرەکانم
دەدەنە بەر وردە بەردی بۆڵەبۆڵ
…
ئەگەر
باسی دونیا ئەفسوناوییەکەی جحێڵی بکەم
کە چۆن پڕ بوو لە جوانی و خەیاڵ
لێرەوە پیریی ئەو قۆناخە پڕ حیکمەتە
دەست دەکات بە ناڕەزایەتی و گاڵەگاڵ
(۱۶)
ئەوکاتانەی
باپیرم دەبوو بە فیشەک لەو کێوانە
نەنکم، دەبوو بە
موورو و دەستبەندو پوزەوانە
...
ئەو کاتانەی
باوکم پەنجەی گڕی پڕ تووڕەیی ڕادەوەشان
دایکم دەچوو
گەنمی بێدەنگی دەکرد بە دەستاڕی لێبووردەییا
تاکوو بیکاتەوە بە خەپلەی ژیان.
(۱۷)
من هەڵەبجەم.
بووم بە مرۆڤایەتی
لێ، بەداخەوە
ئازادکردنی (تاریق ڕەمەزان)
هەموو گیانمی تەزان.
...
من هەڵەبجەم.
بۆ شوناسی نەتەوەکەم بووم بە هێما
مخابن زۆر کەس کیسەیان پڕ کرد
لێ
هەڵەبجە هەر بە جێما.
(۱۸)
درۆیش
هەر ڕاستییە، لێ بە جۆرێک دی.
...
لۆکەی ئیمان.
لەناو قۆزاخەی بێ ئیمانییەوە دەپشکوێت.
...
وشەکانی بلوێری شوان
هەموویان وەکوو چەقۆ وان
...
دڵت، بیابانێکی ترساوە
جۆگەیەک شەرابی لۆ ڕابکێشە
...
دەروێشی واتە
بەزەییت بێتەوە بە پادشاکاندا،
...
کۆتر،
پڕە لە پشیلە.
...
پریاسکەی تاریکی پڕە لە متومورووی بریسکە دار.
(۱۹)
پەیامبەرەکان
بە کافرەکانەوە دەدرەوشێنەوە.
...
بە کاریتەی ژاوەژاو
سەربانی بێدەنگی دروست ناکرێت
...
گوناهەکان
کلیلەکانی بەهەشتن
...
گوڵەجۆ
بە ئەمانەت نادرێتە کوکووختی
...
شادیی عەتتار
لە مردنی سەوسەنەکاندایە
...
کوفر
ئیمان دروستی دەکات.
...
ئەرێ ئەوەچاو پیسێک شک نابەن
چاو لە خەمباریی بدات
...
قارچکی جوانییەکان
لەژێر چەتری ناشیرینییەکان هەڵدەتۆقن
...
کافرە زیندووەکان
هێشتا، کافر نین
...
لە دوا دڵۆپی باران
یەکەم دڵۆپە فرمێسکی گوڵ دەستپێدەکات.
...
دۆزراوەکان لەناو نەدۆزراوەکاندا بوون
نەدۆزراوەکانیش لەناو دۆزراوەکاندان
بۆیان بگەڕێ.
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی