بەڵێن سەنگاوی
کاک "بەڵێن ڕەزا"، به نازناو "بەڵێن سەنگاوی"، شاعیرە و نووسەرە چەندین هۆنراوە و تێکستی لە بوارە جیایاکان نووسیو
بەڵێن سەنگاوی
کاک "بەڵێن ڕەزا"، به نازناو "بەڵێن سەنگاوی"، شاعیرە و نووسەرە چەندین هۆنراوە و تێکستی لە بوارە جیایاکان نووسیوە، چەندین هۆنراوەی کراوە بە گۆرانی لەلایەن گۆرانیبێژانی سەدەی بیست و یەک، وە بەڵێن سەنگاوی برای ڕەنج سەنگاوییە، لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا بەڵێن دەڵێت نووسین لە لای من سەرەتا بەهرەبوو دواتر حەزملێکرد دواتر پەروەردەم کرد.
بەڵێن لەشاڕی سەنگاو لە دایک بووە و ئیستایش لە سڵیمانی دانیشەجیە.
┄┅═✧❁💠❁✧═┅┄
(۱)
بۆخۆت ئەزانیت چاوەکانی تۆم
کردووە بە هێما، بۆ ژیانی خۆم
کە تەنها هیوای مانەوەی منی
چۆن لات ئاسانە پێم بڵێی ئەڕۆم؟؟
ئەم بێ باکییە، گەر بۆ تۆ نازە
بۆ من ئەبێتە زامێکی تازە
نەکەی فڕێی دەی بە باڵێکەوە
ئەم مەلی دڵە زۆر لانەوازە
بۆیە دەترسم نەمێنیتەوە
چونکە بیانو ئەهێنیتەوە
ڕۆژێ وەک خاری، ڕۆژێکیش گوڵی
منت داوەتە دەستی دوو دڵی
نەمامی تەمەن بۆخۆی چەنێکە
هەر تاو ناتاوێ بشکێنی چڵی
بەینێکە نامەت هێندە بێ گیانە
وەک بڵێی ئیتر بوومە بێگانە
خودات خۆشدەوێ و کەچی نازانی
ڕاگرتنی دڵ پایەی ئیمانە،؟
بۆیە ئەترسم نەمێنیتەوە
چونکە بیانو ئەهێنیتەوە...
ئەی لەبیرت چوو شەوێک بە ماتی
وەکو ڕێبواری بێلانە هاتی
وتت ئاوارەی کیشوەری شادیم
ڕێمدا و لە هۆدەی دڵما ڕاهاتی
ئەی ئێستاکە بۆ ئەم کەین و بەینە
ئەی ئێستاکە بۆ ئەم مەکرو ئۆینە
هەر لە پای ئەوە هۆگرت کردم
هەتا بمکوژی ئا بەم ڕۆینە
هەر بۆئەوەی لام نەمێنیتەوە
هەزار بەهانە ئەهێنیتەوە...
(۲)
ئێوە رەنگن
ئێوە سەنگن
ئێوە تۆنی خۆشی دەنگن
سوکنایین بۆ دڵی تەنگ
تروسکایین بۆ شەوی زەنگ
ماسی سووری گۆمی مەنگن
ئێوە نەبن
گۆرانی بێ ئاواز ئەبێت
ژیان ووشکو بێناز ئەبێت
بۆنی خۆش و تەزوو جۆش و خۆشەویستی
بە بێ ئێوە کوا ساز ئەبێت...!!؟
وای کە جوانن...
لێم بپرسن چی لای تۆ پیرۆزترینە
گەر بزانم، بە تیرو تانەش دەمکوژن
لە دوای خوداو ئالاو وڵات
بێ دوودڵی، من دەڵێم ژن...
(۳)
مەگەر ئێستە، ئاگردانی گیانی نەرمی
خوێنی گەرمی
سری دەستم
زوقمی هەستم
خاوکاتەوە...
مەگەر ئێستاکە هەناسەی ئاگراوی
شیلەی لێوی وەک شەکراوی
چرپەکانی
خاکی دێمم
ئاو باتەوە...
سبەی ئەگەر
گیانم لە سەرمادا رەق هەڵات...
هۆکار ئەوە
بەڵێنی دا کەبێت و کەچی نەهات...
(۴)
بۆ دیدەنیت
هێشتا کەمە چاوەڕوانی
کە خۆت ڕەنگت
خستە بینی چاوانەوە
دەڵێی گوڵی
بەسەر یەخەی ژیانەوە
هەرچۆنێک پرچت ڕێکئەخەیت
هەرچی لەبەرئەکەی، لێت دێ
لەسەوزەڵانی بەهار ئەچیت
ئای کە چەند سوکناییم پێت دێ
کە ئەمدوێنیت، لەخەو ئەچیت
بە ئاسانی لێت دەرناچم
ئەڵێی لەیەکەم ژوانا و نوقمی ماچم
کەدەنگت دێ
تۆنی،پیانۆ دێتە گوێم
کە زەنگت دێ
خۆشم نازانم چی دەڵێم
خۆشەویستیم زۆر پاک نەبێت
لەم دوورەوە
چۆن هەر دەمێنێ بڵێسەم
بۆ ئەوینێک
خۆم "وەلی" بم
نەشبیت بە شەم
هەر منت هەم
با هەر دووربی و
بەڕێککەوتیش بێت نەتبینم،
هەر وجودت
ئامرازێکە بۆ مانەوەم
کە مردیشم
هۆکار هەرتۆی
بۆ دووبارە ژیانەوەم!.
(۵)
بۆیە ئەگریم
ئەو هۆنراوەی بۆتۆ نووسیم
بەدەستی خۆم سڕایەوە
ئەو چیرۆکەی
دەبوو گەلێک درێژتربێت
هەر لە کورتی بڕایەوە.
ئەگریم بۆ گشت ئەو ڕۆژانەی
کۆڵان کۆڵان
ئەگەڕام بۆ ماڵەکەتان
تا ئێستاش سوێی ئەو یادانە
لەتوێی دڵێکی لەتلەتان...
(۶)
چەند وەخت ئەبێت
گوێم هەڵخستووە بۆ دەنگی پێت
نەبەهاتن شادت کردم
نەبەزەنگێک، یادت کردم
وەرە گیانم
ئەم هۆدە بێتۆ زۆر چۆڵە
چەرپا خوارە و
سەر مێزەکەش، هەمووی خۆڵە...
ئەتوانم چرپاکە ڕێکخەم
سەر مێزەکەم پاککەمەوە
بەس نازانم
دڵی تۆ چۆن چاککەمەوە
تۆ ئەم جارە خۆت چاکیکە
بەخوا ئیتر نایشکێنم
هەتا ماوم، فرمێسکێکت ناتکێنم...
لەو کاتەوەی کە فەرمووت پێم
ئەم ژووانە دوادیدارە
گیانم قورسەو کۆڵێ خەفەت
لە جانتاکەی شانم بارە
لەو دەمەوەی ووشکی کردووە
کانی بڕوات
خۆشم کەشخەییم نەماوە و
بۆنی عەترمم، ڕۆژێ ناڕوات...
روونتر بڵێم
ژیان لەگەڵ تۆ سازتربوو
لایەنیکەم
شیعرەکانم بەنازتربوو...
(۷)
جارێ پرسیت ئەم لۆچانە
ئەم هێڵە شێوە گۆچانە
بۆچی ئاوا
لە ئێستاوە؟
بیرمە وتم:
نەخشی تەمەن
ئەوە هێمای جوانی پیاوە
لە ڕووما نەخشی کێشاوە
تاکە جار بوو
کەوا درۆم لەگەڵ کردی
من بەو دێرەم
نەمویست بڵێم
هەر یەکێکیان پەپولەی عومرێک ئازارە و
نیشتۆتەوە لەسەر ئێرەم!
(۸)
وەختە باڵام دائەپۆشێت
شەپۆلی ئەم نەهاتییە
لە کام لاوە لێم ئەڕوانیت
سەراپای شێوەم ماتییە
ئاگرێک
ناو سینەمی دا گرتووە
خەیاڵێک
تەواوی ئاگامی بردووە
ئەوە تۆی کە چەند ووشەی
بێ هەست و سۆزت ناردووە
کەچی من هەست
بە کڵوکۆی سزا ئەکەم
هێشتاکە بەنازەوە ناوت دێنم
بەترسەوە نزا ئەکەم
ئەڵێم خوایە
ئەم هەڵچونەی لەخۆڕابێ
خوایە دڵی نەگۆڕابێ
خوایە خەوونی لێکترازان
لەگۆڕابێ...
ئاخر من فێری تۆبووم
بە تۆ دەدوێم
بەتۆ دەڕۆم
بەتۆوە تامی شیرینە
ئاوی کانیاوی گفت وگۆم...
خوانەخواستە
ووردە شوختێک
بچێتەسەر شوشەی تەنکی ئەم ئەوینە...
وا وورد ئەبم
بەناوبانگترین چیرۆکی
کارەساتباری کورد ئەبم...
ئاگات لێم بێ...
(۹)
ڕێگەم بدە بۆتی باسکەم لە دڵما چی ئەگووزەرێت
وەرزێک هەیە، هەرگیز گەڵای تیاناوەرێت
لەوێ خونچە
بەسرتەی ماچ ئەکرێتەوە
لەوێ نەمام
بەباوەشی گەرم ئەڕوێ
دەیان کووچەو کۆڵان هەیە
بەڵام گشتیان دەچنە یەک جێ
لەوێ بۆنی ئەوەڵ باران دێت هەمیشە
لەوێ ئازار بونی نییە و
ئەوێ خاڵی لە خەمیشە
لەوێ هۆنراوە سروود و
تەزووی سوورە ڕەنگی ئاڵا
سوپا ماچەو
چەکیش پەڕەی گوڵی وشکە
لەناو زەرفی نامەی کاڵا
بێ بەچاوی خۆت بیبینە...
(۱۰)
ئەم ڕۆژانە تێ ئەپەڕێ و
ئەم خەمەش بیرئەچێتەوە
دوای ساڵانێ جێی شکانی
دڵیشم چاک ئەبێتەوە...
بەڵام ئەوەی لەناو گۆمی
پەشیمانی نغرۆ ئەبێ
دڵنیابە دڵە تەنهاو
بێ منەتەکەی تۆ ئەبێ
(۱۱)
دووای ساڵانێک
جێ برینێک
لە سنگما کوولایەوە
نەمامی زوو وشکبووی تۆزە حەزێک
لەزەینما ڕووایەوە...
هەمان ئێشی ئەوسای دامێ ئەمشەویش
ئاخۆ بڵێی وابێت ئەویش؟؟؟
تەمەنێک ڕۆی
کەچی من هەر لەو جێگایەم
گەورە نابم
خانمەکەم گەورە نابم
وەک جارانی ئێستاش دایم لەو ڕێگایەم
کەتۆی نازدار جانتاکەتت ئەکردەشان
ئاااخ گەر بزانی
چۆن ئەم دڵەت ڕا ئەوەشان
کاتێ ئەگەشتیتە مەکتەب
دنیام لەلا تاریک ئەبوو
ڕێی هاتنەوەم
وەکو تاڵێک پرچی ئەوسات
لەلا ڕەشو باریک ئەبوو...
لەنیوەی ڕێ ماندوو ئەبووم
خۆزگە ئەکرا جارێکی تر هەتا مەکتەب دواتکەوتمایە
خۆزگە ئەکرا شەوێکی تر بۆ بینینت
تا بەیانی نەخەوتمایە
ئاخ نازەنین خۆزگە ئەکرا
خۆ ئێستاش
سەدان شەو نەنوستوم و
بەیانی تۆشم نەدیوە
هەزاران هەنگاوم ناوەو
تەزوویەک
دەوری دڵمی نەتەنیوە
تەمەنێکم بەڕێکردو
خورپەیەکی وەکو ئەوسا هەر لێی نەدام
کیژۆڵەیەک تانەیەکی
وەک ئەو جارەی تۆی لێنەدام
خۆزگە ئێستاش وەکو ئەوسا
تەنیا خەمم هەر تۆ ئەبوو
ئاخ گەر وابا
ئەم ئیحساسی تەنهاییەم بۆ ئەبوو؟؟
کەی گرنگ بوو هەڵوێستی پیسی نابەکار
کوانێ ڕقم لە کەس ئەبوو
کوانێ جوێنم ئەهاتە زار...؟!
گەر تۆ ئەبوویت
کەی وەک ئێستا گەورە ئەبووم
کەی وەک ئێستا
قوربانی ئەم دەورە ئەبووم
کەوای لێهات
لێمگەڕێ با بە ویستی خۆم
تف بکەم
کە ڕووی بەعزێ کەسم بینی
پف بکەم
ئاخر لە گەورە بونا
هۆنراوە ئەبێت بە جوێن
رەنگی سور چیتر هێمای ئەڤین نییە و
ئەبێت بەخوێن...
ئاخر لە گەورە بونا
بەرژەوەندی باڵا ئەکا
هاوڕێیەتی وەکو پیاوە هەژارەکان
تەنیا سکاڵا ئەکا...
ئاخر لە گەورە بوونا
زانا لاتەو نەزان سەروەر
ئەگەر کەسێ میهرەبان بێ
پێی ئەڵێن کەر...
لە مێژەوە نەمبینیوی
ئەگەر هێشتا هەر مناڵیت
وەک من مەبە
تکا ئەکەم، تکا ئەکەم
گەورە مەبە...
(۱۲)
خۆزگە دەتوت هۆکاری
ئەم خەم و دەردەت لە چی
تۆ کە خۆت ئەڵێی پەپولەی
ئەم دڵە وەک بەردەت لەچی؟؟؟
(۱۳)
هەولێر بناسم نەوین ناناسێت
خۆشنابێت هەرگیز لە خوێنی ڕۆڵەی
ئەمڕۆ یان سبەی، هەڵۆی پڕئەزموون
لەداگیرکەران ئەسێنێت تۆڵەی...
بەڵێ لە تۆڵەی هەزارو چەند جار
زووبێت یان درەنگ، ئەیاندات لەدار
ئەوکاتە ئێمەش هەموو بە یەک دەنگ
دەستمان لەسەر دڵ، وەک فەرمانی جەنگ
سرودی بەرزی وەتەن ئەخوێنین
بۆگڵکۆی شەهید، بۆ ئاڵای پیرۆز
بۆ ئەوەڵین جار، سەر دادەنوێنین...
(۱۴)
تۆ فێری بێ منی نیت
وەرەوە
بۆ باوەشی هەستەکانم
وەختە بۆ قژت شێت ئەبن
دەستەکانم...
وەرە گوڵێ
نە هیچ ئەڵێم
نە هیچ بڵێ
سەرت بنێ بە سنگمەوە
بەستەڵەکی قسەکانت قسەکانم
ئەتوێتەوە
گوڵە باخە سیسبوەکەی دڵداریمان
بێ لێبوردن
ئەڕوێتەوە...
بە دوریمان
هیچ نابێتە سەبوریمان
گوڵەکانیش زەرد ئەبن و
یادەکانیش ئەبنە کینە
ئاخر بەم دەمەو بەهارە
کوانێ وەختی هەڵوەرینە...
دەی چاوەکەم
با ڕوخسارە ژاکاوەکەم
ئاڵبێتەوە
تابلۆ ڕەشەکەی نێوانمان
بە بۆن و ماچی لێوانمان
کاڵبێتەوە
ئەگەر بێی
ئەبیتەوە
بەسنەوبەرەکەی جاران
ئەبمەوە
بە نێرگزە ڕوخۆشەکەی
دوای باران...
وەرە گیانم
خۆم و لێومو بەستەکانم
دەستەکانم
چاوەڕوانین
لێرە ناڕۆین
تا تێرمان نەکەی لە ڕوانین...
(۱۵)
بۆ شەوێکی وا ڕوتەڵەو
نیوە ساردو
خامۆشو مات
تاسەی نامەیەکی تۆم کرد
کەچی نەهات...
تۆش گەر شەوێ تینوی نامەی کەسێ بویت و
هاتیتە سوێ بۆ یەک شەوشاد
لە حاڵی ئێستام تێ ئەگەیت
بێشک منت دێتەوە یاد...
(۱۶)
بۆیە ئەگریم
ئەو هۆنراوەی بۆتۆ نووسیم
بەدەستی خۆم سڕایەوە
ئەو چیرۆکەی
دەبوو گەلێ درێژتربێت
هەر لە کورتی بڕایەوە
ئەگریم بۆ گشت ئەو ڕۆژانەی
کۆڵان کۆڵان
ئەگەڕام بۆ ماڵەکەتان
تا ئێستاش سوێی ئەو یادانە
لەتوێی دڵێکی لەتلەتان
ئەگریم
بەکوڵ
بە کامی دڵ
بۆ هەمو ئەو ساتانەی تۆ
بە دەممەوە پێئەکەنیت
بۆئەوەی دەیان جار وتم
ئەمرم کە نیت...
ئەگریم
بۆ چکلێتە نامەکانت
بۆ نوکتە بێتامەکانت
بیرتە چەند بەدڵ گوێم ئەگرت؟
بیرتە دەنگی گڕی قاقام ئەگەشتە کوێ؟
بیرته ئەڵقەی قسەکانتم چەند بە توندی ئەگرتە گوێ؟
ئێستا من و ئەو یادانە
لەسەر مێزی کافێیەکی بچکۆلانە
بە دزی ئەو خەڵکانەی بەرامبەرمن
ئەو کاپتنە بێتامانەی چاو هەڵئەبڕم لەسەر سەرمن
هێندە ئەگرین
تا فرمێسکی سوێر ئەتکێتە
ناو جۆگەلەی کۆنە برین
ئای لە دۆخی ئەم دڵە
ئەڵێی ئینجانەی بێ گوڵە
خۆزگە ئەمزانی تۆ چۆنیت؟
خۆزگە ئەمزانی تۆ بۆ نیت؟
تا بپرسم
سوێندت بدەم
بە هەرچیەک پیرۆزە لات
هەر پێم بڵێی؛
منی لای تۆ
چی بەسەرهات؟
(۱۷)
لەوڵاتی چەک و چەقۆ و هەڕەشە و جوێن
لەو وڵاتەی ڕەنگێکی تری تیاناژی
بێ لە خوێن
ئەویندارانیشی ئێستا
لە مەرگ و جودایی دەدوێن
شیعرێکی تازەم نوسیووە
بە هەوێنی خۆشەویستی
دوور لەپەستی
ئارەزومکرد تۆ یەکەم کەسبیت بیبیستی
وەلێ خاتون
لەدڵی خۆشتابێ مەڵێ
ئەم شاعیرە خەڵافەوە
هێشتا لەلای
وشەی جوان و سۆز و ئەوین
باوی ماوە
بڵێی ئێستا
کێ تاقەتی جێیژووان و گوڵی هەیە
لە گێژاوی ئەم هەواڵە بێ تامانە
کێ کاتی بۆ دڵی هەیە...
ڕاستییش دەکەیت
منی شاعیری خەڵەفاو
منی لە سەت لاوە شکاو
منی بێ سمێڵ و
زماندرێژی سەردەم
چۆن دەوێرم لەم سەربازگە پڕتانکەدا
خۆشەویستیم بێتە سەردەم
لەم وڵاتی گڕ و خوێنە
لەم نیشتیمانی
لە نەخشا بێ سەرو شوێنە
فێرە جوێن و وشەی ڕەق و شەقین
تازە
لە گێژاوی ئەو هەموو کۆسپ و ماتەمە...
هاوڕێیەتی و خۆشەویستی،
شیعر و ئاواز و پێکەنین
کەی ڕێبازە
کە من هەمە!
(۱۸)
لەگەڵ خۆتا
دەیان پێکەنینی جوانو
سەدان شیعری خانومانو
بۆنی خۆشو کەشخەییت برد
ئەزانی
لە جێی ئەوان چیت دروستکرد؟؟
لە ڕوخسارما وردە لۆچو
دەیان شیعری باسی کۆچو
گەورەبوونو
گەنجینەیەک خەمت دانا
شایەنم بوو...
هەزاران جار دەستخۆش هێشتا
کەمت دانا...
(۱۹)
بیرت ئەکەم
ئەزانی چۆن؟؟
چەشنی پیرێکی تامەزرۆ
بۆ یادی کۆن...
بیرت ئەکەم
گەربتبینم بەجۆرێ
لەباوەشما گیرت ئەکەم
بەرتنادەم
تا ئەبیت بە بەشێک لەخۆم
وەک دەزوو، مۆم.
بیرت ئەکەم
تا بە گڕی تاسەی دوریت نەسوتاوم
شتێک بڵێ،
بینای چاوم...
(۲۰)
بۆ دیدەنیت
هێشتا کەمە چاوەڕوانی
کە خۆت ڕەنگت
خستە بینی چاوانەوە
دەڵێی گوڵی
بەسەر یەخەی ژیانەوە
هەرچۆنێک پرچت ڕێکئەخەیت
هەرچی لەبەرئەکەی ، لێت دێ
لەسەوزەڵانی بەهار ئەچیت
ئای کە چەند سوکناییم پێت دێ
کە ئەمدوێنیت، لەخەو ئەچیت
بە ئاسانی لێت دەرناچم
ئەڵێی لەیەکەم ژوانا و نوقمی ماچم
کەدەنگت دێ
تۆنی، پیانۆ دێتە گوێم
کە زەنگت دێ
خۆشم نازانم چی دەڵێم
خۆشەویستیم زۆر پاک نەبێت
لەم دوورەوە
چۆن هەر دەمێنێ بڵێسەم
بۆ ئەوینێک
خۆم "وەلی" بم
نەشبیت بە شەم
هەر منت هەم
با هەر دووربی و
بەڕێککەوتیش بێت نەتبینم،
هەر وجودت
ئامرازێکە بۆ مانەوەم
کە مردیشم
هۆکار هەرتۆی
بۆ دووبارە ژیانەوەم!
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی