شاڵاو وریا
کاک "وریا عدێ"، ناسڕاو بە "شاڵاو وریا"، شاعیری هاوچهرخی کورده.
شاڵاو وریا
کاک "وریا عدێ"، ناسڕاو بە "شاڵاو وریا"، شاعیری هاوچهرخی کورده.
کتێبی کاروانی وشە کومهلهی شیعرهکانی ئەم شاعیرەیە کە چاپو بڵاووە بووە.
┄┅═✧❁💠❁✧═┅┄
(۱)
کە دەرکەوت گوڵناری من، دڵ خۆشی هات نەما خەم
شار هەموو نەزەری دەکرد، کە کردی عەرزی پەرچەم
غافڵ نەبووم تێر سەیرم کرد خۆشبەحاڵم دەرکەوت
کە شەوقی ڕوخساری لێیدام تەئسیری کرد لە دیدەم
هەر چاوەڕێ بووم تیماری دڵی من کا نەمزانی
بە شۆڕابەی گوارەکانی گڕ بەردەدا لە سینەم
بۆ ویساڵی وەکو یەعقوب هاواری یوسف دەکەم
شین گێڕانم فەڕزە بەخوا، زەلیلبم گەر وانەکەم
زارم کراوە من گوتم خێوەتی خۆشەویستی
تا هەتایە دێنم لە نێو دڵی تۆدا هەڵدەدەم
بێ باکم لە لۆمەی عالەم چیم بەسەر بێ خۆشحاڵم
لەو سەردەمە مەحاڵ نیە بەیەک دەگەن زین و مەم
خەندەی کرد وەڵامی داوە گوتی وازبێنە (شاڵاو)
خۆت لە داوم لادە خەندەم بۆتۆ دەبێتە ئەلەم.
(۲)
لە مەیخانەی خەمی تۆدا، هەر پەنام بردە بەر بادە
ئەسیری زوڵفی تۆیە دڵ، بەندی کردم ئەو جەلادە
تەماشاکە بە چاوی دڵ دەزانی کە من چۆنم بۆت
سێدارەشم بۆ دابنێ بە گیانم دەبم ئامادە
مەڕەنجێنە دڵەی بێناز وەرە ڕەحمێ بە دڵمکە
نەیاری عیشقم بکوژە هەر بەبێ مەیلی تۆ شادە
دەفتەری شێعرم تەواو بوو وەسفی جوانی تۆ هەر نەکرا
لە وەسفت زمانم لەنگە پێنووس بەندە کەی ئازادە
لە سەردەمی لاوێتیمدا زامداری نیگای چاوت بووم
دەناڵێنم بەم ئازارە فەنای تۆ بووم بەبێ ڕادە
یارا بەدڵ عەشقی تۆمە هەر ڕێگەی عیشقی تۆ دەگرم
تۆ وەفای شیرین بنوێنە (شاڵاو) دەمێکە فەرهادە
(۳)
بڕوانە سەر و سیمای شێواوم
بێنەوە یادت جاران وەها بوو؟
ناپرسی دوای تۆ چۆنم بەسەر برد؟
ئەو ژیانەی من بۆ تۆم دانابوو
(۴)
بە چین چینی زوڵفی خاوت لەیلێ جەستەکەم بەندە
کەوتوومە داوی عیشقی تۆ بۆ قەتڵت لا پەسەندە؟
داوی عیشقی تۆ بادەدەم هەرچۆنێ بێ دەسازێم
بمبوورە لە کەمی مەیلت جارجار دەکەم گازندە
هەر لە دیداری ئەوەڵدا دڵی خۆم پێشکەش کردی
تەمەنی خۆمت پێدەدەم جارێ بۆم بکە خەندە
لابەری خەمە و دەرمانی سەت دەردی بێ دەرمانە
ماچێ لەو لێوە شەکەرە بۆ عاشقەکەت بای چەندە؟
دەک دڵە لە لێدان کەوی پێنووس یاڕەبی بشکێی
کوا قیمەتی کەوسەر هەیە لە ڕاست ئەو لێوە قەندە؟
تێنووسم کاتێ دەنەخشێ کە وەسفی ڕوخسارتە
وەسفی تۆ لە شیعرم دابێ غەزەلم دەوڵەمەندە
ڕووباری شیعر ساف نیە عیشقی پاکی تۆ نەبێ
هۆکاری جوانییەکەی تۆیە (شاڵاو)وا بەهرەمەندە
(۵)
هەر لە فکری تۆ دام دایم قەت غافڵ نابم ئەمن
دڵ بۆت لە نالینە دەبێ پتر شەیدابم ئەمن
بیماری تۆم یارا لووتفێ بکە بۆ حاڵی زارم
دەوایە ئەحواڵ پرسینت بەشکم پێی چابم ئەمن
تۆ ئەسیری نێو قەفەزی زێڕی ماڵە زەنگینی
من گەدای ڕووت و ڕەجاڵم بێ تۆ گەر شابم ئەمن
مەرحەباێێ یان نیگاێێ یان خەندەیەکت بۆم بێ
تۆماربێ لە مێژووی ژینم لەگەڵی ڕابم ئەمن
بسکی خاوت بخە مڵم تاکەی بەو حاڵە بژیم؟
دوا ڕۆژم بە بوونت شادە هەتاکو مابم ئەمن
ساڵێ جارێ یەک بینینێ گەر بە سوتفەش هەڵکەوێ
حەیفە تێر تەماشات نەکەم چۆن بێ وەفابم ئەمن
هێندە هۆگری جوانیت بووم هەمووشتت شیرینە
خادمی دەرگەی تۆم و قەت نابێ جودابم ئەمن
(شاڵاو) دەبێ هەر ڕێگەکەی کاکی مەجنوون بپێوێ
شانازی یە دەتۆش بلێ شەرتە لەیلابم ئەمن
(۶)
لە مەیلی کەمی ئەو شاجوانە ڕقمە
لە بێ شەرتی ئەو بێ پەیمانە ڕقمە
عیشقی لاوان بۆ یاران مەجنوون نەبێ
لە سۆزی ساردی ئەو لاوانە ڕقمە
نانێک بە ڕەنجی شان پەیا نەکرابێ
دوور لەو زادە ئەمن لەو نانە ڕقمە
دەبینم هەژار بەردەستی زەنگینە
لە ئەڵماس و ئاڵتون و عانە ڕقمە
لێرە زانا بەردەستی نەزانانە
بۆیە لە زانست و لەوانە ڕقمە
لە کاکی دکتۆری بێ دین و ئیمان
چەقۆ بەدەستی نەخۆشخانە ڕقمە
لە وتاری مەلای لە پاڵ سیاسەت
من لەو وتار و لەو ئیمانە ڕقمە
حەقی خۆمە کردەوەی وام بینیوە
شاعیری حەقم کەی لە تانە ڕقمە
هەمیشە دژی گەندەڵکارانم من
بۆیە من لە ژینی شاهانە ڕقمە
بژین بە ژینێکی سادە هەموومان
لە خۆبەزل زانی زەمانە ڕقمە
ئەو خاکەی بستێ دایکی شەهید نەیبێ
بەخوا لەو خاک و نیشتیمانە ڕقمە
لەو نووسەرەی کۆمەڵگا هوشیار ناکا
زۆر دەمێکە لەو نووسەرانە ڕقمە
لەو ماعیرەی لەپاڵ کیتلە و میتلەیە
سەریان شۆڕە لەو ماعیرانە ڕقمە
لە ڕەخنەگری ڕوخێنەر هیواکوژ
زمان درێژ لەو بێ کارانە ڕقمە
ئەمشەو( شاڵاو)ی شیعرم دادەبارێ
لە هەرچی دەردی بێ دەرمانە ڕقمە.
(۷)
شەوانە هەتا بەیانی شین و وا وەیلا دەکەم
کاتێ فکری تۆ دامدەگرێ لە دڵدا سەما دەکەم
قەت مەڵی غافڵی لە من لە تریفەی مانگی ڕووت
کاتێ مەست دەبم بە دڵی غەمگین تەماشا دەکەم
هەستی خۆشەویستی هەموو خەڵکی لە دەستیدا من
زێتر هۆگری تۆ دەبم کەی کاری ئاوا دەکەم
چاوی ڕەشی خوا پێداوت نەیەشێ عەزیزی من
بۆ ویساڵ بە ڕووی شەمعی تۆ من بەدڵ نزا دەکەم
من شاسواری شێعرم نەبێ خەمم لای کێ بەیان کەم
بۆیە دائیم ڕاز و نیازم من لە گەڵ شیعرا دەکەم
ئەی وەتەن دیسان ڕۆڵەکەت بە دڵ گیان فیدای تۆیە
بڕوانە دووژمنی سەگت چۆن لە بۆ ڕیسوا دەکەم
گەردوون مەلێ ویستی دڵت کەم کەوە چیم نەگوتووە
نالێم لە سەر تەخت دابم من وەک و پاشا دەکەم
پشو نادەم شەرتە تاکو نەگەم بە لوتکەی ئاسۆ
ئامانجی دڵ بێتە دی من کوا چیتر داوا دەکەم
من لە خاکی خۆمدا ئەگەر کۆنە خانوێکم هەبێ
چۆن سەرم هەڵدەگرم دەڕۆم ڕوو لە ئەورووپا دەکەم
(۸)
گیانە من چیت بۆ بنووسم؟؟
زمانی لاڵە پێنووسم
وەسفت چۆن بە شیعرێ دەکرێ
هەزار دیوان لە خۆ دەگرێ
ئەو زوڵفە تاڵ تاڵە ڕەشە
سێدارەی منی بێ بەشە
ڕوخسارت سپی و ڕووناکە
بەس هێندە عومرم بەباکە
ئەبرۆی قەوست وەک میعرابە
دڵ لە مەیخانەت کەبابە
دوو برژانگت پڕ لە کلن
دەستناکەوێ هەر دوو قلن
ئەو چاوانە نیگام دەکا
خۆشی لە من حەرام دەک
ڕوومەتت زۆر گەش و ئاڵە
چۆن خوێنم دەکاتە پیاڵە
لێوت پاسەوانی ددان
کەوتۆتە دواوەیان زمان
ئەو چەناگە پڕ جوانیە
ئەو ڕوخسارە نورانیە
بەرزە ئەو بەژن و باڵایە
لە بەرزیدا وەک ئاڵایە
ماشاالله ئەو قۆڵ و باسکە
شمشاڵە ئەو پەنجە ناسکە
جلی کوردی لە بەردەکەی
منی شێت دەربەدەر دەکەی
لە ئاوێنە ڕادەمێنی
سەیرە وەک دڵ نایشکێنی
وێنەکانی تۆم هەڵگرتوون
لە نێو دڵم دا پاراستوون
تۆم هەبێ خۆرم بۆ چیە
لە ڕاست تۆ خۆر تینی نیە
بۆ من بە یاری چاو مەستم
سارێژ بکە زامی خەستم.
(۹)
[خەندە]
تۆ لەم دونیا پڕ لە غەمە
لەم شارە پڕ ژاوە ژاوە
بەختەوەریت لێدەبارێ
خەندەت لە لێوان ڕواوە
تۆ هەمیشە لەناو دڵمای
تێکەڵە و ئاوێتەی ڕوحمای
یادت هەردەم لە گەڵمایە
لە گۆشەی چەپی سینگمدای
هەردەم ئاواتمە دڵخۆشبی
هەم ڕابردوو هەم داهاتووی
دڵنیاشم خودای گەورە
بە خەندەوە درووستی کردووی
(۱۰)
[هەناسەکەم]
لەو ساتەوەی کە ڕۆیشتی
لەگەڵما نیت،
ێستا شەوان؟
سەت خەیاڵی جیاواز دەکەی؟
هەر نازدەکەی؟
من تامەزرۆی هەوالێکتم
وەرە و بلێ خەمت نەبێ،
من بەدڵ نزات بۆدەکەم
هەرچی جوانە
دڵ پێی خۆشە
زۆرت هەبێ و کەمت نەبێ.
نەلێی لێم نیگەران بووە و
جێم هێشتووە و
فرمێسکی بۆمن ڕشتووە و
پێم گوتی خۆشەویستی تۆ،
ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێ،
ێستاش هەروای
بۆ دڵی من هەردوو دوونیای.
خۆشەویستری لەجاران،
گەر هەستت کرد بێ تاقەتی،
یا دڵتەنگی
نازت کەمە،
وەرەوە لام نازت بەدڵم هەڵدەگرم،
لەناو گلێنەمت دادەنێم
هیچی تریش چاو داناگرم.
بەبێ ترس وەرە ولەوێ
هەموو شتێک جێ بهێلە،
پەشێو گوتەنی باوەشم
ئاسمانێکە دەتپارێزێ لە ڕەهێلە.
(۱۲)
[تۆ ئەمساڵیش نەورۆز ناکەی؟]
بەسە بێ دەنگی بشکێنە
با پێنوسەکەت بێتە گۆ،
بەڵکو ئەوساڵ تەڕبن ،بڕۆن
سەرانی کورد، دەم پڕ لە درۆ.
ئەمساڵ بێ چیا!
بێ بۆنی گیا،
بێ بلێسەی سووری ئاگر،
کێ ڕەشبەڵەک داببەستێ؟
هەتا ببی بە چوپی گر.
هەموومان تۆمان لە یادە
تاکە خەمخۆرەکەی زمان
شوێنت هەیە لە ناو دڵی
کچ و کوڕانی نیشتمان
هەر ئەوەیە لێمان دووری
ئێمەش بێ ناز،
وشکی نەکرد بۆڕی نەوت،
قەت نەگۆڕاین
پتر بووە خەمی جیاواز.
بەیانی زوو هەستە لەخەو
گشت کوردستانە دوورەکەت
بست بە بستی بگوازەوە
بۆ غەریبی بۆ ژوورەکەت.
(۱۳)
وەرە گوڵێ تا هەین لەگەڵ یەکدا بین
ژیان ناچێتە سەر هەردوو جودا بین
پەرە بستێنێ خۆشەویستی ئێمە
بە حەڵاڵی لە ژێر ڕەحمی خودا بین
ژیان پێنج و دوو ڕۆژە تۆ بزانە
با لای یەک بین ئەوەندەی لە دونیا بین
کانیاوە ئیلهامی شیعرم کە ئێمە
بەم شێوەیە بۆ یەکتری شەیدا بین
لەم سەردەمە داستانی تر دێتەوە
بە ڕاستی شێوەی مەجنوون و لەیلا بین
دەڕوخێ خۆ دەروو دیواری ئێرە
وەرە با پشتی خەڵکی بێ پەنا بین
کوا ژین؟ کوا خۆشی؟ ئێمە دوور بین لە یەک
با بۆ دەردی یەکتری وەک دەوا بین
دونیایەکی چەند جوانە خۆشەویستی
بە پاکی بۆ یەکتری جێی بڕوا بین
ئەوەندەی بژین و هەر بە سەربەستی
بە وێنەی کەو بۆچی لە قەفەزا بین
دەنگی خۆشە بولبول هەر بێ چارەیە
نابێ ئێمە وەک ئەو باڵ بەسترا بین
لەگەڵ یەک بژین و لە گەڵ یەک بمرین
وەک و ماسی و ئاو با ئێمەش ئاوابین
بێ یەک هەڵنەکەین لێک وەڕەز نەبین قەت
هەمیشە دەم بە خەندە زۆر تەبا بین
وەرە بۆوەی لەو خۆشیە بێ بەش نەبین
وەرە با هەردووکمان دەست بە دووعا بین
چیم نووسیوە سەت هەزار ئەوەندەی تر
دەبێ بۆ یەکتری هەر بە وەفا بین
مەترسە تۆ لەوەی کە ئێمە بمرین
لەیادمانکەن لە نێو خەڵکی نەمابین
(شاڵاو) دەلێ ڕەنگە لە سەت کتێبی
چەشنی (کاروانی وشە) دا نوسرابین.
(۱۴)
[بۆ شاجوانێکی سەر شاشە]
پێم نەگووتی
لێم دوورکەوە؟
بڕۆ بەدەم ژیانی خۆت
با هێندە هۆگرم نەبی،
لەڕابردووم
گرفتاری جوانێک بوومە
دەرچوونی ئەستەمە لەدڵ،
ڕۆژێ دێ پەشیمان دەبی.
هەموو شتێکم پێگووتی
بۆم فرێدای دەمامکی ڕووم
حاشام نەکرد لە ئەوینی ساڵانی زووم
ئەی بۆ ئێستا پەشیمانی
هاتووی دەلێی لەبیریکە!
یان هەڵبژێرە دانەیەک،
ێستا من هەم، ئەو نەماوە
جێی هێشتی بۆ بێگانەیەک.
منیش لێرە بەتۆ دەلێم
ببوورە تۆ ئاگەدارنی،
خەتای نەبوو
قوربانی دابوو نەریت بوو ،
پەنای نەبوو
تۆ شیرینی لە دڵم دا،
شاجوانێکی سەدەی بیستی
لە جوانیدا بووکە شوشەی،
دەزانم زۆرت خۆشدەوێم
خەمخۆری منی هەمیشەی،
بەڵام ئەویش
ئەو گوڵە لادێ نشینە
وەسفی قەت کۆتایی نایە،
شۆخ و شەنگ و زۆر شیرینە.
وەک گوڵ پاکە
لای من تاکە
یادی لە دڵ هەر دەمێنێ
لە بیرکردنی ئەستەمە،
ئەو خۆشەویستیەی بۆتۆ
هەمە بۆ ئەو گەلێ کەمە،
گەر بلێم لە بیرم کردووە هەڵە دەکەم
چۆتە قۆڵایی دڵمەوە
لە عیشقی ئەو مەلە دەکەم
خەتام چیە لێم ناگەڕێ
دێتە خەوم هەموو شەوێ
ئاگرم بێ و بەهەشتم بێ
دووربێ و نزیک
خۆشم دەوێ
(۱۵)
ئەگەر ترسی لە ناو چوونی بەنی ئادەمم نەبا
عەیامێک بوو ئەشکی دیدەم تێکەڵی سیروان دەکرد
(۱۶)
سەر بەرزکە، کوڕی جوانم
با پێت بلێم، کوڕم لێرە
(ڕێوی شێرە،
چەقەڵ بەسەر شێرا، نێرە)
ژێرپێت نەوتە، جوتەی سەران
هەر بابایە خۆی پێ تێر کا،
بۆ ئێوەمانان بێ خێرە،
شەرەف لێرە پارەو زێڕە،
پیاوی ڕەشید دایم برسی و
سیاسی خوێڕیش هەر تێرە.
(۱۷)
دەیانەوێ ئەگەر لێرە، بژی، مت بی!
بینیت بردیان و خواردییان
یان پشتیان بگرێ یان بت بی،
کەسێکیان ناوێ دڵسۆز و
بۆ چێشتی هەژاران خوێ بێ،
کەسێکیان دەوێ وەک پێڵاو
پڕ بە پێ بێ ، پڕ بە پێ بێ
(۱۸)
خەندەی لێوت!
سەبووری بۆ دڵم دێنێ،
بەفری دڵگیر ئەی پڕووشە.
ڕۆژێ پەیکەرێک دەتاشم
لەشێوەی تۆ،
هەر بە وشە
(۱۹)
لەنێو گوڵزاری ئەوینا، هەموو گوڵ شلێر نیە
عاشقی ڕەنگ زەرد دیارە لە دیتنی یار تێر نیە
ئەگەر دولبەرم دوو چاوم دەر بێنێ هەر بەخەندە
لێی دەڕوانم بە چاوی دڵ هەستی دڵ خۆ کوێر نیە
ڕووت وە دەرخە سەبر وەرە نەکا سەتمە بۆ دڵ بێ
خۆت دەزانی لە خۆشی دا خۆ دڵی من فێر نیە
گەشتی تەواوی دونیاکەم پاشای خۆشترین شاربم
دێمەوە هیچ باوەشێ وەک شارەکەی هەولێر نیە
ناسرەوم تا سەرکەوم پەیمانێکە و بە خۆم داوە
ئەو بەرخەی لە سەربڕین دە ترسێ دیارە نێر نیە
(گەر لە برسانا و لە بەر بێ بەرگی ڕەقو وشک بێ)
نۆکەری بێگانە کردن قەت ڕەوشتی شێر نیە
(شاڵاو) م وریای ئەو گەلەم لێرە کۆتایی دێنم
هەرکەسێ زۆر وەسفی خۆیکرد بەخوا شوڕشگێڕ نیە.
(۲۰)
ئەمن باخێک پێدەزانم،
پڕ پڕ لە داری بەر دارە،
دار توو، هەرمێ
هەنجیر، ترێ
دەلێی باخی ناو بەهەشتە!
پڕ هەنارە.
لەو باخەدا،
دەزانن کامیان سەردارە ؟
تەنیا دوو دار،
دوو دار لە ناو هەر هەموویان
بوون بە سەردار.
دوو داری بێ سود و بێ بەر،
دوو داری تاڵی بێ سێبەر.
یەک دار (بەڕوو)
ڕزی بە مۆرانە و کەڕوو.
دارەکەی تر یان داری (گوێز)
بەرەکەی وەک ژەقنەبووتە،
لێی دەکەی قێز.
وای بۆ ئەوڕۆژەی دار بڕێک،
ڕەگ و ڕێشەیان ببڕێت.
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زاناکوردستانی