انجمن شعر و ادب رها (میخانه)

درباره بلاگ
انجمن شعر و ادب رها (میخانه)
بایگانی
آخرین مطالب
آخرین نظرات
نویسندگان
۱۳ آذر ۰۴ ، ۰۲:۱۶

مەریوان قرەداخی

ماموستا "مه‌ریوان قه‌ره‌داخی"، شاعیرو نووسه‌ری کورد، له رۆژی ۱۵ ڕەشەمەی ساڵی ۱۹۸۲ زایەنیە

 

 

مەریوان قەرەداخی

ماموستا "مه‌ریوان قه‌ره‌داخی"، شاعیرو نووسه‌ری کورد، له رۆژی ۱۵ ڕەشەمەی ساڵی ۱۹۸۲ زایەنی، لە شارە جوانەکەی سلێمانی لە دایک بوو.

─━⊰═•••❃❀❃•••═⊱━─
 

(۱)
لەئاسمانی دڵی ئەم شاعیرەدا کڕێوەیە
بەفر ئەبارێت سور سور
هەروەک خوێنی ئەو عاشقانەی
بەوشەی خۆشم ئەوێی ئاگر لە دڵیان هەڵگیرسا...
لە بەیتەکانی شیعری ئەم شاعیرەدا ڕەهێڵەیە
باران دەبارێت بەلێزمە
هەروەک فرمێسکی ئەو عاشقانەی
لەدووری یەکتر ،دەریای ئەسرینیان شەپۆل ئەدا...
پەنجەرەکەت دامەخە بەڕوی ئەو شیعرانەی
لە دوورگەی پڕ برینی عەشقەوە دێن
بەڕووی ئەو -با- یانەی 
لەڕۆژهەڵاتی سنکی شاعیرێکەوە هەڵدەکەن و
کەشتییە چارۆکە دارەکانی حەزی تۆ
بەهێمنی بەدەریای شیعردا گەشت پێدەکەن
دەرگاکەت دامەخە
بەڕووی ئەو نەسیمە سپیانەی
ئەیانەوێت ڕەنگی ڕۆژە ڕەشەکان بگۆڕن
بەڕووی ئەو فانۆسە ڕووناکانەی
خوێنی ڕوونی شاعیرێکە و
لەنیگا سحراویەکانتدا دائەگیرسێن
دەگاکەت دامەخە و
ڕازە نەوتراوەکان بێنە ووتن
بەهێمنی لەسەر لاپەڕەکانی یادەوەری بنوسە
من وەک باران دڵی شاعیرێکم خوساند
من بووم گوڵەکانی خۆم
لەئینجانەی چاوی شاعیرێکدا ڕواند
بڵێ من بووم تۆوی لەزەتم
لەمەزرای دیوانی شاعیرێکدا چاند
لەسەر لاپەڕەکانی یادەوەری بنوسە
شاعیرێک هات لەسەر بەرماڵی ژووان
فێری نوێژی عیشقی کردم
شاعیرێک عات بەهاڵاوی نیگا
بەستەڵەکی غروری هەڵپڕوکاندم
شاعیرێکم ناسی بەلێوی شیعر
شیلەی خومار بوونی پێ هەڵقوراندم

 
(۲)
گوێ نادەم بەوەی گروپێک شەمشەمەکوێرە
نیازی کوشتنی خۆریان هەیە
ئاوڕ لەو گوڵە گەنمە سەوزە نادەمەوە
لە دەمی سن و کوللەی غەمێکی ئەزەلیدایە
بەلای تەرمی مەسیحدا تێدەپەڕم
لەخاچی بێهودەیی دایانگرمە خوارێ
ڕەنگە پێتان سەیربێت هێندە دڵڕەقم...!
خۆم خۆر و گوڵەگەنم و مەسیحم
بەسەر تەرمی خۆمدا، بەتەنها شیوەن دەکەم
تۆش بە لامدا تێپەڕدەبیت
وادەزانی شۆخی دەکەم...

(۳)
ماشێنێک بەخێرای (با) دەڕوات
شەقامەکە چۆڵ بەلورەلور...
بێدەنگی کۆڵانەکە لەباردەبات
بانگەوازی بەقاڵەکە، کاتژمێر حەوتی بەیانی
تائێرە وەزعەکە باشە...

کرێکارەکە سەرگەرمی کارە
بیر لەهاتنی مووچە ناکاتەوە
هەویرشێلەکە بەدیار
گونک و نانی وشک هەڵاتووی سەرمێزەکەوە ڕچیووە
کەس پارەی پێ نی یە، نان سەودابکا...
بەرپرسێک لەخواردنی سەروپێ دەگەڕێتەوە
هەلو هەلو ئاوی مەلەوانگەکەم بۆ گەرم بکەن...!!!

وەک ڕۆژی ڕیفراندۆمەکە
دەرگای فەرمانگەکان کڵۆم کراوە
پێدەچێ هەموو لە پشودابن،
سەرۆک دەزانیت بایکۆتە...!!!
هەتا ئێرەش وەزکە باشە...

میلەت خاوەنی نەوتە، گەل ئازادی دەوێ
بازاڕەکە ئازادە،
پرۆتۆکۆڵ + کاوێژی سەرۆک = خۆڵ کردنە چاوی گەل
بەووتەی ڕاگەیاندن + کاوێژکار وەزعەکە باشە...

وشکە سەرماکەی جەرگ بڕە
لورەی گیرفانی بەتاڵ دەهۆڵی جەنگی نان دەکوتێ
تۆزێکی ماوە بۆ ئاگر،
کەپوی بەڵێنی دەسەڵات ماخۆلانە 
هەتا ئێرەش بەخاترەوە وەزعەکە باشە...

ماشێنەکە نەگەیشت
بەقاڵەکە هەموو میوەکانی ڕزین
نانەواخانەکە داخرا
گرفانی خاڵی، واتا برسیکردنی میلەت
کرێکارەکەش بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە...

سەرۆک تۆ جەرگ سوتانت نەدیووە
منداڵ وتی باوکە برسیمە
کەلەی سەرت پاندەکاتەوە بۆ نان
ووتی باوکە سەرمامە
ماڵی بەرپرسەکان دەسوتێنێ بۆ مشتێ هەتاو

ئیتر وەزعەکە شڕە
بلەی گەرما گەشتە سفر
منداڵەکان برسیانە... سەرۆک!!!

(۴)
لە هەگبەی ڕۆژی کورتی پاییزانی گەڵای فڕیوو
لەسەر باڵی ڕەشەباکەی ئێوارانی سلیمانی..
سەرنج بدە، بەپیتی ناز لێی نوسراوە
منم عاشقی کوچەو کۆڵانی
چەند تامەزرۆ پایزم  کردە بیانوو
ببارێمە نێو ئامێزی خاک و خۆڵی سلیمانی...

(۵)
[مۆسیقا هەناسەی  شاعیرێکی خەمبارە]
هەورێکی دڵشکاوە مۆسیقا
بەکوڵ بۆ شاعیرەکان دەگری
ئەشق کانییەکە لەتریفە وەکو بت مانگی تابان دەپەرستێ
نوسەرەکان لەیەک کاتدا
ژێی مۆسیقا و کانیاوی عەشقن
دەمیان پڕە لە وشە، کە بەشیعر ناوترێ ئەی دەنە دەست مۆزیک
سەریان پڕە لەکێوی غەم و
بەزار دەرنابڕدرێ ئەی دەنە دەست موزیک
مۆسیقاش گۆزەیەکە بەسەرشانی فریشتەیەکەوە
تک تک ئاوازی لێ ئەڕژێتە سەر ئەو زەویەی
مرۆڤ بەئاگری گوناه و تاوان کردویەتی بەسوتماک...

مۆزیک ئاوازی شاعیرێکی خۆکوژە
شمشێری سامورای ڕۆژگار چەقیوەتە نێو دڵی و
لەنێو مێرگوزاری شیعردا بەخاکیان سپارد
ئێستاش وردە نۆتەی غەمگینی
لە نێو گڵکۆ و سەرگۆڕەکەی ماوە...

ئەو شاعیرەی دڵی بەسەر تەنافی ڕزیوی سێرگی ژیانەوە
نەڕۆیشت و لەناکاو بەربویەوە نێو شانۆی غەم
لەسپێدەیەکی زوودا
لە خەونی خۆشبەختی ڕاچڵەکێنراو
بە کەلەپچەکراوی فڕێدرایە
بیابانی کاکی بەکاکی تەنیاییەوە...

مۆسیقا غەمبارە
وەک ئەو نوسەرە خەیاڵییەی
لە زەمەنی مۆمیاکردنی دڵ و
ڕەوانەکردنی ئەشق بۆ مۆزەخانە
بەسەر پشتی پەلکەزێڕینەوە ئەسپی هەتاوی زین ئەکرد
لەچاوتروکاندنێکدا
سروشتی ئەخستە نێو فۆتۆکەیەوە و
چەرچەفی ئەدا بەسەر زامی قوڵی جەستەی هەلاهەلابویداو
نینۆکی تیژی دڵشکان
لە هەموو لایەکەوە کون کونی کردبوو...

ئەو شاعیرە پایزییەی
لەهەسارەیەکی دوورەوە هاتبوو
خورپەی خستە دڵی ئەو زریانە کوێرانەی
گەڵای دارەکانی خۆشبەختی دەوەراند
بیزاری ڕۆ کردە نێو ئەویادەوەریانەوە
کە موچڕکە خۆشەکانی ئەشقیان
بەرەو دۆڵی دابڕان ڕادەماڵی
ئاوازی گەڵایەکی هەڵوەریوی سڕیەوە و
گیانی ڕادەستی خەزان کرد...

مۆسیقا دەفتەرێکی پرتەقاڵی دەستی شاعیرێکە
هەردەم دەگریەو کەس جۆگای فرمێسکەکانی نابینێ
هەردەم ناڵەو هاوارییەتی،
هیچ کەس داد و بێدادی نابیستێ
هەمیشە غەم دەنوسێت و
کەسێک نیە دڵۆپێک شادی پێ ببە خشێ
هەردەم لەسوتاندایەو
کەسێک نایخاتە ژێر بارانی دڵخۆشیەوە
باخچەکان بەوشەی ناسک ئاوپژێن دەکاو
کەس گوڵێکی پێشکەش ناکا
هەردەم ژان و ئازار دەنۆشێ،
حەکیمێک نەبوو دەردی دەرمان بکا
هەمیشە بێدارەو هیچ مەیخانەیەک
تۆسقاڵێ سەرمەستی پێ نەداوە
هەردەم عاشقە،
هیچ مەعشوقێک بێنازییەکەی هەڵنەگرتووە
هەردەم بانگەوازیەتی ،کەس لێی تێناگات جگە لە مۆزیک...

مۆسیقا خەمگینی شاعیرێکە،
کە چاوەکانی رووباری گریانن
ژیان دڵڕەقی زۆر لەگەڵ کردووە و
مردن هەمیشە لەسەر ڕێی وەستاوە
خۆشی هەمیشە خۆی لێ دەشارێتەوە و غەم ئەیخواتەوە
ئەشقیش تەنیا ئازارێکە بۆی،
فیراق هەموو وەرزێک ئەیدوزێتەوە
پێکەنین قوڕگی ئەسوتێنێ و
گریان دەستی لە یەخەی نابێتەوە
شامپانیای بێزاریی دەخواتەوە و
خەوی ناڕەڕەحەتی ئەیباتەوە
دەمی خستۆتە نێو دەمی مەراق و
لێوی بەسوتان فێنک دەبێتەوە...

مۆسیقا هاوڕێیەکی میهرەبانی شاعیرێکی خەمبارە
کە تاریکی شەوەکان لە خوێناویی دیوانێکدا
دەیگەوزێنن و سەرمای تەنهایی لەپێخەفی
شەقامێکی ڕووتەڵەی ئەپێچن،
بایەقوشی مەرگ ڕۆژی هەزار جار لەسەر ڕۆحی ئەخوێنێ و
هەزارەها شیعر بە نەگووتراویی لە دوای بەجێ ئەمێنێ،
مەلەکان لەوەرزی کۆچ بەرەو باکور جێیدەهێڵن و
گێژە ڵووکەی بێهودەیی بەرەو عەدەم ڕایدەپێچێ...

مۆسیقا هاوڕێی شەوان و خەمخۆری ڕۆژانی شاعیرێکە 
کە لەوشکی بیابانی ژیان،
دڵێکی تەڕ تەڕی لەخۆیدا دۆزییەوە
لەماتەمینی وەرینی گەڵاکان،
سەمایەکی نوێی بۆ ژیان داهێنا
لەسکوون و کپیدا،
زایەڵەیەکی جاویدانی بە ئاگا هێنایەوە
لە کۆتایی دێڕە شیعرێکیدا،
سەرەتای ئاوازێکی نەمری ژەنی
لەسەرەتای وشکەڵانیدا
کۆتایی بەبارانێکی هەمیشەی هێنا لەچاوی دولبەرەکەیدا
مۆزیک چ حەشرێکی ئەفسوسە خودا...

(۶)
[دەسەڵات]
ئەگەر تێگەیشتن لەم وتنە هەبێ
بێدەنگی جوانترین وتنە
دونیا نوقمی بێدەنگییە
نوسەرە دەربارەکان ورتەیان لێوە نایێ
مەلا و مورید و مودیرعام
دەروێشەکانی تەریقەتی گەندەڵی زاریان بەستراوە
شەقامەکان هەموویان کپن
کاسەلێس و باڵتەچیەکان
ڕاوێژکارو موستەشارو تەڕاحەکان هەمووکپن
ئەلف تا واوی ئەم نیشتیمانە بێدەنگی دایگرتوون
تۆفانەکانم زمانیان گۆ ناکات
ئەوەی لەم کاتەدا لەناخمدا
بەدەنگی بەرز هاوار دەکات
حاڵی خراپی هەژارەکان و کەمدەرامەتە
ئەوەی وێرانەیە
ژیانی مووچەخۆر و مامۆستایەکی وانەبێژە
گەرچی خۆم پارچەیەکم لەخامۆشی
هەستیشم جانتایەکی شەڵاڵی ڵاڵە
کاتێ دەبینم مرۆڤ
ڕۆبۆتێکی سیستەمی سەرمایەدارییە
ئیتر بێداریەکانم ئاسمان پڕدەکات
لە نائوێدی... نائومێدی...

(۷)
باوەشی هەستت بۆ دەکەمەوە
دەریات بۆ دەکەمە گۆرانی
فانۆسەکان والێدەکەم دەستی ڕووناکی بگرن و
پێکەوە لەبەردەمتدا سەمابکەن
ئاوت بەپەنجەی خەناوی عاتیفە، بۆ دەژەنم
تەنیا بۆ ئەوەی لەمەعبەدی دڵمدا، بۆ هەمیشەی بمێنێتەوە

بە چاوی کاڵی شیعر سوێندت بۆ دەخۆم
بە جێژوانی خوساو لەماچدا
بەپرچی زەردباوی تیشک
بە پێکەنینی گەرمی هەتاو سوێندت بۆدەخۆم
هەمووکات بەسنگی پڕ تاسەوە بتنوسێنم
بەڵێنت پێدەدەم، وەک کۆترە شینکە
گومەزی ڕۆحت جێنەهێڵم و
خۆم لەگڕی عشقت هەڵسوم
پەنجەرەی غەمگینی لەسەر خۆم دابخەم و
پێکەوە دەرگای ئومێد بکەینەوە
تاپیربوونی وجود، تاڕیش چەرمووبوونی زەمەن
لە ناو دڵتا دابگیرسێم و هەرلەوێش ئەکوژێمەوە

پەیمانت پێدەدەم
تاپێنوس لە خوێنم بخواتەوە
تائەسرین میوانی ئەبەدی چاوم بێ
تامەراقەکانم کەڵەگەتتربن و هەتا باڵقبوونی خەونە ساواکانم
لەلای تۆبم و خۆمت تێدا بخوێنمەوە
بەخۆم و سەرە ڕۆییەکانمەوە
بەخۆم و تەنیاییە نارنجیەکانمەوە
بەخۆم و خەمە بۆرەکانمەوە
بەخۆم و خۆزگە چرچەکانمەوە
بەخۆم و ڕوانینە ئاڵۆزەکانمەوە
لەلای تۆبم لەباوەشتا
لە ماڵی بەتریفەی داپۆشراوتا
لە ناخی ڕوونی حەزەکانتا
وەک کەشتی ونبوی دەریای بێ کەنار
لە ئامێزی ڕوانینەکانتدا لە نگەربگرم
هەتا کۆتا تافی تەمەن ئۆقرەبگرم هەر لەلاتبم...

 

گڵاڵه کردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی
 

موافقین ۰ مخالفین ۰ ۰۴/۰۹/۱۳
زانا کوردستانی

نظرات  (۰)

هیچ نظری هنوز ثبت نشده است

ارسال نظر

ارسال نظر آزاد است، اما اگر قبلا در بیان ثبت نام کرده اید می توانید ابتدا وارد شوید.
شما میتوانید از این تگهای html استفاده کنید:
<b> یا <strong>، <em> یا <i>، <u>، <strike> یا <s>، <sup>، <sub>، <blockquote>، <code>، <pre>، <hr>، <br>، <p>، <a href="" title="">، <span style="">، <div align="">
تجدید کد امنیتی