ئەرخەوان ڕەسوڵ
خاتوون "ئەرخەوان ڕەسوڵ"، لە شاری سلێمانی گەرەکی چوارباخ هاتۆتە دنیاوە.
خاتوون "ئەرخەوان ڕەسوڵ"، لە شاری سلێمانی گەرەکی چوارباخ هاتۆتە دنیاوە.
هەر لە سلێمانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بەشی ئەدەبی و پەیمانگەی مامۆستایانی تەواوکردووە، هاوسەردارە و دایکی سێ منداڵە.
سەرەتا شیعرو چیرۆکی نووسیوە پاشان کاری لە وەرگێڕاندا کردووە.
● کتێبناسین:
- خۆشەویست (بەرهەمی شیعر) ، ۱۹۷۲
- چاوە تاوسییەکانی عەلی (بەرهەمی شیعر) ، ۲۰۰۴
- ئاگات لە هەڵوەرینی ڕۆحم نەبوو مەستانە ڕابوردی (بەرهەمی شیعر) ، ۲۰۱۷
- کاتم نییە بۆ شێتی (کۆمەڵە چیرۆکێک) ، ۲۰۰۴
- وەگێرانی ڕۆمانی قصە موت معلن گابریل گارسیامارکیز ۲۰۰۳ لە عەرەبییەوە. (چیرۆکی مەرگێکی ئاشکرا)
- وەرگێڕانی ڕۆمانی العطر پاتریک زۆسکیند ۲۰۰۹ لە عەرەبییەوە
- وەرگێڕانی کۆمەڵە شیعری من جاسوسی خوام هۆشەنگ دەروێش ۲۰۰۴ لە عەرەبییەوە بۆ کوردی
- وەرگێڕانی کۆمەڵە شیعری نووسینەوەی باران سالار عوسمان لە کوردییەوە بۆ عەرەبی ۲۰۰۷
- وەرگێڕانی کۆمەڵە شیعری ڤان ئیرۆتیک قوبادی جەلی زادە لە کوردییەوە بۆ عەرەبی ۲۰۰۸
- وەرگێڕانی ۳ شآنۆنامە بۆدەرهێنەر دکتور فازیل جاف لە عەرەبییەوە
- وەرگێڕانی شانۆنامەیەک بۆ هونەرمەند هەڵکەوت محەمەد
و...
● بڵاوکراوەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان:
- نووسینی بابەتی زمانەوانی و پەروەردەیی وکێشەی ژن
- وەرگێڕانی شیعری: شێرکۆ بێکەس، محوی، بەختیار عەلی، سابیر سدیق، عیرفان ئەحمەد، کۆسار کەمال، ناهید حسێنی، ڕۆژ هەڵەبجەیی نەزەند بەگیخانی، بۆ زمانی عەرەبی، لە هەردوو گۆڤاری گەلاوێژی نوێ و پەیڤین دا بڵاوکراونەتەوە.
- وەرگێڕانی هەندێ بابەت لە شیعر و چیرۆک و بابەتی تر لە فارسی و عەرەبی و ئینگلیزیەوە.
● کاری ڕۆژنامەنووسی:
- سەرنووسەری گۆڤاری (دژنبشت) تایبەت بە پەڕتووک و پەڕتووکخانە بۆ یەکەم جار لە کوردستاندا.
- بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری تێکست تایبەت بە بەرهەمی لاوان.
- ئەندامی دەستەی نووسینی گۆڤاری گەلاوێژی نوێ.
ماوەی ۹ ساڵ ئەندامی دەستەی بەڕێوە بەری بنکەی ئەدەبی وروناکبیریی گەلاوێژ.
- ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد.
- ئەندامی یانەی قەڵەم.
- ئەندامی لیژنەی ڕێزلینانی نووسەران و هونەرمەندان.
- سەرپەرشتیاری ڕۆژی جیهانی پەڕتووک بۆ ماوەی دوو ساڵ وبەخشینی خەڵاتی باشترین پەڕتووکی ساڵ.
- بەشداری کردن لە زۆر چآلاکی ئەدەبی جۆراوجۆرد
و...
(۱)
کەسی تەنیا... تەنیا نیە
بە جوڵەی میرولەیەک لە ژوورەکەیا دڵخۆشە
بە جریوەی چۆلەکەی بەر پەنجەرەکەی،
هەست بە ئاوەدانی ئەکا
گەر رەشەبا درگاکەی بکاتەوە دڵی رائەچەنێ،
وا ئەزانێ یەکێ هاتووە بۆ سەردانی!
کەسی تەنیا
بەیانی باش لە گوڵەکانی ئەکا
درەختەکانی ئەدوێنێ
بە هەنگەکان ئەڵێ ماندوو نەبن!
بە پشیلەیەک ئەڵێ: وەرە کەمێ لام بمێنەرەوە،
با پێکەوە خواردنێ بخۆین!
کەسی تەنیا
کە گوێی لە خرمەی باران و گرمەی هەوروهاژەی با ئەبێ
هەست ئەکا هێشتا زیندووە!
کەسی تەنیا هۆگری شتە بێ گیانەکان ئەبێ:
هۆگری کتێبێک
فنجانێکی قاوە
کوپێکی چا
پەرداخێکی ئاو خواردنەوە!
کەسی تەنیا لە رابوردودا ئەژی
بیر لە سەربوردەکانی ژیانی ئەکاتەوە
ئەو کەسانەی رۆیشتوون
ئەوانەی ون بوون
بۆ یادگاریە خۆشەکان پێئەکەنێ
بۆ ناخۆشەکان فرمێسک ئەڕژێتە چاوی
سەیری ئەلبومی وێنە کۆنەکان ئەکا
کەسی تەنیا
دەستەکانی خۆی ئەدوێنێ
گۆرانی بۆ خۆی ئەڵێ
کەسی تەنیا... تەنیا نیە!!!
(۲)
لە بۆمب ئەچن جوڵەیە،
دەمکردنەویە،
تەقینەوەیە کە
رۆح هەلا هەلا ئەکا
بەم رۆحە هەلاهەلایەوە لە کوچەکانی مەحەبەتا
تارماییەک،
کەس نایبینێ!!
پارچەکانی رۆح لە کەناری رێگەکانا بوونەتە دڕکەزی و
ناوێرم دەستیان بۆ ببەم و کۆیانکەمەوە
پەنجەکانم بەرگەی ئازاری دڕکەکان ناگرن
نازانم بۆچی زانایەک نەبوو بەر بە هەلاهەلابوونی رۆح بگرێت؟
بۆ حەکیمێک نەبوو رێگەی ئاسودەیی بدۆزێتەوە؟
حەقیقەت لە ژێر رەشماڵی درۆدا،
پیرێکی کەفتەکارە و نوزەی لێ بڕاوە
لەجێی باران بەرد ئەبارێ بەسەر مەزرای دڵە ماندووەکانا
جێ نەماوە بۆ گەشانەوەی گوڵەکان
خۆری تەمەن هێندە کز بووە بە فڕینی پەڕەسێلکەیەک ئەکوژێتەوە
فریشتە کان بە باوەشێک وردە ئەستێرەوە دێن
خۆشەویستیی ئەهێنن و، ئەڵین:
لەبەر خاتری ئێمە مەکوژێرەوە...
(۳)
لە ژێر درەختێکی کۆنە ساڵی سەرچنارا
دڵ پڕ و چاو بە گریان
دەستەو ئەژنۆ دانیشتبوو،
حەزرەتی نالی!!
پرسیم حەزرەت بۆ وا دڵ پڕ، چاو بە گریانی؟
فەرموی: سەختە دەردم...
لێم ون بووە سلێمانی...
(۴)
خۆشەویستیی من بۆ تۆ
لە بت پەرستی ئەچێت
تۆ بتێ لەبەرد
عیبادەتی منیش
بێهودە...!!
(۵)
کوره قهرهجی شیعرهکان،
بهرگهی مرۆڤبوونی نهگرت
ئهو له تهنیایی خۆیدا له نێو لاپهرهی کتێبێکا ئهخهوت
به پۆپهشمینی وشهکان خۆی دائهپۆشی
ئهو،
وهک بهفری مانگی رهشهمه
به کزهی ئازارێ،
به دڵۆپێ ئهسرین...
ئهتوایهوه
ئهو،
وهک پهپوله پاییزه یهک وهرزی ههبوو
وهرزی ههڵوهرین
ئهو،
وهک شهونمی سهر سهوزه گیای سپێده
به ههناسهی خهمێ ئهبوو به ههڵم
ئهو،
وهک گوڵی لاولاو بهرگهی یهکهم بهیانی باشی خۆری نه ئهگرت
چاوی لێک ئهناو خۆی ئهپێچایهوه
ئهو،
وهک ههوری پاییز چاو به گریان بوو
ئهو بهرگهی مرۆڤبوونی نهگرت
به هارێک لهگهڵ باڵنده کۆچهریهکانا کۆچی کردوو به جێی هێشتم
ئێستا له دنیای رۆحهکانا فریشتهیهکی میهرهبانه
تا چیتر ئازاری مرۆڤبوون نهچێژێ
(۶)
چەند رۆژێکە ئازارێک لە دڵمایە
نەمزانی بوو ئازاری ئەو خاکەیە
لەژێر پێی جەندرمەدایە...
(۷)
شەوێک،
ئەوشەوە،
شەوێکیان،
ئیتر شەوێ بوو
تیری دەستی سەرخۆشێ یەکیکی کوشت نازانم کێ بوو
شەوێکی شێت شەوێکی ناقۆڵاو پڕ هەرا
یەکێ کوژرا،
نازانم کێ بوو،
ئیتر کوژرا
یەکێکیش مرد نازانم کێ بووئیتر مرد
ئەوەی مرد،
نەمرد!
ئا نەمرد
ئەوەی کوژرا،
گۆرانیی بۆ وت
ئەوەی مرد نەمرد
ئەوەی کوژرا گۆرانیی ئەوت
ئەوەی مرد هەر نەمردوە
ئەوەی کوژرا ئێستاش هەر گۆرانیی ئەڵێ
شەوێک بوو شەوێکی شێت
تۆ ئەزانی کێ کوژرا؟
نا نا تۆ نازانی
ئەی ئەزانی کێ بوو مرد؟
نانا هەر نازانی
تۆ زوو شتت بیرئەچێتەوە
ئەوەی مرد تۆ بووی....
نەمردی
ئەوەی کوژرا من بووم....
گۆرانیت بۆ ئەڵێم
ئێستا ئەزانی؟
نا نا نایزانی
دڵنیام ناتەوێ بیزانی
(۸)
ئەوسا شار زیندوو بوو... زیندوو
خەونی ئەدی، خەون بە ئازادیەوە!!!
رۆژی نەورۆز، لە هەموو رۆژەکان زیاتر
سلێمانی شپرزە بوو، دڵی زۆر خێرا لێی ئەدا...
لە سەربانی هەموو ماڵێک ئاگری نەورۆز هەڵئەکرا
خالید رەسول کارتی پیرۆزبایی نەورۆزی دروست ئەکرد
بە نهێنی دابەش ئەکرا...
ئەوسا نەورۆز هەر بۆ هەڵپەڕکێ نەبوو
بەرگری بوو، داکۆکی بوو لە بوون ومان
"رقی پیرۆزی" شار بوو، بۆ شێت کردنی دوژمنان...
(۹)
تەنیاییت باش گلارەی دیەم
تەنیاییت باش
ئەی درختە تەنیاکەی ناوەراستی دەریا
تەنیاییت باش
لە نێو ئەو دەریای تەنیاییەدا
شەوو رۆژو مانگ و ساڵ و وەرزەکان
چۆن بەرێ ئەکەیت؟
سەیری چی ئەکەیت
گوێ لەچی ئەگریت
چی ئەدوێنیت؟
خۆ کۆترێک لەبەر پەنجەرەکەتا ناگمێنێ
کتێبێک سەرنانێت بە سنگتەوە
قەڵەمێک لە نێوان پەنجەکانتا
حەسرەتەکان نانووسێتەوە
گۆرانیەک لەوێ نیە
گۆڵێک لەوێ ناگەشێتەوە
تەنیاییت باش گلارەی دیەم!
تەنیاییت باش
دەستێک نیە دەستەکانت گەرم کاتەوە
چاوێک نیە لە چاوەکانت بڕوانێت
لێوێک نیە خەندەیەکت بۆ بکا
نازانم لە نێو ئەو دەریا تەنیاییەدا
خەریکی چیت؟
وەلێ ئەزانم بیری چی ئەکەیت
بیری چیا کان
بیری رۆیشتنێکی ژێر باران
بیری هەنگاوەکانی ناو بەفرو
بیری گوڵە کێویلەکان ئەکەیت
ئەزانم بیرو خەیاڵت
لای نیشتمانێکی هەلاهەلایە
نیشتمانێکی بەژن سوور
نیشتمانێکی چاو بە فرمێسک
تەنیاییت باش ئەی تەنیاترین
ئەی دوورترین
ئەی نزیکترین لە رۆح
تەنیاییت باش...
(۱۰)
دیوار، با تا ئاسمان بهرز بێ
درگاو پهنجهره، پۆڵا بێ
شوراو تهلبهند، له ئاسن بێ
رۆحی بهرزه فڕی تۆ دیل نابێ
پهیامی تۆ
وهکو ههوا و خۆر و باران
زهوی رهقهنی کرده بێشهڵان
هزرو بیرو رێبازهکهت
میللهتێکی له فهنا بوون گێرایهوه
وهکو سهرکهشیی چیاکان ههستایهوه
له ههرکوێ بی تۆ سونبولی بهرخودانی
تۆ رۆحی بۆ رۆحی ئێمه ،تۆ ژیانی
تۆی، گهورهترین موعجیزهی سهدهی بیست و بیست ویهک و ههتا ههتایه
پیاوه گرگنهکانی دنیا کۆببنهوه
جگه لهوهی، لهبهر پێتا کرنوش بهرن
هیچی دیان له دهست نایه...
(۱۱)
هەتیوخانەکە، پڕە لە دڵتەنگیی
پڕە لە تەنیایی، پڕە لە چاوەروانیی
پڕپڕە لە بێقەراریی
پڕە لە تاڵی توڕەبوون و
لە تامی تفتی گرژومۆنی...
ئەو هەتیو خانەیە، تاریکە
تاریک وەک دڵی خۆ پەرستەکان
ساردە، وەک ساردوسڕیی، بێ هەستەکان
خامۆشە، وەک ویژدانی، بێ ویژدانەکان...
لەو هەتیوخانەیەدا
زەردەی پێکەنین لەسەر لێوە، ناگاتە دڵ
چاوەکان، پڕ فرمێسک و غەمگینن
روخسارەکان، زەردو ژاکاون
دڵەکان، لە ژێر پێی خۆپەرستانا، دەمێکە شکاون...
لەو هەتیو خانەیەدا
مناڵەکان بەتەنیا ئەخەون
بە تەنیا نان ئەخۆن
بە تەنیا بیر ئەکەنەوە
بە تەنیا ئەگرین
بە تەنیا گەورە ئەبن...
تامەزرۆی باوەشێکی گەرم وگوڕن
سۆزیان پێ ببەخشێ
تامەزرۆی دەستێکی نەرم ونیانن
دەستیان بگرێ
تامەزرۆی دەمێکی پڕ موحیبەتن
بە قسەی شیرین بیانلاوێنێ
حکایەتێکیان بۆ بگێڕیتەوە و
بە ماچێک، شەو شادیان لێ بکا و بیان خەوێنێ...
تامەزرۆی بەیانی باشێکن، وەک شەکرلەمەی شیرین
تامەزرۆی نیگای چاوێکی پڕ خۆشەویستین...
حەزیان لە شاری یاری وباخچەی ئاژەڵانە
حەزئەکەن، بە دەم هەڵبەزو دابەزو تریقەی پێکەنینەوە
پیاسەیەکی ناوشار و شەقام وبازارەکان بکەن و
دەستە بچکۆلەکانیان بە دەستێکی گەورەوە گرتبێ
لە شوێنێکی خۆش ،لە دەوری مێزێک کۆببنەوە
خواردنێکی خۆش بخۆن و
بۆ ماڵێکی پڕ لە رەنگ و ئاوەدان و روناک بگەڕێنەوە...
وەلێ ئەفسوس!
لەو هەتیوخانەیەدا
دوور لە ژیان ئەژین...
(۱۲)
خانویەکی غەم لێنیشتووی بچوک
پیرێژنێکی پرچ سپی چاویلکە لە چاو
بە یارمەتی گۆچانێک رۆژانە دێتە بەر دەرگای حەوشە
ئەڵێ نەبادا لە دەرگا بداو گوێم لێ نەبێ...!!
(۱۳)
[شیعرێک بۆ ئەمرۆێ سلێمانی]
ئەزانم زۆر دڵتەنگی!
گەروی شیرینت پڕە
لە تاڵاوی ئەم رۆژگارە بەدفەڕە
وەک جاران گۆرانی ناڵێیت...
ئەزانم دڵە هەنگوینیەکەت چەند شارە زەردەواڵە خۆیان بۆ مەڵاس داوە!
ئەزانم زۆر دڵتەنگی
رەشەبا قژی خاوی کچەکانت شانە ناکات
سەریان پڕ بووە لە ژەهری درۆزنەکانی دەورو بەر
کوڕەکانت دڵ پڕ خەم ئاوارەی وڵاتانن
ئەوانەی ئێستا بە سەر خاکتا رائەبورن
دڵیان لەگەڵ دڵتا میقات نەکردووە
تۆ ئەو کانیەیەت ئاوت لێ ئەخۆنەوەو بەردت تێ فڕێ ئەدەن!
زۆر دڵتەنگی! بەیانیان گوێت لە دەنگ وسەدای سرودەکان نیە
ئێستا قوتابیەکانت بە کوردی یەک نادوێنن!
ئەزانم باوە گەورە بە شمشێرەکەی دەستی
ملی جوانیەکانت ئەقرتێنێ
بە تەورێکی ژەنگاوی سنەوبەرەکانی شکۆمەندیت ئەبڕێتەوە
مناڵە لاسارەکان فێر ئەکا بەرد بگرنە چراکانی مێژوت
تا نوقمی تاریکیت کەن و چیدی نەدرەوشێیتەوە
کۆمەڵێ گۆڕهەڵکەنە ئەکا بەگژ قولەی قافی رەمزەکانتا
خۆ ئەوان دڵ پڕ حەسرەت لە سەیوانەوە لە سیمای غەمگینی ئێستات ئەروانن و
رۆحیان وەک سیمرغیکی بریندار بەسەر سەرتەوە ئەفڕێ وهیچیان بۆ ناوترێ!
میرو شێخ ومەولانا لە دوکەڵی بیرچوونەوەدا ون بوون
هەزاران چاوی پر فرمێسکی شەهیدان و دڵی خوێنینی دایکیان
لە شەوە دەیجورەکانی نائومێدیا هەڵوەدای تروسکەیەکی وەفان
ئای شارەکەم! چەند دڵتەنگم من و تۆش هەر دڵتەنگین
کێ دڵنەواییمان بکات!؟
نە نالی سەلامێکی دوور ئەنێرێ
نە حەمدی لە خوا ئەپاڕیتەوە پەنجەکانیان هەڵوەرێ
نە شێخ رەزا حەیاتی مەربوتە بە سلێمانی وخاکی
نە شێرکۆش لە تەلاری هونەر شیعریکی تازەت بۆ ئەخوێنێتەوە...!!!!!!
ئای سلێمانیەکەم ئای!!
تۆ گەوهەرێکی لەناو قوڕیشا هەر درەوشەت دێ
با ئەم سەردەمە هەر دژوارو بەدفەڕ بێ...!!
(۱۴)
دەمێ ساڵە من رێبواری رێگەی خەمم
هەر ئەڕۆم و نابڕێتەوە
چیدی دڵم ئازار مەدەن!
بەرگە ناگرێ و ئەتوێتەوە...
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی