ئەمیر ئەمین
کاک "ئەمیر ئەمین" شاعیر، نوسەر، شانۆکار و پێشمەرگەی کورد له باشووری کوردستانه.
کاک "ئەمیر ئەمین" شاعیر، نوسەر، شانۆکار و پێشمەرگەی کورد له باشووری کوردستانه.
ئەم جوانکارە دەسڕەنگینە، خاوەنی کتێبێکی شیعری بە نێونیشانی "من و تۆ بۆ لەدایک بووین"ـه.
کاک ئەمیر تا هەتا هیستا خاوەنی چەند خەڵاتی هونەریو ئەدەبیە بە ئەم نێونشیانە:
- خەڵاتی یەکەمی شیعر لە ڤێستیڤاڵی گوڵعەنبەر
- خەڵاتی سێهەم لە ڤێستیڤاڵی گوڵعەنبەر
- خەڵاتی یەکەمی ڤێستیڤاڵی گوڵهەنار بۆ شیعر
- خەڵاتی یەکەمی ڤێستیڤاڵی لاوانی تانجەرۆ
- خەڵاتی فەخری ڕێکخراوی کۆڕا بۆ پرسە نیشتیمانیەکان بۆ شیعر
- خەڵاتی فەخری ڤێستیڤاڵی نالی بۆ شیعر
- خەڵاتی دووهەم ڤێستیڤاڵی هایما بۆ شیعر
- خەڵاتی دووهەم لە بیست و دووهەمین ڤێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ شیعر
◇ هێندێ لە بەرپرسی و کارانی ئەمیر ئەمین:
- بەرپرسی خانەی گەشبیری وەلی دێوانە
- ئەندامی نێوەندی تەرا
- ئەندامی تیپی شانۆی نالی
- دەستەی دامەزرێنەری تیپی شانۆی موکریان
- سەرپەرشتیاری گروپی شەم
و...
(۱)
زەویەکی تەختە،
پرچت دەکەوێتە سەری -
چ دارستانێکە پشتت!
(۲)
دێمە باوەشت،
فێری شیردانی بکە -
هێشتا ساوایە دڵی من.
(۳)
[برینی پێچراوە]
خواردمیان ئەوانەی شیعریان پێ نەدەخورا
فڕێیان دامە خوارەوە ئەوانەی لە ئاسمانەوە دابەزین
حەواڵەی ئاسمانیان کردم ئەوانەی
لەژێر زەوییەوە وەک حەشەرات هاتنە دەر.
ئەو بەیانییەی بەرلەوەی ڕابکەم بۆئەوەی ببمەوە بە مرۆڤ
بەژێر ژێرپێ و نێو لاقی مرۆڤەکاندا هەڵهاتم…
برینێکم لەنێو نامەیەکدا بۆ پێچایتەوە،
بۆئەوەی کە نامەکەت کردەوە
دڵم ببینی چۆن بووە بە مۆزەخانەی شوێنپێ
بۆ ئەوەی زمانم ببینی چۆن پڕ بووە لە چغه
بۆ ئەوەی سەرم ببینیت
کە چۆن وەک مەنجەڵە بن ڕەشەکەی دایکم
هەمووان سەریان لە لەسەرمدا دەکوڵاند.
بۆ ئەوەی چاوەکانم ببینیت چونکە دەمویست
وەک دوو چرا لە تاقی ژوورەکەی (لەتیف هەڵمەت)دا بگەڕێن
بەڵام وەک بیرەکانی بەدر پڕیان کردنەوە!
نیگەران مەبە نابینا بم باشترە
ڕەنگەکانی ئەوان دڕن ڕەنگەکانی ئەوان دەمانخۆن
ڕەنگی سپی ئەوان ئاوی سپی سەرچاوەکانمان بوون
ڕەنگی ڕەشی ئەوان لافیتەی پرسەی خەونەکانمان بوون.
مەڕێکی بێ زمانی تۆقیوی نێو لورەی جیهانی نوێم
کتێبم داوە بە خۆمدا بۆ ئەوەی تەڕ نەبم
شیعرم کردووەتە بەرم بۆ ئەوەی ڕەق نەبمەوە.
دەستەکانت بێنە بەرلەوەی ببمە خۆڵەمێش
سەرمای تەمەنێک لە گیانت دەربکه
من کە نەمتوانی لە دڵتدا ئاگرێک بکەمەوە
با ئاگری خۆم دۆزەخی خۆم بێت.
(۴)
سەرم وەک ئیسفەنج برینەکانم دەمژێت
وشەکانم مرواری و گوێچکە ماسین لەکەناری دەریاکەدا بڵاو بونەتەوە
نایبینن ئەوانەی لەقوڵایی دا بەجێمان خنکان و وشەیەکیان سەرئاو نەکەوت
بۆ ڕزگاربوون کلیلسازەکانمان کوشت و دەرگاکان بوونە دیوار.
با ئەم وشانە وەک زالو بە مێشکتانەوە بنوسێن تاوەکوو هەرچی خوێنی بیرکردنەوەی پیس هەیە لەسەرتان دا بیمژێت
بائەم وشانە وەک کرم لەسەرتان دا ئەوەندە لەسەوزایی بەد فکری بخۆن تاوەکو دەتەقن و دەبنە پەپوولە و بەناو سەرتان دا بڵاو دەبنەوە
ئەی ئەوانەی دونیاتان تاریک کرد بۆئەوەی وەک ئەستێرە بدرەوشێنەوە
مانگتان داگرت و خستانە نێو کتێبێکی ڕەشەوە کێ ئەو ئاسمانە دەدۆزێتەوە ئەستێرەکانیان چنی؟
کێ ئەو مانگە دەدۆزێتەوە وەک بەردی نێو ئەنگوستیلەیەک دزرا؟
ئەم هەموو شەوە چییە دروستانکرد؟
شەوی درێژو بەیانی دوور
بەیانی کورت و برینی درێژ
مرۆڤی لەگۆشت و خوێنەوە کردە بەرد
شەوی ناکۆتا و بەیانی ون
مرۆڤی لەنێو کارگەکاندا کردە ئاسن!
ئەی ئەوانەی بەدوای کردنەوەی دەرگاکانی ئاسمانەوەن
دەرگاکان بەشمشێر ناکرێنەوە بەو ڕمانە ناکرێنەوە بەرەو ڕووی ئاسمان هەڵتانداو بەسەری خۆتان دا چەقیەوە
قەفەزی سەرتان بدەن لەبەردی یەقیندا با چۆلەکەی هەقیقەت بفڕێت خودا تەنیا گوێی لە جریوەیە
دەرگاکانی ئاسمان تەنیا بە فڕین دەکرێنەوە.
ئەی ئەوانەی کیشوەر و دەریاکانتان بڕی بۆ ئەوەی برین بیری خۆتان ببەنەوە
لەدەریاکان دا پەڕینەوە پارچەتەختەیەکی وێڵبوون بەسەر ئاوەوە بەڵام برین وەک بەردێکی گەورە بەسەر کۆڵتانەوە بوو پێکەوە گەشتنە کەنار
بۆ بیربردنەوەی برین سەر فڕۆکە و کەشتی کەوتن و برین کاپیتان بوو.
سەرتان مەست کردو برین لە نێو دڵتان دا هێلانەی کرد
دڵتان کرد بەژێر پێی سەرتانەوە و برین لەسەرزارتان بەهەموو زوبانەکانی دونیا نوسینیەوە
ڕۆحتان وەک قەلەڕەشەیەک بەبەرچاوتانەوە تەرمی ڕۆژەکانتان دەشارێتەوە.
ئەوانەی ونبون برینێکیان نەبوو بیاندۆزێتەوە
برین بوونە
بوون
برینێکی بەردەوامە...
(۵)
ئێمەش دڵمان هەبوو
جێیان هێشتین و بوبە گۆڕی یادەوەری
ئێمەش دڵمان هەبوو
کەلتوور کردی بە دیواری نێوان دوو دەم
ئاین کردی بە دووپەلکەی بڕاو بەکێلی گۆڕەکانەوە جێی هێشت!
ئێمەش دڵمان هەبوو
بووبە پرسیار بەپەنجەرەی بێ بەڵێنیەوە مایەوە
بوبە وێنەیەکی بچووک لەگیرفانی چەپی سەربازێک دا
گوللەیەک کردی بەسەد پارچەوە
بوبە منداڵێک و لەسکی ژنێکی غەمگین دا لەنێو تابلۆیەکی (ئاریان)دا ترپەی دڵی دەهات
ئێمەش دڵمان هەبوو
چوین نان بکەین بەدەمیەوە بوبە ژێرپێی ماشینەکانەوە
ئێمەش دڵمان هەبوو
وەک گوڵێک لەئینجانەی ئەوان دا لەبری ئاو خوێنمان دەدا
شەوێک بە ماندووی خەومان لێکەوت و ڕۆژێک بەئاگا هاتین
ببو بە پارچەیەک زێڕ
دڵمان لەکوێ دابوو؟
بەدرەختی ڕۆژەکانمانەوە گوڵی چوالەی دەگرت
ئێستە لەنێو ئینجانەیەکی شەق بردوودا
گۆرانی بۆ بیرەوەریەکانی دەچڕێت
ئەو دڵەی ڕۆژگار کردی بەخوێن
ئێستە دەبێت شەوان شەراب بکەیت بەدەمیەوە
بۆئەوەی بیری بچێتەوە دڵ بوو
ڕەنگە دڵگۆڕینەوە کۆنترین شێوازی بەخشینی جەستە بێت
بەبێ نەشتەرگەری
گەروانیە ئەم هەموو دڵە چیدەکەن لەیەکتری دا؟
ئەم سینە چۆڵانە چیدەکەن لە مرۆڤ دا؟
دڵ تەنیا بەشی مرۆڤە
چەندین جار بەبەرچاوی خۆیەوە ناشتویانە.
(۶)
هەڵەبجە زامێک بەقەد کورد گەورە
ئەوان سێوێکیان پێداین ژەهراوی بەگاز
ئێمە هاتین و هەناری باخە شەهیدێکمان هێنا و
وەک کوردایەتیمان لەبەردەممیان دا تەکاندمان
ئەوانەی خودا بەسێو نەیکوشتن
ئێمە هێنامماننەوەو بە بۆنی نەوت بە دەرمانی خراپ
بۆلای شەهیدەکانیان گێڕاماننەوە
شەهیدەکان تا ڕۆژی مردن باش ژیان
زیندووان تا دەمرن باش ناژین
هەڵەبجە سێوێک خودا کردی بە دوو کەرتەوە و
کەرتێکی دوژمن خواردی و
کەرتێکی خۆمان.
(۷)
پەنجەکانم سەردەکەون،
بەهەورازێکی سەختەوەن -
دوو کێوی مەمکەکانت!
(۸)
لە نێوانی لێوەکانت دا،
دەکەونە خوارەوە -
پیتەکانی ناوی من!
(۹)
چاڵێکی بچوک،
سینەی بەفرە -
گەردوونی ناوکت!
(۱۰)
لەنێوان تاڤگەی لەشت دا،
خۆی دەشوات -
ڕێواسێک!
(۱۱)
کەشتی ڕازەکانتە،
دەبێتە دەریای خەونم -
دوو گلێنەت!
(۱۲)
شوێن پێکانت،
مێژووی هەزار ساڵەیە -
جوانی دەگێڕنەوە!
(۱۳)
ئێمە بولبولێک بوین بۆ ئەوەی بەسەر چڵی مردنەوە نەنیشینەوە بەسەر دڕکەزی ژیانەوە نیشتینەوە
بەدەم گۆرانی چڕینەوە خوێن لەدڵمان دەچۆڕا،
سەربازێک بوین بۆ ئەوەی گوللەی مردن نەمان شکێنێتەوە خەونەکانمان لەسەرمان دەرهێنا و کردمان بەژێر خودەکانمانەوە.
بەبێ خەون گەڕاینەوە و ژیان وەک مردویەکیش پێشوازی لێنەکردین،
چیرۆکی بێخەونیمان شەوان بۆدڵی شکاومان دەگێڕایەوە.
ڕۆژەکانم یەک یەک لەسەر پێستم دەکوژاندەوە،
شوێنێکی گیانم نیە ئاسەواری سوتانی ڕۆژێکی پێوەنەبێت،
ئەوەی ئێوە وەک خاڵ دەیبینن ئەستێرەی ئەوخەونانەن لەژیانم دا کوژانەوە
ئێستە دەبێت لەسەر ئەم تەختە ڕەشە بەخوێنی دەمارەکانم بنوسم
شکان
بۆئەوەی هەرکەس خوێندیەوە ئەو هەرەسی کێوە
ئەو لافاوی توڕەی ژیانە
ئەو گەردەلوولی مردنە
لەگیانی دا دەنگ باتەوە،
بەشێکیتر لەشیعری شکان
(۱۴)
ههموو ڕۆژێک لهبهر پهنجهرهکهدا دهوهستا
ههموو ڕۆژێک چاو لهڕێ جگهرهی دهکێشا
بهڵام سبهینێ بهعهلاگهکانی خۆشبهختیهوه ههرگیز نهگهیشت
ههموو ڕۆژێ
جگهرهو پهنجهرهو چاوهڕوانی
چاوهڕوانی و پهنجهرهو جگهره
پهنجهرهو جگهرهو چاوهڕوانی
بهڵام خۆزگه مێژوو
دهسته سڕێک نهئهبوو بۆ وشککردنهوهی فرمێسک
لهنێوان پهنجهرهو جگهرهو چاوهڕوانیدا
لهدوای ئهو ههموو ساڵهی تهنهایی و فهرامۆشی
کهسێکی تر ئهم شیعرهی تهواو کردووه
بۆچی کهس ئهو تهرمهی نهبینی
لهنێو ژورهکهیدا بووبوو بهئێسقان؟!
(۱۵)
شکان
تەمەن
بەردێکی گەورەبوو لەسەر پشتی باوکم کەوتەخوارەوە
بۆ سەر پشتی من
من لەگۆرانیەکانیدا شکانەکانی باوکم دەبیستم
کوڕەکەم لەشیعرەکانی من دا شکانەکانم دەخوێنێتەوە
ژیان گۆزەیەکی شین بوو
تائەوکاتە پڕ بووتائەوکاتە جوان بوو
کەبەسەر شانی گەنجێتی دایکمەوە بوو
کە پیری خستیەخوارەوە
بە لۆچەکانی ڕووخساریدا دەزانم
کەگۆزەکە شکا بوو بەچەند پارچەوە
کە یادەوەری ڕۆژێگارێک دەگێڕینەوە
بەهێڵەکانی ڕووخساریدا دەزانم
ڕۆژێکی ڕێکی نەبووە دایکم
خودا مرۆڤ بەدونیایە بۆشاییەوە درووست دەکات
بۆئەوەی یەکتری بشکێنن و خۆیانی پێ پڕبکەنەوە
بۆیە مرۆڤەکان یەکتری دەپشکنن بۆ پارچەی خۆیان دەگەڕێن
پارچەی مرۆڤەکان وەک تۆوی بابردوو
بەنێو شار و دەشت و چیاکان دا بڵاو بوەتەوە
شەوێک دێیتە دەرەوە بۆ شکانی خۆت گۆرانیەک بڵێیت
کەسێک لەدەرگا دەدات
هاتوە بۆ شکانی خۆی گۆرانیت بۆ بڵێت
دەنگی کامتان بەرزتر بوو ئەوە خێراتر شکاوە
دەنگی کامتان تەنکتر بوو ئەوە قوڵتر شکاوە
شەیتان یەکەمین شکێندراوی دەستی خودایە
خودا هەر پارچەیەکی هەڵدایە نێو مرۆڤێکەوە
بۆیە لەوڕۆژەوە شەیتان بەنێو مرۆڤەکان دا بۆخۆی دەگەڕێت
مرۆڤیش هەموو ئایەتە ئاسمان و زەمینیەکانی پشکنی
جگە لەبەڵێنی چاوەڕوانی هیچی دەستنەکەوت
بەردەکانی شکاندو لەسەر شێوەی پارچە ونبووەکەی
خودای دروستکرد و ژیانی لاری خۆی پێڕاست نەکرایەوە
پیتی داهێنا و یەکەمین وشە کەنوسی گەڕان بوو
دواین وشە کە نوسی شکان بوو!
بەشێک لەدەقێکی نوێ
ئەمیر ئەمین
زینانە ی کفری
(۱۶)
[گۆرانیەک بڵێ]
ئەم شەوانە سارد و بیَدەنگ و بکوژن
من لەبەردەم ئەم سەرمایەدام ئەم سارمایە دڕە
شەو گورگە لە پێستى تەنیایدا
من پەزى لە شوان بەجێماوم بێ تؤ!
دەمەوێت لە سەوزایی دەنگى تؤ دا بلەوەڕێم...
دەنگتت نەبێت لە برساندا دەمرم
دەنگت نەبێت نازانم بؤ دەسوتێم؟
نازانم بؤ دەدرەوشێمەوە؟
دەنگت نەبێت بەچى خؤم دابپؤشم؟
گورگەکان دەمخؤن ڕەق دەبمەوە
گەر ئەم شەو نەمبەیتەوە ژێر دەوارى دەنگت!
دەنگت موتوربەى بێدەنگیم دەکەم
من دەمەوێت بە زوبانى تۆوە بدوێم
ئاخر من زؤر لەمێژە زمانى خؤمم بە خەمێکى تۆوە خوارد.!
دەست بە دەنگتەوە دەگرم با بێدەنگى نەمبات.
تیشکى دەنگت بڕێژە بەسەرم دا
با سێبەرەکەم ببێتە دارستان.
خەڵوزێکم وشک وشک ژیان ڕەش دەکەمەوە
باى دەنگت هەلَدەکات و دەبمەوە پشکۆ
مردن دەگەشێنمەوە
خونچەیەک دەمی کردەوە بووبە گوڵ
کانیەک دەمیکردەوە بووبە چەم
کرمێک هاوارى کرد بووبە پەپوولە
تؤش گؤرانیەک بڵێ با من ببمەوە بە مرؤڤ.!
نەخؤشم ئەم پیتانە ناتوانن ژیانم پێکەوە بنیَن
گەرووم پڕیەتى لە دەرد
گؤرانیەکم بؤ برینەکانم بۆناخوێندرێت
ناتوانم لە پرسەى دلَم دا بە پێوە بوەستم
بێدەنگیت ئەژنؤکانى شکاندوم
گؤرانیەک بلَێ مردوەکان بارى ژیانیان بەکۆڵەوەنیە
لەژێر بارانى دەنگت دا بەرِووتى سەما کردن ژیانە!
منارەیەکى ڕووخاوم بانگى خؤشەویستیم تێدا بڵێ
با کؤترەکان بگەڕێنەوە
با سؤفیەکان دەست بە سەما بکەنەوە
با قافڵەى دؤعاکان درێژبێتەوە تا عەڕشى خودا
دەنگت بنێرە با سێبەرى خودا ئەم وێرانەیە دابپۆشێت
دەنگت حەوزەکە پڕدەکاتەوە لە ژیان
پیتەکانى نێو زارت وردە ماسین لەنێو چەمى دەنگتدا مەلە دەکەن
تؤ بێیتە دەنگ پەپوولە بە بەردبووەکان دەکەونەوە فرِین!
کلَێسایەکم زەنگى دەنگتم تێدا لێبدە
با مەریەم بەدەم ژانى عیساوە دەست بە خوداوە بگرێت و هەستێتەوە
با مەسیح بەخاچەکەیەوە خەندەیەک بکات
دەنگت سفرەى خودایە بۆ منى حەواری!
مەیخانەیەکى جێماوم گۆرانیەک بلَێ
با هەرچى لەتە گۆزەى شکاوە بکەونەوە سەما
با خەیام شەراب و شیعر لە لێوەکانى بڕژیَت
با خؤلَ و خشتى ئەم مەیخانەیە ببنەوە بەمرؤڤ.!
(ڤانکوغ) گوێی لەدەنگت بوایە
هەرگیز گوێی خؤى نەدەبڕی.
پیت بەپیتى دەنگت وەک خالَەکانى ڕوومەتى دایکم
بەسەرر زوبانمەوە دەکوتم
بؤ ئەوەى ون نەبم بؤ ئەوەى ژیانم بۆ بخویَندریَتەوە!
دەستەکانتم بدەرىَ من بەم دوودەستەوە
فریاى ئەم هەموو قوڕە ناکەوم بیکەم بەسەرم دا.
دەنگت دەبەم بؤ ئەشکەوتە دوورەکان
قوڵایی تاریکى بە دەنگت رِووناک دەکەمەوە باچیتر شەمشەمەکوێرەکان
لەبێدەنگی دا سەرەو خوار خؤیان هەڵنەواسن.
دەنگت زوبانى یەکگرتووى جیهانە.
دەنگت رِووتم دەکاتەوە
رِووت رِووت لەبەردەم چاوەکانت دا
هەناسەت برینەکانم دەپێچێت
ئەم برینانەم ناویان هەیە
برین هەیە بێدەنگیت دەژی
برین هەیە بە دڵتەنگیت گەشە دەکات
برین هەیە بەتوڕەبوونت دەمخوات!
دەنگت برینەکانم دەخواتەوە
دڵم لەبنى ئەم بیرە وشکە دایە
هاوار دەکات بانگم بکە
ئێرە زؤر ساردە ئێرە زؤر دوورە
بانگم بکە خؤم ناناسمەوە
تاکو نەزانم خۆم کێم ناتوانم بێمەدەرەوە
ئێرە شێى بێتۆیی هەیە
تا کەڕووى مردن لێى نەداوم
بانگم بکە.!
فەرامۆشم مەکە
بێدەنگیت دڕکە بەچاوم دا ڕۆدەچێت
بێ تؤ من زوبانێکی چۆلَم من زوبانێکى بێ خوێنم
من دەنگێکم نزم نزم دلَیشم گویَى لێم نیە!
دەنگت دەکەم بە مالَم
لە دەنگت دا دەنوم و هەلَدەستمەوه
لەدەنگت دا بەخۆم و کۆڵێک شیعرەوە
بەدەوری قیبلەی جوانیت دا
تەواف دەکەین دەخولێینەوە
بەم بەفری تەمەنە دەڵێم
لەبەر گڕی چاوەکانیا بتوێرەوە
ژیان لە دەنگت دا یاساى نیە ئاینى نیە
تەنها گؤرانى دەیبات بەڕێوە.!
دەنگت ڕەنگى هەیە
کە پێدەکەنیت دەنگت سپیە
کە دەگریت دەنگت شینە
کە توڕە دەبیت دەنگت سوورە
کە گؤرانى دەچڕیت دەنگت پەلکەزێڕینەیە،
کە نزا دەکەیت دەنگت سەوزە
کە بێدەنگ دەبیت من ڕەش دەبمەوە.!
ئەم دەستانەم لەنێو ئەم قوڕەدا دەنێژم
سەرم دەکەم بەژێر قورِى مردنەوە
بە هەردوو پێیەکانم دەچمەسەر دلَم
دەمەوێت گۆڕێکى بێناونیشان بم
بەڵام بارانى دەنگت دەبارێت و جوانیت
لەبەینى پەنجەکانمەوە دێتەدەرێ
دەنگت لە چاوەکانمەوە ڕێژنە دەکات
پێیەکانم دواى نۆتەى دەنگت دەکەون
سەرم وشەکانت پڕ بە دلَم دەڵێتەوە
تؤ یەکەم مەسیحى ژنیت
تؤ زیندوکەرەوەى منیت.
(۱۷)
[تەم]
مرۆڤێک بەنێو دارستانەکەدا ڕادەکات
نابینرێت و سێبەرێکی لێ بەجێنامێنێت
درەختەکان تەم یان داوە بەخۆیان دا
مرۆڤێک لەشار ڕایکردووە مۆدێرنە برینداری کردووە
ڕۆبۆتێک خواردنی پێ لێدەنێت
ڕۆبۆتێک سێکسی لەگەڵ دەکات
ڕۆبۆتێک دەریکردوەتە دەرەوە
تەم دەڕژێتە کەلێنی برینەکانیەوە
ڕووت و قووت وەک ئادەم کەهاتە سەرزەوی
ڕووت وەک حەوا بەڵام نایەوێت بەگەڵای درەختێک هیچ شوێنێکی لەخوداش بشارێتەوە،
مرۆڤێک بە گریانەکانی شەوەوە فرمێسکی تێکەڵ بەتەمی بەیانی بووە!
تەم هەمووشتێکی لەناودەستی دا شاردوەتەوە تەنها برینی مرۆڤێکی ڕاکردووی بۆ ناگیرێت
مرۆڤێک دەمارەکانی تەنگی بە پێستی هەڵچنیوە
بیرکردنەوەکانی پێش خۆی خۆیان دەکێشن بەدرەختی سەر ڕێگاکان دا
زووقم لەگەڵای درەختەکان دەوەرێت
تەم وەک دەریایەکی ئارام ڕێدەکات
باوەڕی مرۆڤێک وەک کەشتی بەنێویدا دەڕوات و باوەڕی بەهیچ کەنارێک نیە
ئەی مرۆڤ ڕابکە و لەبن دەستی بەردێک دا کەلتور بنێژە
ڕابکەو لەلێواری خەرەندێکەوە مۆدێرنە وەک بەردێکی گەورە
وەک لاشەیەکی بۆگەن وەک خودایەکی درۆزن فڕێبدەرە خوارەوە،
ئەی مرۆڤ ڕابکەو لەسەر کانیەک برینەکانی مۆدێرنە بشۆرەوە
تەماشابکە شوێن پێیەک بەسەر گاشەبەردێکەوە وەک تابلۆیەکی هونەری بەجێماوە
پێیەکانت بخەرە شوێن پێکانەوە با ڕابردوو وەک ڕۆحێکی شین بەنێو گیانت دا بڵاوببێتەوە
بابێتەوە بیرت تابزانیت
ئەوکاتەی خودا نەبویت ئەوکاتەی شەیتان نەبویت
ئەوکاتەی سیاسی نەبویت
ئەوکاتەی تەنها مرۆڤ بویت چۆن بویت؟
سرووشت یەکەمین ماڵی تۆیە تۆ ماڵت بەتەنیشت ماڵی سمۆرەوە بوو
بەرامبەر لانەی شێر بویت
کەروێشک میوانت بوو
سەمفۆنیات جریوەی مەل و
تیڤیت ئاسمان بوو
لەبری پارە دەنکە چوالەت دەژمارد
تۆ وەک پەنگوین دڵخۆش بوی
وەک پشیلەیەکی کێوی ژیانت خۆشدەویست
وەک گورگ یەک ڕووت هەبوو!
تۆ ڕۆشتیت دارستانت کردە شار
سنەوبەرت کردە ئاپارتمان
کەروێشکت گۆڕیەوە بە سیاسیەکان
ئاسمانت بەهەموو تریفەکانیەوە خستە ژێرزەمینەکەوە
خۆرت لەودیو پەنجەرەکەوە کوژاندەوە
ئاگرت لەنێو ماڵەکەت دا کردەوە و هەر سەرمات بوو
ڕووبارت هێناو سنورت بۆداناو ناوت نا ئەستێڵ
گوڵت هێناو لەنێو ئینجانەدا ناشتت ناوت نا جوانی
تۆ هەمووشتێکت بچووک کردەوە بۆ ئەوەی گەورەیی خۆت ببینیت
بەڵام بچووک بویتەوە
دڵت هێندەی دڵی کرمێک دڵخۆش نەبوو!
مرۆڤ ئەی تێکشکاوترین بونەوەر
ئەی شکێنەرترین درووستکراو
بەچ ئابڕوویەکی ڕۆشتوەوە دەگەڕێیتەوە دارستان
ئەو فەروەی لەبەرت دایە بەتریقێک بوو بەسەردڵی بەفردا سەمای دەکرد
بێچوەکەی تەماشات دەکات چۆن تەماشای دەکەیت؟
ئەو ملپێچە دەبوو دوو سمۆرەی گەنج بن لەناو گیانی درەختێکی پیردا گۆرانی خۆشبەختی بچڕن
چی جوابی درەختی چۆڵ و ماڵی وێرانیان دەدەیتەوە؟
ئەو پوتانەی لەپێت دایە گورگێک بوو لەسەرتاشەبەردی چیاکە
لە لورەیەکی بەرزدا ستایشی سرووشتی دەکرد
چۆن تەماشای تاشەبەردی سەرچیاکە دەکەیت لورەییت کوشت؟
تۆ ویستت هیچ شتێک وەک خۆی نەمێنێتەوە
هیچ شتێک وەک خۆی لێنایەتەوە
تۆش تازە نابیتەوە بە مرۆڤ
سرووشت ئەمەی بە تەم و
تەم ئەمەی بە درەخت و
درەخت ئەمەی بە بەرد و
بەرد ئەمەی بە ڕووبار و
ڕووبار ئەمەی بە باڵندە و
باڵندە ئەمەی بە ئاسمان و
ئاسمان ئەمەی بە خودا وت
تۆ هەرگیز نابیتەوە بە مرۆڤ!
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی